په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١\٢٠١٠

سەرۆکی لە سێدارەدراوی عێراق: (نحن ندافع عن البوابە الشرقیە؟!).


ستار محەمەد قادر 

 

سیاسەت لەم وڵاتەدا لە مێژە بەرژەوەندییە گشتییەکانی کردووە بە کۆچی قوربانی لەپێناو بەرژەوەندییە تایبەتییەکان، لە مێژە دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە پێشێلکاریی بە سەر جەستەی وڵاتێکدا دەکەن بە ماددەی مانەوەی خۆیان!


سەددام یەکێک بوو لە سەرکردە دەمامکدارە دیارەکانی نێوئەو موزایەدە سیاسییە، ئەو لە هەموو بۆنەکەندا بە بەردەوامی ئەوەی دوو پات دەکردەوە کە خۆی بە داکۆکیکاری نەتەوەیەک لە قەڵەم دەدا، کەچی لە پێناو مانەوەی خۆیدا، ئامادەیی ئەوەی تێدا هەبوو هەموو نیشتیمان و نەتەوەی عەرەب لە هەر چرکەیەکدا بیەوێت بە پوولێکی قەڵب بیفرۆشێت!


پێشینان جوانیان گوتووە : " ئەو بەردەی نەزان فڕێی بداتە گۆمێکەوە، بە هەزار زانا دەرناهێنرێت"! سەددام بە سەرکێشیی و بێ ئاوەزی خۆی نەک بەردێک، بەڵکو چارەنووسی وڵاتێکی فڕێدایە نێو گۆمێکی لێڵەوە!


نۆی ئەم مانگە بە هۆی هاتنە ژوورەوەی هێزەکانی ئێران بۆ نێو خاکی عێراق و بەرزکردنەوەی ئاڵای ئێران لە سەر بیرە نەوتەکانی "فەککە" لە لایەن بەر پرسانی ئەم وڵاتەوە هەڵای لێ کەوتەوەو بوو بە هۆکاری ورووژاندنی هەستی نەتەوایەتیی و نیشتیمانیی برایانی عەرەب و بەرزکردنەوەی پلەی گەرمایان، لێ لە بێ دەسەڵاتییاندا بۆ جارێکی دیکە بە چاو نووقاندنەوە لە بەرنامەیاندایە ئاوڕ لە رابردوویەکی شەرمناوی بدەنەوەو بێ ئاگا لە هەموو شتێک قسە لە سەر رێککەوتنامەیەک بکەن، کە لە بەرایی واژۆ کردنییەوە تا ئەم ساتە وەختە، عێراق بە گشتیی و نەتەوەی کورد بە تایبەتی باجی ئەو بەردە دەدەن کە سەرۆکی لە سێدارە دراوی عێراق هاویشتییە نێو گۆمی پلانگێڕی و خیانەتەوە!


شەشی مایسی ساڵی 1975 ئەو رۆژەیە کە جێگری سەرۆکی ئەوسای عێراق "سەددام حوسێن" بە سەرپەرشتی سەرۆکی جەزائیر "هواری بومیدین" و بە هاوکاری سەرۆکی ئەوسای سودان "جەعفەر ئەلنومەیری" لە گەڵ سەرۆکی ئێران "محەمەد رەزا شا" دا پرۆتۆکۆڵی جەزائیریان مۆر کرد، دەقی ئەو رێککەوتنمایەش بریتییە لە سڕینەوەو لە بار بردنی خەون و ئەندێشەی نەتەوەیەک بە مافە رەواکانی خۆی، لە بەرانبەر پێدانی ئاو و ئاسمان و خاکی ئەم وڵاتە بە ئێران، هەر چەندە ئەگەر گەلی عێراق لەو ساتە وەختە هەستییارەدا کەڕو کاس نەبوونایە، دەبووایە نەک رێیان بە شەرعییەت پێدانی پرۆتۆکۆلێکی هاو شێوەی جەزائیر نەدایە، بەڵکو لەمپەریان لە بەردەمی درووست بکردبایە، چونکە دەبووایە ئەوان ئەوەیان لە بەر چاو ببوایە کە کەسێک ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت خیانەت لە دەستووری وڵاتەکەی خۆی بکات، چۆن و بە چ شێوەیەک لەوە دڵنیا دەبن کە چارەنووسی وڵاتێک رادەستی دەکەن؟! بە داخێکی زۆرەوە تا حاڵی حازر هیچ کەس و لایەنێک لە هەوڵی ئەوەدا نەبووە کە تیشک بخاتە سەر ئەو لایەنەو بە پێی دەقی دەستووری ئەوسای عێراق کاراکتەری کارێزمایی سەددام حوسێن لە سەرکردەیەکی کەم وێنەی نیشتیمان پەروەرەوە بگۆڕن بۆ کەسێکی خائین، لە پاڵەوانەوە بۆ کەسێکی ترسنۆک! هەر چەندە تا ئێستا لە نێو میللەتانی رۆژ هەڵاتدا ئەوە نەبووە بە نۆرم کە هەڵسەنگاندن بۆ کەسی مردوو بکرێت، بەڵام قسە کردن لە سەر مردوویەک کە تا ئێستا مرۆڤ هەست بە تارماییەکانی دەکاو رۆژانە لە رێی هەوادارانیەوە خەڵکی سیڤیل دەکرێن بە سووتەمەنی و لە سەر هەمان ریتمی جەزائیر لە گەڵ کۆمەڵێک وڵات لە سەر خەتن و لە بەرنامەیاندایە بە هەر شێوەیەک و لە سەر حیسابی هەر لایەنێک بێت، بۆ جارێکی دیکە بە ئەرزشەوە و لە سەر هەمان دیدو بۆ چوون بۆ سیاسەت و چەمکی پێکەوە ژیان و دیمۆکراسیەت و فیدراڵییەت، تێکەڵ بە هاوکێشە سیاسییەکە ببنەوە و گەمە بە چارەنووسی دارو پەردووی ئەم وڵاتە بکەن.


لێرەدا بە پێویستی دەزانم پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین: ئایا هۆکاری چییە ئێمەی کورد کە لە رێککەوتنی جەزائیردا کراین بە قووربانی، بۆ و لە بەر چی تا ئێستا هەوڵمان نەداوە تیشک بخەینە سەر ئەو خیانەتەی کە سەرۆک کۆماری لە سێدارە دراوی عێراق لە ساڵی 1975 دا لە جەزائیر واژۆی کرد؟! ئایا بۆ لە هەوڵی ئەوەدا نەبووینە کە قسە لە سەر ئاکامە خەراب و دەرهاویشتە ترسناکەکانی بیلانگێڕیی بکەین و هەر دوو وڵاتی دراوسێیش هەمیشە وەکو نموونەیەکی زیندوو بهێنینەوە؟ بە هەر حاڵ ئەوەیان جێدەهێڵم بۆ مێژوو و ئومێدەوارم لە سەردەمی جیهانگیرییدا رێگە نەدەین نووسەرانی بیانیی خیانەت بە نرخی نیشتیمان پەروەریی لە دوو توێی پەڕتووکەکاندا بە نەوەکانمان بفرۆشنەوە، چونکە چۆن لە واقیعدا ستەم هەیە، بە هەمان شێوەیش لە نووسینەوەی مێژووشدا ئەو ستەمە ئەگەر وریا نەبین بوونی هەیە!


من لێرەدا تەنها دەمەوێت ئەوە وە بیری هەموو لایەک بهێنمەوە، کە چۆن لە بەرایی هەڵگیرسانی شەڕی ئێران _عێراقدا نووسەری عەرەبی شۆڤێنی " جەمال ئەلغیتانی" هەڵسا بە ناو زەد کردنی سەددام وەکو سەر کردەو پاڵەوان و عێراق وەکو وڵات بە دەروازەی بەرگریکردن لە وڵاتانی عەرەبیی و جیهامی ئیسلامیی، لە داکشانی شۆڕشی زەردی خومەینی، ئەمڕۆش ئەگەر ئێمە قۆڵمانی لێ هەڵنەماڵین لە پێناو ئاشکرا کردنی فاکتی رووداوەکان و پێشکەشکردنی زۆرترین داتادا نەبین بۆ خوێنەران، رەنگبێت نووسەرێکی دیکەی عەرەب بۆ جارێکی تر بیەوێت لە رێی چەواشە کردنی راستێکانەوە، ریسەکەمان بۆ بکاتەوە بە خوری و خیانەتمان بە نرخی وڵات پارێزی پێ بفرۆشێتەوەو شکست بە سەرکەوتن و سەددام بە پاڵەوان و رێککەوتنی جەزائیریش وەکو ئەوان باسی لێدەکەن لە پێناو یەکپارچەیی خاکی عێراقدا ئەنجام درابێت، چونکە ئێمەی کورد دەمانویست ئەم وڵاتـە نازدارە پارچە پارچە بکەین!

 

 

star_qadr@yahoo.com