په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٢\٢٠١١

سەرۆ سەگ و سەردار گورگ، بە گەل ده‌چووێنن.


هیوا رەش     


لەم وڵاتەى ئێمەدا جانتاى سیاسەتبازەکانمان عاجبایەتى واى تێدا هەیە لە قتووى هیچ عەتارێکدا نیە ، ئەم سیاسەتبازانەى ئێمە چەشنى ئەو کابرایە وان کە پیساییان لەسەر ڕێى خەڵکى دەکرد بەس بۆ ئەوەى ناوى بهێنن ، جا گرفت نیە چۆن ؟ بە لایانەوە گرنگە بە چاک یان خراپ ناویان بکەوێتە ناوانەوە ! کاتى خۆى لە بۆنه‌یه‌کی بێ بۆنه‌دا و بێ هۆ، سەرۆ قادر ( دەستى ڕێزى ) لە خەڵک ناو بە سەگی چوواند ، ئەمشەویش 12 2 2011 لە شیکردنەوەى هەواڵى تەلەفزیۆنى ( کەى - ئێن - ئێن ) دا کە میوانداریى سەردار عەبدوڵاى پەرلەمانتارى عێراقى سەر بە فراکسیۆنى گۆڕانیان کردبوو بۆ لێکدانەوەى هەواڵ و گفتوگۆ و شیکردنەوەى ڕووداوەکانى تونس و میسر و ئەو باهۆزى گۆڕانەى ناوچەکەى گرتۆتەوە ، دیارە بۆتە پیشەى کەناڵەکانى ڕاگەیاندنى کوردى هەرجارەو لەباتى شارەزا و پسپۆڕ و چاودێرى سیاسى کەسێکى حیزبیى سەر بە خۆیان بە فەیلەسوف بکەن و بیکەنە پاڵەوانى شاشەو میواندارى بکەن و لە باتى شیکردنەوە ، قوڕەشێلى پێشهات و پاشهاتى بارودۆخى سیاسى جیهان و ناوچەکە و ناوخۆى پێ بکەن .

سەردار عەبدوڵا لە دیمانەکەى ئەمشەویدا ، سەرۆ قادر ئاسا لە هەمبەر توڕەیى و بێزاریى خەڵکى ستەمدیدەى ڕاپەڕیو ، نمونەیەکى - چیخۆف - ى هێنایەوە بۆ بەراوردى ڕەوشى ڕووداوەکانى ئەم دواییەى ڕاپەڕینەکانى خەڵک دژ بە ستەمى سستمى دیکتاتۆرە حوکمڕانەکان ، بەم شێوەیە : (( کەسێک بەسەر گالیسکەیەکەوە دەبێت و گەلەگورگ پەلامارى دەدەن ، بۆ ئەوەى گورگەکان لە کۆڵ خۆى بکاتەوە هەڵدەستێ ئەو خواردنەى پێیەتى بۆیان فڕێ دەدا ، نازانێ بەو خواردنانە گورگەکان تێر و پڕ وزە دەبن و باشتر پەلامارى دەدەن ، چونکە بۆ خۆى هاتوون --- )) ، من نازانم نمونەکە لە بنەڕەتدا هى کێیە و لە چییەوە سەرچاوەى گرتووە ؟ ئەمەیان بۆ کاک سەردار خۆى جێدەهێڵم ، بە داواى لێبووردنەوە ئەگەر نەمتوانیبێ دەقاودەق قسەکانیشیم گواستبێتەوە بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە کاکڵەى واتا و دەربڕین و بەراووردە نالۆژیکیەکەى ئەوە .

پێم وایە ئەوەى تەنها دوو پەنجەى لاوازى لە چمکى کراسى سیاسەت گیر بووبێ ، دەزانێ ئەم بەراووردە یان لە نەزانینەوە وە یان لە سوکایەتى کردن بە خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێ ، بە هیوام لە نەزانینەوە بووبێ و ئەگەر واش نەبێت سوچ لە قەباحەت خراپتر ، چونکە لەو نموونەیەدا کەسەکە بێتاوانە و بە بێ هۆ و بێ زیان گەیاندن بە گورگەکان پەلامار دەدرێ و بۆ مانەوەى خۆى ناچارە پارووى دەمى خۆى بکاتە قوڕگى پەلاماردەرەکانەوە ، بەڵام سەرۆکە دیکتاتۆرەکان نە بێزیانن و نە بێهۆش پەلامار دەدرێن ، بەڵکو تا بیناقاقایان نغرۆیە لە ستەمکارى ، کەسەکە و لە حەژمەتا بۆ خۆپاراستن لە دەسدرێژیى ، بژێوى خۆى دەکاتە قوربانیى نەزعەى دڕندانەى گورگەکان و گورگەکانیش تینووى خوێنین و بەوەندە وازى لێناهێنن و مەبەستیانە پێستى بگروون ، دیارە خەڵکى هەڵمەتبەر و ڕاپەڕیو دڕندە نین بەڵکو سنوور بۆ دڕندایەتى دڕندەکان دادەنێن ، لە کاتێکدا سەرۆکە دیکتاتۆرەکان دەسدرێژیى دەکەنە سەر قووتى ڕۆژانەى بەشمەینەتان و دەیکەنە پارە و لە بانکەکان کەڵەکەى دەکەن ، بۆیە ئەم لێکچواندنە سەرومڕ بێتام و بێمانایە ، گورگ سروشتێکى دڕندانەى هەیە و لە هەموو دڕندەکانى دیکە جیاوازترە و خاوەن ئاکارێکى دزێوە ، چونکە تەواوى دڕندەکانى تر لە کاتى برسێتیدا پەلامار دەدەن و ئەوەندەش پەلامار دەدەن تا ورگى خۆیان و بێچوەکانیانى پێ تێر بکەن ، بەڵام گورگ بە تێرى و بێسۆنگە و بێهۆ نەزعەى دڕندانەى خۆى بە جەستەى نێچیرەکانى هەڵدەڕێژێ و بێئەوەى پێویستیش بکات پەلامار دەدا ، جا کەى ڕەوایە خەڵکى ڕاپەڕیوى برسیى لە پێناوى ژیانێکى مەمرە و بژیدا بە گورگ بناسرێندرێن .

