١٣\٢\٢٠١١
سەرۆک و نمەک
حەرامەکان!

سەلام عەبدوڵا
سەرۆک تەنانەت لەو کاتە کە ملیونان کەس لە دژی هاواردەکەن(بڕۆ...ملت
بشکێنە...تۆمان ناوێ...)، ئەوەندە دەسەڵات مڕی کردووە، خۆی بە حەقی
رەها دەزانێت و دەڵێ(من خەباتم کردووە لە پێناو گەلی میسر و دووجار
برینداربووم...من ماوەی60ساڵ خزمەتی گەلی میسر دەکەم...).
سەرۆک نازانێ گەل"نمەک حەرامە"و ئەگەر120ساڵێش خۆی بکات بە قوربان و
خزمەتمان بکات، بە چاکەی نازانن و بە مۆنییەوە پێی دەڵێین(بای بای...ئادیوس..چاو
چاو...ئاوف ڤیدەزن...بەخێر بچیت...خۆش گێتو...ئەڵەویاک، ملد بشکن).
گەل هاوار دەکات: بڕۆ...
سەرۆک: من وەعدم بە خودا داوە بەرژەوەندی ئێوە بپارێزم!
گەل بە دەم هوی هاوەوە:(بڕۆ نەیەیتەوە)...!
سەرۆک: لەپێناو بەرژەوەندی باڵای گەل و میسری خۆشەویست، تاوانباران
بەتوندی سزادەدەم...قەرەبووی قوربانیان دەکەم!
ئای سەرۆک گیان، زوڵمکارییەکەت ئەوەندە بێتام بووە، زەحمەتمەکێشە،
ببورە وەلبە!
((ئاگاداری بۆ هەموو سەرۆکە خۆشەویستەکان)): تکایە وریابن: پارەکانتان
لە بانقەکانی سویسرا بکێشنەوە و بەناوی یەکێکی دڵسۆزی خۆتان لە
بانقەکانی لۆکسمبۆرک یان لە وڵاتی ڤینگنشتاین هەڵگرن. من دەزانم
بەڕێزتان پێویستیتان بەو پارانە نییەو لەپێناو بەرژەوەندی باڵای گەل بۆ
رۆژی تەنگانە دەیپارێزن.
ئەم ئێوارەیە هاوپیشەکەتان بە فیکەو چەقەنەی حەرامزادەو"ئەولاد
شوارعەکان"رسواو عەبرەت کرا...من لە هەستی ناسکی ئێوە زۆر باش تێدەگەم،
بمبوورن بەراستی هاوخەمتانم...ئێوە وەک ئەو نین، ئێوە جیاوازن!
"من ئەم میللەتە تەمەڵ و تەوەزلە دەناسم!
سەرۆکە خەباتگێر و دەگمەنەکانمان: موبارەک ناموبارەک کرا، بەڵام هیچ
مەترسن...ترسی ناوێت، من دەزانم هێشتا ئەرکی نیشتمانی زۆرتان لەسەرە و
دەتانەوێ ئەنجامیان بدەن و هەروا هەموو وڵاتێک وەک میسر و تونس نییە،
ئێمە جیاوازین، ئەزموونێکی ترمان هەیە!
سەرۆک لەناو تەلارەکەیەوە نەیدەزانی گەندەڵی و چەوساندنەوە سەروخواری
دەسەڵاتەکەی گرتووە. بەبەرزی تەلارەکانی وتار، کاریکاتۆر، لێکۆڵینەوە،
وێنە، درووشم، گفتوگۆ، خۆپیشاندان، سمینار، بەهەموو ئامرازەکانی
راگەیاندن نووسراوەو گوتراوە، بەڵام جەنابی لەبەر سەرقاڵی لەرادە بەدەر
ئاگای لێ نەبوو...کاتی ئەوەی نەبوو تا بەو شێوەیە تڕۆیان کرد!
کێشەکە لەوە نییە سەرۆک خوانەخواستا گەندەڵ بووە، نەخێر...حاشا، کێشەکە
لە بێ کاتی و مەشغەڵەتەو پێدەچێت موستەشارەکان راستێکانیان لێدەشارنەوە،
واتە گەل دژ بە موستەشارەکانی سەرۆک راپەڕین بەرپادەکەن و بەناهەق،
هەموو سەرۆکەکان باجی موستەشارەکانیان دەدەن و سووک و رسوا و شاربەدەر
دەکرێن!
ئای لەو زوڵمە!
سەرۆکەکان: موستەشارەکانتان ماستاوچی، کڵاوچی، سەختەچی، قومارچی،
دومبوگچی، فاڵچی، واستەچین و لەسایەی خزمەت بە دەسەڵاتەکان، بوون بە
خاوەن بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و ئەمانیش بەرژەوەندییەکەیان لێ بووە
بە بەرژەوەندی گەل، گەلیش گیرفانی بەتاڵە، قەرزارە، ماڵ وێرانە و فریای
بازاڕە گرانەکەتان ناکەوێ...لەوانەیە گیرفان بەتاڵی و نەداری مرۆڤ بکات
بە نمەک حەرام!
پێشنیار دەکەم: پێش ئەوەی خەڵک بەشێوەیەکی"شارستانی، ئاشتیانە" بە
حورمەتەوە تکتی سەفەرەکەتان بۆ ببڕن، دەتوانن بۆ نموونە وەک (خدری
زیندە)مانگی جارێک خۆتان بگۆڕن و بەدزی موستەشارەکانتانەوە بچن بۆ ناو
خەڵک تا لە نزیکەوە گوێ لە ئازار و نەهامەتی و نەگبەتییەکانیان ببێت...من
وتم و ئێوەش ئازادن، گوێم لێ مەگرن، بەڵام موزایەدەم لەسەر مەکەن، منیش
یەکێکم لەوانەی دڵم لێتان پڕ بووەو هەموو رۆژێک زوڵمکارییەکانتان
دەبینم و دەبیستم!
سەرۆکەکان: راستەوراست پێتان دەڵێم: خۆختان لە وەهمی سەرۆکی دادپەروەر
رزگار بکەن، چونکە لەسایەی حوکمڕانیتان زوڵم و ستەمکاری، گەندەڵی و
بێناموسی و چەوساندنەوە ئەنجامدەدرێ و مرۆڤ لێیان خۆش نابێت. حوکمڕانی
زۆر سەخت و قورسە و دڵسۆزی بەتەنها بەس ناکات بۆ ئەوەی دەسەڵاتێکی
دادپەروەرانە پەیڕەو بکەن، تکایە ئەگەر لە زانستی دادپەروەری شارەزا
نین، ئەوا باشتر وایە دڵسۆزیتان بۆ بانگەشەکردنی کەسانی شارەزا لە
زانستی دادپەروەری و یەکسانی بەکاربهێنن، بە پێچەوانەوە ئەم سێ حاڵەتە
چاوەڕوانیتان دەکات:
1- راپەڕینی جەماوەری ئەنجام نادرێ و دەتوانن درێژە بە زوڵمکاری بدەن.
رسواکردنتان چەند ساڵێک دوادەکەوێت!
2- راپەڕین ئەنجام دەدرێ و دەتوانن سەرکوتی بکەن، ئەوا دەستتان دەچێتە
خوێنی خەڵک و مێژوو هەزار نەعلەت و نەفرەتتان لێدەکات!
3- بەخۆتان دەچنەوە و بە ئاشکرا داوای لێبووردن لە ژێردەستەکان دەکەن و
قۆڵ هەڵدەگرن و دەست بە دامەزراندنی دەسەڵاتیکی هەرەوەزی دادپەروەرو
یەکسان دەکەن!
موبارەک بوو بە ناوێکی ناشرین و خوێڕی، بەڵام کێ شوێنی دەگرێتەوە؟ ئایا
حوکمڕانە تازەکان دەتوانن کێشە قورسەکانی هەژارەکانی میسر چارەسەر بکەن؟
بڕوا ناکەم. دەسەڵاتی دیموکراسی و لیبڕاڵی سەرمایەداری لە جیهان بەخۆی
سەرچاوەی قەیرانە جیهانییەکەیە و کاتی ئەوەیە باسی هەڵوەشاندنی بکرێ،
باسی پۆستدیموکراتی بکرێ، بەڵام ئایا ئەم باسە هێشتا بۆ ئێمە زوو نییە؟!
"حەرامزادەکان" گۆرانی نان و ئاوی هاوبەش بۆ سەرۆکەکان دەچڕن...گوێان
لێ مەگرن، لە خەیاڵ دەژێن، وڕینە دەکەن!
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|