په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٤\٢٠١١

١٠٠ ساڵ لە تاوانی سۆسیال دیموکراتەکان.


سەلام عەبدوڵا  


بەپێچەوانەی زۆر لە وەڵاتانی جیهان، لە هەرێمی کوردستان، سێ حیزبی جیاواز هەیە(ینک، پدک، حسدیک)خۆیان بە حیزبی سۆسیال دیموکرات دەزانن و یەکەمیان ئەندامی سۆسیالیست ئینتەرناسیونالە و دووهەمیان داوای کردووە ببێ بە ئەندام و سێهەمیان زۆر یان کەم لەگەڵیاندا، پەیوەندی هەیە. بەهەمان شێوە بۆ نموونە لە کوردستانی رۆژهەڵات چەند حیزبی کوردستانی هەیە وەک(کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی زەحمەتکێشی-عەبدوڵڵا موهتەدی و حیزبی دیموکرات)خۆیان بو(س.د)دەزانن. لێرەدا پرسیار دەکەین: بۆچی رەوتی ناوبراو لە هەرێمی کوردستان برەوی بردووەتەوە؟ چی وای کردووە ئەم 3حیزبە بەو رەوتە سەرسام ببن؟! ئایا بەدیلێکی دادوەرو ئازادیخوا هەیە بۆ ئەو ئەو رەوتە؟!


جەنگی جیهانی یەکەم، یەکەم بەرهەمی سۆسیال دیموکراتەکانە لە ئەڵمانیا، چونکە فراکسیونی ئەم حیزبە لەلایەکەوە لە 4/ئۆگوست/1914 رەزامەندی خۆی بۆ قەرزپێدان بۆ خەرجەکانی جەنگ راگەیاند(لەکاتی مەترسییدا وەڵاتەکەمان بە تەنها بەجێناهێڵین) و لەلایەیکیتریشەوە درووشمی"بەرگری لە نیشتمان"یان بەرزکردەوەو کرێکاران و جووتیاران لە وەڵاتانی ئۆروپا کرد بە قوربانی جەنگی دەسەڵاتدارەکان. لەدژی ئەو بڕیارە، لە 2/دیسەمبەر/1914تاقە یەک پەرلەمێنتار(کارڵ لیبنشت) بە"نەخێر" دەنگی داو بوو بە دەنگی پرۆتێست و بەرگری.


لە5/3/1915 گفتوگۆیەکی نهێنی لەنێو چەپەکانی بەرلین رێکخراو بڕیاریاندا رێکخراوێکی مارکسی دابمەزرێنن و لە مانگی4/هەمان ساڵ، رۆزا لۆکسمبۆرگ، فرانس میرینگ و کلارا زێتکین یەکەم ژمارەی گۆڤاری(دی ئینتەرناسیونالە)یان دەرکرد. لە وتارەکەی ناوبراواندا، گشت جۆرە پەیوەندییەکیان نەک تەنها لەگەل سۆسیال شۆفێنیستەکان بچڕاند، بەڵکو لەگەڵ گشت رەوتە هەڵپەرستەکان، بۆ نموونە لەگەل جەماعەتی(کاوتسکییەکان-USPD)یش. گۆڤاری(دی ئینتەرناسیونالە)هەنگاوێگی گرنگی چەپەکان بوو و دوابەدوایشدا رێکخراوی(گروپی ئینتەرناسیونال)یان دامەزراند کە پاشان ناوەکەیان بۆ(گروپی سپارتاکۆس) گۆڕی. بەهۆی سانسوری سەربازی لەم وەڵاتە، تەنها یەک ژمارەی گۆڤارەکە بڵاوکرایەوە، بەڵام دوایی لە سویسرا لەچاپدراو بەنهێنی بۆ ئەڵمانیا دەیانگواستەوە. لە کۆنفرانسی نهێنی گروپی سپارتاکۆس رۆژی19/3/1916، بڕیاردرا خۆیان ئامادە بکەن بۆ رێکخستنی خۆپشاندانی جەماوەری دژ بە جەنگ و روخاندنی حکومەت. لە 1مای/1916، رۆژی جیهانی کارگەران، رێکخراوی سپارتاکۆس رابەرایەتی خۆپیشاندانێکی جەماوەری بەرفراوان کرد و کاڕل لیبنشت درووشمی(دوژمنی سەرەکیمان لەناو وەڵاتەکەی خۆمانە)و(نا بۆ جەنگ)بەرزکرد. ئەمە جەنگ راگەیاندنی گروپی ئینتەرناسیونالە لەدژی ئیمپریالیزمی ئەڵمانی و جەنگ شۆفێنستییەکەی. پۆلیسی ئەڵمانیا هێرشیهێنا بۆ سەر خۆپیشاندەران و زۆریشیان و لەوانە خودی(کاڕڵ)یش دەستگیرکرا.


حکومەتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵلمانیا، گۆستاف نۆسکەیان کرد بەرپرسی گەورەی لەشکر و دەریاوانی ئەڵمانیاو لەسەر داوای ئەم کابرایە، (فڕای کۆرپ)دامەزرا. ئەم هێزە بریتی بوون لە کەسانی خۆبەش و لەسەر داوای سۆسیال دیموکرات لە 15/1/1919رۆژا لۆکسمبۆرگ و کاڕڵ لیبنشت، لەلایەن(فڕای کۆرپ)ەوە دەستگیرکران و بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران. لەسەر فەرمانی نوسکە هێزەکانی حکومەت، بۆیان هەبوو لە مانگی دیسەمپەرەوە بەبێ کێشەو گرفت وبەبێ ئەوەی بکوژ دەستگیر بکرێ یان سزا بدرێ و بە گوێرەی نووسراوێک(بانگەواز بۆ کوشتن) کە لە بەرلین سەددان هەزار نوسخەی لێ بڵاوکرایەوە، رابەرانی پرۆلیتاریای ئەڵمانیا، بکوژن و تێدا هاتووە:
کرێکاران، هاوڵاتیان!
نیشتمانەکەمان خەریکە لەناودەچێت
رزگاری بکەن!
نیشتمانەکەمان لەلایەن هێزی دەرەکییەوە هەڕەشەی لێ ناکرێ،
بەڵکو لەلایەن گروپی سپارتاکۆسەوە.
رابەرەکانیان بکوژن!
لیبنشت بکوژن!
سەربازەکانی بەرەی جەنگ.


پاشان دەرکەوت کە سەرکردەیەکی سۆسیال دیموکرات بەناوی شایدەمان، بەشی 14ی فریاکەوتنی سۆسیال دیموکرات، 100هەزار مارکی بۆ بکوژانی کاڕڵ لیبنشت و رۆزا بۆکسمبۆرگ تەرخان کردووە، بەڵام فەرمانەکە لەلایەن فەرماندەی گشتی سوپاو دەریاوانی ئەڵمانیا(نۆسکە) دەرکرا.


لایەنگرانی قەیسەر، لەشکرو ئیبەرت/شایدەمان(حکومەتی سۆسیال دیموکرات لە1918/1919)ئێستاش رایدەگەیەنن کە کوشتنی کەسانێک وەک رۆزا لۆکسمبۆرگ و کاڕڵ لیبنشت پێویستییەکی بێ چەندو چۆن بوو. فەرماندەی هێزی کوشتن(هاوپتمان پاپست) لە یەنوەری/1962لە گۆڤاری راستڕەوە توندڕەوەکان(دۆیتشە شتۆدێنتن ماگاتسین) وتی: (من فەرمانی گولەبارانکردنیانم دا-سەرچاوە: رۆژنامەی دی تسایت، ژمارە3لە 31/1/1989، لاپەڕەی42)و حکومەتی ئەڵمانیش لە مانگی دووی/1962رایگەیاند: (گولەبارانێکی یاسایی بوو.) .


پاش ئەو تاوانە گەورەیە، سۆسیال دیموکراتەکان، کۆماری شوراکانی شاری موینشنیان خەڵتانی خوێن کرد: لە مانگی چواری/1919خەباتگێرەکانی موینشن بە رابەرایەتی حیزبی کۆمونیستی ئەڵمانیا و هاوڕێ(ئۆیگن لیڤین) شورای کرێکاران و سەربازەکانیان رێکخست و لە ماوەیەکی کورتدا لە ژێر کۆماندۆی دەریاوانی کۆمونیست(رۆدۆلف ئیگلهوفە)، لەشکری سوور کە زیاتر لە 5000کرێکار و سەرباز بوو، پێکهات.


لە 1/5/1919هێرشی دژە شۆڕشی حکومەتی سۆسیال دیموکراتی(هوفەمان) دەستیپێکردو سەرەڕای بەرگرییەکی سەرسەخاتە، لە3/5/1919شکستیان هێناو دەستبەجێ زیاتر لە 1000جەنگاوەریان کوشت و ئیگلهوفە یەکێکیان بوو ونزیکەی 5000 زیندانیکران. هاوڕێ ئۆیگن لیڤین لەلایەن حکومەتی سۆسیال دیموکراتی موینشن سزای مەرگ دراو لەسێدارەیاندا.


د. نیک بڕاونس لە وتارەکەی(هەموو دەسەڵات بۆ شووراکان!- پێش 80ساڵ: شۆڕش لە بایرن)، دەنووسێ: چیتر(MSPD)کە پاشان ناویان گۆڕی بۆ سۆسیال دیموکرات لە بایرین ناتوانن لە خیانەتکارییەکانیان ئاسوودە ببن. سۆسیال دیموکرات بە هاوپەیمانی لەگەل سوپای پڕوسی لەبەردەم چاوی کرێکارەکان رسوابوو، بەڵام ئەم فشارە بەبێ سەرئەنجام مایەوە. بانگەوازکردنی(فڕای کۆرب)لەلایەن سۆسیال دیموکراتەکانی بایرن بۆ دابینکردنی پشتوپەنا بوو تا لێرەوە روخاندنی پەیوەندییەکانی کۆماری ڤایمەر ئامادە بکرێ و تەنانەت ئەدولف هیتلەریش توانی لە موینشن یەکەم لایەنگرەکانی کۆبکاتەوە. هەروا لە هەمان ساڵدا چارەنووسی راپەڕینی دەریاوانەکانی(کیل)یش بەدەردی کۆماری شۆراکانی کیل برد.


ئێرنست تیلمان لەبارەی تیرۆری رەشی سۆسیال دیموکراتەکان، نووسی: (کاڕڵ و رۆزا بۆیە بوون بە قوربانی بەربەرییەتی سۆسیال دیموکراتی دژە شۆڕەش؛ قوربانی دەستی نوسکە، ئیبەرت و شایدەمان و...، چونکە پڕۆلیتاریای ئەڵمانیا هێشتا نەیانتوانی چەکەکەیان درووستبکەن، ئەو چەکە کە پرۆلیتاریای رووسیا بە سەرکەوتن گەیاند: حیزبی بۆلشەڤی!- سەرچاوە: ئێرنست تیلمان، جلدی 2، فڕانکفۆرت، 1972،لا13).


سۆسیال دیموکرات و دەسەڵاتی هیتلەر.


نووسەر لۆتەر بێرتۆڵد لە وتاری(هەڵبژاردنی بەرلەمان لە 1932)، ئاماژە دەکات بە بەشداربوونی 190سۆسیال دیموکرات لە کۆی 1700نوێنەر لە ئەکتسیونی ئەنتی فاشست لە هامبۆرگ...50کرێکاری سۆسیال دیموکراتەکان لە کۆنفرانسی شورای کرێکاران لە ڤوبەرتال بەشداریان کرد...هەموو ئەم هاوڕێیانە بەو هوشیارییەوە بۆ ئەکتسیونی ئەنتی فاشیست هاتن کە کرێکارە سۆسیال دیموکراتەکان دەبێ شانبەشانی کۆمونیستە هاوچینەکەیان، خەبات بکەن. بەدرێژایی ساڵی1932و لەم کاتە ترسناکەی گەل، سەرکردایەتی سۆسیال دیموکرات و لەدژی ویست و ئارەزووی زۆر لە ئەندامەکانی، هەڵویستی بەرپەرچدانە بۆ کاری هاوبەش لەگەل حیزبی کۆمونیستی ئەڵمانی راگەیاند....سەرکردایەتی سۆسیال دیموکرات بەتوندی درێژەیدا بە هەڵویستی دژەکۆمونیستی.


دەستەی نووسەرانی(انپریگۆر) لەبارەی خیانەتکاری سۆسیال دیموکراتەکان: لە17/5/1933پەرلەمێنتارە سۆسیال دیموکراتەکان دەنگیان بە"بڕیاری ئاشتەوایی" هیتلەر دا، چونکە-وەک خۆیان وتیان- دەنگدانی ئێمە بۆ سیاسەتێکی دەرەکی ئاشتیخوازانەی ئەڵمانیا بوو، نەک دەنگی متمانەیی بە هیتلەر.


(ڤالتەر ئولبریشت)تیش لە تەلەفزیونی ئەڵمانی رۆژی 18/ئۆگست/1961رۆشنایی خستوەتە سەر لایەنێکی تری خیانەتکاری(س.د)و دەڵێ: ئەگەر ئەو 100هەزار پۆلیسە لەلایەن وەزیری ناوخۆی حکومەتی پرۆیسی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا(سیڤرینگ)لەبەرامبەر هێرشی کۆنەپەرەستان و فاشیستەکان....بەکاربهێنا، هەموو نەهامەتییەکان لەکۆڵ گەلی ئەڵمانیا وهەموو جیهان دەبووەوە... سیڤرینگ لەبەرامبەر ئەفسەرێک و چەند پیاوێک، خۆیی بەدەستەوە دا.
هەر بە هەمان شێوە، ئێرنست ئیلمان(سکرتێری حیزبی کۆکۆمیستی ئەڵمانیا لەسەر فەرمانی راستەوخۆی هیتلەر لە17/ئۆگوست/1944لەلایەن پۆلیس(ڤۆڵڤگانگ ئۆتۆ)گولەباران کرا. گەرچی قسەکانی شایەت(ماریان زگۆدا)لەبارەی کوشتنی ئێرنست لەلایەن(ئۆتۆ) لە1947وە، لەبەردەم دادگا بوو و تا رۆژی کۆچیدوایی هەردووبارەی دەکردەوە، کەچی لە 1962دەست بە لێپێچینەوەی کرا و یەکەم جار لە 1985لەسەر داوای پارێزەرەکەی کچی ئێرنست سکاڵاکەی لەسەر بەرزکرا. ئێستا لە15/5/1986دا، سزایەکی زۆر سوک درا و دەتوانێ وەکو جاران بە ئازادی بژێ. مەسەلەکە تەنها هەر ئەوە نییە، ئەم پیاوکوژە کە بە سزادانی زۆر سوک ناسراوە، بەهۆی رۆڵی لە(کۆماندۆی ئێس ئێس بۆ گولەبارانکردن)، لە 1947 لەلایەن دادگای سەربازی ئەمریکی بە 20ساڵ زیندانی سزادرا، بەڵام لە1952وە ئازادکرا. لە 000 100ئەفسەرو پیاوکوژەکانی دەوڵەتی(ئێس. ئێس) لەماوەی 1945-1985سکاڵاو سزادان لەسەر تەنها 6هەزار کەسیان کراو زۆربەیان سزایەکی خەندەوەریان بۆ بڕایەوەو زۆرجاریش جێبەجێ نەکران.