گەلانى تونس و میسر و ئەوانەى دواى ئەوانیش قۆڵیان لێهەڵماڵیوە بۆ کۆتایى هێنان بە دیکتاتۆریەتە خۆسەپێنەکانى وڵاتەکانیان ، هیچ هێزێکى ڕێکخرا و یان حیزبێکى سیاسى ، وەیان دەستێکى دەرەکى هانى نەداون بۆ ئەوەى بڕژێنە مەیدان و شەقامەکان ، بۆیە هەر کەسێک ، گروپێک و حیزبێک خۆى بکاتە خاوەنى وەرچەرخانە مێژوییەکانیان دەیەوێت ڕوخسارى پرسە چارەنووسسازەکان بشێوێنێت ، بەڵکو تەنها دەستێکى ڕەش لە پشتى ئەو ڕووداوانەوەیە و خەڵک ناچار دەکات بە گژ مەرگدا بچنەوە ، ئەویش دەستى ڕەشى حوکمڕانە بێویژدانەکانە کە لە باتى دروشمى نەتەوەیى و نیشتمانیى (( بەشى خۆم بۆ خۆم ، بەشى تۆش دەخۆم )) یان پیادە دەکرد نەک وەکو کەسە بەر شاڵاوکەوتووەکەى گورگەکان نانى خۆى بکاتە قوڕگى گورگەکان بەس بۆ ئەوەى ناهەقى بەرامبەر نەکەن و لە خت و خۆڕا نەیکوژن ، کەچى دیکتاتۆرەکان وڵاتەکەیان تەژى کردووە لە گەندەڵى و ناعەدالەتى و نایەکسانى و تاکڕەوى و نیشتمانفرۆشى و کورسى پەرستى و زیندوو کردنەوەى خێڵ و بنەماڵە و حزبى سەرکردە و سەرکردەى فیرعەونى ، هەتا وڵاتیان نقوم کردووە لە پۆلیسى نهێنى و کردوویانن بە زرێ بۆ پاراستنى بەرژەوەندپەرستى خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان و دانانى لە سەرووى بەرژەوەندییە باڵاکانەوە ، زۆرێک لەو دیاردانە لە کوردستانى ئێمەشدا بوونیان هەیە و ئەگەر بێتو دەسەڵاتداران فریاى خۆیان نەکەون ئەوا ڕۆڵەکانى گەلەکەمان کاسەى توڕەییان لێوان لێوە و لێى دەڕژێ ، ئەگەر لێشى ڕژا و بارەکە بە دیوێکى تردا وەرچەرخا ، هەر وەرچەرخانێکیش بێتە ئاراوە مەرج نیە ئەو پەیامەى کاک سەردار بۆ بزووتنەوەکەى خۆى ڕایگەیاند ڕاست دەربچێت ، چونکە وەکو ئەو ئیدیعاى دەکات - گۆڕان - ەکەى ئەو خاوەندى هەموو شتێکە و بەر لەوان کەسى دى نەیوێراوە لە پێستى خۆى بجوڵێت و وا دەزانێ کە ئەوان خۆیان لە کاتى خۆیدا وتوویانە : ئەگەر حکومەت نەگۆڕێ ، ئەدۆڕێ ، هەروەکو ڕایگەیاند = لە 25 7 2009 = ەوە ئۆپۆزیسیۆن سەرى هەڵداوە ، پێم وایە بیرى چووە کە یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان لە خولى پێشووى پەرلەمانى کوردستان و عێراقدا بەر لەوان هەڵوێستیان نواندووە و پەلاماردانیان لە بادینان شایەتى حاڵە ، هەروەها ئەوە پارتى چەپى کوردستان و یەکێتى کۆمەنیستەکان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى بوون پێشتر (( هاوارى خەڵک )) یان ڕاگەیاند و ساڵانێک بەر لە سەرهەڵدانى - بزووتنەوەى گۆڕان - دەڕژانە سەرجادە و خۆپیشاندانیان دەکرد و بە گژ ستەمى سستمى حوکمڕانیى کوردستاندا دەچوونەوە ، ئەگەر کاک سەردار پێ بزانێت لەو سەروبەندەى پارتى چەپى کوردستان ئەندامى دەستگیر دەکرا ، ئەوسا سەرکردەکانى ئێستاى بزووتنەوەى گۆڕان سەرکردەى ئەوساى ئەو دەسەڵاتە بوون کە هەڵسووڕاوە ناڕازییەکان لە ئەداى حوکمڕانیى ، ڕاپێچى زیندانى ئاساییش دەکران ، بۆیە جوانترە و باشتریش وایە ئەگەر هاتین با بە ویژدانەوە بێینە حزور .

