سەرۆکەکانمان کەى
وەک سەرۆک دەردەکەون ؟

پێشڕەو حەمید
سەرۆکى وڵات لەهەمو تاکێکى ئەو وڵاتەى کەخۆى سەرۆکایەتى دەکات زیاتر
بەرپرسیارێتى بەردەکەوێت و دەبێت بەسروشتى کارەکەى خوى وەک سەرۆکى وڵات
لەئاست هەمو تاکەکانى کۆمەڵگادا بەمانا خاوەنى یەک چاو بێت بۆ
ماشاکردنى سەرجەم چین وتوێژەکان بەبێى جیاوازى .
ئێمە کورد چۆن لەکەسێتى سەرۆک دەڕوانین وچۆن لەگەڵ سەرۆکدا
مامەڵەدەکەین ؟ سەرۆک وەک کەسێکى نەمر تەماشادەکەین کەهێشتا لەپرۆسەى
هەڵبژاردندا نەمان تواینەوە هەڵى ببژێرین و بیکەینەسەرۆکى خۆمان ، یان
لەدونیاى ئێمەدا سەرۆک ئەوکەسە بوە کەسەرپەرشتى شۆڕێک بکات و ئەگەر
شۆڕشەکەیشى سەرکەوتونەبو هەربەنەمرى بمێنێتەوە و بەسەرۆکى خۆمانى
بزانین ؟ کێ سەرۆک هەڵدەبژێرێت ، ئێمە لەڕیگەى سندوقى دەنگدانەوە یان
لەڕێگەى چەپڵە ڕێزانەوە ؟ یان واقعێک ئەوە فەرزدەکات بەسەرماندا کە
سەرۆکى حیزب دەبێت سەرۆکى هەمومان بێت و لەدواى خۆى سیًَبەرەکەى
لەسەرکورسى حکومکردن بەردەوامبێـت ؟ وێنەى سەرۆکەکان خویان
دێنەماڵەکانمانەوە و دەبێت لەتەنیشت وێنەى خۆمان یان باوکەکانمانەوە
لەچوارچێوەیەکى بگرین و لەسوچێکەوە هەڵواسین ، یان لەترسى ئەوەى
نەکەوینە بەرنەفرەتى سەرۆک وێنەکەى بەتەنها لەژورێکدا هەڵدەواسین و
ناوى لێدەنێن ژورى میوان ؟.
سەرۆکەکانى ئێمە ، سەرۆکى حیزەکان ، سەرۆک خێڵەکان ، سەرۆکى باندەکان ،
سەرۆکى قاچاخچیەکان ...هتد ، ئەو سەرۆکانەن کەئێمە شانازى بەبەخشینى
شوناسى سەرۆکایەتیانەوە دەکەین ، یان ئەوان خۆیان شوناسێان بۆخۆیان
دیارى کردوەو ئێمەناچارانە قبوڵى دەکەین ؟ سەرۆک دەبێت چى بکات و
مەهامەکانى سەرۆکایەتى چین لەئێستاى کوردستاندا و لەئایندەدا سەرۆک
چیمان بۆدەکات ؟ ئایا هەرسەرقاڵى پێشوازى کردنە لەسەرۆکى وەفدى وڵاتان
و سەردانى سەرۆکەکانى جیهان دەکات ، یان وەک سەرۆکێک دێتە خوارەوەو
لەگەڵ جەماوەردا سەرقاڵى چارەسەرکردنى کێشەکانیانە؟بۆچى سەرۆکەکان
نەچونە ناحیەى ڕزگارى لەکاتى گەڕانەوەى ڕوفاتى ئەنفال کراوکانى گەرمیان
، لەکاتێکدا هەمومان چاوەڕوانى هاتنى سەورۆکەکان بوین بۆ ئەو مەراسیمە
تا بەشدارى خەمى ئەو خوشک و دایکانەى بکات کەتائێستاش ئەنفالکرندى
ئازیزەکانیان و لەدەستدانیان ژیانى کردونەتە دۆزەخ ، ئاخۆ ئامادەنەبونى
سەرۆکەکان بەکۆمەڵێک بیانوى سیاسیانەوە ئەگەر چى بەدیوێکدا ناچارى
قبوڵکردنمان بکات ، بەدیوێکى تردا خۆدزینەوەى سەرۆکەکان نەبو لە
بەرپرسیارێتى و نەبەخشینى کاتى زیَِڕینى خۆیان لەبەرامبەر ڕۆژێکى
وەهادا کەدەبو دەست لەسەرسنگ تا ناشتنى ڕوفاتەکان لەمەملەکەتى ئەنفالدا
وەک کەس و کارەکانیان لەشین و ماتەم بوندایە؟
بۆچى سەرۆکەکان ئامادەن بەشدارى ( گەشت و خۆشیەکان و گۆڤەندەکان ) بکەن
و ئەو کات هیچ ئیلتیزامێکى ئیدارى و سیاسیان نییە ، بەڵام کاتێک
بڕٍیاردەدرێت بەشداربن و داوایان لێدەکرێت دور لەگۆڤەندو خۆشى ڕوبکەنە
نیشتیمانى ئەنفالکراوەکان ، ئەو دەمە سەرۆکەکان ناتوان بڕۆنە ئەو
نیشتیمانەو دەیان ئیلتیزامیان بۆدروست دەبێت ؟!
سەرۆک مافى خۆیەتى چۆن نەخشەى ژیانى ئاسایى خۆى دەکێشت و چۆن چێژ لە
کاتەکانى ژیان وەردەگرێت ، وەک چۆن ئێمەش مافى ئەوەمان هەیە کە
ئامادەنەبونى سەرۆکەکان لە پێشوازى ئەنفالکرەوکاندا بخەینە ژێر
پرسیارەوە و پێان بڵێن وەک سەرۆک نەبون و ناسەرۆکانە ڕەفتارتان کرد.
بەشدارى کردنى سەرۆک لەڤیستیڤاڵى زیندوکردنەوەى دیوەخانەکان و گەشتى
قوتابیان گرنگە،یان پێشوازى کردنیان لەڕوفاتى ئەو گەرمیانیانەى زیاتر
چانسى بەسەرۆکەکان بەخشى تاببنە سەرۆک ؟ ئامادەبونى سەرۆک لە شینى
نیشتمانى ئەنفالکراوەکان ، ڕەهەندى سیاسى و ئینسانیانەى زیاتر دەبەخشێت
بەدۆزى نەتەوەیەک یان بەشدارى کردنى لە گەشتى قوتابیاندا ؟ سەرۆک ئەو
کاتە خۆشەویست دەبێت کەلەبەردەم ڕەشەباى پڕلەتۆزو گەرماى گەرمیاندا
ڕوخسارى وەک جلى ژنانى پاشماوەى ئەنفال غەمى لێببارێت ؟ یان ئەوکاتەى
ئامادەنــابێت دەستى نازبەسەر منداڵێکى پێخاوسى گەرمیاندا بهێنێت ؟
سەرۆک ئەوکاتە جوانە خۆى تاجەگوڵینەى ڕێزو خۆشەویستى لەسەر گڵکۆى
شەهیدانى هەڵەبجە دابنێت یان کەسێکى تر لەبرى ئەو بەو کارەهەستێـت ؟
سەرۆک لەکامیاندا زیاتر جوان دەردەکەوێت و کەسایەتى سەرۆکایەتى زیاتر
بەهێز دەبێت ، ئەوکاتەى ناڕواتە گەشت و سەیران و سەرقاڵى ڕاپەڕاندنى
ئیشو کارى وڵاتە ؟ یان ئەوکاتەى ئیشوکارى وڵات فەرامۆش دەکات و سەرقاڵى
ئاهەنگ گیڕانە ؟ سەرۆک ئەوکاتە وەک سەرۆک کاردەکات کە سەرجەم
ئۆرگانەکانى حیزبەکەى دەخاتە خزمەت نەتەوەکەیەوە ، یان ئەو کاتەى
تەواوى کایەجیاجیاکانى گەلەکەى دەخاتە خزمەت بەرژەوەندى حیزبەکەیەوە ؟
وێنەى سەرۆک ئەوکاتەجوانە کە هەموڕۆژێک لاپەڕەى یەکەمى ڕۆژنامەکان
داگیربکات ؟ یان ئەوکاتەى سەرقاڵى بەکارکردنەوە بۆنەتەوەکەى بوارى
وێنەگرتنى پێنەدات ؟ سەرۆک ئەوکاتە سەرۆکە لەپێناو خۆشگوزارنى
میللەتکەى شەقێک لەکورسێکى حکومکردنەکەى بدات ، یان ئەوکاتەى بۆمانەوەى
خۆى لەسەرکورسیى دەسەڵات خۆشگوزەرانى میللەت ڕەوانەى دۆزەخ دەکات ؟ .
|