په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١١\٢٠١٠

    شاکارێکى سروشت و رازێکى دێرینانە.

کامیل ژیر

کارى شاکارى سروشتە هێڵ و خاڵى شێوەکەى
کاتى زەردەى خۆرە نەخش و نەو شکۆفەى لێوەکەى
پەلکەزێڕینەى بەهارە تاڵى خاوى پەرچەمى
نازەبارێنێ گوڵاوى رستەکانى پڕ دەمى
     *    *    *
گەرچى من هەرچى ئەخوازم رێگەگیریم لێئەکا
بەردەوامبێ ئەو بەراتەى، تا لەدەستم رانەکا
     *    *    *
من ئەڵێم تاى چاوەڕوانى هاتە کۆتا چاوەکەم
ئەو ئەڵێ هێشتا لەکوێتە لەرزى ماوە داوەکەم
من ئەڵێم هاوینە ئەم خەمساردییە ناوەختەیە
ئەو ئەڵێ زستانە لاى من بەستەڵوک و شەختەیە
من ئەڵێم وا پایزە و کاتى گوشینى سێوى مەم
ئەو ئەڵێ هێشتا چرۆیە نەوبەهارى سینەکەم
من ئەڵێم شەو کردەپۆشى خانمانى خواردەیە
ئەو ئەڵێ شەو ڕۆژە مانگى من هەمیشە چواردەیە
من ئەڵێم ئازادییە ئێستاکە سەردەم وانیە
ئەو ئەڵێ چاوى رەسەن هەر ئاوى روونى کانیە
من ئەڵێم کات نەیبڕى ئەو لاتەداتە دەرکەنار
ئەو ئەڵێ کات بێ بەهایە بۆ عەیارى بیست و چوار
من ئەڵێم مەوداى تەمەن کەمفرسەتە ئەو ترسەمە!
ئەو ئەڵێ بێ خەمبە گەر خەم بۆ نەمان و پرسەمە
من ئەڵێم وەک مردنە ژینى وەلى بێ بۆنى شەم
ئەو ئەڵێ نا، تا دڵێکى ئاوەدانبم واتە هەم
من ئەڵێم ئەم خاکە خۆڵى چەن مەمە و چەن خاتوزین!
ئەو ئەڵێ ئێمەى نموونەى خۆشەویستى نامرین
من ئەڵێم هەى بێ بەڵابى تاکو کەى دێوانەبم!؟
ئەو ئەڵێ رێگەى گەیشتن دوورە جارێ وائەچم!
ئەم هەواڵى چوونە، سەربارى خەمم بوو، وائەچێ!!
هەر ئەچێ، نوێژى لەسەرمە، تاکو زۆرى پێنەچێ
بەو ئومێدەى بێتەوە و پڕکا لە تۆوى گوڵ دەمى
گوڵ لەوێنەى چاوەکان و لێوو خاڵ و گۆى مەمى.

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر