سێ وه‌ڵام
بۆ پرسیارێکی ته‌وه‌رێکی (رۆژنامه‌ی خه‌بات)!
وه‌ڵامی
دارا ئه‌حمه‌د:

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیی
پێش راپه‌ڕنه‌وه تا ئێستام له‌لایه‌ن زۆرێک له‌و پارت و لایه‌نانه‌ی
کوردستان که هێز و ده‌سه‌ڵاتێکیان هه‌بووه به‌رده‌وام دژایه‌تیکراوم
و زیندانیکراوم و ئه‌شکه‌نجه‌دراوم و نانبڕاوکراوم و راوه‌دوونراوم و
هه‌وڵی له‌ناوبردنیان داوم..
که‌چی هه‌رگیز کۆڵم نه‌داوه و هه‌رگیز لێیان نه‌ترساوم.
به‌ڵام له‌و رۆژانه‌ی دوایی پاش ئه‌وه‌ی نامه‌یه‌کم له رۆژنامه‌یه‌کی
سه‌ر به پارتی و ده‌سه‌ڵات (خه‌بات) له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسێکی
سه‌ر به پارتی (ئاسۆ عه‌لی) بۆ هات - که
داوای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێکیان کردبوو بۆ ته‌وه‌رێکی رۆژنامه‌که‌یان
- زۆر له‌خۆم ترسام، چونکه من هه‌رگیز به ئه‌ندێشه‌مدا نه‌ده‌هات
لایه‌نێکی ده‌سه‌ڵات داوای رای منێک بکا که ئاسمان
و رێسمان له را و بۆچوونی ئه‌وان جوایێزه و جگه له‌وه‌ش که
ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بڕوایان به ئازادیی راده‌ربڕین نییه تا وه‌ڵام
و راوبۆچوونی جوراوجۆر بڵاوبکه‌نه‌وه نه‌خاسمه هی منیش . بۆیه به‌لامه‌وه
ئاسایی نه‌بوو و پتر که‌وتمه دڵه‌ڕاوکێ و ترس و له‌دڵی خۆمدا گوتم ده‌بێ
ئه‌و ماسته مووێکی تێدا نه‌بێ!؟
پاش ته‌واوکردنی نامه‌که ئاهێکم به‌به‌ردا هاته‌وه، دیار بوو من به‌هه‌ڵه‌داچووبووم..
چونکه ئه‌و نامه‌یه ته‌نیا بۆ من یان چه‌ند که‌سێکی دیاریکراو نه‌هاتبوو
به‌ڵکه کاکی رۆژنامه‌نووسی عه‌نتیکه ئه‌درێسی
ئیمایلی هه‌ر که‌سێکی ده‌ستکه‌وتبوو پرسیاره‌که‌ی بۆ ناردبوو .. له‌هه‌مووشی
عه‌نتیکه‌تر ئه‌وه‌بوو له یه‌کێک له مه‌رجه‌کانی بڵاوکردنه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌که
نووسیبووی : (مه‌رج نییه ئه‌گه‌ر نه‌گونجا له‌گه‌ڵ
سیاسه‌تی رۆژنامه‌ی خه‌بات بڵاوبکرێته‌وه ئه‌و بۆچوونه.)!!!
هه‌موومان به‌عسی و رژێمه‌که‌یمان باش ده‌ناسی که چه‌نده دژی ئازادیی
راده‌ڕبڕین بوو به‌ڵام باوه‌ڕ ناکه‌م رۆژنامه‌کان و رۆژنامه‌نووسه‌کانی
به‌عسیش توانیبێتیان به‌و شوازه قێزه‌ونه
و هێنده بێشه‌رمانه گاڵته به رای خه‌ڵک بکه‌ن! ئاخه‌ر تۆ که
پرسیار ده‌که‌ی و ده‌ته‌وێ رای یه‌کێک وه‌ربگری چۆن
ده‌کرێ پێی بڵێی ده‌بێ وه‌کو سیاسه‌تی رۆژنامه‌که‌مان وه‌لام
بده‌یه‌وه ده‌نا مه‌رج نییه بۆت بڵاوبکرێته‌وه!!!
ده‌ک ئافه‌رین کاک ئاسۆ و رۆژنامه‌ی خه‌بات بۆ خۆتان و ئه‌و داهێنانه
به‌رزه‌تان له مه‌سه‌له‌ی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی و ئازادیی راده‌ربڕین.
لێره‌دا پێویست ناکا باسی ته‌وه‌ره‌که‌یان بکه‌م که پرسیارێکی زۆر
سواوی به‌و شێوه‌یان کردبوو: (- یه‌ك گوتاریی و
یه‌ك هه‌ڵوێستییه پێگه‌ی كورد له ئێراقدا به‌هێز ده‌كات؟)
چونکه هیچ که‌سێک نییه نه‌زانێ ئه‌و پارته‌ی
که ئه‌و رۆژنامه‌یه و کاک ئاسۆ ده‌ژیێن به هاوکاریی هاوپه‌یمانه‌که‌یان
چه‌ندین ساڵه به‌و پرسیار و قسه پووچ و به‌سه‌رچووانه یاری به کێشه‌کانی
خه‌ڵکی کوردستان به‌تایبه‌تیش کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی
کوردستان ده‌که‌ن.
به رای خۆم وای بۆ ده‌چم که هۆی دروستکردنی ئه‌و ته‌وه‌ره و جۆری
پرسیاره‌که‌یان و پرسیارناردنه‌که‌شیان بۆ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه و به‌و
جۆره له‌و دوو خاڵه‌ی خواره‌وه ده‌رناچێ:
١- له‌به‌رئه‌وه‌ی کاک ئاسۆ و به‌رپرسانی
رۆژنامه‌که‌ی ساڵانێکی درێژه له خه‌ڵک و پێنووسی چاک دابڕاون ده‌یانه‌وێ
به‌وجۆره له‌لایه‌ک بازاڕێک بۆ رۆژنامه‌که‌یان دورست بکه‌نه‌وه و
ژیانی خۆیانی پێ بگوزه‌رێنن، له‌لایه‌کیدیش به فیتی ده‌زگا سیخوره‌کانیان
هه‌وڵ بده‌ن له‌و رێگه‌یه‌وه هه‌ندێک له‌و پێنووسانه بکڕن که تا
ئێستا به‌رانگژیان بوونه‌ته‌وه و خۆیان نه‌فرۆشتووه.
٢- تا دێ شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بیی و ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا
به‌هێزتر ده‌بن و خه‌ریکه هوورده هوورده له ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌په‌رست
و دژه‌مرۆیی هه‌رێمی توند ده‌که‌ن و ده‌یخه‌نه په‌راوێزه‌وه، بۆیه
ئێستا ئه‌وانیش په‌نا بۆ هه‌موو که‌سێک ده‌به‌ن ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و
نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه ئازادیخوازانه‌ش
که ساڵانێکی دوور
و درێژه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌شکه‌نجه‌یان
ده‌ده‌ن و سه‌رکوت و نانبڕاویان و ده‌که‌ن
هه‌وڵی له‌ناوبردنیان ده‌ده‌ن.. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌و هۆیه‌وه
بۆ ماوه‌یه‌کیتریش سواری شه‌پۆڵی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆخوازیی
خه‌ڵکی کوردستان ببن و بۆ ده‌ستکه‌وتی زیاتر و زیاتری به‌رژه‌وه‌ندییه
مادییه خۆپه‌رستییه‌کانیان به‌کاریان بهێنن و درێژه به ده‌سه‌ڵاتی
ره‌شی خۆیان بده‌ن.
dara@emrro.com
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------
وه‌ڵامی حه‌مه‌غه‌فور:

چاوه‌که‌م، کاکه ئاسۆ عه‌لی،
ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و که‌سایه‌تی و نووسه‌ر
و ڕۆشنبیرانه‌ی تۆ ئه‌م ته‌وه‌ره‌ت بۆیان ناردووه،
وه‌ڵامی کورت و ڕه‌خنه‌ی ڕوونیان له‌م
سیاسه‌ته‌ی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات گرتووه! که‌چی
تۆ دووباره بۆت ناردوونه‌ته‌وه به هه‌مان شێوه‌ی
پێشوو!
دانانی مه‌رج و قه‌ید
و شه‌رت بۆ پرسینی بیروڕای که‌سێک سه‌باره‌ت
به ته‌وه‌رێک یان پرسێک که تۆ خۆشت دیاری
بکه‌یت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه ئیتر میرمکوته‌کی
و به‌زۆر داوای ووتنی ڕای به‌رامبه‌ر نه‌بێت به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی
ده‌سه‌ڵات و عه‌قڵ
و سیاسه‌تی پشتی
رۆژنامه‌ی خه‌بات، چی ناوێکی تری بۆ ئه‌دۆزیته‌وه بێجگه له
داماویی ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی پارتی له‌نێو
جیهانی پڕ ره‌ونه‌قی
ڕۆشنبیری و ڕۆژنامه‌وانی کوردی‌دا!!
تکام وایه کاکه ئاسۆ ئه‌م ڕه‌خنه و سه‌رنجانه‌ی
ئێمه بگه‌یه‌نه ده‌ستی ستافی بزوێنه‌ری ده‌زگای خه‌بات!
گه‌لێک مه‌منونم لێتان.
hamaxafoer@yahoo.com
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------
وه‌ڵامی
حه‌مید عه‌زیز:

وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی
کاک ئاسۆ عه‌لی بۆ ڕۆژنامه‌ی خه‌بات :
حه‌مید عه‌زیز : سه‌رکرده‌کانی کورد سیاسه‌ت وه‌کو هاوڕێیه‌تی ده‌که‌ن
و ڕه‌فتاریان به‌رامبه‌ر دووژمنانی کورد جۆره شه‌رمێکی تێدایه که‌له‌ڕاستیدا
له‌سیاسه‌تدا شه‌رم و هاوڕێیه‌تی نی یه به‌ڵکو به‌رژه‌وه‌ندی هه‌یه .
وه‌ڵام / به‌ڕێژه‌یه‌کی باش خۆت وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی خۆتت داوه‌ته‌وه
له‌شیکارییه‌که‌ی سه‌ره‌وه‌دا که‌به‌ڕای خۆت کورد به‌هێزی یه‌ک لیستیی
و یه‌ک ده‌نگیی بێته مه‌یدان و ده‌ڵێیت : هێزی کورد له‌یه‌کبوونی
کورددا به‌رامبه‌ر عه‌ره‌ب و لایه‌نه عێراقییه‌کان گرنگه . لایه‌نی
عێراقی زانراوه که عه‌ره‌ب و که‌مه نه‌ته‌وه‌کانی تری عێراقن به‌ڵام
نه‌مانزانی عه‌ره‌ب مه‌به‌ستت له‌کێ یه .؟. به‌داخه‌وه بۆ وه‌ڵامی
پرسیاره‌که‌ت من پێچه‌وانه‌ی ڕاووبۆچوونی جه‌نابتم به‌داوای لێبووردنه‌وه
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆت ڕۆشنبیرو ڕۆژنامه‌نووسیت دڵنیام ئاسایی وه‌ری ده‌گریت
به‌ڵام بڵاوی ناکه‌یته‌وه له‌ڕۆژنامه به‌ڕێزه‌که‌تان .
من ده‌ڵێم : مرۆڤ ده‌بێت دوور بڕوانێت و کاری باش و شیکاری وورد له‌سه‌ر
به‌رنامه سیاسیه‌کان بکات و ته‌نها به‌رپێی خۆی نه‌بینێت ده‌بێت
چوارده‌ورو ده‌ره‌وه‌ی ده‌وروبه‌ری خۆیشی ببینێت و ئه‌وه‌ی دوێنێ
کردوێتی به‌شێوه‌ی فۆرم و قاڵبی هه‌ڵه‌ی گه‌وره ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر ئه‌و
هه‌ڵه‌یه‌دا نه‌ڕواته‌وه به‌تایبه‌ت هه‌ڵه‌یه‌ک که‌میلله‌ت و به‌تایبه‌ت
چینه ڕه‌شوڕووته‌که‌ی ووڵات باجه‌که‌ی بدات . کاری به‌ڕێوه‌بردن و
گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات یان دروستکردنی حوکمه‌ت مرۆڤی کارامه‌و شیاو‌و
به‌ئه‌زموون و خاوه‌ن بڕوانامه‌و ئه‌کادیمی ده‌خوازێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو
ڕۆژێک ئه‌و که‌موکورتی و هه‌ڵه زۆرانه دوباره نه‌بێته‌وه چونکه
18 ساڵه به‌که‌موکوڕیه‌کی زۆره‌وه دوور له‌عه‌قڵییه‌تی دیموکراسی و
نزیک له‌پاوان خوازی و قۆرخی ده‌سه‌ڵات و سیستمی باوک بۆ کوڕ‌و مام بۆ
برازا‌و .. هتد . ئه‌م سیستمه کۆنه‌په‌ره‌ستییه چاره‌سه‌ری ده‌ردی جه‌سته‌ی
بریندار‌و شه‌که‌تی گه‌لی کورد ناکات و ئه‌گه‌ر به‌و شێوازه تاریکه‌ی
که‌هه‌مانه به‌رده‌وامبین له‌کارو ژیانی سیاسیماندا زه‌ره‌رمه‌ندی گه‌وره‌ده‌بین
و ئابڕوشمان ده‌چێت له‌جیهانی پێشکه‌وتووی ئه‌مڕۆداو ئه‌وانه‌ی تۆزێک
سۆز‌و خۆشه‌ویستییان بۆ میلله‌تی کورد هه‌یه ده‌کشێنه‌وه لێمان و به‌ناشرین
و به‌مرۆڤی کێوی و ناعه‌قڵانیمان تێده‌گه‌ن .
ڕاسته به‌یه‌کبوون و برایه‌تی و هه‌ندێ نزیکبوونه‌وه له‌یه‌کتر به‌هێزده‌بین
به‌رامبه‌ر دووژمنان به‌ڵام بڕوابکه یه‌ک گوتاریی و یه‌ک هه‌ڵوێستیی
پێگه‌ی کورد له‌وه‌دایه که‌فۆرمی بیری کۆن و عه‌قڵیه‌تی ڕامیاری نامه‌ده‌نی
و ناشارستانییانه‌ی خۆی بگۆڕێت و به‌شێوه‌ی ژیرانه‌و سه‌رده‌میانه ڕه‌فتار
له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری خۆیدا بکات . پارته سیاسیه‌کانی کورد له‌ساڵی
2003 ه‌وه له‌به‌غدای پایته‌ختی عێراق یه‌ک هه‌ڵوێست و یه‌ک لیست و یه‌ک
ڕاووبۆچوون بوون که‌ئه‌مه هیچ دوودڵی و لابه‌لاییه‌کی تێدا نی یه که‌واته
لێره‌دا پرسیارێک دروست ده‌بێت ئایا له‌ماوه‌ی 6 شه‌ش ساڵی یه‌کبوونیی
و یه‌ک لیستی کورد له‌به‌غدا لێپرسراوانی کورد چیان بۆ کورد کردووه
.؟. وه‌ڵامه‌که‌ی زۆر ئاسانه هه‌موومان که‌خه‌ڵکی ئه‌و ووڵاته‌ین ده‌یزانین
.
کاک ئاسۆ عه‌لی تۆ ده‌ڵێیت :
{ به‌شداری کردنی کورد له‌عێراقی فیدڕاڵ و بونیادنانه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌ی
ده‌ستوورێکی تۆکمه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی پارێزراوی مافه نه‌ته‌وه‌یی و
نیشتمانی و یاسایی و کایه‌کانی دیکه‌ی ژیان بۆته ئه‌مری واقیع و ته‌کاندانیش
به‌م پرۆسه‌یه بووه‌ته ئه‌رکێکی گشتی به‌سه‌ر ئه‌و هێزو لایه‌ن و
پارته کوردییانه‌وه که‌ده‌یانه‌وێت له‌ئه‌جیندای کاری سیاسی‌دا پشکی
ئه‌و مافانه به‌شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌ییش بێت بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی خواسته‌کانی
هاووڵاتیان و هاونیشتمانیان له‌هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ که‌تێیدا هه‌موو ئه‌و
ده‌رفه‌تانه‌ی تێدا بڕه‌خسێت سه‌رده‌مانێک وه‌ک خواستێک باوه‌ڕی پێیه‌تی
ئه‌مه‌ش له‌م عێراقه نوێیه‌دا پێویستی به‌هێزو گڕوتین ویه‌ک هه‌ڵوێستی
ویه‌ک گوتاری سه‌رکردایه‌تی سیاسی و هێزه به‌شداربووه‌کانی نێو
ململانێی گۆڕه‌پانه‌که هه‌یه . ئه‌مڕۆ ده‌خوازرێت به‌رامبه‌ر به‌هێزه
عه‌ره‌بی و عێراقی یه‌کان کورد خاوه‌ن مه‌بده‌ئێکی یه‌ک گوتاری و یه‌ک
هه‌ڵویستی بێت } .
له‌ڕاستیدا مرۆڤ ئه‌گه‌ر کارێکی کرد‌و ئه‌نجامه‌که‌ی باش نه‌بوو ده‌بێت
یان کاره‌که بگۆڕێت یان ڕه‌فتارو شێوه‌ی ئیش‌کردنی خۆی بگۆڕێت . ئێمه‌ی
میلله‌تی کورد ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین و فێربین که ژیان و پێشکه‌ووتن و
خۆشگوزه‌رانی مرۆڤ له‌خۆ گۆڕیندایه که‌واته ئێمه‌ش ده‌بێت خۆمان
بگۆڕین و تێبینی سبه‌ینێ بکه‌ین و کار‌و پلانی بۆ ئاماده‌بکه‌ین نه‌ک
چاوه‌ڕێی بکه‌ین . بڕوام وایه که‌مافه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و
یاساییه‌کانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک که‌باسی ده‌که‌یت پێم وایه به‌گه‌له‌کۆمه‌و
قه‌ره‌باڵغی و یه‌ک لیستی نابێت به‌ڵکو به‌هه‌بوونی مرۆڤی کاراو لێزان
و دڵسۆز دروست ده‌بێت . به‌دڵنییاییه‌وه ئه‌وانه‌ی له‌به‌غدای پایته‌ختدا
کاریان کردووه له‌ماوه‌ی ئه‌م 6 ساڵه‌دا هیچیان نه‌کردووه ئه‌گینا گه‌ڕه‌کێک
ته‌نها یه‌ک گه‌ڕه‌کی که‌رکوک یان خانه‌قین یان شه‌نگالیان ده‌خسته سه‌ر
کوردستان به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ر خه‌ریکی ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی خۆیان و
کاری ڕکه‌به‌ری حیزبایه‌تی بوون . من له‌وه‌یاندا زۆر دڵنیام که‌یه‌ک
لیستی و یه‌ک بوونی کورد له‌به‌غدا کۆمه‌ڵێ بازرگان و ده‌ووڵه‌مه‌ندی
باشی له‌هه‌ردولا دروست کردووه که‌سوودو قازانجی پاره‌که‌یشیان بۆ
عێراق و میلله‌تی کوردیش نی یه چونکه پاره‌کانیان هه‌مووی له‌بانکه
گه‌وره‌کانی ئه‌وروپادا حه‌شارداوه . کێشه‌ی ئێمه‌ی گه‌لی کورد ته‌نها
له‌وه‌دا نی یه که هه‌ندێ له‌گه‌وره‌و سه‌رکرده‌کانمان ناپاک و
ساویلکه‌ن به‌ڵکو خۆشمان هه‌تا سه‌رئێسقان دوواکه‌وتوو نه‌خوێنده‌وارو
زه‌لیلین زۆر دره‌نگیش تێده‌گه‌ین هه‌ندێکیشمان تێده‌گه‌ین و ده‌زانین
به‌ڵام مخابن به‌رژه‌وه‌ندی خۆیی و چڵێسی ژیان زاڵه به‌سه‌رماندا .
کاک ئاسۆ به‌ڕێزم تۆ ڕۆژنامه‌نووس و ڕۆشنبیریت چۆن هه‌روا به‌ئاسانی ده‌ڵێیت
ئه‌مه بابه‌تێکی زیندووی نه‌ته‌وه‌یی یه .؟. ئه‌م بابه‌ته ماوه‌ی 6
ساڵه له‌لای نماینده‌و به‌رپرسه‌کانی کورد له‌به‌غدا باس و بوونی نی
یه به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه که‌هه‌تا ئێستا نه‌ک هیچ نه‌کراوه بۆ کورد له‌به‌غدا
به‌ڵکو کاری خراپیشیان کرد‌و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیش کێشی عه‌قڵی کوردی خه‌مڵاند
که‌چه‌ند لاوازه‌و که‌چۆن سیاسه‌ت وه‌کو هاوڕێیه‌تی ده‌کات که‌له‌ڕاستیدا
له‌سیاسه‌تدا هاوڕێیه‌تی نی یه به‌ڵکو به‌رژه‌وه‌ندی هه‌یه .
زۆر چاوه‌ڕی بووین و نا‌ئومێد کاته‌کانمان به‌ڕێکرد چونکه یه‌ک ده‌نگمان
ده‌ویست له‌به‌غدا ته‌نها یه‌ک ده‌نگ که بوێرێت و بڵێت کێ فڕۆکه‌وانه‌که‌ی
بکووژی 5000 کوردی هه‌ڵه‌بجه‌یی به‌ردا .؟. باسی کێشه‌و که‌موکووڕیه‌کانی
تری ده‌سه‌ڵات و نماینده‌کانیان ناکه‌م له‌به‌غداو کوردستان که‌بریتی
یه له‌کێشه‌ی فایلدارو موسته‌شارو کاری ئابڕوبه‌رانه‌و .. هتد ئه‌وه‌نده
فاوڵی سیاسیان هه‌یه مرۆڤ شه‌رمه‌زار ده‌بێت که‌باسی ده‌کات و له‌ڕاستیدا
به‌کتێبێکیش ته‌واو نابێت و له‌شوێن و کاتێکی تردا به‌درێژی باسی ده‌که‌ین
. من لێره‌وه پرسیارێک له‌سه‌رۆکی هه‌رێمی به‌ڕێز ده‌که‌م ئه‌و
سوێندخواردنه‌ی له 20/8/2009 خواردی بۆ پاراستنی ماڵ و ژیانی میلله‌تی
کورد نی یه به‌یه‌کسانی .؟. فه‌رموو له‌سلێمانی به‌وه‌وه ناوه‌ستن که‌خه‌ڵکی
برسی و نان‌بڕاو ده‌که‌ن مخابن کار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ک سه‌قه‌ت
ده‌کرێت ئه‌وه‌تا مامۆستا‌و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌کان ده‌رده‌کرێن له‌سه‌ر
ڕاووبۆچوونی جیاواز . له‌م ووڵاته سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه‌ی ئێمه‌دا حوکمه‌ت
هیچ ڕۆڵێکی نی یه ته‌نها حیزب هه‌موو شتێکه جاتوخوا ناوچه‌ی سه‌وزی
جاران و سه‌رانی دۆڕاوی یه‌کێتی ده‌بێت جیاوازییان چی بێت له‌گه‌ڵ به‌عسدا
. پرسیارێکیش له‌به‌ڕێز دوکتۆر به‌رهه‌م ساڵح ده‌که‌م بۆچی خۆی
ماندووده‌کات و حوکمه‌ت دروست ده‌کات .؟. له‌م ووڵاته بێ سه‌روبه‌ره‌ی
ئێمه‌دا حیزب بڕیاری هه‌موو کاره‌کان ده‌دات که‌وایه حوکمه‌تمان بۆچی
یه .؟. له‌ماده‌ی ( 19 ) نۆزده‌و له‌ده‌ستوری کوردستاندا هاتووه که‌ماف
و ژیانی هاووڵاتی کورد بپارێزرێت که‌چی ئه‌وه‌ی له‌سلێمانی ڕووده‌دات
نه‌سه‌رۆکی حوکمه‌ت و نه‌سه‌رۆکی هه‌رێم ئاگایان لێی نی یه یان
ئاگایان لێیه‌تی و قسه‌ناکه‌ن . من و تۆ ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێکی به‌ویژدان
بین دێین قسه له‌سه‌ر ژیان و باری گوزه‌رانی میلله‌ته‌که‌مان ده‌که‌ین
له‌ناوخۆی ووڵاتدا نه‌ک بڕۆین بۆ به‌غداو شوێنه‌کانی تر‌و شه‌ڕی بردنه‌وه‌ی
ده‌سه‌ڵات بکه‌ین بۆ خه‌منه‌خۆرانی ووڵات .
ئه‌وه‌تا نوسه‌ران و ڕۆژنامه‌وانانی بێگانه له‌سه‌رمان دێنه وه‌ڵام و
ده‌نووسن و خه‌ممان ده‌خۆن که‌چی خۆمان که‌م ته‌رخه‌م و ته‌نها خه‌می
ده‌سه‌ڵات و سامانمانه . بۆنمونه : ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری ئه‌مریکی
مایکل رۆبین له وتارێكیدا كه له (National Review Calls Home) دا له‌به‌رواری
11/9/2009 دا که‌ڕۆژی هه‌ینی ده‌کات بڵاویكردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت : سه‌رۆک
تاڵه‌بانی و بارزانی ساڵانی پێشتر‌و هه‌تا ئه‌مڕۆش ده‌ڵێن ( کوردستان
دیموکراسی و سه‌قامگیره ) که‌چی به‌داخه‌وه له هه‌رێمی كوردستاندا
ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك له فه‌رمانبه‌ر‌و كارمه‌نده مه‌ده‌نییه‌كان له‌سه‌ر
كاره‌كانیان لابراون له‌سه‌ر ڕاووبۆچوونی جیاواز ئه‌وه‌ش به نیشانه‌یه‌ك
بۆ پاشه‌كشه‌كردنی دیموكراسی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات .
ده‌ڵێن ئه‌م هه‌ویره ئاو زۆر ده‌کێشێت چونکه ئێمه‌ی کورد برینه‌کانمان
هێنده زۆرن هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌رگای گفتووگۆ کرایه‌وه ئیدی هه‌زارو
یه‌ک ته‌نگووچه‌ڵه‌مه‌مان هه‌یه‌و باسی ده‌که‌ین . بۆیه پێم وایه به‌هه‌موومان
باخه‌ریکی ده‌رمان کردنی ده‌ردی ناوخۆ‌و نانبڕین و ده‌رکردنه‌کان و له‌سه‌رکارلابردنه‌کان
بین چونکه ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی داڕشتووه بۆ برسی کردنی میلله‌تی
کورد‌و لابردنی خه‌ڵک له‌سه‌رکاره‌کانیان له‌به‌ر ڕاووبۆچوونی جیاواز و
ده‌نگدان به‌ئاره‌زوومه‌ندی به‌دڵنییاییه‌وه ئه‌م ڕه‌فتاره نامرۆیی و
فاشیستیه هیتله‌رو سه‌دام نه‌یانگرتۆته‌به‌رو هه‌رگیز نه‌ماندیووه
خێزانێک هه‌مووی سزا بدرێت له‌به‌ر یه‌ک که‌س و له‌سه‌ر بیروڕای
جیاواز له‌مێژووی مرۆڤایه‌تی کۆن و نوێداو له‌هه‌گبه‌ی ستالین و
مۆسۆلۆنی و شاوشیسکۆشدا بڕیاری ئاوا زاڵمانه‌مان نه‌بیستووه‌و نه‌دیووه
. ئه‌م کرده‌وه ناپه‌سه‌نده‌ش که‌یه‌کێتی له‌گه‌ڵ هاووڵاتی کورددا ده‌یکات
له‌جینۆسایدو کیمیا باران خراپتره چونکه بێ‌کاری و برسێتی کار‌و
کاردانه‌وه‌ی خراپی ده‌روونی دروست ده‌کات له‌لای خه‌ڵکی و دوواییش
کاره‌سات دروست ده‌بێت بۆ کۆمه‌ڵگای کوردی چونکه هه‌موو مرۆڤێک که‌سه‌یری
ماڵ و منداڵه‌که‌ی خۆی بکات و برسی بێت ئاماده‌یه مرۆڤی بۆبکوژێت یان
دزی بۆ بکات ئه‌مه‌ش تێکدانی کۆمه‌ڵگایه به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ .
تکایه باهه‌موومان وه‌کو نووسه‌رو ڕۆژنامه‌وان و که‌سانی به‌ویژدانی
ئه‌م میلله‌ته زووڵم لێکراوه ڕێگربین و نه‌یه‌ڵین چیدی حیزبێکی
دۆڕاوی وه‌کو یه‌کێتی به‌هه‌ستی میلله‌ته‌که‌مان یاری بکات و هه‌وڵبده‌ین
به‌هه‌موومان تاڵه‌بانی تێبگه‌یه‌نین که‌ئه‌و کاره دزێووه تاوانێکی
زۆر گه‌وره‌یه‌و مێژوو به‌خۆیه‌وه نه‌یدیووه جارێ .. !! . ئاخر چۆن
که‌سێک خۆی به‌سه‌رۆکی حیزبێکی سۆسیال دیموکرات بزانێت له‌گه‌ڵ گه‌لی
خۆیدا ئاوا ده‌کات ئه‌ی ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ ده‌ستی بڕوات ده‌بێت له‌گه‌ڵ
نه‌یارو دووژمنانی چی بکات .؟. که‌واته کورد ڕاستی پێکاوه ووتویه‌تی
( سه‌د ڕه‌حمه‌ت له‌کفن دز ) .
کاک ئاسۆ به‌کورتی وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی جه‌نابتان
ئه‌مه‌یه :
له‌ماوه‌ی یان به‌درێژایی کابینه‌ی مالکی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق میلله‌تی
کورد یه‌ک لیستیی هه‌بوو له‌به‌غدا به‌ناوی ( هاوپه‌یمانی کوردستان )
که‌چی نه‌ماندی هیچ بۆ کورد بکه‌ن ته‌نانه‌ت ماده‌ی 140 یان چاره‌سه‌رنه‌کرد
. من ده‌ڵێم له‌باتی ئه‌و هه‌موو کێشمه کێشی سیاسی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ی
که‌له‌به‌غدا دروست ده‌بێت و یه‌ک لیستی ئێمه‌ی کوردی ده‌وێت باشترین
چاره‌سه‌رێکی مه‌ده‌نی و شارستانیانه (( ڕیفراندۆم )) ی ناوخۆیی یه
که‌کورد داوای مافه‌کانی خۆی بکات له‌و ڕێگه‌یه‌وه که‌ئه‌مه خه‌باتی
سپی و مه‌ده‌نی و سه‌رده‌مییانه‌یه که‌میلله‌تی کورد جوانتر ده‌کات له‌ڕووی
پێشکه‌ووتنی هزری و باشتر‌و عه‌قڵانیتر ده‌یناسێنیت به‌جیهانی ده‌ره‌وه
.
Hamid773@hotmail.com
|