په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٧\٢٠١١

سەرۆک کەى دەبێتە سەرۆک؟


پێشرەو حەمید   


سەرۆکى ووڵات لەهەمو تاکیکى ئەو وڵاتەى کەخۆى سەرۆکایەتى دەکات لەهەموى زیاتر بەرپرسیارێتى بەردەکەوێت بەتایبەتى لەووڵاتیکدا کە سەرۆک هەموو دەسەلاتێکى رەهاى هەبێت و هەمو شتێک تەنها خۆى بێت و تەواوى بریارەکان بەواژووى ئەوەوە برۆنە قوناغى جیبەجیکردنەوە وەک ئەوەى ئیستا لەکوردستاندا هەیەو سەرۆکى هەرێم زۆرترین دەسەلاتى هەیە .


ئێمەى کورد چۆن لە کەسێتى سەرۆک دەڕوانین و چۆن لەگەڵ سەرۆکدا مامەڵەدەکەین ، ئایا لەزهنى ئێمەدا سەرۆک ئەوکەسەیە کەسەرپەرشتى شۆرش دەکات و ئیتر ئێمە بە سەرۆکى دەزانین ئەگەر شۆرشەکەیشى سەرکەوتو نەبیت، یان کارەکتەرێکى پلە یەکى حیزب خۆى دەکاتە سەرۆک و ئێمەش ناچارانە قبولى دەکەین ؟


کێ سەرۆک هەڵدەبژێرێت ، ئێمەلەرێگەى سندوقى دەنگ دانەوە یان لەرێگەى چەپڵە رێزانەوە ؟ یان واقیعێک خۆى فەرزدەکات بەسەرماندا کەسەرۆکى حیزب دەبێت سەرۆکى هەموومان بێت و لەدواى خۆیشى سێ بەرەکەى بۆهەمیشە لەسەر کورسى حکومکردن بەردەوامبێت ؟!


سەرۆکەکانى ئێمە، سەرۆکى وڵات ، سەرۆکى حیزب ، سەرۆکى خێڵ ، سەرۆکى باندەکان و سەرۆکى لیژنەکانى کوشتن و ..هتد ، ئەو سەرۆکانەکەن کەئێمە بەسەرۆک ناوزەندیان دەکەێن و لەغیابى هوشیارى خۆماندا قبولیان دەکەین، ، یان ئەوان خۆیان شوناسیان بۆخۆیان یارى کردوەو بەعەنتەریاتى خۆیان ، خۆیان سەپاندوە و ناچارى قبوڵکردنمان دەکەن ؟


سەرۆک کێیەو دەبێت سەرۆک چى کارەبێت و مەهامەکانى سەرۆکایەتى کردن لەئێستاى کوردستاندا چیەو لەئایندەدا سەرۆک دەبێت چى بکات ؟ ئایا سەرۆک هەرسەرقاڵى پێشوازى کردنە لە گروپە بچوکەکانى بازرگانى وڵاتان و جارجاریش سەردانى دەرەوە بکات و لەبونە حیزبیەکاندا ووتار بخوێنێتەوەو هەندێک جاریش برواتە بەغدا و یەک جاریش نەیتە ناوچەکانى ئەنفالستان ؟ یان سەرۆک دەبێت سەرۆکى گەل بێت و جیاوازى لەنێوان مندالێکى پى خاوسى گەرمیان و مندالێکى چاوشینى بادینان نەکات .


پیشتر سەرۆک نەدەهات بۆ یادکردنەوەى ڕۆحى پاکى ئەنفالکراوەکانمان ، بیرم نایەت رۆژێکیش ئامادەبوبێت بۆ بەرزڕاگرتنى ڕۆحى ئەو هەڵەبجەیانەى بە کیمیاویى سوتان ، گومان دەکەم هەرگیز بریارێک بدات ئەنفال چیە کان ئەوانەى ناوەکانیان هاتوە بۆبەردەم دادگا راپێچیان بکات ، گومان دەکەم ؟!


سەرۆک مافى خۆیەتى چۆن نەخشەى ژیانى ئاسایى خۆیى دەکێشێت و چۆن چێژ لەکاتەکانى وەردەگرێت ، وەک چۆن ئێمەش مافى خۆمانە بپرسین بۆچى سەرۆک لەدواى 17 ى شوباتەوە تائیستا نەهاتە شارى سلێمانى و فەرمانى نەدا تاوانباران راپێچى دادگا بکرێن ، تاونبارانى راستەقینە نەک ئەو کەسانەى فەرمانیان پێِکرا تەقەلە خەڵک بکەن بەڵکو ئەوانەى فەرمانیاندا لەناو سلێمانیدا خەڵک بکوژن !!


سەرۆک کاتێک سەرۆکە کە بەشێک لەگەرماى گەرمایانى ئەنفالکراوى بەرکەوێت ، کاتێک سەرۆکە خانووە ڕوخاوەکەى عومەرى خاوەر بەچاوى خۆى ببینێت ، کاتێک سەرۆکە لەئاوە ژەهراوێکەى دەربەندیخان بخواتەوە کە رۆژانە خەڵکى ئەو شارە لێى دەخۆنەوە، سەرۆک کاتێک سەرۆکە خۆى تاجەگوڵینە لەسەر گلکۆى شەهیدێک دابنێت نەک کەسێک بەو کارە ڕاسپێرێت ، کاتێک سەرۆکە سەرجەم ئۆرگانەکانى حیزبکەى دەخاتە خزمەت نەتەوەکەیەوە ، نەک ئەوکاتەى کە تەواوى کایە جیاجیاکانى گەلەکەى بخاتە بەرژەوەندى پارتەکەیەوە .


سەرۆکەکانى ئێمە، سەرۆکى کۆمار ، سەرۆکى هەرێم ، سەرۆکى حیزب ، سەرۆکى حکومەت ، سەرۆکى پەرلەمان ، کەى وەک سەرۆک دەردەکەون و لەکام ساتدا هەست دەکەین جوانن ؟ ئەو کاتەى وینەکانیان هەمورۆژێک لاپەرەى یەکەمى ڕۆژنامەکانیان داگیردەکات ، یان ئەوکاتەى ئیشکردنى بۆبەرژەوەندى باڵاى میللەت بوارى وینەگرتنى پیى نادات ؟


سەرۆک کەى دەبێتە سەرۆک و کەى وێنەیەکى کاریزمى لاى ئێمە بەجێ دەهێڵێت و بۆهەمیشە شانازى بە سەرۆکایەتیەکەیەوە دەکەین ، ئەو کاتەى سەرۆک لەپێناوى خۆشگوزەرانى میللەتەکەیدا شەقێک لەکورسیى حکومکردن ئەدات ، یان ئەو کاتەى بۆمانەوەى خۆى لەسەر عەرشى دەسەڵات خۆشنودى میللەت ڕەوانەى دۆزەخ دەکات ؟!
 

ماڵپه‌ڕی پێشڕه‌و حه‌مید

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک