په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٥\٢٠١٥

شاعیرێک لە نێوان نائومێدی و چاوەڕوانیدا، بە شوێن چیدا دەگەڕێ؟!
- خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی (عەشق نائومێدییەکی خۆشە)ی گۆران ڕەئوف -

بەرزان عەلی مەجید 


زۆر کات لە زۆر جێگە و لە زۆر تێکستدا بەر خودی پوچگەرایی و بەر کاردانەوەکانی ئەم چەمکە کەوتووم، بۆ من زیاتر وەک لایەنە مەعنەوییەکەی کاریگەری لەسەر ژیانم داناوە و زۆر کات ھێندە قوڵبومەتەوە لەنێویدا، وەک تەنێکی بێھێز بە واقیعەوە ماومەتەوە! ئەوەی بۆمن گرنگە لێرەدا تیشک بخەمە سەری و لەبارەوە بپەیڤم، تازەترین بەرکەوتن و ڕوبەڕوبونەوەم بوە لەگەڵ کتێبێکی شیعری گەنجێک، کتێبێک کە توێی پەڕەکانی چەند دێڕێکی سادەی تێدایە! بەلێم ئەم دێڕە بچوک و سادانە وادەکات دیسانەوە پرسیار و گومان و دڵەڕاوکێ لای خوێنەر دروستبکات و پتر بە دەنگێک دەچێت کە دیسانەوە ھاوار و دەنگدانەوەی خۆمان لە یۆتۆپیایەکی خەیاڵیدا ببینینەوە کە دەکرێت ناوی بەرین بە (دورگەکانی پوچگەرایی)!


کتێبی (عەشق نائومێدییەکی خۆشە) ھەر لەناونیشانەکەیەوە ئەوەی جێگەی سەرنجە بۆ خوێنەر ئەوەیە، توشی دژبەرییەکمان دەکات لەنێوان وشەی نائومێدی و خۆشیدا! بە فۆڕمێکی تر دەیەوێت چەمکی عەشق پەلکێشی دنیایەکی تر بکات، دەیەوێت بە ڕوئیایەکی جیاوازەوە لەبارەی عەشقەوە پەیامەکانی بخاتەڕو! ئێمەی خوێنەر لەو چرکەساتەی تێدەپەڕین بەسەر ناونیشانی کتێبەکەدا ھەست بە سادەگۆییەک دەکەین! کە بەبڕوای من ئەم سادەگۆییە ئەوەندەی مەبەست و ئامانجییەتی پێمان بڵێت کە لە ھەڵکۆڵینی سادەییەکانەوە ھاتوم بدوێم! دەیەوێت لەو گۆشەنیگایەوە پێمانبڵێت دەکرێت لەم ڕۆژگارەدا بە ڕوانگەی تر و بە تێڕوانی تر و بە دنیابینی تر و بە ستایلی ترەوە شیعر بنوسین! یاخود لە سادەییدا بەر دنیا پەنھان و نھێنییەکان بکەوین! ئەو دنیایانەی کە زۆر نزیکن و ڕەنگە زۆرکات لە تەنیشتماندابن؟! یان ئەوەی کە ڕەنگە ھەر لەناو خودی خۆماندا بن؟!


بۆیە سادەگۆیی لێرەدا وەک ئامراز و کۆدێکی بەھێز دروستکراوە بۆ پەلکێشکردنمان بۆ ناوەوەی دنیای شاعیر! سادەگۆیی لێرەدا وەک ئامانج و وەک سڕینەوەی دنیایەکی تر دروست بووە، تا پێمانبڵێت دەکرێت لەم سادەییەوە بەر تەواوی ئەو برین و ئازار و گومان و تێکچونە دەرونیانە بکەوین کە پێشتر بە ئاڵۆزی و شێواوی بەریانکەوتوین!


لای من کتێبی (عەشق نائومێدییەکی خۆشە)ی(گۆران ڕەئوف) ئەزمونێکی تارادەیەک تازەیە لە دنیای خوێندەوەی ئەدەبیمدا، لێرەدا بەر جۆرێکی تر لە شیعر و بەر مرۆڤێکی تر دەکەوین، کە چەندە بریندارە، چەندە ماندوی سەردەم و عەشق و مرۆڤ و تەنانەت خودی خۆشییەتی! کە دەتوانم بڵێم لە ئەدەبیاتی پێشوترماندا ئەزمونێکی تەواو جیاوازە و وێنەی نوسەر یان شاعیر وێنایەکی تەواو خودییە و ئیشکردنی لە خۆیدا تاڕادەی ونبونییەتی! گۆران دەیەوێت پێمان بڵێت، من مرۆڤی ڕاستەقینەی سەردەمەکەمم و ئەمەیە وێنایەکی مرۆڤ لە وەھا ڕۆژگارێکدا! بەلێم تا ئێرا ھیچی نەوتوە! بەڵکو ئەوەی گرنگە و ئەوەی لای من مەبەستە لەم کتێبەدا بیخەمە بەر توێژینەوە، ئەوەیە کە چەمکی گومانگەرایی چۆن تەوزیف کراوە بۆ نێو شیعرەکانی؟! چۆن پرسیار دەربارەی چەمکی نائومێدی دەکات؟! ئایا گۆران وەک تەواوی مرۆڤە نائومێدەکانی پێش خۆیەتی؟ یان وێنایەکی تازەیە لە نائومێدیدا؟ یاخود عەشق و ئازارەکانی عەشق وەک پرۆسەیەک، لە ژیانی ئەم شاعیرە گەنجەدا چۆن وێناکراون؟ بەشێکی تر کەلای من زۆر گرنگە زمانی شیعری ئەم شاعیرەیە، کە جیاواز لە ئەدەبیاتی پێشومان بە فۆڕم و کەرەستە و ڕستەسازی نوێوە دەیەوێت واتا و شیعر بەرھەم بھێنێت!!


زمانی شیعر:


دەتوانم بڵێم زمانی شیعر بە قۆناغی زۆر ھەستیاردا تێپەڕیوە تا ئەوەی گەیشتووە بەو ساتەی زمانی گێڕانەوە زمانی حیکایەتی وشک و زمانی سەرگوزشتەکان و زمانی شیعری زۆر جیاواز و زمانی چیرۆک و ڕۆمانیش تایبەت بکرێت بە خۆیان، بۆیە ئەوەی ھەموان لەسەری کۆکن کە ناکرێت ئەدەبێکمان ھەبێت، بەلێم زمانێکی تایبەت بەو ئەدەبەمان نەبێت؟! بەگشتی زمان لە ئەدەبدا بە خاڵێکی بەھێز و پێشمەرجی ئەدەب دادەنرێت! بۆیە زۆر گرنگە شاعیر توانای ئەوەی ھەبێت زمان بخولقێنێت و بتوانێت زمانێکی تایبەت بەخۆی ھەبێت بۆ دەرخستنی ئەدەبەکەی..


زمانی شیعری لەم کتێبەدا زیاتر زمانێکی بازاڕی و سەر جادەییە، زمانێکە خاڵییە لە شیعرییەت و ھاوکات شیعریشە! ئەمەیە وادەکات کە بڵێین شاعیر توانیویەتی زمانێکی تایبەت بەخۆی چێبکات و پەیام و دنیابینی خۆی مانیفێست بکات بۆ خوێنەر، سەرتاپای شیعرەکانی ئەم کتێبە لە بازنەیەکی زمانەوایدا دەخولێتەوە و دەکرێت بە ئەزمونی گۆران ڕەئوف ناوی بەرین، چونکە شاعیر بەدەر لەوەی شیعرێکمان بۆ بەرھەمبھێنێت، ھاتووە ئەو پەیوەندییە زمانەوانییەی تێکشاکندووە کە لە چیرۆک و شانۆ و ھتد.. بونی ھەیە، ئەویش بە دروستکردنی گفتوگۆ لە قولێیی شیعرەکانیدا، ھەڵبەت ئەم ئەزمونە لای ھەندێک شاعیری پێشوتر بونی ھەبووە، بەلێم بە زمانێکی تر و بە فۆڕمێکی جیاوازتر، ئەوەی گرنگە لەم تێکشکانە زمانەوانییەدا ئەوەیە تۆ لە چرکەی خوێندنەوەی ئەو کتێبەدا تەنیا بە شیعرێک ناکەویت! بەڵکو چیرۆک و وێنای جیاواز جیاواز خۆیان بەیاندەکەن لە ھزر و ئەندێشەتدا، بەر (من)ێک دەکەوێت کە ھەست دەکەین ئەو (من)ە بەشێکی گەورەی لەتۆدا ھەیە و تۆ بۆ پێشتر نەتزانیوە؟! لە تەواوی ئەم کتێبەی گۆران دا (من) زۆر دوبارەبوەتەوە، کە بەڕای من ئەوەندەی لە خەمی خۆیدایە و ئەوەندە بیر لە (من)ی خاوەن ئازار و گومان و نائومێد دەکاتەوە، ئەوەندە بە ڕونی ئاوڕی لە دەروبەری ئەو (من)ە نەداوەتەوە! ئەمەش لای من دلالەتە بۆ (من)ی سەردەمی کەپیتالیزم و فریانەکەوتن و مانەوەی (من) لە وەھا ڕۆژگارێکدا!! گۆران بەبێ ئەوەی باس لەوەبکات سەردەم لە وێرانبونێکدایە؟ لە ڕێگەی جێناوی (من)ەوە مانیفێستۆی خۆی و جیھان و سەردەمەکەی دەکات!


لایەنێکی تر لە جوانی و جیاوازی زمانی ئەم کتێبە ئەوەیە، کە پڕیەتی لە وێنەی چیرۆکئامێز و سینەمایی، کە شتێکی تایبەت و جیاوازە لەم شیعرانەیدا، بۆ خوێنەر دەکرێت چێژ کۆتا شتبێت کە بەری بکەوێت، بەلێم واتا و دروستکردنی فۆڕمێکی نوێ بۆ زمانی شیعری بەڕاستی دەلالەتە بۆ توانا و کارامەیی گۆران، وەک لە شیعری (خەیاڵە دۆزەخییەکان و پەیڤە بەھەشتییەکان!) دەڵێت:


من لە ژورەکەی خۆمدام..
میوزیکێکی ھێمن و لەسەخۆ گوێلێدەگرم..
دەنگی دەگاتە شوێنی خەوەکەی باوکم،
باوکم دەزانێت من خەریکی وشەکاریم
لەبەرئەوەی باش بخەوێت
دەڵێت:
- کوڕم بەچییەوە خەریکی؟
+ نوسین!
- بڵێ شیعر!
+ وایدانێین!
- باوکی خۆم خەریکی چیت،
مامۆستا (قانع)یش وایکرد
تامرد ٥ دیناری نەبو!
+ دەزانم!
- ئەی کەدەزانیت، وازبێنە و
بڕۆ دو دینار پەیداکە!
+ ناکرێت باوکە... ناکرێت
من خاوەن ڕۆحێکی نائارامم!
- خاوەن ڕۆحێکی گواویت، گواوی!!
باشە ئەو جوزە جوزە کزکە با کەمێک بتۆپم!


ئەو تەنیا نەھاتووە وێنەی پچڕ پچڕ دروست بکات و جێیان بھڵێت، نەشھاتوە بەزمانێکی شیعری چیرۆک و شانۆ بنوسێت؟ بەڵکو لە تەواوی ئەو ڕەھەند و ژانرە ئەدەبیانەی لە شیعردا تواندۆتەوە و تەنیا و تەنیا جۆرێکی تر لە شیعری پێ چێکردووە! کە ئەم جۆرە شیعرە لە ئەدەبیاتی ھاوچەرخی فارسیدا نمونەیان زۆرە، بەلێم ئەوەی جێگەی سەرنج و جیاوازییە، گۆران بە زمانێکی تەواو گۆرانیانە واتە خودی شاعیر ئەم کتێبەی بەرھەمھێناوە، دەکرێت بەشێوەیەکی تر بڵێن: شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە واژۆ و پەنجەمۆری شاعیریان پێوەیە و لای من ئەزمونێکی تازە و سەرکەوتووە، ئەوەی لەم زمانە شیعرییەدا بەدی دەکرێت، ئەوەیە کە دەتوانم بڵێم شیعرەکانی تەنیا لەخودی خۆی دەچێت، نەک وەک ئەو شیعرانەی کە دەیان شاعیر شەڕی خاوەندارێتیانە لەسەری و دواتریش کە ئاشنایان دەبیت ھەستدەکەیت شیعر نییە!


نائومێدی و نیگەرانی!
یان گاڵتەکردن بە خودی تاریکی و نائومێدی:


لەم کتێبە شیعرییەدا دەتوانین بڵێن سەرتاپای شیعرەکانی باس لە مرۆڤێکی نائومێد و وەڕس و یاخی و تەواو بریندار دەکات، ئەمە وەک ڕون و ئاشکرایە بۆ ئەدەبی کوردی تازە نییە و زۆرن ئەوانەی لە گۆشەنیگای خۆیانەوە تەواوی ئەم چەمک و ڕەھەندانەیان داوەتە بەر تیغی پێنوسەکەیان، بەلێم ئەوەی وادەکات لەسەر ئەم چەمکانە ڕاوەستین و لەبارەیانەوە شتێک بڵێین ئەوەیە کە گۆران بە شێوەیەکی تر و بە ئاوازێکی تر و بە دەستکاریکردنێکی نوێوە ئەم چەمکانەی تەوزیف کردووە بۆ نێو شیعرەکانی، واتە کاتێک بەر ئەم شیعرانە دەکەویت وەک خوێنەر، ھەستدەکەیت خۆت لە داستانێکدا دەبینیتەوە، کە ترس و دودڵی و گومان و نیگەرانی سەرتاپات داگیردەکات، شیعرەکانی ئەم شاعیرە بە جازیبەیەکی بەھێز پەلکێشی دنیاکەی خۆیت دەکات و ناخودئاگایانە دەبیتە بەشێک لەو شیعرانە و جۆرێک لە نائومێدی و پرسیارکردن لەخۆت بۆ دروست دەبێت، کە بەڕای من ئەمە ئەرکی بنەڕەتی و ڕاستەقینەی شیعرە.


ئەو نائومێدنییە لە واقیعی سادە! نائومێد نییە لە ڕوداوێک و لە ڕۆژێک و لە مانگێک و لە ساڵێک، ئەو نائومێد نییە لە تەواوی ژیان و لەتەواوی کایەکانی؟! دەکرێت بشڵێن نائومێدە لە تەواوی ژیان و لە تەواوی کایەکانی!؟ چونکە دەیەوێت شرۆڤەی نائومێدی بکات و لە ڕوانگەی شیعرەکانییەوە، دەیەوێت وەلێمی خودی نائومێدی بداتەوە! دەیەوێت پرسیار بکات ئەسڵەن بۆ شتێک ھەیە بەناوی نائومێدییەوە؟! بەڕای من ئەم دیدە تاریک و نائومێدە بۆ گەنجێکی وەک گۆران کە بەو زمانە جوانە تەوزیفی شیعرەکانی کردووە، زۆر مایەی دڵخۆشییە، بۆئەوە نا کە پیاوێکی نائومێدە و وێنەی نییە لە نامۆبوون و تاریکبینیدا؟! بەڵکو بۆئەوەی زۆر جیاواز لەوانی دی دەڕوانێتە ژیان و دێدی تەواو یاخییانەی ھەیە لەمەڕ ژیانەوە! ئەم یاخیبون و تارکیاییە لای گۆران تەنیا ئامرازێکی فریودەر نییە تا شیعرییەتی خۆی تێدا بنوسێتەوە، بەڵکو تەواو ڕاستەقینەیە و زۆرکات گاڵتە بەخودی نائومێدیش دەکات!! ئەو بەوەوە ناوەستێت کە پرسیار دەربارەی بونی نائومێدی بکات، بەڵکو دەیەوێت ھەوڵبدات وەلێمێک بۆ ئەم چەمکە بدۆزێتەوە! دەیەوێت نوکتەی کۆتایی دەربارەی نائومێدی و چاوەڕوانی دابنێت بۆئەوەی ئەو کەسانەشی دوای ئەو دێن، وەلێمێکیان ھەبێت. وەک لەم نمونە شیعرییەدا ھاتووە:


من پیاوە چاوەڕوانەکەی گەردونم!
ئەوەی ھیچ شتێک شک نابەم
بۆ جیاوازیم لە ئینسانەکان..
تەنھا چاوەڕوانیم نەبێ!
من ئەو کابرایەم دەتوانم
خۆم نەجاتدەم و ونبم!
بەلێم خەمی ئەو ھاوشێوانەمە
کەلە سەدەکانی دواتردا
چاوەڕوانی دەیانکوژێ!


گۆران دەیەوێت نائومێدی وەک چەمکێک بخاتە ژێر وردبینییەوە و تەواو شرۆڤەی بکات بۆ خۆی و بۆ ئەو کەسانەشی وەک ئەون! ئەو خۆی بە بەرپرس دەزانێت لەم دۆخەدا و بەبێ ئەوەی خۆی بیەوێت تەواو پەرەگرافێکی ھیومانیستییە و ئەو پەڕی ھەستی بەرپرسیارێتییە!! کە دەتوانین بڵێن لە شیعرێکدا چەندین چەمکی دروستکردووە و توانایەکی بەھێزی ئەم گەنجە دەخاتەڕو کە ھۆشیارانە پەیڤاوە لەمەڕ تەواوی چەمکەکانەوە.


زۆر شاعیر و زۆر نوسەری دی بەشوێن وەلێم و پرسیارە لەمێژینەکانی نائومێدیدا گەڕاون و لەبارەیەوە دەیان شاکار و دەیان ڕوداوی تراژیدی ھەیە کە تێکڕا ھەڵێنجراوی چەمکی نائومێدین، بەلێم لایەنێکی جیاوازی تری ئەم چەمکە لای گۆران ئەوەیە، کە ڕەحم بە خۆی و بیرۆکە و تەنانەت کردە ڕایالیزمییەکانیشی ناکات و دەیانخاتە بەر نەشتەری پرسیارە عەجول و سەیرەکانییەوە! کە ئەم خاڵە لای من بەدەرلەوەی دەلالەتێکی ڕونە بۆ ڕاستگۆیی، ھاوکات دەکرێت بڵێن بێباکییەتی لە ئاست نائومێدیدا! بەواتایەکی تر مەبەستمە کە بڵێم، ئەم شاعیرە لاوە نائومێدی وەک پەناگە تەماشا ناکات! وەک دواین مەنزڵ بۆ پرسیارکردن و جموجۆڵە فیکرییەکانی تەماشاناکات، بەڵکو ئەو مرۆڤێکی وێل و سەرگەردانی دەست خۆیەتی و ھەربۆیە خۆشی دەخاتە بەر وردبینی پرسیارەکانی و لە زۆر جێگادا گاڵتە بەخۆی و عەشق و کردە کۆمەلێیەتی و تایبەتەکانیشی دەکات! کە ئەمەش بە شێوەیەک لە شێوەکان جیاوازێکی تایبەت دروست دەکات لەنێوان خودی شاعیربوونی گۆران ڕەئوف لە ئاست شاعیرانی تردا! وەک لە شیعری (بەلەمی خنکاودا) دەتوانین ئەم یاخیبون و وێڵی و شەڕە بدۆزینەوە کە شاعیر بەخۆی دەفرۆشێت:

 

١
لەبیرمە ماوەیەک لەمەوبەر
ھاوڕێ کچەکەم لێمی پرسی:
بۆ ئەوەندە نیگەرا ن و
نائارامی؟!
٢
من دوای کەمێک بێدەنگبون و
سەرسامبون،
... وتم:
بڕوابکە گەواد نییە
بزانێت بۆ وەھام!!
٣
ئێستا دێرێکی (کافکا)م
بەرچاوکەوت،
کەدەڵێت:
"تەنھا خودا بەخۆی دەزانێت
کە لە چی سەرچاوەیەکەوە
ھەستی نیگەرانیم ھەڵدەقوڵێت"!!
٤
ئایا من و کافکا
یەک گرفتاریمان نییە، ھاوڕێم؟


تێڕوانین و دیدەکانی گۆران لەم شیعرەدا زۆر ھەڵدەگرێت، بەلێم ئەوەی ئێمە مەبەستمانە ھەندێک شتی لە بارەوە بڵێین ئەوەیە، کە شاعیر بە ڕادەیەک ھەست بە نیگەرانی دەکات کە خۆشی نازانێت بۆ وەھایە؟ بۆ بەو شێوەیە؟! ئەسڵەن کامە ھۆکارە وادەکات بەم چەشنە مرۆڤێک نیگەران بێت؟! ئەو لە شیعری لە (پیاوێک ھێشتا ھەر چاوەڕوانە!)دا وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا دەیەوێت شیکارێکی لۆژیکی بۆ چەمکی نائومێدی بدۆزێتەوە و وەلێمی پرسیارەکانی بداتەوە! بەلێم ئەوەی گرنگە لێرەدا واتە لە شیعری (بەلەمی خنکاو)دا ئەوەیە گۆران خۆی و نائومێدییەکانی و تەنانەت ئەو دنیای ئەو کچە ھاوڕێیەشی دەخاتە بەر پرسیارە دژوار و بێ وەلێمەکانی نائومێدی و نیگەرانییەوە، تاڕادەیەک کە دەڵێت: گەواد نییە بزانێت بۆ وەھام؟! گەواد لێرەدا بە زۆر واتا دێت و ھێمایە بۆ زۆر شت! بەلێم ئەوەی وەک مەبەستی شاعر زۆرتر دەردەکەوێت ئەوەیە کە گەواد وەک ئیدیۆمێکی ناوچەیی و نیشتمانی بەکارھێناوە ھەتا تا کۆتایی کەسەکان کە گەوادە، ناتوانێت درک بەم ئازار و نیگەرانییانەی بکات!! بەدەر لەمەش جۆرێک لە سوکایەتی و گاڵتە بەخۆکردنی تێدایە، ئەویش لەو چرکەساتەدا کە گەواد وەک دەلالەتێک و ئامرازێکی خراپ و نابوت بەکاردێنێت، کە بڕوای وایە ھەتا سوکترین و ڕیسواترین مرۆڤ ناتوانێت لە نیگەرانییەکانی بگات!! ئەمەش دەلالەتێکی ڕون و ئاشکرایە بۆ سوکایەتی کردن و خراپ تەماشاکردنی نیگەرانی و نائومێدییەکانی!


ئەم دیدەی گۆران بۆ خۆی و نائومێدییەکانی تەنیا ڕاستگۆییەکی یاخیانەی تێدا دەبینرێت و جیاواز لەو دیدەی بۆ شاعیر ھەیە کە درێژکراوەی پێغەمبەرانن و دنیایەکی فریشتە ئاسایان ھەیە!! دنیای ئەو تاریکە و نائومێدی و نیگەرانی و چاوەڕوانی و وەڕسی، لە زۆربەی تێکستە شیعرییەکانی دوپاتبونەتەوە و بەپێی واتای تێکستەکانی بەکارھاتوون بۆ مەبەستی جیاواز جیاواز..


ئەم شاعیرە لاوە لەتاو نیگەرانی و ئازار و وەڕسییەکانی پڕبووە لە بێباکی و وێنای سەیر سەیری خۆی دەخاتەڕوو لەئاست ژیاندا!! ئەو بۆی گرنگ نییە چییە و چۆن دەژی و دەیەوێت بەرەو کوێ ھەنگاو بنێت؟! ئەو تەنیا بیر لە نیگەرانییەکانی دەکاتەوە، وەک لە شیعری (٢١ ساڵ و شەش حەوت مانگ)دا دەڵێت:


ھەنوکە بیست و یەک ساڵ و
شەش حەوت مانگم!
نازانم چەندیم بە خەو بەرێکردوە!
گرفتێکم نییە لەماوەی ئەم
تەمەنەدا چیمخواردوە و
چیم خواردۆتەوە!
بەلێم دڵنیام
چرکەیەکم نەبوە تێیدا وەرس نەبوبم!
ساتێکم نەبوە وەک چۆن لە ڕۆژە گەرمەکان ھەڵدێین
وەھا لێی ھەڵنەھاتبم!
نازانم ھەڵھاتنم بۆچی بو؟
بۆکوێ بو؟


لەم پارچە شیعرەدا شاعیر لێکئالێوە بە نیگەرانییەوە و ئەو ئیدی نائومێدێکی سروشتییە و وانیشان دەدات ھەر لەسەرەتای بونییەوە نیگەرانی بۆتە بەشێک لەودا و خۆشی بۆتە بەشێک لە نیگەرانیدا! ئەم بڕیارە بڕیارێکی سەختە ھەر کەسێک بتوانێت واژۆی بکات؟ چونکە بەدوایدا قۆناغی تر دێتە پێش لە نیگەرانیدا و دەکرێت ئامادەگی بکات بۆ قۆناغەکانی تر! بەلێم لە پەراگرافێکی دیکەی ھەمان شیعری کرۆدتەوە وەلێمگۆی ئەو قۆناغەی کە پاش ئەوە دێت مرۆڤێک ھەیە لە بونییەوە نیگەرانە و ھاوکات لە ژیان بەردەوامە؟! دەڵێت:


راستی من پێمشەرمە کەبڵێم
دڵنیام لەوەی
من پیاوێکی فرە ترسنۆکم!
گەر دە بیست و یەک ساڵی تریش بژیەم
ھەرگیز ناتوانم خۆمبکوژم!
ھەرگیز ناتوانم واز لە نائومێدکردنی
خەڵکانی دیکە بھێنم.


ئەو پێی وایە گەر دەیان ساڵی دیکەش بژییەت خۆی ناکوژێت و ھەمان دێوە زمە کە نیگەرانییە بەرۆکی بەرنادات و پێکەوە دەژین و ئەسڵەن لە کۆتا دێڕدا دەڵێت: ھەرگیز ناتوانم واز لە نائومێدکردنی، خەڵکانی دیکە بھێنم! کە بەو واتایەدێت ئیدی ئەم بۆتە بەشێک لە نیگەرانی و نائومێدی! بۆیە نەک ئەوەی خۆی ڕزگاربکات لێیان بەڵکو ھەوڵ بۆ نائومێدکردنی خەڵکانی تر دەدات!! ئەم شیرکردنەوە واتاییە بەو مانایە نایەت کە ئێمە ھاتوین شرۆڤەی واتای تیکستەکان دەکەین، بەڵکو ئامانجمانە دیدگا و واتا بنەڕەتییەکانی ئەو چەمکە لە ڕیشەوە شرۆڤە بکەین کە شاعیر کاری تێداکردوون!


لایەنێکی تری واتا سازیی لەم شیعرەدا ئەوەیە کە بەگشتی مرۆڤەکان یان لە ئێستادا دەژین و بیر لە ڕابردوو دەکەنەوە؟ یان لە ڕابردودا دەژین و بیر لە داھاتو دەکەنەوە؟ یان پێچەوانەکانی ئەم بیرکردنەوانە دەژین.. بەلێم دنیای گۆران نە پەیوەندی بە ئێستایەکەوە ھەیە وەک پرۆسە سروشتییەکەی ژیان، نە پەیوەندی بە داھاتوەوە ھەیە وەک کاراکتەرێک کە بییەوێت ھاوشێوەی ھەموان بژییەت! بەڵکو بەتەواوی پێچەوانەی ھەمووانە و نەبیری لای ڕابردووە و نە بۆ ئیستا و داھاتوش دەژی! بەڵکو ئەو سەرقاڵە بە بەیانکردنی نیگەرانییەکانی و سەرقاڵە بە نائومێدکردنی ھەموانەوە.


پرۆسەی عەشق و ئافرەت لە نەفرەتەکانی ئەم شاعیرەدا!