لە کۆتایی شەستەکان تا حەفتاکاندا حکومەتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی سەنگەری دژ بە شۆڕش و بەرگری پێکهێنا و لوتکەی ئەم سیاسەتە لە کوشتنی زیندانییە شۆڕشگێڕە ئەڵمانەکان دەرکەوت: زیندانیان(ئولریکە، بادر، کاسبەر...)یان کوشت و لایەن کۆمسیونێکی سەربەخۆی جیهانی لێپێچینەوەی لێ کراو بڕیاریاندا کە ئەو زیندانیانە کوژراون، بەڵام حکومەت ئێستاش هەر دووبارەی هەمان قەوانی سواو دەکەن، واتە((خۆکوژی بە کۆمەڵیان))ئەنجامداوە.
مێژووی نوێی ئەم حیزبە، مێژووی بێکارکردن، راسیزم و دژایەتی مافی کرێکاران، ژنان و بزووتنەوەی چەپە.

حکومەتی سۆسیال دیموکرات لە پیرۆ.


لە ساڵی 1986سۆسیال دیموکراتەکان حوکمڕانی(پیرۆ)یان دەکرد. لە 18/یونی هەمان ساڵدا زیندانییە سیاسیەکان لە سێ زیندانی وەڵاتەکە، راپەڕینیان بەرپاکرد. زیندانی(ئێل فرۆنتۆ) لەلایەن پاپۆڕە جەنگییەکانەوە بۆدومان کراو پاشان هێرشیان بۆ هێناو وردوخاشیان کرد. ئەفسەرێک رایگەیاند(هێرشمان بۆ زیندانەکە هێنا و لەوێ"یەک بە یەکیان بۆ کوشتن")-سەرچاوە: تاگس شپیگل لە 21.6.1986- بەڵێنی ئەو ئەفسەرە جێبەجێ کرا: (لە هەر سێ زیندانەکە لاشەی 400زیندانیان لەدوای خۆیان بەجێهێشت)و هیچ زانیارییەک لەبارەی ژمارەی بریندارەکان بڵاونەکرایەوە.


لە هەمان ئەم کاتە، واتە لە20/6/1986سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا(ڤیلی براندت)وەک سکرتێری گشتی سۆسیالیستی ئینتەرناسیونال لە (لیما)ی پایتەختی ئەم وەڵاتە کۆبوونەکەیان کرد.


حیزبە سۆسیال دیموکراتەکان لە ژێر درووشمی(ئاشتی و هاریکاری ئابوروی) و بە پاسەوانی000 20 پۆلیس و سەرباز کۆبوونەوەکەیان سازداو بەمە هاریکاری خۆیان بۆ سەرۆک(ئالان گارسیا)و سیاسەتە سۆسیال دیموکراتەکەی دابینکرد، بەڵام کۆمەڵکوژی زیندانییە سیاسییەکان، پەردەی لەسەر هەموو درۆدەڵەسەکانیان لەباری ئاشتی لادا. لە ساڵی 1985، (ئالان گارسیا) خۆی وەک خەباتگێر لەدژی هەژاری و بێکاری و وەک"پارێزەری هەژارەکان"بە دانیشتوانی وەڵاتەکە ناساندو توانی دەنگی زۆربەی کرێکارو جووتیارەکان وەربگرێ، بەڵام بەداخەوە هەر بەخۆشیان باجەکەیان دا.


بە گوێرەی رۆژنامەی(تاتس)ی ئەڵمانی لە 30/5/1985، حکومەتی سۆسیال دیموکرات لە ئەڵمانیا بڕی 6ملیون مارک وەک سوو لەسەر قەرزپێدان بەناوی(یارمەتی گەشەپێدان)لە پیڕۆ، وەرگرت و لە نێوان1979و1985بە بڕی 240ملیون مارک چەکیان پێ فرۆشت(21/6/1986، تاتس). بە چەک و پارەی ئەڵمانیا، حکومەتی سۆسیال دیموکرات لە پیرۆ بەفەرمی دانی نا بە ونبوونی نزیکەی 7هەزار کەس لە 1980وەو ئەشکەنجەدان، رەشبگیری، هەڵواسین، گۆڕی بە کۆمەڵ بوون بە بەرهەمی کۆبوونەوە جیهانییەکەی سۆسیال دیموکراتەکان لە لیما.

سۆسیال دیموکرات لە فەرەنسا.


سۆسیال دیموکراتی فەرەنسا کە لەژێر ناوی(حیزبی سۆسیالیستی فەرەنسا)کاردەکا راستەوخۆ لە ئاستی ناوەوە دەسەڵاتی سەرمایەداری و سیستێمی موڵکایەتییەکەی و شێوەی بەرهەمهێنانەکەی پاراستووەو بە سیاسەتێکی راسیستی تێکەڵابووەو ولەهەمان کاتدا دەستی بە خوێنی جەزایرییەکان سوور بووە.


لە وتاری(جەنگی داگیرکەرانەی سۆسیالدموکراتی فەرەنسی لە جەزایەر 1954-1962)کە لەلایەن ماریانە ئارێنس و فرانسیوس تول، هاتووە: (پاش شکاندنە مێژووییەکەی لەشکری فەرەنسا لە(دین بیان ڤو- ڤێتنام)، حکومەتی فەرەنسی بڕیاریدا بەشی زۆری ئەو لەشکرە بۆ جەزایەر بگوێزێتەوەو لە1956، 000 500سەربازیان جێگیرکرد. حکومەتی سۆسیال دیموکراتەکەی(Guy Mollet)، ئازادی ئەشکەنجەدان بە هێزی دەسەڵاتە داگیرەکەی لە جەزایەر دا، و لە یونی هەمان ساڵ، پەیڕەکردنی مافە ئازادییەکانی مرۆڤی راگرت و رێگای بە جەندرمە، پۆلیس و سەربازەکانی دا" لێتوێژینەوەی دوورورێژ"و" بەرخوردی زۆرەملی"و "مامەڵەکردنی تایبەت" جێبەجێ بکەن وەک ژەنەڕاڵ پاول ئاوساریس- بەرێوبەری پۆلیسی نهێنی-، رایگەیاندو هەر خۆیشی بوونی 3000زیندانی بێسەروشوێن پشتڕاست کردەوە.


لە 5/11/1954، فرانسوا میتران(وەزیری ناوخۆ) لە کۆبوونەوەی پەرلەمان وتی: یاخیبوونی جەزایرییەکان تەنها تاقە یەک بڕیاری لێدەکەوێتەوە، ئەوەش بڕیاری جەنگە. وتیشی: جەزایەر، فەرەنسایە؛ دەریای ناوەڕاست جەزایەر لە فەرەنسا جیاکردووە، ئەمەش هەر وەک ئەمبەرو و ئەوبەری پاریسە). کاتێ ئەم مرۆڤکوژە پاش دوو ساڵ دەبێ بە وەزیری داد، لە 10/2/1957رەزامەندی پیشان نەدا بۆ لێخۆشبوون لە کۆمونیستی جەزایەری(فێرناند ئیڤیتۆن)و بەمە ئیمزای لەسێدارەدانی دا. لی پا(سەرۆکی راستڕەوە توندڕەوەکانی فەرەنسا)لەبارەی ئەشکەنجەدان لە جەزایەر دەڵێ ئەوە"تۆری درۆکردنن" و بە بۆچوونی ئەم"دەیانەوێ هەموو ئەو شتانە کە هێشتا لە فەرەنسا پاکژن، وێران بکەن.


لەم جەنگە1،7ملیون فەرەنسی بەشداریکردو نزیکەی 25هەزاریان لێ کوژراو 000 60لێ برینداربوو و بووە هۆی کوشتنی نزیکەی 000 500جەزایەری(جەزایرییەکان ناوی وەڵاتەکەیان ناوە وەڵاتی ملیون شەهید!).


سۆسیال دیموکراتەکان بەوپەڕی هێزیانەوە پشتیوانیان لە یەکێک لە دڕندەترین دیکتاتۆرییەکان جیهان کردووە، بۆ نموونە هاوبیرکەیان(سەددام حوسین)، ئەمەش لەبەر خاتری خودی سەددام نەبووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی خزمەتکاری سەرمایەن، چاوپۆشی لە تاوانەکانی وەحشێک وەک سەددام دەکەن و گرنگترین چەکی خۆیان پێ دەفرۆشن، بۆ نموونە سوپای ئێراق بە هیلکۆپتەرە فەرەنسییەکان کون بە کون راوە پێشمەرگەو گوندنشینیان دەکرد. بێرنهارد شمید لە وتاری(Gallische Hahn oder Friedenstaube)دەنووسێ: تەنانەت شیراک بە بۆنەی سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئێراق سەددام حوسین بۆ پاریس لە 5/سێپتێمبەر/1975بە برادەری شەخسی خۆی ناوزەد کرد.


هەروا درووگەی(کۆرسیکا) کە دەکەوێتە ناو جەرگەی دەریای سپی و هەزاران کیلومەتر لە سنووری نیودەوڵەتی فەرەنساوە دوورە، کەچی هێشتا حکومەتە یەک بە یەکەکانی فەرەنسا بە حکومەتە سۆسیال دیموکراتەکانیشەوە، کۆرسیکا بە بەشێک لە زەوی فەرەنسا دادەنێن و داگیریان کردووە، رێک وەک رەفتارو کرداری حیزبی کرێکاری بەریتانی و پارتی سۆسیالیستی ئەسپانی لەبەرامبەر مافە رەواکانی گەلی ئیرلەندی و باسک... ئەمە بێجگە لە سیاسەتی رەگەزپەرەستانەی ئەو حیزبانە لە هەمبەر مەسەلەی مافی پەنابەرێتی و چەکسازی...

سۆسیال دیموکراتی تورکیا.


پۆڵەند ئەجەڤید سکرتێری حیزبی گەلی تورکیا، بوو بە سەرۆکوەزیران ئەم وەڵاتە و لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا هەزاران کوردو دێهاتەکانیان، چەپ و کۆمونیست کوژارن و بێشەروشوێن و وێران کران. پڕۆفیسۆر نەعوم چۆمسکی لە وتاری(تیرۆر و هەڵەکانی رابردوو) ئاماژە بە حکومەتی سۆسیال دیموکراتی تورکیاو سەرۆکەکەی ئەجەڤید، بەم شێوەیە دەکا: لە نەوەتەکاندا خراپترین پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کۆلۆمبیا ئەنجامدرا. ئەم وەڵاتە، شانبەشانی ئیسرائیل و میسر- کڕیاری سەرەکی چەکی ئەمریکییە-. تورکیا پلەی یەکەمی هەیە لە کڕینی چەکی ئەمریکی تا 1999کە لە 1984وە بەبەردەوام بڕێکی زیاتری وەرگرتووە....لەبەر ئەوەی ئەنکەرە جەنگی تیرۆر دژ بە کورد بەرپادەکات....سەرئەنجام: 2-3ملیون پەنابەر، هەزاران کوژراو، 350شارو لادێی وێرانکراوی لێکەوتەوە. کاتێ چەوساندنەوە زیادبوو، 80%ی چەکی تورکیا لە ئەمریکاوە بۆی دەچوو....راستە وەڵاتانی تر پیشتوانی تورکیایان کرد لە جەنگ دژ بە کورد، بەڵام هیچێکیان نەگەیشتن بە ئاستی ئازایەتی و پوولی ئەمریکی...).


لە نامەیەکی رێکخراوی(مافەکانی گەلانی ژێردەستە- RUV-)بۆ سەرۆککۆماری تورکیا(سلیمان دیمریل)و سەرۆکی وەزیرا(پۆلەند ئەجەڤید)، هاتووە: دوێنێ لە ئەدەنە، رۆژی5/10/1999دوو مرۆڤ لەناو ماڵی خۆیان لەلایەن پۆلیسەوە کوژران و چەد مرۆڤێکیتریشیان بریندارکردووە. بە گوێرەی زانیاری پۆلیس ئەو ئۆپیراتسیونە دژ بە رێکخراوی(DHKP-C)ە....پێش چەند رۆژێک لەناو زیندانێک لە ئەنقەرە 10مرۆڤ لەسێدارەدران.(لەم تاوانەدا قوتابییەک بەناوی ئیردنیز ئەسلان و کرێکارێک بەناوی موراد ئیرتاش، کوژران).


لە 1999وە تا ئێستا حکومەتە یەک بەدوایەکەکانی تورکیا بەهەمان ئەندازە درێژە بە تاوانەکانی سۆسیال دیموکراتەکان و حکومەتە پێش و پاشەکانی دەدەن!
لە ئیسرائیلیشدا، حکومەتەکەی ئیهود باراک و حیزبەکەی(حیزبی کاری ئیسرائیلی) نموونەی حیزبێکی راسیست و تاوانبارەو لە حکومەتەکانی تری ئیسرائیل دژ بە مافی کرێکارە ئیسرائیلییەکان و مافە رەواکانی گەلی فەلەستین کەمتری نەکردووە.

حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی.


هەردوو حیزبی بەعس لە(سوریاو ئێراق)ئەندامی سۆسیال ئینتەرناسیونال بوون و ناویان لە لیستی ناوی ئەو حیزبانە دەبینرێن: (الحیزب اڵاشتراکی (فرنسا)، الحیزب الاشتراکی النیکاراغوی ، الحیزب الجمهوری الاشتراکی المستقل ، حیزب البعپ العربی الاشتراکی ، الحیزب الاشتراکی البرتغالی، حیزب البعپ العربی اڵاشتراکی (سەرچاوە.(wikipedia.org/wiki ئەوەی حیزبی بەعس لە ئێراق و سوریا بە خەڵکی وەڵاتەکەیان و بەتایبەتی بە کوردستانیان کردووەو دەکەن، لەلای هەر سێ حیزبە سۆسیال دیموکراتەکەی کوردستان شاراوە نییە.

بە کورتییەکەی: سۆسیال دیموکرات رەوتێکە لەسەر ئاستی مێژوو سەلماندوویەتی کە لە خزمەتی سەرمایە کاردەکات و بووە بە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم خەباتی ئازادیخوای زۆربەی مرۆڤایەتی لەپێناو دادپەروەری کۆمەڵایەتی کە خۆی لە چارەسەرکردنی پرسیاری موڵکایەتی دەبینێتەوەو مێژووی تاوان و چەوساندنەوە بەم رەوتەش بەستراوەتەوە، گەرچی درووشمی بریقەدار بەرزدەکاتەوەو لەهەندێ قوناغدا باڵێکی لاوازی چەپڕەوانەی لێ درووست بووە، بەڵام لە ئاراستەکەیداو بەگشتی سەلماندوویەتی کە نەوکەرو پارێزەری دەسەڵاتی سەرمایەیەو دەست لە کوشتن و ئەشکەنجە و چەوساندنەوە ناپارێزێ، هەروا لە ماوەی 100ساڵ لە ئەزموونی حوکمڕانیاندا لە وەڵاتانی جیاجیا، نە سۆسیالیست بوون و نە دیموکرات بوون، بۆیە لێرەدا شوێنی خۆیەتی بەوپەڕی پەرۆشییەوەو پێناو دابینکردنی ژیانێکی بەختەوەر بۆ زۆربەی چەوساوەکانی کوردستان، ئەوانەی هەموو رۆژێک گوێم لە بەدبەختی و نەداری و ئاەو نوزەو دەردەسەرییانە، پرسیار لە هەر سێ حیزبە سۆسیال دیموکراتەکەی کوردستان بکەین، بۆچی دەیانەوێ ببن بە ئەندام یان شانازی بە ئەندامبوونیان دەکەن لە ریزی ئەو ئینتەرناسیونالە تاوانبارو بەربەرییە؟ ئایا چاکتر نییە بۆ هەر سێکیان بۆ ئەڵتەرناتیڤێکی ئینسانی بگەڕێن تا لە کارەساتی گرانی، گەندەڵی، هەژاری، بێکاری، کێشەی نیشتەجێبوون و بازاڕی"ئازادی" جیهانگیری سەرمایە...هتد رزگارمان ببێت؟!

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک