په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٩\٢٠١٣

سێرڤانتێس و دۆن کیخۆتە.

                                                                                              

    کارلۆس فۆێنتێس                                                                                              لە تورکییەوە: یوسف عیزەدین


(-سێرڤانتێس- ئەو نووسەرەیە کەپێنج ساڵ لەجەزائیر زیندانی بووەو بەوپێیەی کەئەندامی کۆمیسیۆنی-ئەرمادا- بووە، کەوتۆتە بەر نەفرەتی کڵێسا. سەرباری ئەوەش فەرمانبەری -باجگریی و کۆکردنەوەی داھات-یش بووە، ھەر بۆیە زۆرجاران بەتۆمەتی دزی و دەست پیسی زیندانی کراوە و وەک پیاوێکی قەرزار لەپشت قەفەسە ئاسنینەکانەوە ژیانی بردۆتە سەر و بەنابووتی و لەنەبوونیشدا سەری ناوەتەوە) -کارلۆس فۆێنتێس-.

 

دۆن کیخۆتە

(١)

دەکرێت بڵێین سێرڤانتێس و کۆڵۆمبس دوانەن.. چونکە ھەردووکیان دوو شتی زۆر گرنگیان دۆزیوەتەوە. بەڵام ھەردووکیشان بەبێ ئەوەی پەی بەحەقیقەتی ئەو شتە بەرن کەکەشفیان کردووە، ئەم دنیایەیان جێھێشتووە.


کۆڵۆمبس بەرەو ڕۆژئاوا کەوتەڕێ و پێی وابوو گەیشتۆتە ڕۆژھەڵات؟!


سێرڤانتێس-یش وای دەزانی کەتەنھا ڕۆمانێکی ڕەخنەیی تەنزئامێزی دژ بەڕۆمانی سوارچاکی باوو تەقلیدی سەردەمی خۆی نووسیوە.


ئیدی نەکۆڵۆمبس بەوەی زانی کەئەمریکای دۆزیوەتەوەو نە سێرڤانتێس-یش لەوە خەبەردار بوو کەبناغەی ڕۆمانی ھاوچەرخی داڕشتووە.


نووسەری -دۆن کیخۆتە- کەسایەتی سوارچاکێکی خوڵقاندووە، لەژێر پەردەی شێتیدا ھێرش دەکاتە سەر کڵێسەو ڕێساو یاسا تەقلیدییەکان.. بەڵام لەھەمان کاتدا خۆی وانیشان دەدات کەگوایە پابەندی ھەموو یاساو ڕێساکانی کڵێسایە. بەو پێیەش دەتوانین بڵێین، فۆرمالیتەیەکی باشی دووڕوویی لەکاراکتەری -دۆن کیخۆتە-دا بەرچاو دەکەوێت.


دیارە ناشزانین کەداخۆ بەڕاستی -دۆن کیخۆتە- ھێندە دڵپاک و سادەو ساکارە، یاخود بەمەبەست دەیەوێت ئاوا خۆی بخاتەڕوو و خۆی بەئێمە بناسێنێت؟! یان ڕەنگە -سێرڤانتێس-یش تەنھا لەو گۆشەنیگایەوە ئەو کەسایەتییەی خوڵقاندبێت کەبۆخۆی مەبەستی بووە.. تابتوانێت لەڕێی ئەوەوە، بەباشترین شکڵ و شێوە ھێرش بکاتە سەر نووسەرانی ڕۆمانەکانی سوارچاکی دەورانی خۆی. یان تۆ بڵێی -ئیزۆب- ، -دۆن کیخۆتە-ی نووسیبێتەوە؟! چونکە ئاشکرایە ھیچ دەقێک لەکاتی نووسینەوەیدا حیساب و کیتابی بۆ ناکرێت، دەق بۆخۆی ڕاستەڕێی خۆی دەدۆزێتەوەو بەباڵەکانی خۆی لەشەقەی باڵ دەدات و خودی نووسەرەکەی دەخاتە پەراوێزەو دەیسڕێتەوە.


ئیرۆنیک و تەنزئامێزبوونی -دۆن کیخۆتە- تەنھا ڕووکەشێکی دەقەکەیە، دەنا ھەر لەدەسپێکی ڕۆمانەکەوە، خودی نووسەرەکەی دەخاتە ژێر پرسیارەوەو پاش چەند بەشێک ڕەخنە لەپرۆسەی خوێندنەوە دەگرێت.. واپێدەچێت کەمەبەستی سەرەکی دەقەکە، لەخستەڕووی ئەو تێزەدا بێت.. گەرچی بەگشتی و تا کۆتایی دەقەکەش، ھەر وادێتە پێشچاومان کەمەبەستی سەرەکی دەقەکە لەخستنە ژێر پرسیاری سوارچاکی و سوارچاکاندا، چڕبێتەوە. بێگومانین لەوەی کەخودی -سێرڤانتێس- خوێنەرێکی جیدی و پیاوی چاخی خۆی بووە.. بۆ خۆی خۆی دروستکردووە.. کوڕی پزیشکێکی لەکار لابراو بووە.. تاوێک خوێندکاری زانکۆی -سالامانجا- بووەو ماوەیەک بۆتە گەڕیدەو دواتر خۆی گەیاندۆتە کۆشکی -فیلیپ-و سەرنجی گەورە پیاوانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوەو لەگەڵ شاندێکدا نێردراوەتە ڕۆما.. پاشان بەفەرمانی کاردیناڵ بۆتە سەرباز و لەشەڕەجەنگێکدا، کەوتۆتە بۆسەی تورکەکان و دەستێکی خۆی لەدەستداوە.


-سێرڤانتێس- ئەو نووسەرەیە کەپێنج ساڵ لەجەزائیر زیندانی بووەو بەوپێیەی کەئەندامی کۆمیسیۆنی-ئەرمادا- بووە، کەوتۆتە بەر نەفرەتی کڵێسا.


سەرباری ئەوەش فەرمانبەری -باجگریی و کۆکردنەوەی داھات-یش بووە، ھەر بۆیە زۆرجاران بەتۆمەتی دزی و دەست پیسی زیندانی کراوە و وەک پیاوێکی قەرزار لەپشت قەفەسە ئاسنینەکانەوە ژیانی بردۆتە سەر و بەنابووتی و لەنەبوونیشدا سەری ناوەتەوە.


بەڕای من، ئەو پیاوە غەمبار و دڵ پڕ لەکەسەرە، بەتەواویی درکی بەگەندەڵی کۆمەڵگەی چاخی خۆی کردووەو بەپێویستی زانیوە کەڕیفۆرم و گۆڕانکاری لەخودی قەڵای کاسۆلیکەکان، لەئیتاڵیاوە دەست پێبکات.


نووسەری -دۆن کیخۆتە- ھەموو یاساو ڕێسا تەقلیدییەکانی نووسینی ڕۆمانی پێش خۆی سەرەوژێر کردو تائێستاش ھەموو نووسەرە ھاوچەرخەکان، بەھەمان ڕێچکەو ڕێگەی ئەودا دەڕۆن.. ئەم ھەوڵدانەی ئەو وامان لێدەکات، بەچاوێکی دیکە بڕوانینە دنیا و خوێندنەوەی بۆ بکەین، جا چ بەمەبەست کەسایەتییەکی وای خوڵقاندبێت یان بێ ئاگا؟!


بەمەبەستی ھەرچییەکە بووبێت، بۆ یەکەمجار لەدوو توێی ڕۆمانێکدا، دنیا بووە بوونەوەرێکی جوداو جیاواز.


-دۆن کیخۆتە- وەک دەقێک نەک ھەر ڕەخنە لەدنیا دەگرێت و فێری پرسیار کردنمان دەکات.. بەڵکو خودی خوڵقێنەرەکەشی دەخاتە ژێر پرسیارەوەو ڕەخنەی لێدەگرێت.

*   *   *   *   *

(٢)


دۆن کیخۆتە و نەمریی.

گەرچی ھیچ وێنەیەکی خودی - میگوێل سێرڤانتێس -مان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام ھەمیشە وێنەی سوارچاکە غەمگینەکەی نێو ڕۆمانەکەی -سێرڤانتێس-مان لەبەر چاوە.


-دۆن کیخۆتە- وەک شاکارێکی ئەو نووسەرە بلیمەتە، ھەردەم گرنگترین دەقێکی نووسراوە.. بەوپێیەی کەدەیەوێت قەدەری خۆی بگۆڕێت و بەو چەشنە بژی کەدەیەوێت.. لەگەڵ ئەوەی کەدەبێتە نموونەیەکی زیندووی مرۆڤی ھاوچەرخ، لەھەمان کاتیشدا زادەی مێژوو و گۆڕانکارییەکانی سەردەمی خۆشیەتی.


بیرۆکەیەکی ئیستەتیکی بەھێز، لەباکگراوندی دەقەکەدا بەدی دەکرێت. گەرچی لەسەردەمی نووسینی دەقەکەدا ڕەخنەگران لەمەبەستی نووسەر حاڵی نەبوون و پێیان وابووە کەنووسەر بیۆگرافیای ژیانی خۆی نووسیوەتەوە.


-دۆن کیخۆتە- بەزمانی ئیسپانی نووسراوەو لەساڵی ١٦١٢ لەلایەن -تۆماس شیلتۆن- ەوە کراوەتە ئینگلیزی و دواتریش لەساڵی ١٦١٤دا لەلایەن -کودین-ەوە کراوەتە فەڕەنسی.


زۆرێک لەڕەخنەگرانی ئەو سەردەمە، بەدەقێکی نامەنتیقی و خەیاڵئامێزیان لەقەڵەم داوە، تەنانەت پێشیان وابووە کەبەشێواز ھاوشێوەی چیرۆکەکانی -پۆکاشیۆ- بێت.. لەو سەردەمانەدا خوێنەرانی -دۆن کیخۆتە- بۆ خستنە پێکەنینی ئامادەبووان، لەنێو مەجلیساندا بەدەنگی بڵند دەقەکەیان دەخوێندەوە.


پاش سەدەیەک و لەچەرخی ھەژدەدا تەوژمی"نیوکلاسیک و ڕاسیۆنالیزم"، خوێنەرێکی وای گۆشکردو خوڵقاند کەلەپشت شێوازی گاڵتەئامێزی نێو ڕۆمانەکەوە، ھەوڵی کەشفکردن و دۆزینەوەی شتێکی نوێیان دەدا.


شاعیر و ڕەخنەگری ئەڵمانی "ھاینە" و نووسەری بەتوانای ئەڵمانی "فریدریچ ڤۆن شڵێگڵ" خوێندنەوەیەکی نوێیان بۆ دەقەکە کردو -سێرڤانتێس-یان وەک داھێنەر و بلیمەتێک بەدنیا ناساند.. ئیدی ئەمە بووە دەسپێکێکی نوێی ناساندنی ئەو نووسەرە لەدنیادا و ڕۆژ بەڕۆژیش ژمارەی خوێنەرانی -دۆن کیخۆتە- لەزیادبووندایە.


-گۆستاڤ فلۆبێر- لەنووسینێکیدا باس لەوە دەکات، پێش ئەوەی بەتەوایی فێری خوێندنەوە ببێت، زۆربەی ڕۆمانەکەی ئەزبەرەکردووە و تەنانەت لەنووسینی-مەدام بۆڤاری-یشدا زۆر سوودی لەشێوازی نووسینی-دۆن کیخۆتە- وەرگرتووە.


لێرەدا بەپێویستی دەزانم کە ئاماژە بە ھەندێک لەو لێکۆڵینەوە جیدیانە بدەم کەدەرھەق بە-سێرڤانتێس-و -دۆن کیخۆتە- نووسراوە.


١- "ژیانی دۆن کیخۆتەو سانچۆ- نووسینی:"میگوێل دێ ئۆنامونۆ".
٢- "ڕێگای دۆن کیخۆتە" نووسینی"ئەزۆرین".
٣- "ھەندێک بیروڕا سەبارەت بەدۆن کیخۆتە" نووسینی:"جۆزێ ئۆرتێگای گاسێت".
٤- "بیروڕای سێرڤانتێس" نووسینی:"ئەمریکۆ کاسترۆ".


شایانی باسیشە "ئەمریکۆ کاسترۆ" لەکتێبەکەیدا، ڕاشکاوانە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات کەدەقی"دۆن کیخۆتە"، دەقێکی کۆمیدی و گاڵتەئامێز نییە و دۆن کیخۆتە-ش شێت نییە..بەڵکو مرۆڤێکە لەم دنیایەدا دەیەوێت بەدەستی خۆی قەدەری خۆی دیاری بکات و تا پێشی بکرێت دەست لەشتەکان وەربدات و بیانگۆڕێت.
_________________________________
ژێدەر:
Kitaplik/yapi kredi yayinlari/2005 -Istanbul
 

ماڵپه‌ڕی یوسف عیزه‌دین 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک