١\٣\٢٠١٢
سەروەریی یاسا و
دادگا
کەمپەینی
دەستبەسەراگرتنەکەی لەندەنی بڵاوەپێکرد،
بەڵام شتێکی
چاوەڕوانکراو بوو.

زاھیر باھیر
ئەو کەمپەینەی کە لە ڕۆژی ١٥-١٠-٢٠١١ دەستی
پێکردو نزیکەی ٤ مانگ و نیوی خایاند سەرلەبەیانی زووی ئەمڕۆ ،
٢٨-٠٢-١٢، کۆتایی ھات.
لە دەوروبەری کاتژمێری ١٢.٣٠ سەرلەبەیانی ئەمڕۆدا ژمارەیەکی زۆر لە
پۆلیس بە ھەموو پێویستییەکانی لێدان و شەڕەوە بە ھەڵوێستێکی
شەڕەنگێزانەوە لەگەڵ ئامادە بوونی ژمارەیەکی زۆری تری پۆلیس بۆ کاتی
پێویست و بە یارمەتی ژمارەیەک لە کارمەندانی تر بۆ یارمەتیدانی پۆلیس
کە پێیان دەڵێن Bailiffs ھەڵیانکوتایە
سەر کەمپەکەو تەنھا پێنج خولەکیان مۆڵەت بە خەڵکەکە دا، تاکو شوێنەکە
بەجێبھێڵن. لەھەمان کاتدا خۆیان کەوتنە ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو چادرەکان
و ھەرچییەک لەو ناوەدا ھەبوو. سەرئەنجام پاش سوکە شەڕێک و دەستگیر
کردنی ٢٠ کەس و برینداربوونی چەند کەسێک کەمپەکە چۆڵ کرا.
شایانی باسە کە بزنس (کۆمپانیا گەورەکان) و خاوەن زەوییەکەو کەنیسە ھەر
لەسەرەتاوە دەیان ویست ئەو کەمپەینە لەوێدا ھەڵکەنن، ھەرچەندە لە
دواییدا کەنیسە لە ژێر فشاری خەڵکانی خۆیی و دەرەوەی خۆیدا لەو بڕیارە
کشایەوە. بۆ ھەڵوەشاندنەوەی کەمپەینەکە کۆمپانیاکان و خاوەن زەوییەکە
شەکوای یاسایییان لە دادگادا بە بیانوی پیسوپۆخڵی کەمپەکە، زیادبوونی
دزیو تاوان لەو ناوەدا، ڕێگرتن لە زیارەتکەرانی کەنیسەو خەڵکانی ئاسایی
لە کاروباری ڕۆژانەیاندا، نەبوونی ئاسایش و پەیڕەوی نەکردنی پلانی
سەلامەتی ھەروەھا بیانوی ناشیرینی دیمەنی کەمپەکەش، تۆمار کرد. گەرچی
لە دادگادا لەلایەن پارێزەری کەمپەکەوە بە بەڵگەنامەوە ھەموو
بیانووەکانی بزنس و خاوەن زەوییەکە، ڕەتکرایەوە، بەڵام ھەر دادگا لە
ڕۆژی ٢٠-٠٢-١٢ بڕیاری ئەوەی دا کە دەبێت شوێنەکە چۆڵبکرێت و ھیچ
شوێنەوارێکی کەمپەینەکە نەمێنێت، ئیدی پۆلیسیش سەرلەبەیانی ئەمڕۆیان بە
ھەل و کاتێکی باش زانی لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی دادگادا بۆ ھێڕش
کردنە سەر کەمپەکە.
ھەڵبەتە من لێرەدا باس لە چونێتی دروست بوون و ئامانجی ئەو کەمپەینە
ناکەم ، چونکە ئەمەم لە کاتی خۆیدا لە وتارێکدا، بڵاو کردۆتەوە. ئەوەی
کە لێرەدا دەمەوێت بیڵێم کۆتایی ھێنانی کە مپەینەکەیە گەرچی جێگای داخە،
بەڵام ئەم سەرئەنجامەش، واتە بەدەرنانیان لەو شوێنە بە بەکار ھێنانی
یاساو زۆری پۆلیس لە ژێر فشاری بزنس و کۆمپانیا گەورەکاندا ، کارێکی
چاوەڕوانکراو بوو.
لەگەڵ تەمەنکورتی ئەم شێوەیەی ئەمجارە لە خەباتدا، کە کاری ڕاستەو خۆ
بوو، بەدەر لە کۆنترۆڵی پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکان ، گرتنەبەری ئەم
جۆرە چالاکیانە ،کاریگەری خۆی ھەیەو ئەزمونێکی باشیشە بۆ کوردستان و
شوێنەکانی تری وەکو ئەوێ ، کە کاری ئاوا بەدەر لە خواستی پارتەکان و
سەرکردە ناودارو ناسراوەکان بە ئەنجام بگەیەنرێت.
سەرباری ئەوەی کە ئەم بزوتنەوەیە درێژخایەن نەبوو، ھەروەھا نەبووە
بزوتنەوەیەکی جەماوەری ، بەڵام بەڕای من، ھەدەفی خۆی لە چوارچێوەی ئەو
قەوارە بچوکەی خۆیدا پێکا ، وکو: ھایلایت کردنی بەربەریەتی ئەم
سیستەمە، وەک کەمپەینێکی گەورەی پڕۆپاگەندە بۆ خواستەکانی کەمپەینەکە
بە ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکانێکی زۆر ، چالاکییەک کە لە دەرەوەی
خواستی پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکان بە چەپ و ڕاست و لیبراڵیانەوە،
ئەنجامدرا ، بەکار ھێنانی دیمۆکراسی ڕاستەو خۆ لە دەرکردنی بڕیارو
کردنی چالاکیەکانیاندا، پەیڕەوی کردنی مەسەلەی ئاسایش و سەلامەتی خودی
خەڵکانی کەمپەکەو زیارەتکەرانی ، نانەوەی کێشەیەکی گەورە و دروست
کردنی جەدەلێکی جددی لە نێوانی پیاوانی کەنیسە سەبارەت بە خستنە ڕوی
ئەو ڕاستییە کە ئایە کەنیسە دەبێت چ لایەک ھەڵ ببژێرێت ؟ واتە لەگەڵ
ھەژاران و بەش خوراواندا بێت یا لەگەڵ دەوڵەمەندان و زۆرداران و
دەسەڵاتداراندا؟ پەرەدان بە گیانی بەیەکەوە ھەڵکردن و پێکەوە ژیان و
کارکردن بە ھەرەوەزی و دابەش بوونی کار و فەرمانەکان بەڕێکو پێکی ،
بەئاگابوونی زیاتر لە کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سەکەنی و ڕۆشنبیریو
سیستەمی پەروەردەکردن لە بەریتانیاو پەیوەست بوونی زیاتر بە
کۆمۆنێتەکانەوەو و کار کردن لەگەڵیاندا، ئەمانە لە لایەن خەڵکانی
شارەزاوە کە لە گۆڕەپانی کەمپەکە یا لە ناو چادرێک کە ھەر بۆ
موحازەرەدان بوو، تیشکیان دەخرایە سەر، ڕێز گرتن لە ڕای جیاوازی یەکتری
و ھەبوونی ھەموو ئازادییەک لە ڕادەربڕین و بەکار ھێنانی مایکۆفۆنەکاندا،
ھەبوونی قاوەخانەو چێشتخانەو کتێبخانەو چادری چارەسەری سەرەتایی لە
ھەبوونی کێشەی تەندروستیدا، شوێنی دەرکردنی بڵاوکراوەی کەمپەکەو، چادری
بە ئاگا ھێنانەوەی خەڵکی لە مافی یاساییان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان
لە ڕوبەڕوبوونەوەی پۆلیس و دادگادا ، ئەمانەو گەلێکی تر ، کە ھەر
ھەموویان ئەزموونێکی گەورە بوون بەڵام لە شوێنێکی بچوکدا ، کە دەبن و
بوونەتە وانەیەکی بە سوود بۆ ھەموو لایەکمان.
ئەوەی کە من لێرەدا دەمەوێت تیشکی زیاتری بخەمە
سەر تەنھا دوو خاڵە:
خاڵی یەکەم: یاسایە و سەروەرێتی یاسایە ،
کە لە وڵاتێکی وەکو بهریتانیادا چۆن بووەتە کۆت و زنجیرێک و
ئاڵاوەتە گەردنی ھەموو ئازادیخوازان و ئەوانەی کە بیانەوێت ھەر بە
حاڵ نەک تەنھا گۆڕانکاریەکی بچوک بکەن ، بەڵکو گەر بیشیانەوێت دەستی بۆ
بەرن و بیری لێبکەنەوە. ھەر بەم یاسایە، دەتوانرێت ھەموو کارو
چالاکییەکانیان پێ ھەڵبوەشێنرێتەوە ، خۆ ھەر پێیەکیش خوار دا بنێن ،
پۆلیس دەتوانێت بە پاڵەپەستۆ بەرەو پۆلیسخانەو دواتریش داداگا،
بیانبات.
لە ئەمڕۆی بهریتانیادا ، سەروەرێتی یاسا، بوارو قەوارەی ئازادی و
سەرجەمی چالاکیەکانی وا تەسک کردۆتەوە کە مەحاڵە لە ژێر سایەی یاسادا
بتوانیت شتێک بکەیت کە ئەنجامێک بداتە دەست . چونکە ڕەنگە سەروەرێتی
یاسای پێ لەکە دار و لەق بکەیت، کە ئەوەش لە لایەن دەسەڵات و بزنسەوە
قەبوڵ ناکرێت، ئیدی ھەر لە پەخش کردنی بانگەوازێکەوە ، کردنی
لفلێتینێکەوە لە بە ئاگا ھێنانەوەی خەڵکی لە کێشەیەک، تا خۆپیشاندانێکی
بچوک، گردبوونەوە لە سەر شۆستەیەک لە بەردەمی دوکانێکدا ، لە بەردەمی
ئۆفیسێکدا، کەنیسەیەکدا ، مزگەوتێکدا، کردنی پرۆتێستێکی بچوک لە ھەر
شوێنێکدا، مانگرتن و سۆڵێدارێتی و بە دەمەوە چونی مانگرتنەکەوە لە
لایەن کرێکاران کارگەرانی تروە، نوسینێک، کۆبونەوەیەک سەبارەت بە
ھاندانی خەڵکی بۆ بەرەنگار بونەوەی نادادپەروەرێتی کۆمەڵایەتی ، یا
پڕوپاگەندە کردن دژی لایەنێک، دژی کەسێکی پلەو پایە دار کە ڕەوایە
ئەمەی دژ بکرێیت، دژی قاوەخانەیەک چێشتخانەیەک یا شوێنێکی وەکو
مەکدۆناڵد، بەرگەرکینگ و گەلێکی تر. ئیتر ھەر لە ژێر ناوی پاراستنی
ئاسایش ، نانەوەی پشێوی ، بەرگرتن لە ھاتو چۆی خەڵکی کە ڕەنگە ببیتە
ھۆی نوچ دانی زەلامێک لە کاتی تێپەڕ بوونیدا، یا بە بیانوی ئەوەی کە
ئەمەی دەکرێت لەسەر زەوی یا لە بەردەم موڵکی تایبەتی کەسانێکدا یا
کۆمپانیایەکدایە.
بەم شێوەیە ئەو یاسایەی کە ھەیە ئەوەندە بیانوو دەداتە دەست پۆلیس و
دادگاو دەسەڵات ،کە ھەرچۆن بجوڵێیتەوە بە یەکێک لە بەندەکانی ئەو
یاسایە دەتوانرێت باڵبەست و پەلبەست بکرێیت و ناویشت لای پۆلیس بچێتە
لیستی ڕەشەوە ، دواتریش خۆ گەر چاودێریش نەکرێی لە لایەن پۆلیسەوە ئەوە
بێگومان کونێیەکت لە لایەن ئەوانەوە بۆ کراوەتەوە.
شایانی باسە گەر لێرەدا بڵێم بەتایبەتی کردنی شوێن و کەرتە گشتیەکانی
سەر بە دەوڵەت ، لایەنە خراپەکانی ھەر ئەوانە نین کە گەلێکمان
دەیانزانین، بەڵکو تەنانەت دەتوانرێت کە ڕاوەستانی خەڵک یا کردنی
پرۆتێستێک لە بەردەمیاندا، لە ڕوی یاساییەوە بە کارێکی نایاسایی و
قەدەغەکراو دابنڕێت لە ژێر بەندو بڕگەی ئەوەی کە ئەو شوێنە موڵکی خەلکە
، واتە موڵکی تایبەتییە. تەنانەت گەلێک جادەو کۆڵان لە بهریتانیادا،
پیاسە کردن یا ڕۆیشتن بە ناویاندا قەدەغەیە، چونکە تایبەتییە.
کەچی سەیرەکە لەوەدایە کە ئۆپۆزۆسوێنی ھەموو وڵاتان بە کوردستانیشەوە
بە شانوو باڵی یاسا و سەروەرێتی ئەو یاسایەدا ھەڵدەدەن، کە ئێمە لێرە
بە دەستییەوە گیرمان خواردووە، خەڵکە ھەژارەکەش دوایان دەکەون بێئەوەی
کە بیر لەوە بکەنەوە کە یاساش وەکو ھەموو شتێکی تر لەم جیھانەدا،
چینایەتییە.
دووەم: بڕیارەکەی داداگا بە
ھەڵوەشاندنەوەی ئەم کەمپەینە و بڵاوە پێکردنیان ، وەکو لە سەرەوە باسم
کرد ، کارێکی چاوەڕوان کراو بوو، لە ھەمان کاتیشدا نابێت بێئومێدیمان
بداتێ، بەڵکو لە بری ئەوە دەبێت خاڵی لاوازی بزوتنەوەکەمان بزانین و
ببێتە دەرسێک بۆمان، تاکو لە داھاتوودا سوودی لێوەرگرین.
بەڕای من بە تەنھا گرد بوونەوەی خەڵکی لە شوێنێکداو چووونە
سەرشەقامەکان و خۆڕێکخستنیان لەوێ، کافی نییە، چونکە کەسێک ناتوانێت
بزانێت چارەنووسی کردنی چالاکییەکی درێژ خایەن ، مانگرتن و
خۆپیشاندانێکی چەند ڕۆژی یا بزوتنەوەیەک، بەرەو کوێ دەڕوات و چی بەسەر
دێت، چونکە ھەموو ئەو چالاکییانە پابەندن بە چەند ھەلو مەرجێکی زاتی و
بابەتییەوە، کە لە ھەمان کاتیشدا ھەبوونی ئەم ھەلو مەرجانەش قابیلی ئاڵ
و گۆڕو چڕ بوونەوەی بارو دۆخی زروف و زەمینەکەن.
ئەوەی کە بە پلەی یەکەم گرنگە و دەبێت کاری لەسەر بکرێت ، خۆڕێکخستنی
خودی خەڵکی خۆیەتی پێشھاتنە سەر جادەیان سەبارەت بە پێداویستیەکانی
ژیانیان. بە واتایەکی تر باشترە کە خۆ ڕێکخستنیان ھانیان بدات بچنە سەر
شەقام یا ھەستان بە ھەر چالاکیەک ، زیاتر لەوەی کە خەڵکی لەسەرو بەندی
لێشاوەکەدا خۆیان ڕێک بخەن . گەرچی خۆ ڕێکخستن لە کاتی ڕودانی
ڕوداوەکاندا کارێکی باش و گەلێک ئیجابییە بەڵام خۆ ڕێکخستن لەو
قۆناغەدا ، سەرباری ئەوەی کە کارێکی گران و ئاڵۆز دەبێت بە حوکمی ھاتن
و ڕۆیشتنی ڕوداوەکان بە پەلە، ھەمیشەش ئاوەڵا دەبێت بۆ کەرت بوون و
ئیحتیوا کردن و کۆنترۆڵ کردنییان لە لایەن پارت و ڕێکخراوە
سیاسیەکانەوە ، کە بە ڕێکخراوەیی دێنە سەر جادەو دەشزانن چییان دەوێت و
دەمێکیشە لە ئامادەباشی ئەوەشدان.
من لێرەدا نامەوێت باس لەوە بکەم کە پێش ئەوەی ڕوداوەکان ڕامان کێشێتە
سەر شەقام، دەبێت چی بکەین و چۆن خەڵکی خۆی ڕێکبخات پێش ھاتنە سەر
جادەی ، چونکە من ئەمەم لە بابەتێکی تایبەتیدا لە ژێر ناوی بۆچی دروست
کردنی گروپە لۆکاڵیەکان زەرورییە؟ لە مانگی ڕابوردوودا بڵاوکردەوە و
بە درێژی لەسەری دوواوم.
٢٨\٢\١٢
- لەندەن
ماڵپهڕی
زاهیر باهیر
|