دەسەڵاتدارانى کوردستان کە سەغڵەت دەبن بەرامبەرەکەیان بە نانیشتمانى تۆمەتبار دەکەن و پاراستنى ئەزمونى گەلەکەمانیان بیر دەکەوێتەوە و هەموو تەڕحێکى نەگونجاو لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندى خۆیاندا بە نانەتەوەیى و مەترسیى بۆ سەر ئەزمونەکەمان لە قەڵەم دەدەن ، وا دەزانن نیشتمان و نەتەوەپەروەرى کارتى (سەوز و زەردە ) لە بەڕکى ئەواندایە ، کاک سەرداریش :

1 بێئەوەى هەڵوێستى ڕابردووى یەکگرتوو لەبەر چاو بگرێ بە ئێستاى کۆمەڵ و یەکگرتووشەوە .
2 بێئەوەى - لیستى زەحمەتکێشان و سەربەخۆکان - کە من و ئەویش کاندیداى لیستەکە بووین و شاڵاوى ڕاگەیاندنمان بۆ ئەنجام دەدا لە هەڵبژاردنى 2005 دا بێنێتەوە یاد .
3 بێئەوە ئاوڕ لە چەندین چالاکى و جموجۆڵى ناڕەزایەتى پارتى چەپى کوردستان و یەکێتى کۆمەنیستەکان و پارتى چارەسەرى کوردستان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى بداتەوە کە خۆپیشاندانیان ساز دەدا و دەڕژانە سەر جادەکان .
4 بێئەوەى بپرسێ لیستى سپى سەربەخۆکان لە هەڵبژاردنىئەمجارەدا چەند بە کولەمەرگیى پێکهێنرا لە نێوان پارتى چەپى کوردستان و یەکێتى کۆمەنیستەکان و ڕۆژنامەى هاوڵاتى و چۆنیش لەبار برا و لەناو چوو ؟
5 بێئەوەى پێبزانێت دروشمى پارتى چەپى کوردستان - ئەگەر حکومەت نەگۆڕێ ، ئەدۆڕێ - لە کەیەوە خۆى سەپاندووە ، کە ئەوسا بزووتنەوەى گۆڕان نە ناوى لێنرابوو نە ناوکیشى بڕابوو .

میوانى بەڕێزى ئەمشەوى ( کەى - ئێن - ئێن ) هەموو فەزڵەکان بۆ بزووتنەوەکەى دەگەڕێنێتەوە و جه‌ختیش لەوە دەکاتەوە کە تا ڕۆژى 24 7 2009 هیچ لە ئارادا نەبووە و منیش دڵنیاى دەکەمەوە کە وانیە، هەروەها هۆى سەرنەکەوتنى پارتى چەپى کوردستان لە پێشڕەویى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لایەنى زۆرى بۆ بارى دارایى و ئابورى دەگەڕێتەوە و لە هەمان کاتدا بە هەموو شێوەیەک نە پەنایان وەبەر فێڵى سیاسى و نە سازش بردووە و ، نە قبوڵى ڕەفتارى دەسەڵاتدارانى کوردستانیان کردووە تا بەخششى لە داگیرکاریى موڵکى گشتى بەرکەوێ. باشتر وابوو دانى بەوەدا بنایە کە بزووتنەوەکەى جیابۆوەى نەهامەتیەکانى دوو سێ ساڵ لەمەوبەرى دەسەڵاتى سیاسى کوردستان و وەڕیزهاتوو و درێژە پێدەرى گۆڕانخوازانى بەر لە چەکەرە کردنیەتى و بۆیە دەکرێت بزووتنەوەکەى باڵێک لە گۆڕانخوازان ، هەرچەندە درەنگیش لەدایکبوو بەڵام بە پەینى سیاسەتى چەوت و پاڵپشتیى دارایى یەکێتى زوو پێگەیى و گەورە بوو، ئەوانەى کە باس لە گۆڕانخوازیى بکەن بەشێک نین لە بزووتنەوەى گۆڕان، چونکە بەر لەوەى هەمزە ئاغا چاویشى ترووکابێ سمێڵ سوورى زۆر و زەوەند هەبوون، بەڵام ئاغا نەبوون. بە هیوام لە داهاتوودا بەڕێزى و هاوەڵەکانى خۆیان لە هەڵە و لخۆباییبوونی سیاسى ببوێرن.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش