سهر زهمین !!!
بەرزان هەستیار
هەموومان لێرەوە تێ ئەپەڕین
بۆ کوێستانە شینەکانی میهرەبانیی ،....
یان دەشتە خنکاوەکانی سپڵەیی ؛
ئەنگۆ پێتان سەیر نییە .....
قافڵەکان ، بە هەر کۆڵ و بارێکەوە بن.....
لە مەنزڵێکەوە ڕێ ئەکەون و
بۆ پشوودانیش پێکەوە لا ئەدەنە یەک کاروان سەرا !؟
ئێوە ناپرسن ....
گوڵزار و خار و خەس ....
لە ژێر ساباتی چ وادە و پەیمانێکدا
پێکەوە ڕەگی خۆیان سپاردووەتە خاک !؟
لێرەوە ڕەت ئەبین ،
لێرەوە دەست بە گێڕانەوەی حیکایەتەکانمان ئەکەین و
کوڕە ئازاکانیش ،
دەرفەتێکی تر نادۆزنەوە بۆ زۆرانبازیی ،....
گۆشەیەکی دوور ، بۆ بمرن ، ئێرە نەبێت ؛
دەریا لێرەوە ئەڕژێت ،
ئاگر لێرەوە هەڵ ئەبێت ،
کێو لێرەیە و
کەندەڵانیش ،
سارا لێرەیە و
بێشەڵانیش ،
ئێمە لێرەین و
ئەوانیش ؛.
کێو ئەڕووخێ و
خاپوور ئەبێت کەندەڵانیش ،
ئەسووتێت سارا و
عوریان ئەبێت یێشەڵانیش ،
ئەمرین لێرە و
لە دوومان دێن ، ئەوانیش ؛
هەر لێرەوە تێ ئەپەڕین ، لێرەوە
بەسەر سینە نەرم و شلەکەی بەفرەوە ،
لەسەر هەرێزە پێ پەستەکان ،
لە بان شەقامە تەڕەکانی ئێواران
هەموومان شوێن پێ سەیرەکانمان جێ دێڵین و
بەڵام لە خاڵێکدا هەر پێک ئەچین
لە گۆشەیەکدا ، دڕندەیی گشتمان ئەنێتەوە .....
ژێر باڵە پان و پۆڕەکانی خۆی !
بەرەو کوێندەر خۆ گورج ئەکەینەوە بۆ هەڵهاتن ؟
لە هەر کوێ بین ،
قەڵغانی شکاو ،....
بەرگەی ئەو تیرانە ناگرێت...
کە لە خۆ پەرستییدا ، بە خێرایی تیشک ....
لە کەوانەکانمانەوە دەر ئەچن ؛
ئەو غەدرانەی لێکدی ئەکەین ....
ڕەنگە خودای سەراسیمە کردبێت
بۆیە دەستی ناچێتە هیچ کارێک و
پڕکێشیی ئەوە ناکات .....
پێغەمبەرێکی تر بنێرێتە نێو ئەم وەحشستانەی ئێمە ؛ .
هەر لە ئەڤیندارە دڵ بلووریینەکانەوە
تا ئەگاتە خوێن ڕێژە ڕەزا تاڵەکان
گالیسکەکانیان بێرەدا ڕێ ئەکەن و
هەر لێرەش ، دەنگی پێی ئەسپەکانیان خامۆش ئەبێت ؛
ئەنگۆ لاتان سەیر نییە ،
بەڵام من ، وەک پاسارییەکی دیل
هێندە خۆم کێشاوە بە قەفەزی پرسیاردا
پەڕ بە گیانمەوە نەماوە !!
کۆلن / ئەیلوول و
تشرینی یەکەمی 2007
bhastiar@yahoo.de
|