١٠\٤\٢٠٢١ چیڕۆک بۆ منداڵان: سەیرانێکی پایزیی.
لە ناو گەڵا وەریوەکاندا کۆمەڵێک وێنەی جوانمان گرت، نازانم بۆچی ئەو گەڵایانە ھێندە سەرنجڕاکێش و دڵگیر بوون، لەگەڵ باوکم ئەو ناوە گەڕاین و یەک یەک سەرنجی دارەکانم دەدا و دەستم لە گەڵاکانی سەر زەوییەکە دەدا.
گەیشتینە لای دارێک زۆر جوان بوو گەڵایەکانیشی سەوز بوون، گوتم بابە ئەم دارەیان بۆچی گەڵایەکانی نەوەریون و ھەر بە سەوزیی ماون؟ باوکم تەماشایەکی کردم وەکو بڵێ ئەی خۆت نایزانی؟ منیش گوتم بابە گیان ھاتەوە بیرم، ھەندێک دار ھەن چوار وەرزە سەوزن، ئەمەش یەکێکە لەوانە و ئەوانی تریش ھەر پایز ھات گەڵایەکانیان دەوەرن، چەندە خۆشە ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سروشتدا روودەدەن ئاوا بە چاوی خۆمان بیانبینین، تا باشتر لێیان تێبگەین و لەبیریشمان نەچێتەوە.
کە گەڕاینەوە بۆ لای دایکم و خوشکە بچکۆلانەکەم خواردنێکی خۆشی بۆ دانابووین، تێرمان لێیخوارد بە راستیی زۆر خۆشبوو بە لامەوە و سەیرانەکەی پتر لا خۆشکردم.
|