٢\١٢\٢٠١٦
سێیەمین خولی
فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" لە وڵاتی سوێد دەستیپێکرد.
مەنسوور جیھانی
یۆتۆبۆری
ـ بە ئامادەبوونی سینەماکارانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، سێیەمین
خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" لە سوید دەستی پێکرد.
ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" بە
ئامادەبوونی "دڵشاد ئەحمەد" سەرۆکی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی
"یۆتۆبۆری" و سەرۆکی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، "لاگێ بیۆرک"
ەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، "پیتێر ئۆلف
سۆن" سەرۆکی دەزگای ABF شاری یۆتۆبۆری
واتە پشتگیری لە ھونەرمەندان، "شوان عەتووف" ئەکتەری ناوداری کورد،
دکتۆر "دڵشاد مستەفا" دەرھێنەر، ئەکتەر و سەرۆکی بەشی تازە دامەزراوی
سینەمای کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، "شەماڵی عەبە ڕەش"
ئەکتەری ناوداری شانۆ، "شادان فوئاد" ئەکتەری بەئەزموونی شانۆ، دکتۆر "رێبوار
سەعید" ڕاگریی کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، "عومەری کەریم
ئاغا" ئەکتەری بەئەزموونی ھەرێمی کوردستان، "بەکر فەرەج" بەڕێوەبەری
وێنەگرتن، "ئاسۆ جەماڵ موختار" دەرھێنەر و ھەروەھا و کۆمەڵێک لە
کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید، کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی رۆژی ھەینی ٢٥ی
تشرینی دووەمی ٢٠١٦ سێیەمین خولی فیستیڤاڵی
فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" بە دروشمی "سینەما و دیدی نەتەوە" لە ھۆڵی
سینەمایی "فۆڵکت ھیووس" لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید دەستی پێکرد.
لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمەدا کە بە پێشکەش کاریی "کەماڵ ھەلویست" و "ریبین
رەشید" بەڕێوەچوو، "لاگێ بیۆرک" بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی
ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری گوتی: فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانیم
لە نزیکەوە بینی و لەڕاستیدا زۆر حەزم لێکرد و کۆمەڵەی ھونەرە
جوانەکانی یۆتۆبۆری بەنیازە کە لەگەڵ ئەم فیستیڤاڵە ھاوکاریی بکات و لە
داھاتوودا ھەڵسووکەوتی فەرھەنگی و چالاکی ونەریی زیاتر لەگەڵ یەکتری
ئەمدان دەکەین، ھەر بەم ھۆیەوە سێ فیلمی براوەی سەرەکی ئەم
فیستیڤاڵەمان بۆ بەشداریی لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری"
بانگھێشت کرد تاکوو ئەم فیلمانە لێرە نمایش بکەین.
گوتیشی: ھونەر و بەتایبەت سینەما و شانۆ، رۆڵی یەگجار زۆر گرینگ و
کاریگەیان لە نەھێشتنی تندووتیژی و ھەروەھا بەرەنگاربوونەوەی و
بەتایبەت ھێورکردنەوەی تیرۆر ھەیە و فەرھەنگی جیاوازی نەتەوە
جۆراوجۆرەکانی دنیا یەکێک لە جوانترین و گرینگترین وێنە جوانەکانی ئەم
جیھانەی بەدیھێناوە.
لە درێژەی دەسپێکی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی یۆتۆبۆری، "پیتێر
ئۆلف سۆن" سەرۆکی دەزگای ABF شاری یۆتۆبۆری گوتی: ئێمە لەم کۆمەڵەیە لە
ھونەرمەندان و بەرھەمەکانیان پشتگیری پشتگیری دەکەین و ھیوادارین کە
رێژەی ناوەندە ھونەرییەکانی وەکوو کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری
لەوە زیاتر بێت کە لەڕاستیدا یەکێکە لە نموونە سەرکەوتووەکان لەم
بوارەدا کە ئێمە لەگەڵیان ھاوکاریی بەردەواممان ھەیە و بێگومان لە
داھاتووشدا درێژە بەم ھاوکارییە دەدەین.
گوتیشی: ئێمە نزیکەی سێ ساڵە کە لەگەڵ فیستیڤاڵی فیلمی کوردی یۆتۆبۆری
ھاوکاریی دەکەین و یەکێکە لە فیستیڤاڵە سەرکەوتوو و بەرچاوەکان لە شاۆی
یۆتۆبۆری کە ھیوادارین ساڵ بە دوای ساڵ بەرەو پێشەکەوتن بە خۆیەوە
ببینێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەم رێوڕەسمەدا، "دڵشاد ئەحمەد" سەرۆکی سێیەمین خولی
فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" گوتی: لەم دۆخەی دنیای ئێمە پێیدا
گوزەر دەکات رەنگە سانا نەبێت لە توانای بەرھەمھێنانی جوانی بکەینەوە.
جوانییەک بتوانێ گوزارشت لە دیدێکی مرۆیانە بکات و ھەوڵێک بێت بۆ
ورووژاندنی پرسیارگەلێکی زیندوو کە زەینی چەند نەوەیەکی داگیر کردووە.
پرسیارگەلی شێوەی لەم سەردەمی جیھانگیری و تێکەڵاوبوونی کەلتووورانەدا
ئێمە لە کوێی گوتاری نەتەوەییداین؟ ئایا ئەم سەردەمە سەردەمی
زیندووکردنەوەی دیدێکە بە ئاراستەی بیرکردنەوە لە قەوارەی گەلێکی بێ
دەوڵەت؟
گوتیشی: تایبەتمەندتر دەتوانین لە میانەی دیداری فیلمەوە بپرسین ئاخۆ
سینەما وەکو نێوەندێکی فرەھەستەوەر و گرینگ لە کوێی پرسەکانی ئێمەدایە؟
ئایا ئێمە دەتوانین فیلم بکەینە ئامرازێک بۆ بەرھەمھێنانی دیدێکی نوێ
کە دەیەوێت لە ناو دنیای نوێدا جێی خۆی بکاتەوە؟ دیدێک گوزارشت لە
خواستی تۆلێرانس و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بکات لەم رۆژگارەی تیرۆر وەک
ڕمۆزن چۆتە وردترین جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری ئەوەیشتی خستەڕوو:
ھەڵبژاردنی ھونەر بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە لەوێوە دێت کە ھونەر رێگەیەکی
ئاسانتر و کاریگەرترە بۆ گەیشتن بە دنیای ئەوانی دی وەک لە زۆری تر لەو
لەو رێگایانەی بەربەستی فرەیان لە بەردەمدا قوت دەبێتەوە. ھونەر
دەتوانێ وێنەکانی واقیع بگوێزێتەوە و وەرگر بھێنێتە سەر ئەو بڕوایەی
ئەوەی ئەو پیشانی دەدات حەقیقەتە و ھەموو شتێک لە دەرەوەی ئەو کایەیە
درۆیەکی ڕووتە. ھونەر فاکتەرێکی کاریگەری گواستنەوەی یادەوەری و مێژووە
و دەتوانێ دنیا ڕووبەڕووی وێنەکانی خۆی لە ھەر سەردەمێکدا بکاتەوە.
فیلمە ھەڵبژێردراوەکانی ئەم دیدارە ھەروا لامسەلایی نەھاتوون، بەڵکوو
بەو ئاراستەیە کار بۆ کۆکردنەوەیان کراوە کە ببنە بەشێک لە گەیاندنی
ئەو گوتارەی خودی دیدارەکە دەیەوێت ئاراستەی دنیای بکات.
"دڵشاد ئەحمەد" سەرۆکی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری"
لە کۆتایی قسەکانیدا راشیگەیاند: سێیەمین دیدار بە دروشمی "سینەما و
دیدی نەتەوە" بەرێوەدەچێت، کە بە ھەموو پێودانگەکان دەبێت لە ئێستای
ئێمەدا سینەما ئەرکی وێناکردنی دنیای کورد لە ئەستۆ بگرێت، وێنەیەک لەم
گەردوونە فراوانەدا پێگەیەکی شایستەمان بۆ فەراھەم بکات. ئومێدی
گەورەمان لەسەر ئەو ستراتیجە ھەڵچنیوە و چاوەڕوانی زۆریشمان لێی ھەیە.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی
کوردی "یۆتۆبۆری" ئەندامانی گرووپی موزیکی "نەوا" کە لە ھونەرمەندانی
کوردیی شارە جۆراوجۆرەکانی کرودستان پێکھاتبوون ھاتنە سەر تەختەی شانۆ
و لە سەرەتا بە دەنگی "ھەڵبەست دیلان" یەکێک لە بەستە رەسەنەکانی
مامۆستای نەمری کورد "محەمەد ساڵح دیلان" پێشکەش کرا و پاشان گۆرانی "ھەی
نار" بە دەنگی ھونەرمەندی کرماشانی "فەریبورز کەرەمی" ئاراستە
ئامادەبووانی ناو ھۆڵی "فۆڵکت ھیووس" کرا.
ئەندامانی گرووپی موزیکی "نەوا" بریتی بوون لە: فەریبورز کەرەمی ـ
ژەنیاری سێتار، ئیبراھیم عوسمان ـ ژەنیاری ڤیۆلۆن، ئاسۆ دیلان ـ
ژەنیاری عوود، شەھریار ئارقینی ـ ژەنیاری نەی، تاھیر دەمیرداش ـ
ژەنیاری دیوان (ساز)، شاخەوان حەسەن ـ ژەنیاری سەنتوور، حەمید ئیمانی ـ
ژەنیاری زەرب و فەریبورز عینایەتی ـ ژەنیاری دەف.
لە درێژدەدا سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" بە نمایشی
کورتە فیلمی "وڵاتی ونبوو" لە درھێنانی سینەماکاری کورد "ھەوراز محەمەد"
دەستی پێکرد و لە پاشان فیلمی سینەمایی "عاشقەکان بە پێوە دەمرن" لە
دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەھرام مەسلەخی" و لە رۆڵ بینینی ئەکتەری
ناوداری کورد "شوان عەتووف" و چەندین ئەکتەری ناوداری ئێرانی لەوانە:
سرووش سیحەت، لەعیا زەنگەنە و پووریا پوورسورخ نمایشکرا کە لە لایەن
بینەرانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.
لە درێژەی بەرنامەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری"
و لە رۆژی دووھەمی ئەم فیستیڤاڵەدا سەرەتا کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی رۆژی
شەمە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ کورتە
فیلمەکانی "کوڕانی چیا" و "کاتژمێر ١٤:٣٦ و ٢٢:٨" لە دەرھێنانی ھاوبەشی
"ژیرۆ ئاگا ھەستیار" و "فریدریک کارلسۆن" و ھەروەھا کورتە فیلمی "ئاوێنە
ڕەنگ بزرکاوەکان" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "سالم سەڵەواتی"
نمایشکرا و پاشان کاتژمێر ٤ی دوانیواڕۆ فیلمی سینەمایی "مناڵانی
دیاربەکر" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "میراز بێزار" چووە سەر پەردە
سینەما.
ھەروەھا لە سێیەمین رۆژی ئەم فیستیڤاڵەشدا سەرەتا کاتژمێر ٣ی
دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە ٢٧ی تشرینی دووەمی
٢٠١٦ فیلمی سینەمایی "کوێستانی قەندیل" لە دەرھێنانی کۆچکردووی کورد "تەھا
کەریمی" نمایش دەکرێت و پاشان کاتژمێر ٤:٣٠ دوانیوەڕۆی ھەمان رۆژ کورتە
فیلمی "ماڵی سپی" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "ئەرەستوو مەفاخیری" و
بە رۆڵ بینینی ئەکتەری کورد "شیما مولایی" پێشکەش دەکرێت.
سەرجەم داھاتی فرۆشی بلیتەکانی سێیەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری"
پێشکەش بە نەخۆشخانەی (سۆزی دەروونی) تایبەت بە خانمان دەکرێت لە شاری
سلێمانی.
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" بە سەرۆکایەتی "دڵشاد
ئەحمەد" سەرۆکی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری و بە نمایشی بەرھەمی
سینەماکارانی کورد لە شارە جۆراودۆرەکانی کوردستان و بە نمایشی بەرھەمی
فۆتۆگرافی ھونەرمەندانی کورد "ناسح عەلی خەیات"، "بابان ساڵح"، "ھۆشمەند
ھەڵگورد" و ھونەرمەندی سویدی "لاگێ بیۆرک" لە رۆژانی ٢٥ تا ٢٧ی
تشرینی دووەمی ٢٠١٦ لە ھۆڵی سینەمایی "فۆڵکت ھیووس" لە شاری
یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنیی گشتیی سێیەمین
فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|