په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٣\٢٠١٠

سێیەمێن راپۆرتی دە رۆژەی پێشێلکاری دژ بە ئازادی رۆژنامەگەریی.
- 2 بۆ 12ی ئازاری 2010 -


ئامادەکرنی: سەنتەری میترۆ بۆ راوێژ و داکۆکی لە رۆژنامه‌نووسان


سلێمانی، 12ی ئازاری 2010- پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەندین پێشێلکاری دژ بەرۆژنامه‌نووسان لە هەرێمی کوردستاندا بەخۆیەوە بینی. سەنتەری میترۆ بۆ راوێژو داکۆکی لە رۆژنامه‌نووسان چەندین حاڵەتی پێشێلکاری تۆمارکرد لەکاتی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی و گشتیدا وەک رێگرتن لە رووماڵکردنی پرۆسەی دەنگدان، دەستبەسەرداگرتنی کامێراو میمۆری و سڕینەوەی وێنە، هەراسانکردن و هێرشکردنەسەر رۆژنامه‌نووسان.


لەیەکێک لە حاڵەتەکاندا، هێزەکانی ئاسایش لە شارۆچکەی کەلار هەڵیانکوتایەسەر رادیۆی (دەنگ) و دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانی ئەو رادیۆیەدا گرت بە بیانوی ئەوەی کە گوایە وێستگەکە مۆڵەتی پەخشی نییە. هەرچەندە رادیۆکە مۆڵەتی پەخشی هەیە. پاش ماوەیەک کەلوپەلەکان گێردرانەوەو رادیۆکە پەخشی دەستپێکردەوە.


لە سێیەم راپۆرتی دە رۆژەی پێشێلکاری دژ بە ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان کە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامه‌نووسان بڵاویدەکاتەوە، نزیکەی لە 25 حاڵەتی پێشێلکاری تۆمارکراون کە لە ماوەی نێوان 22ی شوبات بۆ 12ی ئازار روویانداوە، دژ بە میدیای حزبی و ئازاد.


لە رۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە، لە رۆژی 12ی شوبات تا رۆژی 12ی ئازار، سەنتەری میترۆ بۆ راوێژو داکۆکی لە رۆژنامه‌نووسان نزیکەی لە 45 حاڵەتی پێشێلکاری دژ بە رۆژنامه‌نووسان تۆمارکردووە.


بەپێی یاسای کاری رۆژنامه‌نووسی هەرێمی کوردستان، رۆژنامه‌نووسان مافی ئامادەبوونیان لە چالاکییە گشتییەکاندا هەیە، ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە زۆربەی رۆژنامه‌نووسان مۆڵەتیشیان هەبووە بۆ ئەنجامدانی کارەکەیان بەڵام رێگرییان لێکراوە لە روماڵکردنی پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەتیدا.


لە پێشێلکارییەکدا دژ بە ئازادی رۆژنامەگەری، رۆژی شەممە 4ی ئازار لە کاتی وێنەگرتنی کەژاوەی چەند ئۆتۆمبێلێکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا لە هەولێر، لەلایەن هێزێکەوە هێرشدەکرایەسەر هێمن مامەند، پەیامنێری رۆژنامەی ئاوێنەو رادیۆی نەوا. هێمن بە سەنتەری میترۆی وت، "چەند چەکدارێک هێرشیانکردە سەرم، جنێوی ناشرینیان پێدام، پشکنیمیان، کە باجی ئاوێنەیان لە جانتاکەم بینی وتیان "تۆ دوژمنی کوردیت"."


لە حاڵەتێکی تردا، نیان محەمەد، بەرپرسی پەیامنێرانی کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان، وتی کە رۆژی 7ی ئازار، لە سەیتەریە بێستانە لە نزیک قوشتەپە، لە پارێزگای هەولێر، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر کامێرای ئەڤین بەهجەت، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان، دەستی بەسەرداگیرا.


بەپێی بڕگەی پێنج لە ماددەی حەوتەمی یاسای کاری رۆژنامه‌نووسی، "هەرکەسێک بەهۆی کارەکەیەوە سوکایەتی بە رۆژنامه‌نووس بکات، یان دەستدرێژی بکاتەسەر، ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە کە بۆ دەستدرێژیکردنەسەر فەرمانبەرێک لە کاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەرکەکانی دانراوە." بەڵام بەپێی زانیارییەکانی سەنتەری میترۆ تائێستا بەهیچ شێوەیەک لێپێچینەوە لەو کەسانە نەکراوە کە سوکایەتییان بە رۆژنامه‌نووسان کردووە یان رێگرییان کردوە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان و لە هەندێ حاڵەتیشدا هێرشیانکردونەتەسەر.

دەربارەی راپۆرتەکە:


پاش دەستپێکردنی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 12ی شوباتدا، چەندین پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامه‌نووسان لە پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون. سەنتەری میترۆ بۆ راوێژو داکۆکی لە رۆژنامه‌نووسان بڕیاریدا کە بۆ ماوەی مانگێک هەموو دە رۆژ جارێک راپۆرتێک لەسەر ئەو رووداوەنە بڵاوبکاتەوە کە کاریگەرییان بەسەر رۆژنامه‌نووسان و ئازادی رۆژنامەگەری لەهەرێمی کوردستاندا دەبێت. یەکەمین راپۆرت لە رۆژی 22ی شوباتدا بڵاوکرایەوەو دوایەمین راپۆرتی تایبەت بە پێشێلکاری دژ بە رۆژنامه‌نووسان لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردندا رۆژی 12ی ئازار بڵاوکرایەوە.

دەربارەی سەنتەری میترۆ:


سەنتەری میترۆ بۆ راوێژ و داکۆکی لە رۆژنامه‌نووسان، رێکخراوێکی سەربەخۆی بێلایەنی قازانج نەویستە بۆ بەرگریکردن لە رۆژنامه‌نووسان و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان. سەنتەری میترۆ لە مانگی ئابی ساڵی 2009دا دەمەزراوە.


بۆ پەیوەندی و ناردنی زانیاری پەیوەندی بکەن بە:
رەحمان غەریب: 07701523300
مەریوان حەمەسەعید: 07701940930
ئیمەیل: metroiraq@gmail.com، rahmangarib@yahoo.com


لیستی ئەو پێشێلکارییانەی کە دەرهەق بە رۆژنامه‌نووسان ئەنجامدراون لە 2 بۆ 12ی ئازار روویانداوە، ئەوانەی سەنتەری میترۆ لێیان ئاگادارکراوە، بێگوێدانە ئەوەی کە پەیوەندییان بە بانگەشەکانی هەڵبژاردنەوە هەبووبن یان نا:


رۆژی 7ی ئازار لە بەردەم بنکەی گەل لەکاتی روماڵکردنی پێکهەڵپژانی نێوان هێزەکانی ئاسایشء هاوڵاتیاندا، هێزەکانی ئاسایش هێرشیانکردە سەر شوان سدیق، پەیامنێری گۆڤاری سڤیل،ء میمۆری کامێراکەیان لێسەند. شوان وتی، "دە چەکدار هێرشیانکردە سەرم، میمۆری کامێراکەیان لێسەندم کە هەندێ وێنەی تایبەتشی تێدایە." بەپێی زانیارییەکانی سەنتەری میترۆ تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە میمۆری کامێراکەی بۆ نەگەڕێنراوەتەوە.

هێمن مامەند، پەیامنێری رۆژنامەی ئاوێنەو رادیۆی نەوا، رۆژی 4ی ئازار لە کاتی وێنەگرتنی کەژاوەی چەند ئۆتۆمبێلێکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا لە هەولێر، لەلایەن هێزێکەوە هێرشدەکرێتە سەری وێنەکانی ناو کامێراکەی دەسڕنەوە. هێمن بە سەنتەری میترۆی وت، "چەند چەکدارێک هێرشیانکردە سەرم، جنێوی ناشرینیان پێدام، پشکنیمیان، کە باجی ئاوێنەیان لە جانتاکەم بینی وتیان تۆ دوژمنی کوردیت." شەوی 7ی ئازار، پاش ئەوەی هێمن مامەند راپۆرتێکی لە ڕادێوی نەوا بڵاوکردەوە لە رێگەی تەلەفۆنێکی نەناسراوەوە هەڕەشەی لێکرا.

رۆژی 5ی ئازار لە هەڵەبجەی تازە تەقەکرا بەسەر تیمێکی کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان. نیان محەمەد، بەرپرسی پەیامنێرانی کەناڵەکە بە سەنتەری میترۆی وت کە لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان تۆمەتباردەکەن بە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە.

ئێوارەی رۆژی 7ی ئازار، سیروان ئیبراهیم ء بارزان حەسەن، وێنەگرو پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی (KNN)، لەکاتی روماڵکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە بنکەی سەرهەڵدان لە هەولێر ملازمێکی پۆلیس هێرش دەکاتە سەریان. بارزان بە سەنتەر میترۆی وت، "بە بۆکس لێیدام، مۆبایلەکەیان لێسەندین، لەو هێرشە وایەرلیسی کامێراکەمان ون بوو."

رۆژی 7ی ئازار، لە سەیتەریە بێستانە لە نزیک قوشتەپە، لە پارێزگای هەولێر، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر کامێرای ئەڤین بەهجەت، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان، دەستیبەسەرداگیرا.

رۆژی 7ی ئازار لەبەردەم بنکەی دەنگدانی باخچەی ڕازاوە لە شاری کەلار کارمەندێکی ئاسایش هێرش دەکاتە سەر کاوە ئەحمەد، پەیامنێری رۆژنامەی ئاوێنە "بەبەرچاوی رۆژنامه‌نووسێکی گەرمیانی ئەمڕۆوە ئەم کردارەی کرد."

ڕێبین چالاک، پەیامنێری رۆژنامەی ئاوێنە، لە شاری کۆیە ئێوارەی 7ی ئازار سەنتەری میترۆی ئاگادارکردەوە کە لە نزیک بنکەی هامون لایەن هێزێکی ئاسایشەوە هێرشی کراوەتە سەرو نەیانهێشتووە وێنە بگرێت قسەی ناشیرینیان پێوتووە.

نیان محەمەد، بەرپرسی پەیامنێرانی کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان، وتی مە رۆژی 7ی ئازار لە شارۆچکەی زەرایەن لە پارێزگای سلێمانی، نوێنەری لیستی گۆڕان رێگری کردووە لە مونیر سەلیم، پەیامنێری کەناڵەکە، لە روماڵکردنی پرۆسەی دەنگدان. هەروەها لە هەمان رۆژدا، رێگریکرا لە شوان عادل، پەیامنێری کەناڵەکە، لە روماڵکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن.

سەرلە بەیانی رۆژی 7ی ئازار لە وێستگەی زۆزک لە شاری هەوڵێر رێگەنەدرا کارزان کەریم، پەیامنێری ئاژانسی کوردستان بۆ دەنگء باس (ئاکانیوز)، بچێتە ناو بنکەکەوە. کارزان بە سەنتەری میترۆی وت"باجی کۆمسیۆنیشم پێبوو بەڵام بەرپرسی ئەو بنکەیە رێگەی نەدام بچمە ژورەوە."

سامان ساڵح، پەیامنێری تەلەفزیۆنی زەحمەتکێشان، رۆژی 7ی ئازار رێگەی پێنەدرا بچێتە ناو بنکەی دەنگدانی دواناوەندی بەختیاری لە شاری سلێمانی. سامان بە سەنتەری میترۆی وت" لە کاتی وێنەگرتنی خروقاتێکی لیستی گۆڕان لەناو پۆلێکدا مۆمەکەیان دانابوو، ملازمێک بە پاڵ منء وێنەگرەکەی کردە دەرەوەی بنکەکە،" هەروەها وتیشی، "ئەو ملازمە بەمنء وێنەگرەکەی وت ئەو راپۆرتە بڵاومەکەنەوە چەندێ پارەتان ئەوێت دەتاندەمێ."

رۆژی 6ی ئازار، ئیحسانی مەلا فوئاد، پەیامنێری رۆژنامەی ئاوێنە لە شاری کفری، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند لە ڕێگەی ئیمەیلەوە چەند جارێک هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.

سەردەشت حمە ساڵح خاوەن ئیمتیازء سەرنوسەری گۆڤاری خەڵک بە سەنتەری میترۆی راگەیاند کە پاش نیوەڕۆی 9ی ئازار لە شەقامی شەست مەتری لە شاری سلێمانی تەقەی لێکراوە. سەردەشت وتی، "دوژمانیەتی شەخسیم نییە تەنها پەیوەندی بە نوسینە رەخنەییەکانمەوە هەیە. سەبارەت بەو رووداوە حاکم قادر حەمەجان، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی هەرێم، وتی، "ئاگاداری ئەو ڕووداوەینء لێکۆڵینەوەی تیادا دەکەین."

لە بنکەی دەنگدانی شەفەق لە ناو شاری هەولێر رێگە بە پەیامنێرانی هاوڵاتیء لڤین و کەناڵی تۆڕی هەواڵی کوردی (KNN) نەدرا روماڵی پرۆسەی دەنگدان بکەن لەرۆژی 7ی ئازاردا. سەرتیپ قەشقەیی، پەیامنێری هاوڵاتی، بەسەنتەری میترۆی وت، "کارئاسانی بۆ لایەنگری پارتی کرابوو لە ناو حەوشەی ناوەندەکە کۆببنەوە ویستمان هۆکارەکەی بزانین رێگریان لێکردنء نەیانهێشت لەو ناوەندە کاری خۆمان بکەین."

ئارام نەجم، پەیامنێری کەناڵی (KNN)، وتی کە رۆژی 7ی ئازار لە شاری هەڵەبجە رێگەنەدرا روماڵی کارێکی رۆژنامه‌نووسی بکات. پەیامنێری ئەو کەناڵە بە سەنتەری میترۆی راگەیاند چەند کەسێک کە لە نزیک بنکەیەکی دەنگداندا بانگەشەیان دەکر هەڕەشەیان لە خۆی و وێنەگرەکەیان کردو دوایان لێکرا کە، "ئەو شوێنە بەجێبهێڵین ء پێیان وتم ئەو وێنانە بڵاوبکەیتەوە زەرەر ئەکەیت."

نزار گزالی، پەیامنێری رۆژنامەی ئاوێنە، بە سەنتەر میترۆی ڕاگەیاند، کە سەر لەبەیانی 7ی ئازار لە شاری هەولێر ڕێگەی پێنەدرا بچێتە ناو هەندێ ناوەندی دەنگدانەوە، وەک ناوەندەکانی کوردایەتی، شکات، چوارچرای کچان. نزار وتی کە لە نزیک یەکێک لە بنکەکانی دەنگداندا، "کاتێک ویستم وێنەی دەنگدرێک بگرم وێنەی بارزانی لەسەر سنگ بوو کامێراکەیان لێسەندمء وێنەکەیان سڕییەوە."

ئەحمەد میرە، سەرنوسەری گۆڤاری لڤین بە سەنتەری میترۆی ئاگادارکرد کە رۆژی 7ی ئازار، لە بنکەی قوتابخانەی سەرکەوتنی بنەڕەتی لە شاری سلێمانی رێگەی لێگیراوە ڕوماڵی پرۆسەی دەنگدان بکات، "باجی رەسمیم پێبوو بەڵام بەرپرسی بنکەکە...رێگەی پێنەدام وێنە بگرم."

رێبوار محەمەد، وێنەگری کەناڵی ئاسمانی پەیام لە شارۆچکەی خورماڵ، سەنتەری میترۆی ئاگادارکر کە لە بەردەم بنکەیکی دەنگداندا هێرشکراوەتە سەری، "خەڵکێکی نەناسراو پەلاماریان کە نزیکەی 50 کەس دەبوون ئاسایش لە ژێردەستیان دەریهێنام."

رۆژی 4ی ئازار لە کاتی دەنگدانی تایبەت بیلال سەعیدو ئەحمەد ئەمیر، پەیامنێرانی سایتی یەکگرتوو، لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە هێرشکرایەسەریان. بیلال بە سەنتەری میترۆی ووت، " بە زەبری هێز کامێراو باجی ڕۆژنامەوانیء مۆبایلیان لێسەندین و بە بۆکسء شەق لێاینداین."

ئێوارەی ڕۆژى 4ی ئازار لەکاتی بەڕێوەچوونى پرۆسەى دەنگدانى تایبەت، لە بنکەى خوێندنگاى بیتوێن لە ناحیەى چوارقوڕنە، پۆلیسی بەرگری فریاکەوتن هێرشیانکردە سەر تیمێکی کەناڵی (KNN). شاسوار مامە، پەیامنێری کەناڵەکە لە شاری رانیە، بە سەنتەری میترۆی ڕاگەیاند کە "پاش کەمێک وێنەگرتن لەلایەن پۆلیسەکانى بەرگرى و فریاکەوتن کە لەکاتى نایاساییدا دەنگیان دەدا وێڕاى ئیهانەکردن و قسەى ناشیرین، هێرشم کرایەسەر و بەشێکى کامێراکەم شکێنرا."

ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە 4ی ئازار تیمێکی ڕۆژنامەی هاوڵاتی کە پێکهاتبون لە ئارا ئیبراهیمء سۆران ئەحمەدء سورکێو محمدء لەکاتی روماڵکردنی هەواڵی پێکهەڵپژانێ لە بەردەم لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی هێرشدەکرێتە سەریان. ئارا بە سەنتەری میترۆی وت، "پاسەوانەکانی لقی چوار لێیاندام هەردوو کامێرای دەستی خۆمء هاوکارم بە زۆر لێسەندین."

بەشێک لە رۆژنامه‌نووسان بێبەشکران لە روماڵکردنی دەنگدانی جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری عێراق، لە ناوەندی ڕەوشەن بەدرخان لە شاری سلێمانی. وریا حەمەتاهیر، بەڕێوەبەری نوسین لە رۆژنامەی دەستور، وتی کە بۆ ماوەی نزیکەی دوو کاتژمێر لە چاوەڕوانیدابووە بەڵام ڕێگەی پێنەدراوە بچێتە ناو ناوەندەکەوە. وریا وتی، "جیاوازی کرا لە نێوان راگەیاندنی حزبیء سەربەخۆدا."

حامد محەمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە میترۆی راگەیاند، کە رۆژی 7ی ئازار لەکاتی دەنگدانی گشتیدا ،ڕێگری لە تیمێکی کەناڵی سپێدە گیرا بچنە ناو ئەو بنکەیەی کە ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەنگی تیاداوە. حامد وتی، "هێزەکانی ئاسایش رێگریان لێکردین لە کاتێکدا سەرجەم بەرپرسی یەکەمی حزبەکان لە سەرتاپای کوردستان تیمێکی راگەیاندن هاوڕێیەتی دەکردن (بۆ دەنگدان)."

رۆژی 4ی ئازار مەفرەزەیەکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت رادیۆی (دەنگ) یان داخستء دەستیان بەسەر ئامێرەکانیدا گرت. ئازاد عوسمان محەمەد بەڕێوەبەری ڕادیۆکە بەسەنتەری میترۆی وت، "هاتنە سەرمان وتیان ئێوە قسەتان بە حکومەت ووتوە ء دەستیان بەسەر هەندێ لە ئامێرەکاندا گرتء لەگەڵ خۆیاندا بردیان." هەروەها وتی کە مەفرەزەکە فەرمانی دادوەرییان پیشان نەداون. عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان وتی، "نابێت هەرکەسە هەستێت رادیۆیەک بکاتەوەء ئیجازەی رەسمیشیان نەبێتء قسە بەمء بەو بڵێت، بۆیە بەبڕیاری دادوەر دامانخستوە تا مۆڵەتەکەمان پیشان ئەدەن." بەڵام ئازاد عوسمان وتی کە مۆڵەتی رەسمیان هەیەو قسەیان بەکەس نەوتووە. پاش ماویەک کەرەستەکان گەڕێندرانەوەو رادیۆکە پەخشی دەستپێکردەوە.
____________________________________
سەنتەری میترۆ - بۆ راوێژو داکۆکی لە رۆژنامه‌نووسان، رێکخراوێکی سەربەخۆی بێلایەنی قازانج نەویستە بۆ بەرگریکردن لە رۆژنامه‌نووسان و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان. سەنتەری میترۆ لە مانگی ئابی ساڵی 2009دا دامەزراوە.