٢٦\٢\٢٠١٥
سەروەریی کەمینە
بە بێ خۆشباوەڕیی
و ئامادەیی زۆرینەی کۆیلە
هەرگیز خۆی
راناگرێ.
هەژێن
بەپێچەوانەی
دەرکی ڕەخنەگرانی دەسەڵاتخواز لە سیستەمی چینایەتی، کەمینەی سەروەر لە
ئاسمانەوە نەباریوە و هەروەها هێز و تەلیسمێکی جادوویی یا ئاسمانی
سەروەریی ئەوانی ڕانەگرتووە.
نەخێر، سەرهەڵدان و مانەوەی سیستەمی چینایەتی زادەی خۆشباوەڕیی و
ئامادەیی و ملدانی زۆرینەی ژێردەستەیە بە سەروەریی کەمینە. وەها
خۆشباوەڕیی و ئامادەییەك لەخۆوە سەریهەڵنەداوە، نەخێر، هەزاران ساڵە
ئایینەکان و نەژادپەستی و ناسیونالیزم و فیلۆسۆفان و ڕامیاران و
ئیدئۆلۆگەکان تاکە ژێردەستەکان بۆ سیستەمی چێنایەتی پەروەردەدەکەن و
خۆشباوەڕیی و ئامادەیی بۆ کۆیلەتی لە دایك و خێزانەوە بۆ منداڵ، لە
پەرستگە و فێرکارەوە بۆ فێرکار، لە ئیدئۆلۆگ و ڕامیارانەوە بۆ پاشرەوان
دەگوێزرێتەوە و لەتەك شیر و قەراخەناندا دەرخواردی تاکە ژێردەستەکان
دەدرێت.
بێجگە لەوەش، ئەوە هەر خودی زۆرینەی خۆشباوەڕە دەبێتە سەرباز و پۆلیس و
سیخوڕ و بەکرێگیراو و ئەشکەنجەدەر و پاسەوان و تیرۆریست و شۆڤێنیست و
فاشیست و سیستەمی کۆیلەتی خۆی و سەروەریی چەوسێنەرانی ڕادەگرێت.
لەبەرئەوە ئاراستەکردنی ڕەخنە بەتەنیا لە سەروەران وەك ئەوەی لە
ئاسمانەوە باریبن، دەچێتە خانەی گلەیی و ئامۆژگاریکردنی چەوسێنەران و
تەنیا خۆشباوەڕیی تاکی ژێردەست بە ئەگەری هاتنی سەروەر و دەوڵەت و
فەرماندار و زیندانەوانی باش قوڵتر و بەهێزتر و فراوانتردەکات.
ئەگەر بەڕاستی ئێمە دژی چەوسانەوەین، دژی مشەخۆریی و سەرکوت و
نایەکسانی و نادادوەرین، پێویستە لە دووی ڕەگوڕیشەی سەرهەڵدانی
چەوسانەوە و ئامرازەکانی ڕاگرتنی و دەزگە ئاراستەکەرەکانی و
ئایدیۆلۆجییە پارێزەرەکانی و هەروەها هێز و بەرەیەك کە دەیپارێزین
بگەڕێین و خۆمان بە پەیداکردنی وەڵامی ئەم پرسیارە هەردەم ئامادانەی
سەردەمەکانی مێژوو خەریکبکەین.
- ئایا پێکهێنەرانی هێزە سەرکوتگەرەکان (سەرباز، پۆلیس، سیخوڕ،
تیرۆریست، ئەشکەنجەدەر...) کێن؛ (منداڵانی دەوڵەمەندان و ڕامیاران و
دەسەڵاتداران...تد) یا منداڵانی ژێردەستان (جوتیار و کرێکار و
فەرمانبەر و مامۆستا و ...تد)؟ چی ناچار بە پاراستنی سەروەریی خۆیانی
دەکات ؟
- ئایا بە گۆڕینی ئەم لیست و قەوارە و پارتیی و بەرە بە ئەوی دیکە لە
ڕێگەی پارلەمانەوە یا گۆڕینی دەوڵەتی ئایینی و لیبراڵ و نەتەوەیی بە
دەوڵەتی کرێکاری و کۆمونیستی لە ڕێگەی کودەتای سەربازییەوە یا ڕاپەڕینی
خوێناییەوە، دەتوانێت کۆتایی کۆمەڵ و سیستەم و سەروەریی و کولتووری
چینایەتی بێت؟
- ئایا گۆڕانی سیستەمی بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵ هەر لە ڕێگەی پارلەمان و
پارتایەتی و ڕامیاریی و دەوڵەتەوە دەبێت یا ڕێگەی دیکە بوون و ئەگەری
هەیە؟
- ئەگەر وەڵام بە پرسیاری سێیەم، نەرێیە، ئایا دەتوانین بڵێین
مرۆڤایەتی لەلایەن هێزێکی دەرەکییەوە بەم چارەنووسە (پێداویستی دەوڵەت
و نەگۆڕیی سەروەریی چینایەتی) سزاوارکراوە؟
- ئەگەر وەڵام بە پرسیاری سێیەم، ئەرێیە، ئایا بەبێ ڕەخنەگرتن لە
خۆشباوەڕیی و ئامادەیی و سوپاسگوزاری زۆرینەی کۆیلە، شۆڕش بەواتای
گۆڕانی کۆمەڵایەتی توانا و ئەگەری ڕوودانی هەیە؟
- ئەی ئایا بە یاخیبوونی کۆیلە ڕاگرەکان و لەنێوبردنی دەوڵەت وەك
دەزگەی سەروەریی (درۆشکەی سەرمایەداران و ڕامیاران) ژیان دەوستێت و
کاروبارەکانی کۆمەڵ بەڕێوەناچن و ئەو بێسەرەوبەرەییە ڕوودەدات، کە
ڕامیاران (بە چەپ و ڕاستەوە، بە سێکیولار و ئاییندارەوە) ئێمەی کۆیلەی
پێدەترسێنن؟
٢٤\٢\٢٠١٥
ماڵپهڕی ههژێن
|