٥\٥\٢٠١٤ شاهین قاچێکی پەڕی بوو.
منیش لە ناو ئەو شەڕەدا بووم، ئەو شەوەم باش لەیادە، لە ناو جەرگەی بۆسەکەی دوژمن تێدەپەڕین، ئەوان بە سەر گردەکەوە بوون ئێمەش بە قەد پاڵەکەیەوە، ئەوان گوێیان لە دەنگی پێی ئێمە بووە و هەستیان بە جوولانەوەمان کردبوو، لە ناکاو کەوتنە تەقەکردن لێمان، نەماندەتوانی سەرمان بەرز بکەینەوە، بە خشکە چووین و لە شوێنێکی گونجاودا سەنگەرمان گرت، تەپوتۆز و بۆنی بارووت هەموو شوێنێکی تەنی بوو، بە بێ ئەوەی دەست بکەینەوە کەوتینە چاوەڕوانییەوە، لە پێشی پێشەوە فەرمانمان بۆ هات بە خشکە بە بێ ئەوەی هەڵسنەسەرپێ پاشەکشێ دەکەین، گوێم لە دەنگی هەڤاڵ ماهیر بوو کە گوتی "کەستان فیشەکتان پێوەیە؟" هەڤاڵ ماهیر هەر بە خشکە خۆی گەیاندە دوای دواوە و هەموومانی کۆنتڕۆڵ کرد، کە گەڕایەوە بە پەناگۆێماندا گوتی "هەموویان باشن" دوای ئەوەی ماوەیەک لەگەڵ مردندا دەستەویەخە مابووینەوە توانیمان لە ناو جەرگەی بۆسەی دوژمن خۆمان دووربخەینەوە، مانگەشەو بوو، چووینە خوارەوە بۆ رووبار کۆکە، هەموومان ئارەقمان دادابوو لەشمان خوێناویی بوو، مەچەک و سەر ئەژنۆمان خوێنی لێدەچۆڕا، زامنی چەکەکانمان داخست، سەرژمێری گرووپەکەمان کرد، چرپە لە ناو چرپەدا بە یەکی دەگوت (کەسێکمان دیار نییە کێ دابڕاوە؟) وەڵام زوو درایەوە، گوتیان (بەدری) هەڤاڵان شەوگار و سەرحەد گەڕانەوە بۆ ئەوەی هەڤاڵ بەدری بدۆزنەوە، ئەم دوو هەڤاڵە گەڕانەوە بۆ ناو ئەو دۆزەخەی کە کەمێک لەمەوبەر ئێمە خۆمان تێدا ڕزگار کردبوو، ئێمەش کەوتینە چاوەڕوانی هەرسێکیان.
لە هەموو لایەکەوە گرمەی تۆپ و هاوان دەهات، چەخماخەی تۆپەکان و تەڵقەتەنوورەکان دۆڵەکانی ڕووناک دەکردەوە، دەنگی تۆپ چیاکانی دەلەرانەوە، بە سەرمانەوە هاوان و تۆپێکی زۆر دەتەقینەوە، لە دوای تەقینی هەر تۆپێک هەستمان بە لەرینەوەی ژێر پێمان دەکرد و کاریگەری لە ناخماندا دەکرد، دوای ماوەیەک گوێمان لە دەنگێک بوو، لەوانەیە ئەمە بیستنی دوا دەنگ بێت، بێتەلەکەمان خشکەیەکی لێوەهات، ئاگادارکردنەوەی زۆر راشکاونە هێنرایە زمان، هەموومان بێدەنگ بووین، دوا دڵۆپی سەبرمان تکا بوو، ماوەی کاتژمێرێک چاوەڕێمان کرد بەڵام ئەم چاوەڕوانییە زۆر سەخت بەسەر چوو، هەڤاڵان شەوگار و سەرحەد گەڕانەوە، هەڤاڵ بەدریان نەدۆزیبۆوە، ئێمە بە ئازارێکی زۆر کە ناخمانی تەنی بوو بەرەو خوارووی دۆڵەکە هەنگاومان نا، لە سەروومانەوە گرووپێکی قەڵەباڵغی هێزی دوژمن ڕێیان دەکرد، بەرد و زیخ کە لە ژێر پێیان دەترازا بەسەرماندا دەکەوتن بە بێ ئەوەی هەست بە بوونی ئێمە بکەن لێمان دوورکەوتنەوە.
|
||