٩\٢\٢٠٢٤
سێ سەرگوزشتەی مێژوویی یۆنانیی.

وەرگێڕانی لە یۆنانییەوە:
ئومێد قەرەنی
چۆن دەگەیە
ئۆلیبۆی؟
ئەسیناییەک
بە سۆکراتی گوت: دەمەوێ وەسەر چیای ئۆلیبۆی بکەوم، بەڵام کاتێک بیر لە
ماوەی رێیەکە دەکەمەوە بوێریی ناکەم، ترس دەمتەنێ..
سۆکرات لێیپرسی: ڕۆژانە چەند میل بە پێ دەڕۆی، ئەدی چەندیش لێرە و لەوێ
بەرەلاوحەرەڵا سەرگەردان دەبی؟
- چەند میلێک.
- چاکە، کەواتە لەبری ئەوەی ئەو میلانە وەها وەفیڕۆبدەی، هەموو ڕۆژێک،
بە سیستەم و بەرنامەیەکەوە بەرەو ئامانج و ئاراستەیەکی دیاریکراو کە
چیای ئۆلیبۆیە هەنگاوبنێ هەر بەو پێیانەت، بە دڵنیاییەوە ڕۆژێ دەگەیە
دوندەکەی.
________________________________________________________
سەرچاوە:
https://www.sansimera.gr/anekdota/85
پاشا ئاگیۆس*
و خزمە خراپەکانی.
(ڕاپۆڕ*)یان دا ''ئاگیۆسی یەکەم**''ی
پاشای سپارتا کە خزمگەلێکی ئێرەیی پێدەبەن.
ئەویش وەڵامیدایەوە: ''بەزەییم پێیاندا دێتەوە. چونکە دوو ئەوەندەی
خەڵکی دیکە ئازار دەچێژن، یەکەم بە هۆی ئەو کێماسییانەی کە هەیانە،
دووەم بە هۆی ئەو ڕەندایەتییانەی کە ئەمن هەمن''.
________________________________________________________
*
ڕاپۆڕ: گەیاندنی
ڕووداو بە پیاوی لەخۆگەورەتر.
**
ئاگیۆسی یەکەم:
نزیکەی ٩٥٠ ساڵ بەر لە زاین پاشای سپارتا بووە.
سەرچاوە:
https://www.sansimera.gr/anekdota/81
نامە مێژووییەکەی زێرڤاس.
عەلی پاشا بە توندیی لە لایەن جەنگاوەرە سۆلیۆتییەکان تووشی
ڕەتکردنەوەی داواکارییە سەیروسەمەرکانی و پڕ بالکێشترین پێشنیارەکانی
دەبۆوە، بۆیە پەنای بۆ هەموو شتێک دەبرد تا گیانی پڕ لە بەرخۆدانیان
لەناوببا و بندەستیان بکا، بۆ ئەوەی بە ئامانجەکەشی بگا تەنانەت
دەیویست سەرکردەی نیشتمانپەروەری بە ئەمەک و بەناوبانگ "جیما زێرڤاس"ی
خەباتکار و شۆڕشگێڕی ڕزگارکردنی یۆنانییەکان لە ژێر جەوری تورکان و تۆپ
و چەکەکانیان فریوبدا، عەلی دەیزانی ئەگەر لەو کارەیدا سەرکەوێ ئەوە
سەرکەوتوو دەبێ لە ملکەچکردنی هەموو سۆلیۆتییەکان.
ئەوەبوو لە رێی نێردراوە تایبەتییەکانی خۆی گفتی ڕێزلێنانی تایبەتی بە
زێرڤاس دا، جگە لەوە دڵنیاشی دەکاتەوە کە نزیکەی هەشت سەد کیسەی پڕ لە
زێڕ و پووڵی پێشکەش دەکا، کە بۆ ئەو کاتە سامانێکی زۆروزەوەند بووە.
بەڵام زێرڤاسی سەرکەش بۆ تاوێکیش نەکەوتە ژێر باری کاریگەرییەکانی عەلی
پاشا، ئیدی لە ٤ی ئاداری ١٨٠١دا
لە بەرانبەردا ئەو نامەیەی بۆ نارد:
''سپاس بۆ تۆ و بۆ ئەو خۆشەویستییەی بۆ من هەتە پاشا، بەڵام ئەو هەشت
سەد کیسەیەی باسی دەکەن تکایە بۆ منی مەنێرن چونکە نازانم چۆن
بیانژمێرم، ئەگەر بشزانم هێشتا نابنە مایەی گەردێک لە دڵخۆشییم ئەگەر
لە بەرانبەریدا یەک بەردی وڵاتەکەمتان بدەمێ، چ بگا بە نیشتیمانێک وەکو
ئەوەی ئێوە بیرتان لێکردۆتەوە، ئەو خەڵات و گفتەی بە منی دەدەی بێ
سوودە پاشا، دەوڵەمەندیی و ئابڕوومەندیی بۆ من ئەسپ و گالیسکەکانمن کە
پاسەوانی وڵاتەکەمیان پێ دەکەم، دەبوو تۆش بزانی من ڕێز و ئەوینێکی بێ
پایانم بۆ نیشتیمانەکەم هەیە، لەو ڕێیەشەوە دەمەوێ تاتایێ ناوی خۆشم
نەمر بکەم''.
ماڵپەڕی
ئومێد قەرەنی
|