٦\١٠\٢٠٢١
سەرسام مەبە کە لە
لانکەی دیموکراتیی،
لە نێو کۆمەڵی
مەدەنی ئەم نووسینە دەخوێنیتەوە!!
زاھیر باھیر
دوای ئەوەی کە Sarah Everard لە مانگی
ئازاری ئەمساڵدا بە دەستی پۆلیسێک کە پلەیەکی تایبەتی ھەبوو ئەویش بە
مۆڵەت پێدانی بە چەکھەڵگرتن و متمانەپێکردنی تا ڕادەی پاراستنی کەسانی
دیبلۆماسیی، وتار و ڕاپۆرتێکی ئێکجار زۆر لەسەر ئازادیی کچان و ژنان و
سەلامەتییان لە نێو ماڵان و لە دەرەوەدا، نوسراوە. ھاوکاتیش گەلێک چەڵتە
چەڵتیشی لە دیوەخانی بەڵتەچییەکانی بریتانیادا لەسەر کراوە. زۆرێکیش
پێشنیار و پێشنیاز بۆ چاککردنی ئەو بارودۆخە، کراوە.
ئێستاش لە گەرمەی دادگاییکردنی ئەو پۆلیسەدا، Wayne
Couzens، لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا ھێشتا لە دوای کوژرانی 'سارا'وە لە ٢٨ ھەفتەدا ٨١ ژن کوژراون، کە دەکاتە نزیکەی ٣ ژن لە
ھەفتەیەکدا، کە ١٦ لەمانە لەلایە ئەو پۆلیسانەوە بوون کە لە خزمەتدا/
پیشەکەیاندا بەردەوامبوون.
لە نێوانی ساڵی ٢٠٠٩ وە بۆ ٢٠١٨ بە ژمارە ١٤٢٥ کچ و ژن کوژراون کە
تەمەمیان لە نێوانی ١٤ و ١٠٠ ساڵدا بووە. لەم ژمارەیە، ١٤٢٥ ، ٢٧٨
ژنیان تەمەنیان لەسەرو ٦٠ ساڵەوە بووە، لە ١٢٧ کەیسی ئەم قوربانیانە
خراپترین شێوەی توندوتیژی لە کوشتنیانا، بەکارھێنراوە. لە بەکارھێنانی
توێژینەوەیەکەدا دەرکەوتوە کە ٩ ژن لە ١٣ ژن لە قوربانییەکان کە
تەمەنیان لەسەرو ٨٠ ساڵەوە وە بوون، قوربانی لاقەکردن و دەستدرێژی جنسی
بوون. لەگەڵ ئەمەشدا لە ساڵی ٢٠١٨/٢٠١٩ دا تەنھا لە سەدا ٦ ی ئەم پیاوە
تاوانبارانە سزایاندراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە سای ئازادیی دەستکەوتنی زانیارییەکان،
دەستکەوتووە، لە سەدا ٦٢ی ئەو ژنانەی کە کوژراون لەسەر دەستی مێرد و
بۆیفرێند یاخود کۆنە مێرد و بۆیفرێددا بووە، سێیەکی ئەم قوربانیانەش یا
ماڵیان بەجێھێشتووە و ڕۆیشتون، یاخود لە پرۆسەی ماڵ بەجێھێڵاندا بوون.
لە سەدا ٩٢ ئەوانەی کو کوژراون ، لە لایەن ناسیاویانەوە کوژراون، یەک
لە دوازدەی ئەو ژنانەشی کە کوژراون لە لایەن کوڕەکانیانەوە کوژراون.
بەداخەوە کە ئەوە حاڵی ژنانە لەم وڵاتەدا، دیارە ئەوانەشیان کە دەژین
ڕوبەڕوی گەلێک کێشەی ھەڵاواردنی و کۆمێنتی سیکستیانە و مامەڵەی زۆر
ناشیرینی خێزان بە مێرد و باوک و دایک کەس کارەوە بوونەتەوە یا دەبنەوە.
ھەروەھا کرێ و موچەی کەم کە تا ئێستاش ژنان لە سەدا ١٥ کەمتر لە پیاو
وەردەگرن لە کەرتە تایبەتییەکانی کارکردندا. ئەمە جگە لەوەی کە
ڕووبەڕووی دوکەوتنی پیاو دەبنەوە و گێچەڵی زۆریان پێدەکرێت، کە زۆر جار
ئەم کەیسانە دەگاتە پۆلیس و داگاش.
ئەمە نیشانی دەدات ئاشکرایە کە ھەرگیز ئازادیی و یەکسانیی و دادپەروەری
کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵی سەرمایەداری و لیبراڵدا بەدەستنایەت، تا ئەو
کاتەی کە پرسی چینایەتی و کۆمەڵی پلەداریی [ ھیرراشی] بمێنێت ئەم
کێشانە بەردەوام دەبن، کە ئەمانەش خەسڵەت یا تایبەمەندی خودی سیستەمەکە
خۆیەتی.
ئەوەی کە ماوەتەوە بیڵێم: جێگای داخە کە ڕۆشنبیری کورد و جالییەی کوردی
لە بریتانیا بە مەبەست یاخود بێ مەبەست ئەم ڕووە قێزەوند و نامرۆیانەی
نێو ئەم کۆمەڵە و ئەم دەوڵەتە باس ناکەن ، بۆیە تا ئێستاش لەناو
ڕەوەندی کوردی لێرە و لە کوردستانیش وڵاتی بریتانیا و ئەمەریکا بە
پێشڕەوی دیمۆکراتی و ئازادیی ، مرۆڤدۆستی، دەزانن.
٤\١٠\٢٠٢١
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|