بەرلەوەی لەم بارەیەوە بدوێین، بەگرنگی دەزانم باس لە دنیا بینی شاعیر بکەم، ئەوجا پێگەی عەشق و ئافرەت بدەمە بەر توێژینەوە لە شیعرەکانیدا، چونکە ئەوەی وادەکات ھەست بە نەفرەت بکەین لای ئەم شاعرە بۆ ئافرەت و عەشق وەک پرۆسەیەکی نابوت ئەوەیە کە بەتەواوی مانا کابرایەکە نیگەرانییەکی سروشتی تێدایە و بۆی گرنگ نییە چی دەگوزەرێ لە کایەکانی ژیاندا!؟


ئەو نیگەران نییە لە ژیانێکی واقیعی سادە! ئەو گلەیی لە بەشێک یان ھەندێک لە کایەکانی ژیان ناکات، بەڵکو بەتەواوی مانا نیگەرانە لە گەردون و ھەمو کایەکانی تری ژیان بە فریودەر و گاڵتەجار دەزانێت! دیسانەوە پێویستە کە بڵێم ئەمەش لایەنێک و خاڵێکی بەھێزی جیاوازی ئەم شاعیرەیە بە بەراورد بە ھاوتەمەن و ئەدەبیاتی کوردی! چونکە تەواوی کەرەستەکانی پێوشتری پێچەوانەکردۆتەوە و ھاتووە لە فەزایەکی جیاوازدا گوزارشت لە عەشق و ئافرەت دەکات! کە لای ئەوانی تر پێچەوانەکەی ڕاستە و دەکرێت بڵێین ئەدەبیات لە خزمەتی جوانی و باشی و ستایشی ئافرەت و عەشق دایە، بەلێم لای ئەم شاعیرە لاوە بەدەر لەوەی لە زۆربەی شیعرەکانیدا پێگەی ئافرەت غایب و ونە، ھاوکات نەفرەتێکی تەواوەتی لێکردون و دەیانخاتە بەر پرسیاری ئەوەی بەشێکن لە نابوتییەکانی دنیا و تێکدانی دنیا!!


ئەو ئافرەت لە شیعرەکانیدا ھەپرون ھەپرون دەکات و بەراوردیان دەکات بە شتی زۆر سادە و زۆرکات لەوانەش بە کەمتر لێیان دەڕوانێت! ئەم دیدگایە لای زۆر شاعیری تر بونی ھەبووە، بەلێم خاڵی جیاواز و بەھێزی ئەم دیدگایەی گۆران لەوەدا کە بەھێزتر و ڕونتر لێیان دەدات و وێرانیان دەکات، تا ڕادەی بەکەم بینیان لە شتی زۆر سادە کە ھەموان بایەخ بۆ ئەو شتانە دانانێن، وەک لە شیعری (بۆ ھەڵچونی شەوێکم)دا ھاتوە:


١
ئەمڕۆ زنجیری قەمسەڵەکەم خراپبوو!
ھەر ئەو ڕۆژە کچێک بووە ئاشنام!

٢
من لەتاو درۆکانی ئەو کچە
فریانەکەوتم غەمێک بۆ
زنجیری قەمسەڵەکەم بخۆم!

٣
ڕۆژانێکی دواتر..
ڕۆژێک
ناخودئاگایانە ڕۆیشتمە
لای پینەچییەکی پیر و
زنجیری قەمسەڵەکەم چاککردەوە!
شەوی ھەمان ڕۆژ
ئیدی لەدرۆی کچەکە ڕزگارمبوو..

٤
چ ڕێکەوتێکی سەیرە ژیان!
چ درۆیەکی گەورەیە
مەستبوون لەباوەشی ژندا!
چ گەمژانەیە
کەسانێکمان خۆشبووێت
ھێندەی زنجیری قەمسەڵەیەک
کاریگەربن!


ئەوی شاعیر لەم شیعرەدا زۆر بەتوندی بە ئاماژەی زۆر دەلالەتدار باس لە تێڕوانینی خۆی دەکات لەبارەی ئافرەتەوە! ئەو باوەڕی وایە زنجیری قەمسەڵەیەک بایەخ و ئەرزشی زیاترە لە تەواوی خانمان، ئەسڵەن بەوەیان دەزانێت کە شیاوی خۆشویستن نین، ئەم دیدە نیچەییە زۆر بە زەقی لەم شیعرەی گۆران ڕەئوف دا بەدی دەکرێت، لە یەکێکی تر لە شیعرەکانیدا ناویان دەبات بە قەحپە و چواندنێکی سەیر دروستدەکات لەنێوان خودی ئافرەتدا و پیشەیەکی زۆر نابوت و نالەباردا، ئەو دێت موخاتەبەی ئەوی غایب دەکات و بە قەحپەیەکی دەچوێنێت کە ئەمەش جیاواز لەوەی سوکایەتیکردنە بەو ڕەگەزە ھاوکات پرسیارکردنە لە بونیادی بنەڕەتی ئەو ڕەگەزە کە ئەوی شاعیر وایدەبێنێت! وەک لەیەکێک لە دێڕەکانی شیعری (سەیرترین جانەوەر)دا دەڵێت:


٥
کوڕە چلورەفرۆشەکە لەقەراغ شار
درایە بەرگوللە!
تۆ وەک قەحبەکان پێکەنیت!


گەر لە ناونیشانەکەیەوە تەماشاکەبکەین، تێدەگەین وەک جانەوەرێک باس لەم ڕەگەزە دەکات، ئەمەش لای نیچە و زۆر بیریاری تر بونی ھەبووە و ئەسڵەن بە ئاژەڵیش وێناکراون، بۆیە لای ئێمە کەمتر ئافرەت تەوزیفکراوە بۆ وەھا باس و خواسێک، بەلێم گۆران توانیویەتی بەبێ گوێدانە ئەو ڕەخنانەی لەم بارەیەوە لێیدەگیرێن، قسەی خۆی بکات و دیدەکانی خۆی بخاتەڕوو لەم بارەیەوە، ئەمەش بەلای منەوە بەدەر لە ڕاستگۆیی خۆی لەئاست واتا و وەزیفەی ئەدەبەکەیدا، ھاوکات بوێری و خستەڕوی دنیابینی خۆیەتی بە پەردە! بەدەر لەمەش لای زۆربەی شاعیرانی تر پێچەوانەی ئەمە ڕاستە و تەواوی ئەدەبەکەیان لە خزمەتی ئەمە ڕەگەزەدایە و دەکرێت بڵێن ئەدەبێکی ستایشخوازانەیە لەئاست ئەم ڕەگەزادا، بەلێم گۆران جیاواز لەوەی کە نەک ھەر ستایشی نەکردوون بە ڵکو بە (جانەوەر و قەحپە و کەمتر لە زنجیری قەمسەڵەیەک و ھتد) ناویبردوون.


سەرەنجام لەکۆتایدا دەتوانم بڵێم، ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە شعرییە جیاواز و تایبەتەکان، کە لێوڕێژە لە پرسیار و گومان و تێکچونی دەرونی و تێکشکاندنی ڕستە و فۆڕمی شیعر لە ئێستادا، ھاوکات بۆ ئێستا نوسین بەم چەشنە دەمنخاتە ژێر کۆمەڵێک دەلالەتی گەورەوە، کە دەتوانین بڵێین گۆران ڕەئوف وەک شاعیرێکی گەنج لەنێو ئەم ئەدەبە جەنجاڵەی دنیادا کۆخێک بۆخی دروستبکات، سەرلەنوێ بە دیدی تازە و نەفەسێکی شیعری تازەوە، ئەسپی خۆی تاوبدات لە دنیای ئەدەبی کوردیدا، شیعر لە قۆناغەکانی ڕابردو و ئێستادا بخاتە ژێر کۆمەڵێک پرسیارەوە، کە وەلێمەکەی یان باشترە بڵێم بەدیلی ئەم پرسیارانە، خودی بەرھەمە شیعرییەکەیەتی و ھاوکات ئەو کەسانەشی سەر بە دنیای شیعری ئەون.


یەکێکی تر لەو خالێنەی من لەبەرەنجامی ئەم توێژینەوەیە بۆم پێشھات، ئەوەیە: ئەم شێوازە لە نوسین پێویستە جێی خۆی بکاتەوە و ئیتر نوکتەی کۆتایی لەسەر فۆڕم و شێوازە سواوەکانی شیعر نوسین دابنێین، کە چەندین ساڵە لە بازنەیەکدا شیعری پێدەنوسرێت.
__________________________
ئەو سەرچاوانەی سوودم لێوەرگرتوون:
١- کتێبی: عەشق نائومێدییەکی خۆشە، گۆران ڕەئوف، لە بلێوکراوەکانی خانەی ڕۆنان.
٢- سارتەر لە نێوان فەلسەفە و ئەدەبدا، مۆریس کرانستۆن، وەرگێڕانی: عەلی حامید، چاپی یەکەم.
٣- باشترین ھۆنراوەکانی نیچە، کۆکردنەوەی: شوجاعەددین شەفا، وەرگێڕانی: ڕێباز مستەفا.
٤- انسان در شیعری معاصر (درک حضور دیگری)، محمد مختاری.
٥- رۆیای بیدار (مجموعە مقالە)، (پیرامون نظریە نگارش و خواندن متن ادبی)، رضا براھنی.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک