١٣\٣\٢٠١٩
شاعیری
نۆستالجیا، شیعر بە راڤەکردنی سێنتیمنت.
- ئیسماعیل بەرزنجی وەک نموونە -

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
گەڕانەوەی (ئیسماعیل بەرزنجی) بۆ ھەستی غەریبی، ھەر تەنھا شیعری نییە،
ئەو جەختکردنە لە گەڕانەوە بۆ رابردوو، دەکرێ وەک بارێکی دەروونی
تەماشای بکەین... کەواتە پرسیار ئەوەیە، ئایا خۆنەگونجان و دڵتەنگی
دەروونی وا دەکات لە نێو نشتیمانی خۆتدا ھەست بە غەوارەیی بکەیت، یان
غەریبوونی نشتیمان، وا دەکات بگەڕێتەوە بۆ باری دەروونی و رابردوو...
ئایا ئاوارەیی و ھەتەرەبوون لە ماڵ وا دەکات، ھەست بە لە دەستدانی
ئازیزان بکەیت، یان لە دەستچوونی ئازیزان وا دەکات گۆرانی خەمبارانە لە
ماڵی خۆتدا بڵێیت... ئەوەی غەریبە نیشتمانە، یان شاعیر باری دەروونی
باش نییە و ناگونجێ؟؟
(بابلۆ نیرۆدا) دەڵێت: لەوەتەی ھەم ھەرگیز ھەستم نەکردووە، کە "شیلی"
نشتیمانی منە، من ھێندە نامۆم بە وڵاتەکەی خۆم و دنیا، ئەسڵەن من ناچمە
سەر وەچەی ئادەمیزاد، من منداڵی مانگم...
دەشێ جیاوازی نێوان ئیسماعیل بەرزنجی و بابلۆ نیرۆدا ئەوە بێت،
یەکەمیان نشتیمانێکی غەریبی لە نێو خۆیدا ھەڵگرتبێ، دووەمیان ھەستێکی
دیکەی بەرانبەر نشتیمان ھەبێت، یەکەمیان خۆی بە کوڕی رابردوو دابنێت،
دووەمیان خۆی بە منداڵی سەردەم بزانێت، یەکەمیان خەمی خۆرھەڵاتنی ھەبێت،
دووەمیان خەمی خۆرئاوابوون...
(١)
ئیسماعیل بەرزنجی خەمی مانا پێش دەخات و لە پشت ھەموو شیعرێکی
بونیادێکی حیکایی و خەمی لە دەستچوون و لە دەستچوونی ئازیزان ھەیە!
شاعیری سێنتیمنتاڵ ھەستی لیریکی بە ویستی گوتن و خەمی دەروونەوە گرێ
دەدات، ویستی گوتن بە خۆشەویستی مانا و چێژەوە دەلکێنێت، پێماندەڵێت
جەوھەری ئاگامەندی بە گوتنی جوان و ماناکانی سێنتیمنتاڵەوە بەندە،
تایبەتمەندی جوانی مرۆڤ لە گەڕانەوە بۆ رابردوو سەرچاوە دەگرێ، مرۆڤ
دەژی بۆ ئەوەی ھەنگاو بەرەو گوتن و مانا بنێت... جوانی گوتن و جوانی
مانا بە ھەستی سێنتمینتاڵەوە گرێ دەدات، بایەخ بە فەزای شیعری و مانای
شیعری و ریتمی شیعری دەدات، بەھای ھونەری شیعر لە ئاوێتەبوونی ھەستی
گەڕانەوە بۆ رابردوو و ویستی مانا و ریتمی تێگەیشتندا ھەڵدەگرێتەوە،
دالی حەقیقی لای شاعیری سێنتیمنتاڵ لە سۆز و جوانی و گەڕانەوە و
تەماشاکردنی خەمە کەسییەکاندایە، لە نێو رابردوودا ھەست بە خۆشی دەکات
و شانازی بە ژیانی رابردوو دەکات، ھەمیشە بیر لە پیری و مردن دەکاتەوە.
(٢)
گوێ لە ئاستی گوتن بگرن، سەیری ئاڵای خەم بکەن، کە بەردەوام لە شیعری
سێنتیمنتاڵ لە ھەڵکشاندایە، ئاستی گوتن و خەمی ھەڵکشاو پێماندەڵێن
ئیسماعیل بەرزنجی بە تەنیا خەون دەبینێت، دەسووتێت بێ ئەوەی لە
بەرانبەر جوانی، جوانی ئافرەت دەم بکاتەوە، دەسووتێت بێ ئەوەی لە
بەرانبەر رابردوو، لە بەرانبەر لە دەستچوونی ئازیزان (کە لە جوانی گوتن
و جوانی مانادا نەفی کراون)... جگە لە بێدەنگی ھیچ بڵێت! ئەو کەسەی
لەگەڵ کتێب و خۆرھەڵات و رابردوو شەونخوونی دەکات، ھەمیشە ھەوڵدەدات
دوورە پەرێزی و تەنیایی بە ھەرای بێدەنگی پڕ بکاتەوە! ئەوە تەنیاییە
خەونبین و بێدەنگی بە یەکەوە دەلکێنێت، ئەوە سروەی دەنگە ھەستی تەنیایی
کەم دەکاتەوە، ئەوە سۆزی شیعرە وا دەکات تەنیایی خەونبین زێتر وەک
بێدەنگی ھەستی پێبکرێت، سۆزی شیعر و خەونبین وەک تەنیایی بێدەنگی
دەڕازێنێتەوە، تەوێڵی خوێنەرانیش رۆشن دەکاتەوە... بەمجۆرە شاعیری
نۆستالجیا پێیوایە سۆزی شیعر بۆ زۆرێک لە خەونبینان وێنەی دیاری
تەنیاییە.
(٣)
گوڵەکان دەبەمەوە شێخی چۆلی
لە ژوور سەری گۆڕغەریبەکە
پەرداخەکە پڕ دەکەم لە رەشەڕێحانە
پێش زەردەپەڕ
تەقسێک بۆ گریان
تەقسێک بۆ رەشەڕێحانە سازدەدەم
فریشتەیەکی باریکەلە
کە لە رەنگاڵەیەکی باڵشکاو دەکات
دێتە سەر شانی تەپوتۆز لێنشتووم
سەربووردەی مردنێکی رانەگەنراوم
بۆ دەگێڕێتەوە و پێم دەڵێ
ھەی غەریب خۆت... لە مردن خۆشتر مردنە
ل٥٣-٥٤ پەست، ئیسماعیل بەرزنجی.
(٤)
ئێمە مرۆڤین و بە یەکەوە پەیوەستین، دنیای ھەستپێکراوی مرۆیانە،
مێژووبوونێکی دەرەکی نییە، بەڵکو خودی و ناوەکییە، دەبێ بزانین ئەو
خودی و ناوەکییە چ مانایەکی لەخۆدا ھەڵگرتووە؟ ھەموو ئەوانە لە ئەدەبدا
بەو مانایە دێت کە ئێمەی مرۆڤ دەکەوینە نێو زمان، بەو مانایەی کە زمان
ماڵی بوونە، کەواتە جیھان لە ئێمە دابڕاو نییە، جیھان ئێمە پێکدەھێنێ و
ئێمەش لە رێگای ماناوە جیھان پێکدەھێنین، بوونی ئێمە بەشێکە لەو،
کەواتە ھاوسۆزی کۆمەڵایەتی و ھاوژیانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە گەرم و
گوڕەکان بەشێکن لە ھەستی مرۆییانە، بە دیوەکەی دیکەش رەگەزێکە لە
رەگەزەکانی شیعر...
دەمەوێ بڵێم دنیای ئەدەب و فیکر نە دنیای شتە باوەکانە، نە دنیای
داھاتوو، نە دنیای ھەنووکەی لە دەستچوو... دنیای ئەدەب و فیکر نە سەر
بە رابردووە و نە ئێستا... دنیای ئەدەب و فیکر ھیچ کاتێک ناکەوێتە
دەرەوەی مرۆڤەکانەوە، مرۆڤیش ھەمیشە لە نێو ئێستا و رابردوو بە شێوە
جیاواز و پرسی جیاواز و تێگەیشتنی جیاواز، ھاوژیانی جیاواز... دەکات.
قسەکردن لە شیعری خۆرھەڵاتی، بەوەی توانیویەتی رەگەزی سێنتیمنتاڵ لە
ھەموو رەگەزەکانی دیکە زێتر بەرجەستە بکات، وەک دەزانین ئەو
بەرجەستەکردنە لە شیعری خۆرئاوایی پێچەوانە دەکەوێتەوە... بەڵام
ھەردووکیان کیشەی خۆیان ھەیە!!
مەعریفەی شیعری پەیوەندی بە بەرز راگرتن و ھاوگونجانی ئاستی جوانی و
مانا و چێژدایە! ئیبداع ھەرگیز رەگەزێک ناخاتە پێش یەکێکی دیکەوە،
بەڵکو لە بەرز راگرتنی ئاستی جوانی کۆی رەگەزەکان دێتە بەرھەم.. کەواتە
نە سێنتیمنت بە تەنھا شیعر بەڕێوە دەبات، نە فیکر... ھاڕمونیەتی رەگەزە
شیعرییەکان نەبێت، باڵا دەستی ھیچ رەگەزێک قابیلی قبوڵ نییە.
(٥)
وەتەن
بە ھەموو غوربەت و بێزاریی خۆیەوە
وەک سەرکردەیەکی تێکشکاو
لەبەر دەرگای (گیانی وێران)مان دەوەستێ
گەردەلوولی بێزاری
بە چوار دەوری (گۆڕی غەریب)ماندا ھەڵدەکات و
چرایەکی کز
لە (ژووری لاتەریک)مان دەکوژێتەوە
ئێمە ھەمیشە
بە (گیانی وێران، گۆڕی غەریب، ژووری لاتەریک)
دەچینە ناو عەدەمەوە.
ل٥٧-٥٨ پەست، ئیسماعیل بەرزنجی.
(٦)
لە دنیای ئەدەب و نوسیندا شتێک بە ناوی رەسەنایەتی بوونی نییە، چونکە
ھەمیشە ئەدەب و بیرکردنەوە بڕوای بە سنوردارکردن و گەڕانەوە بۆ سەرچاوە
و چوارچێوەدانان و جوگرافیای دیاریکراو نییە، جوانی ئەدەب لە
تێپەڕاندنی سەرچاوەکان و سنورەکاندایە، لە تەجاوزکردنی رەنگ و ناسنامە
و خودەکاندا دنیای خۆی بە شێوەیەکی ھاڕمۆنی ھەڵدەنێ... بۆ ئەوەی دەق
ببێتە موڵکی ھەمووان و ئەویدیکە بەشداری لە داھێناندا بکات، ئیتر
لێرەوە منی (دیکارت)ی ھەڵوەشایەوە و لەشوێنی ئەو چەندان (من) ھاتنە
قسەکردن... دەقی ئیبداعی ھەرگیز خاوەندارێتی قبوڵ نییە، چونکە
خاوەندارێتی لە رێگای ئەوەی کە ھەیەتی کەڵەگایی دەسەپێنآ، ئەگەرچی
سەرەتای خاوەنداریەتی بەپێی پێداویستییە کۆمەڵایەتیەکان بووە و لە
زەرورەتێکی ئاسمانی سەری ھەڵداوە، بەڵام لە جەوھەردا زۆرداری بووە و
پاشان بە پیرۆز کراوە.
لە دنیای ئەدەب ئەوەی کەسایەتی خودی و ناسنامە بونیاد دەنێ،
خوێندنەوەیە... خوێندنەوە بەرەو ئاگامەندییەکی خودی قوڵترمان دەکاتەوە
و یارمەتیمان دەدات، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە دنیابینییەکی قوڵتر لە
بارەی ناسنامەی تایبەتیمانەوە... دواجار ئەوەی خودی مرۆڤایەتی ھەڵدەنێ
ئازادی و خۆشەویستی و پەیوەندییە...
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|