په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٢\٢٠٢٠

سەرتاشەکەی پیکاسۆ.

 

    مەیسوون شەقیر

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: قارەمان حوسێن عەبدوڵا

رەنگە ئەو جوامێری و ھۆشیارییەی لە ناخی مرۆڤدا دەچەسپێت، گەورەتر و فراوانتر و گشتگیرتربێت لە ھەموو بڕوانامە ئەکادیمییەکان، پەروەردە و ژێرخانی مۆراڵی و گۆڕانی بارودۆخەکانی ژیان کەسەکان درووست دەکەن و بەھا و کارە لە پێشینەییەکانیان پێدەبەخشن.
ئۆخینیۆ ئاریاس ئەو منداڵەی کە لە شارۆچکەی بوێتراگۆ لە باکووری مەدرید لە ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٠٥ لە دایک بوو، لە باوکێکی بەرگدروو کە روحێکی پەیوەست بە ژیان و دڵێکی میھرەبانی ھەبوو، وە لە دایکێک کە شوانی مەڕ بوو لەو شارەدێیە و شەیدای دەشتودەر و راستگۆییەکانی بوو.
بەڵام ھەموو ئەمانە وەک پێویست بەس نەبوون بۆ ئەوەی ئەم خێزانە بتوانێت درێژە بە ژیان بدات لە سەخترین سەردەمی ئابووری کە ئیسپانیای پیا تێدەپەڕی.
ئاریاس لە سەردەمێکی ھەڵە لە دایک بوو ... وازی لە قوتابخانە ھێنا ھەرچەندە ئەو لە قوتابخانەکەی ئیلھام بەخشی مامۆستاکانی بوو چونکە زیرەکییەکی سروشتی و لە راددە بەدەری ھەبوو، توانای داھێنانی گاڵتەوگەپی جوانی ھەبوو!


قوتابخانەی بێنەوایان.


لە تەمەنی یانزە ساڵیدا ئاریاس وازی لە قوتابخانەکەی ھێنا و چوو لە لای مامی شاگردی بکات کە شوێنکارێکی سەرتاشینی ھەبوو.
لە ماوەی چوار ساڵدا ئاریاس فێری پیشەی سەرتاشین دەبێت، لەگەڵ ئەوەیشدا فێری ژیان دەبێت لە رێگای زوو ئەزموونکردنی کارکردن و لە رێگای کاریگەری کەسایەتی مامەیەوە کە رۆشنبیر و خوێنەرێکی بە پەرۆش بوو.
ئەم شوێنکاری سەرتاشینە بەشێکی زۆری بریتی بوو لە پەرتووکخانەیەک کە ھەڵبژاردەیەک لە باشترین پەرتووکەکانی تێدابوو! ئاریاس لەم شوێنکارە ڤیکتۆر ھۆگۆی خوێندەوە، بۆیە دەیوت: "من دەرچووی قوتابخانەی بێنەوایانم"
ھەروەھا لەم شوێنە سێرڤانتس و زۆر پەرتووکی فەلسەفە و رەخنەی ئەدەبی و ھونەری خوێندەوە، گوێبیستی زۆرێک لە گفتوگۆی ھزری و ئەدەبی بوو کە لە نێوان ھاموشۆکەرانی سەرتاشخانەکەدا روویاندەدا و پێیان وابوو کە ئەم شوێنە بریتییە لە ماڵی رۆشنبیری شارۆچکەکەیان!
پاش ئەوەی مامی دەمرێت و ئاریاس شوێنکارەکە و پەرتووکخانەکەی بە میراتی بۆ دەمێـنـێـتەوە، ئەو ھێشتا تەمەنی پانزە ساڵان بوو، بەڵام ژیان وایلێکردبوو کە گەورەتر بێت لە ساڵەکانی تەمەنی!
سەرتاشخانەکە، پەرتووکخانەکە و گفتوگۆکانی ھاموشۆکەران بەردەوامییان پێدران و ھەمیشە پەرتووکی نوێیان دەھێنا و لەنێو خۆیاندا ئاڵوگۆڕیان دەکردەوە!
ئاریاس خولیای شانۆ بوو، زۆری لەسەر خوێندەوە، بە راددەیەک کە بەشداری کرد لە شانۆگەرییەک کە لە دەرھێنانی بەڕێوەبەری فێرکردنی خۆجێیەتی شارۆچکەکە بوو کە ئەویش یەکێک بوو لە ھاموشۆکەرە ھەمیشەییەکانی پەرتووکخانەکە، ئاریاس لەم شانۆگەرییە توانایەکی زۆر باشی نواندنی پیشاندا و سەلماندی کە روحێکی کاریگەری ھەیە، ئەمەش وایکرد کە ببێتە جێگای سەرنج لە لای دۆستانی شانۆ و تەواوی خەڵکی شارۆچکەکە.


شانەی سوور و بەرگری.


پاش ئەوەی ئاریاس تواناکانی بەدەرکەوتن و بووبە جێگای سەرنجی خەڵکی، یەکەم شانەی پارتی کۆمۆنیستی دامەزراند لە شارۆچکەکە لە ساڵی ١٩٣١.
ئاریاس خۆی دەڵێت کە ئەو لە شوێنکارە تایبەتەکەی پەرتووکی چەپەکانی دەخوێندەوە و پەیوەندی لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکان ھەبوو لە ماوەی جەنگی ناوخۆیی ئیسپانیا، لەپێناو سەرکەوتنی کۆمارییەکان بەشدار بووە لە جەنگدا و بەو ھۆیەوە لە پێیەکیدا بریندار دەبێ و ئەمەش وایلێدەکات کە ھەموو پاشماوەی تەمەنی بە شەلی بمێنێتەوە، بەڵام ئەو رێگای بە باشی دەزانی!
لە ساڵی ١٩٣٦ کۆمار ھەرەسی ھێنا و فرانکۆ دەستیکرد بە راوەدوونانی کۆماریخوازەکان.
بۆیە ئاریاس ھەڵھات بۆ فەڕەنسا و لەگەڵ خۆیدا خەونەکانی، ئازارەکانی، پێیە شەلەکەی، لێھاتوویی پەنجەکانی و ئیشقی نەبڕاوەی بۆ ئیسپانیا ھەڵگرتبوو!
بەڵام نەیدەزانی کە ھەموو ئەمانە دەبنە ھۆی بە زیندوو ھێشتنەوەی ناوەکەی لە مێژوودا زیاتر لە ناوی ملیۆنان لە ھەڵگرانی بڕوانامەی بەرزی ئەکادیمی!
لە فەڕەنسا راستەوخۆ پەیوەندیکرد بە بەرەی بەرگرییەوە و بەشداری ھەموو کۆبوونەوەکانیانی دەکرد، لە شاری تۆڵۆز خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا وەک ناودارترین کەسی ئیسپانی کە دژی نازییەکان جەنگابێت لە ئیسپانیا.
پاش کۆتایی جەنگی جیھانی دووەم، لە فەڕەنسا لەگەڵ پیکاسۆ .. بەناوبانگترین ناوی ھونەری لە مێژووی ھونەر بەیەک گەیشتن ... ئاریاس سەرلەنوێ لە فەڕەنسا شوێنکارێکی سەرتاشینی کردەوە لە شارۆچکەی پیاریۆس کە ماڵی پیکاسۆ لەوێ بوو.


ھەڵھاتن لەگەڵ پیکاسۆ.


پێش ئەوەی بۆ یەکەم جار بەیەکتری بگەن، ئەوان ناوبانگی یەکترییان بیستبوو، ھەستیان دەکرد زۆر شتی ھاوبەش لە نێوانیاندا ھەیە و کۆیان دەکاتەوە!
ھەردووکیان ئاشقی ئیسپانیا بوون و لە دیکتاتۆرییەتی فرانکۆ ھەڵھاتبوون، ھەردووکیان ئارەزوویان بۆ بیروباوەڕی سۆسیالیستی ھەیە و کۆمارین، ھەردووکیان داخ لە دڵ و دوورخراوەن لە نیشتیمان و لە ژیانیان، ھەردووکیان بەشداربوون لە بەرەی بەرگری ئیسپانی ...
بەم شێوەیە و سەرەڕای جیاوازی زۆر لە نێوان بەناوبانگترین نیگارکێشی سەردەمەکە و سەرتاشێکی ھەژار و سادە، ئەوان بوون بە دوو ھاوڕێی راستەقینە و ھەر یەکێکیان بۆ ئەویتر بریتی بوو لە نیشتیمانی ونبوو، بریتی بوو لەو زمانەی ئاشقی بوون، بریتی بوو لەو روحسووکی و خوێن شرینییەی کەسایەتی ئیسپانی پێدەناسرێتەوە، بۆ یەکتری مایەی زاڵبوون بوون بەسەر تاراوگە و دوورخستنەوە!
ئاریاس بوو بە سەرتاشی ھەمیشەیی پیکاسۆ و ھاوڕێی گیانی بە گیانی و پارێزەری نھێنییەکانی، تەنھا کەس بوو کە دەیتوانی ھەموو ھەفتەیەک چاوی بە پیکاسۆ بکەوێ و پێکەوە بڕۆن بۆ تەماشاکردنی زۆرانبازی گایەکان، ئەو بەرەنگاربوونەوەیەی لەم زۆرانبازییەدا ھەبوو بۆ پیکاسۆ وەک بەرەنگاربوونەوەی ژیان بوو ... ئاریاس تاکە کەس بوو کە دەیتوانی بچێت بۆ ماڵی پیکاسۆ ھەرکاتێک ئارەزووی بکردایە، پێکەوە شەوگاری درێژیان بەڕێدەکرد و گفتوگۆیان دەربارەی سیاسەت و نیگارکێشان و ئەدەب و ھەونەر دەکرد، باسی بەرەی بەرگرییان دەکرد لە ئیسپانیا لە دژی فرانکۆ، باسی دۆخی پەنابەرە ئیسپانییەکانیان دەکرد لە فەڕەنسا!
پیکاسۆ ئۆتۆمبیلێکی بۆ ئاریاس کڕی بۆ ئەوەی ھەرکاتێک بیەوێت سەردانی بکات، ھەر کاتێکیش دەچوو بۆ لای بۆ سەرچاکردن، تابلۆیەک لە تابلۆکانی لەگەڵ خۆی بۆ دەبرد ... ئەم تابلۆیە لە بری نرخی سەرچاکردنەکە نەبوو کە ھەرگیز ئاریاس وەرینەدەگرت، بەڵکو وەک دیارییەکی ھەمیشەیی و دووبارە لە پێناو ھاوڕێیەتییەکی راستەقینە و قووڵ بوو!
پیکاسۆ ھەرگیز تابلۆیەک یان کارێکی ھونەری خۆی بە فیڕۆ نەدەدا، زۆر ھۆگر و پەرۆشی بەرھەمەکانی خۆی بوو، بەڵام دەیزانی کە بەنرخترین شتێک پێشکەشی ھاوڕێکەی بکات بریتییە لە تابلۆیەک یان کارێکی ھونەری ھەرچەندە بچووکیش بێت!
کاتێکیش سەردانی دەکرد، لەسەر پێشەکی پەرتووکێک یان لەسەر دەفرێکی خەزەفی وێنەیەکی بۆی دەکێشا، ھەروەھا لە پاش ھەر زۆرانبازییەکی گایەکان کە پێکەوە ئامادەی دەبوون و کۆتاییەکەی خراپ و ئازار بەخش نەدەبوو، پیکاسۆ وێنەیەکی خێرا و سەرسووڕھێنەری دەکێشا کە گوزارشتی لەو خۆشییە لە راددەبەدەرەی خۆی دەکرد بەو کۆتاییە!
ھەندێ جار پیکاسۆ بەنرخترین تابلۆی خۆی پێشکەش بە ھاوڕێکەی دەکرد، وەک تابلۆی جاکلینی ھاوسەری کە بە واژۆی پیکاسۆ خۆی واژۆ کرابوو!
کاتێک ئاریاس لەگەڵ کچە برادەرەکەی (سیمۆنا فرانکواڵ) کە ھاوڕێی بوو لە ھێزی بەرەنگاری، ھاوسەرگیرییان ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٥٠، پیکاسۆ و جاکلینی ھاوسەری شایەتحاڵی ئەو ھاوسەرگیرییە بوون و تیایدا پیکاسۆ تابلۆیەکی تری وەک دیاری ھاوسەرگیرێتی بەخشییە ئاریاس کە بریتی بوو لە پۆرترێتێکی نوێی جاکلین.
بەم شێوەیە بیست و شەش ساڵ تێپەڕی لە ھاوڕێیەتی و ھۆگری لە نێوان پیکاسۆ و ئاریاس، بە جۆرێک کە جوانترین رۆژگاریان پێکەوە بەسەردەبرد.
کاتێک دەچوونە یانەکان پێکەوە گۆرانی ئیسپانییان دەوتەوە، بۆ وڵاتێک دەگریان کە بۆیان نەبوو بگەڕێنەوە بۆی چونکە لێیان قەدەغە کرابوو، خۆشەویستییان بۆ ئەو وڵاتە جۆشی دەسەند و نەفرەتیان دەکرد لە نازییەت و دیکتاتۆرییەت و ستەمکاری لە ھەرکوێیەک و بە ھەرشێوەیەک بوایە، پێکەوە خەونیان بە ژیان و بە گەڕانەوە بۆ ئیسپانیا دەبینی...


گەنجینەکەی ئاریاس.


لە ماوەی ئەو بیست و شەش ساڵەدا ئاریاس توانی گەنجینەیەکی سەرسووڕھێنەر لە تابلۆ و پارچەی ھونەری جۆراوجۆری بەناوبانگترین ناوی ھونەری کۆبکاتەوە کە ھەموو جیھانی بەخۆیەوە خەریک کردبوو بەجۆرێک کە مۆزەخانەکان و پایتەختەکان و گەلەرییەکان لە خولیا و پەرۆشی ئەوەدا بوون شتێکیان دەستبکەوێت کە بە ناوی ئەوەوە واژۆ کرابێت.
ئەوەی گرنگ بوو ئاریاس ئەم گەنجینە بەنرخەی کۆکردەوە لە ئەنجامی متمانە و خۆشەویستی ئەم نیگارکێشە کە لەگەڵ خەڵکیدا زۆر بە ساردی و بە رەقی مامەڵەی دەکرد!
لە ساڵی ١٩٧٣ پیکاسۆ لە پاش ژیانێک کە پڕبوو لە ھەموو شتێک کۆچی دوایی کرد.
ئاریاس تەنھاکەسی ئیسپانی بوو کە لە کاتی سەرەمەرگیدا ئامادە بوو، بە کوڵ بۆی دەگریا ھەروەک چۆن منداڵێک بۆ خێزانەکەی بگری، تەرمەکەی بەو ئاڵایە پێچایەوە کە دایکی لە ئیسپانیاوە بۆی ناردبوو، بە درێژایی شەو لە لای مایەوە تا بە خاکیان سپارد، بەو شێوەیە پیکاسۆ ھونەری نیگارکێشان و ھەموو رەنگەکانی بەجێھێشت، تەنھا بەرەو رەنگی رەش و سپی رۆیشت.
پاش مردنی پیکاسۆ، ئاریاس پیشانگایەکی کردەوە لە شارۆچکەی پیاریۆسی فەرەنسی بۆ کارە ھونەرییەکانی پیکاسۆ کە تایبەت بوون بە خۆیی و پیکاسۆ پێی بەخشیبوون، ھەر ئەوەندە ھەواڵەکە گەیشتە رۆژنامەکان، نوێنەری مۆزەخانەکانی جیھان بە پەلە خۆیان گەیاندە ئاریاس و داوای کڕینی ئەو گەنجینەیان لێیدەکرد.
بەڵام ئاریاس ھەمیشە دەیوت کە ئەمانە بۆ فرۆشتن نین و رۆژێک دێت لەگەڵیاندا دەگەڕێینەوە بۆ ئیسپانیا، ئەوسا ئەم تابلۆیانە لە شوێنی شیاوی خۆیان دەبن!
بەو شێوەیە ئاریاس ئەو ھەموو بڕە پارەیەی کە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرا رەتکردەوە کە خرانە بەردەستی لە لایەن دەوڵەمەندەکانی جیھان و گەلەری و ماڵەکانی ھونەرەوە!
پاش مردنی فرانکۆ لە ساڵی ١٩٧٥ و کۆتایی ھاتنی قۆناغی دیکتاتۆرییەت لە ئیسپانیا، ئاریاس ھەموو کارە ھونەرییەکانی پیکاسۆ کە تایبەت بوون بە خۆی پێچایەوە و پێکەوە گەڕانەوە بۆ ئیسپانیا، تابلۆکان دەیانزانی کە دەگەڕێنەوە بۆ لای رووحی ئەو دەستەی کە نەخشاندوونی، ھەروەک چۆن ئاریاس بە درێژایی رێگاکە گفتووگۆی لەگەڵیان دەکرد و دەستی دەھێنا پێیاندا و دەیوت " ئەوەتا دەگەڕێینەوە، دیکتاتۆر مرد و ئیسپانیا بە زیندوویی مایەوە، ئەوەتا وا دەگەڕێینەوە ھاوڕێکەم ھەروەک چۆن خەونمان دەبینی".


گرینکای مرۆڤایەتی.


ئاریاس گەڕایەوە بۆ شارۆچکەکەی خۆی لە ئیسپانیا، ناوبانگی تابلۆکانی پیکاسۆ کە لە لایەتی لە پێش خۆیەوە گەیشتبوون، بە گرنگییەکی زۆرەوە پێشوازی لێکرا، ئۆفەری زۆر خرانە بەردەستی بۆ کڕینی ئەو تابلۆیانە بە ھەرنرخێک بێت!
بەڵام ئەو ھەمیشە دەیوت کە ئەمانە دیاری پیکاسۆن و دیاریش نافرۆشرێت!
بەو شێوەیە ئاریاس بە ھەژاری گەڕایەوە شارۆچکەکەی خۆی ھەروەک چۆن بە ھەژاری بەجێیھێشتبوو، بەڵام دەوڵەمەند بە ئەزموونی خەباتگێڕی و ھاوڕێیەتی لەگەڵ پیکاسۆ.
ئاریاس ھەموو کارەکانی پیکاسۆ کە زیاتر لە شەست تابلۆ، چل پارچە نیگاری کانزایی و بیست و حەوت پارچە نیگاری خەزەفی بوون، پێشکەش بە شارەوانی شارۆچکەکەی کرد و تەنھا داواکاریشی ئەوەبوو کە ئەم سامانە بکرێتە مۆزەخانەیەک بۆ ئەوەی خەڵکی بۆ تەماشاکردنی سەردانی شارۆچکە دوورەدەستە فەرامۆشکراوەکەی بکەن و بەو شێوەیە بمێنێتەوە و ھەرگیز نەفرۆشرێن، ھەرگیز ھیچ پارچەیەکی نەگوازرێتەوە بۆ ھیچ جێگایەک!
شارەوانی شارۆچکەکە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییان بۆ ئاریاس رێکخست، لەو چاوپێکەوتنەدا بە دوور و درێژی باسی پەیوەندی نێوان خۆی و پیکاسۆی کرد، باسی پشتگیری ماددی و رووحی پیکاسۆی کرد بۆ بەرەی بەرھەڵستکاری، باسی پشتگیری ماددی پیکاسۆی کرد بۆ پەنابەرە ئیسپانییەکان لە فەڕەنسا، باسی ئەو ماوەیەی کرد کە پیکاسۆ پەیوەندی کردبوو بە پارتی کۆمۆنیستییەوە، باسی بەرواری وێنەکێشانی تابلۆی گرینکای کرد، پیکاسۆ لەم تابلۆیەدا ھەڵوێستی خۆی پیشانداوە سەبارەت بە ھەموو نازییەکان لە جیھاندا، ھەروەھا باسی کۆنگرەی ئاشتی کرد کە پیکاسۆ داوای بەستنی کردبوو، ھەر ئەم کۆنگرەیە بوو کە وای لە پیکاسۆ کرد تابلۆی جەنگ و ئاشتی وێنە بکێشێت، ھەروەھا باسی پەیوەندی پیکاسۆی کرد بە ھاوڕێکانیەوە وەکو سارتەر و سیمۆن دی بۆڤوار و دڵسۆزی پیکاسۆ بۆیان، باسی شەیدایی لە راددەبەدەری پیکاسۆی کرد بۆ ھونەرەکەی و چۆن ھەمیشە لە پلەی یەکەمی گرنگییەکانی بووە لە ژیانی و تەنانەت گرنگتربوو لە پەیوەندییەکانی و ھەتا لە پەیوەندی نێوان خۆیی و خێزان و منداڵەکانی!
ئاریاس زۆر بە پەرۆشەوە بوو کە پارێزگاری لە نھێنییە کەسێتییەکانی پیکاسۆ بکات، بۆیە زۆر بە توندی رەتیدەکردەوە باسی پەیوەندییە سۆزدارییە جۆراوجۆرەکانی بکات و ھەمیشە لە وەڵامدانەوە خۆی دەدزییەوە و دەیوت کە ئەو ھونەرەکەی لە ھەمووشتێک لەلا گرنگتربوو.
سەرتاشەکەی پیکاسۆ لە ٢٨ ی نیسان لە ساڵی ٢٠٠٨ کۆچی دواییکرد، ئەو ماڵئاواییەی کە شارۆچکەکەی و ئیسپانیا لێیانکرد وەکو ماڵئاواییکردن لە پاڵەوانەکان بوو!
ئاریاس ئەو مۆزەخانەیەی کە لە ساڵی ١٩٨٥ کردییەوە و ناوی لێنا مۆزەخانەی سەرتاشەکەی پیکاسۆ، تا ئێستا لەو شارۆچکەیە کراوەیە و ھەموو ئەو تابلۆ و کارە ھونەرییانەی تێدا دانراوە ھەروەک چۆن لە وەسیەتەکەی داوایکردبوو!
بەو شێوەیە ئەو شارۆچکە بچووکە دوورەدەستە بوو بە گرنگترین شوێنی گەشتیاری لە شاری مەدرید و ئاریاسیش وەک جوامێرترین و بەناوبانگترین سەرتاشی جیھان باس دەکرێت پاش ئەوەی کە ھەژارێکی لەبیرکراو بوو وەک ھەموو ھەژارەکان!
______________________________________________
سەرچاوە: ''ماڵپەڕی ئەلعەرەب'':

https://alarab.co.uk/%D8%A3%D9%88%D8%AE%D9%8A%D9%86%D9%88-%D8%A2%D8%B1%D9%8A%D8%A7%D8%B3-%D8%B5%D8%AF%D9%8A%D9%82-%D8%A8%D9%8A%D9%83%D8%A7%D8%B3%D9%88-%D8%A7%D9%84%D8%B0%D9%8A-%D9%84%D8%A7%D8%B2%D9%85%D9%87-%D9%81%D9%8A-%D8%AD%D9%8A%D8%A7%D8%AA%D9%87-%D9%88%D9%85%D9%85%D8%A7%D8%AA%D9%87
 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک