١٧\١\٢٠١٤
سەروەریی بۆ ئەو
حیزبەی لە دۆڕاندنی کەرکوک و
خیانەتی نەتەوەییدا بەشداریی ناکا.

رابەر
رەشید
جارێکی دیکەش خەمەکانی کەرکوک، ناچاریان کردمەوە
- وەکو ھاووڵاتییەک
-
بێمەوە دەنگ. دەنگ ھەڵبڕینی ئێمەومانان بۆ لە دەستنەدانی پێگەی کوردو
ئایندەی کوردستانیبوونی کەرکوکە، دوور لە ھەموو بەرژەوەندییەکی
حیزبییانە و ناوچەگەریانە. وەکو ھاووڵاتییەک نامەی کراوەمان بۆ سەرۆکی
ھەرێم و مەکتەبی سیاسی ھەر سێ حیزبەکەی ناو (لیستی ھاوپەیمانیی
نیشتیمانی کوردستان) ناردو داواشمان لە بەرپرسانی یەکێتی نیشتیمانی
کوردستانیش کرد بۆئەوەی دڵسۆزانە خەمێک لە کەرکوک بخۆن و رێگەی ئەو
پەرشوبڵاوییە نەدەن، بەڵام ھیچ لایەنێکیان نە بە ئەرێ و نە بە نەرێ
وەڵامیان نەداینەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەو بەڕێزانە گوێ لە دەنگی
ھاووڵاتییانی کەرکوکی و بەرژەوەندییە نەتەوایەتییەکانی کورد لە باشووری
کوردستان و ناوچە داگیرکراوەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەتی ناوەند ناگرن و
تەنھا بەرژەوەندییە
حیزبییەکانی خۆیان لا پیرۆزو لەبەرچاوە!!
بە شکستخواردنی ھەوڵ و تەقەللاکانی (لیستی ھاوپەیمانیی نیشتیمانیی
کوردستان) لە بەشداری پێکردنی
حیزبەکانی دیکە لەناو
ھاوپەیمانێتییەکەیانداو یەکڕیزی و یەکدەنگیی عەرەب و تورکمانی کەرکوک،
تا دێت تابلۆکە رەشتر دێتە بەرچاو و ئاسۆی ئایندەی کەرکوک تەمومژاویتر
دەبێت، بەمەش سەرجەم ئەو
حیزب و لایەنانەی کە دەبنە ھۆی دۆڕاندنی
کەرکوک لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی نیسانی ٢٠١٤دا خیانەتێکی نەتەوەیی مێژوویی
لە ئەرشیفی خەباتی
حیزبایەتیی خۆیاندا تۆمار دەکەن، چونکە کورد لە
کەرکوکدا ئەزموونی لەم بارەیەوە ھەیەو ھەڵبژاردنی ٢٠١٠و لە دەستدانی چەند
کورسییەک، لە ئەنجامی خۆبە کوێخازانینی یەکێتیو پارتی و بەشداریکردنی
گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ ھەر یەکەو بە لیستی جیاواز، باشترین
گەواھیدەری ئەم راستییەن. کەواتە ئەو لیستەی لەم ھەڵبژاردنەدا رێز لە
مێژووی پڕ سەروەری خۆی دەگرێت و بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکان و
ئایندەی کەرکوک دەخاتە سەرووی بەرژەوەندییە
حیزبییەکانی خۆیەوە،
بەتایبەتی ئەو
حیزب و لیستانەی کە پێشوەختە دڵنیان لەوەی تاکە
کورسییەکیش ناھێنن، بە پاشەکشەکردنیان لە کرداری ھەڵبژاردنی ٣٠ی
نیسانی ٢٠١٤ ھەڵوێست و قوربانییەکی دیکەی خۆیان دەخەنە سەر خەرمانی
ھەڵوێستەکانیان لە نێو خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستانی
و بەپێچەوانەشەوە ھەر شکستێکی کوردیانەی کەرکوک دەیانخاتە بەردەم دەیان
پرسیاری ھەستیارەوە!!
ئەوەی زۆر مایەی نیگەرانی و سەرسووڕمانیشە ئەوەیە کە زۆرێک لەو
حیزب و
لایەنە کوردستانییانەی کەرکوک کە بڕیاروایە بە لیستی جیاواز بەشداری
لە کرداری ھەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراقدا بکەن، پێشوەختە دڵنیان کە
قاچە کورسییەکیش ناھێنن، کەچی سوورن لەسەر بەشداریکردنیان بە لیستی
تەنھا، بەتایبەتی ئەوانەی پێشتر ئەزموونیان لەم بوارەدا ھەیەو شەقی
دەنگ نەھێنانیان خواردووەو کورد وتەنی: "مارانگازبوون"، ئەی بۆچی دەبێ
ئەمجارەش ھەمان ھەڵە دووبارە بکەنەوە؟ ئەرێ ئەم سووربوون لەسەر
دۆڕاندن و شکستخواردنەی ئەو
حیزبانەی -پێشوەختە- دڵنیان لەوەی
دەیدۆڕێنن و ژمارەیەک دەنگی دەنگدەرانیشیان لە ختوخۆڕایی بەھەدەر
دەدەن، دەچێتە خانەی کام ژیربێژی و لە کوێی لۆژیکدا جێیان دەبێتەوە؟! لەکاتێکدا
کە ھەموویان زۆر چاک لەو راستییە گەیشتوون کە لە رۆژی دەنگداندا چەندین
گرفت و ئارێشە لەبەردەم خودی دەنگدەرانی کوردیشدا دروست دەکرێن، وەکو
نەھاتنەوەی دەنگی ژمارەیەکیان و ھەڕەشەو چاوسوورکردنەوەی نانبڕین و چەندین
رێگریی دیکە!!
بۆیە جارێکیتریش وەکو ھاووڵاتییەکی کەرکوکی راشکاوانە دەڵێم: ئەوەی
بەرامبەر کەرکوک کرا خیانەتێکی نەتەوەیی نیشتیمانی مێژوویی گەورە بوو،
بەڵام دەکرێ ئەوانەی رێز لە خەباتی خۆیان و خوێنی شەھیدەکانیان دەگرن،
لەم خیانەتە نەتەوەییە گەورەیەدا بەشداری نەکەن و لاپەڕەیەکی مێژووی
خەباتی خۆیان
-لایەنی کەم- بە سپێتی بھێڵنەوەو کارێک نەکەن نەوەکانی
ئایندە توێژینەوەی زانستی و مێژوویی و سایکۆلۆژی لەسەر خیانەتەکانیان
دەرھەق بە کەرکوک بکەن. لە ئەدەبیاتی ھەموو ئەو
حیزب و لایەنانەشدا
ھاتووە: "مێژوو بەزەیی بەکەسدا نایەتەوەو خیانەتەکان وەکو خۆی تۆمار
دەکات"، ئەی ئەگەر ئەو راستییانە دەزانن، بۆچی ئەم خیانەتە دەکەن؟!
١٥\١\٢٠١٤
- پردێ
ماڵپەڕی رابەر رەشید
|