په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٧\٢٠٢٠

شاند ھات و شاند چوو خۆخەڵەفاندنە.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


ماوەی شەش ساڵە ھاوڵاتیان رۆژانە گوێیان لە وشەی شاندەو ئەم وشەیە بوو بە قەوانێکی سواوو جێی پێکەنینی خەڵک و بەرپرسان ئەوەندە وتیان شاند ھات و شاند چوو کەس گوێیان لێ ناگرێت و بە درۆزن و فێڵبازو ساختەچی ناویان ئەبن و لە بەرامبەریشدا ئەمان ھەر خەریکی پارە کۆکردنەوەن بۆ خۆیان و خێزان و زورناژنەکانیان.


بە کوردی و بە کورتی : پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان رۆژانە ــ ٢٥٠ ــ ھەزار بەرمیل نەوت رەوانەی بەغدا بکات بۆ کۆمپانیای ھەناردەی نیشتمانی (سۆمۆ) لە بەرمبەردا حکۆمەتی ناوەند پشکی ساڵانەی ھەرێم (بودجە) و مووچەی فەرمانبەران بنێرێت بەڵام حکومەتی کوردستان ئیفلیجەو و بەندکراوەو ئەترسێت راستییەکان بخاتەروو، حکومەتێک بە خواست و ئارەزووی چەند ھەرزەی کاڵفام و وەزیرێک یان تاکە حیزبێک نەوتی کوردستان بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ بە بەلاش بداتە تورکیای داگیرکەر چۆن چۆنی ئەتوانێت رێکەوتن لە گەڵ لایەنێکی تردا واژوو بکات.


ئاستەمە ھەرێمی کوردستان بتوانێت بریارێکی نیشتمانی دەربکات و بە تورکیا بڵێت: چیتر پابەند نابین بەو رێککەوتنامە پر شەرمەزارییەو نەوتی کوردستان نادەێن بە ئێوە چونکە ئەو رێککەوتنامەیە بە نھێنی و بە بێ ئاگاداری خەڵکی کوردستان واژووکراوەو، ھەروا ئاستەمە حکومەتی کوردستان رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بدات بە بەغداو بە ھۆی چەندین گریبەست لە گەڵ کۆمپانییەکانی نەوتدا.


ھەندێ لە بەرپرسانی کوردستان رۆژانە ئەپارێنەوە تورکیا خاکی کوردستان بە تەواوەتی داگیربکات بۆئەوەی لە سەر ئێشەی رادەستکردنی نەوت بە بەغدا نەمێنێت و رزگاریان بێت و، ئەوەندە درۆیان کرد حکومەتی ناوەند زاڵ بوو، بێ لە نەوت داوای دەسکەوتی خاڵە سنوورییەکان وئاسمانییەکانی کوردستان ئەکات و، حکومەتی کوردستان بەوەش قایل بوو بەڵێنیدا بەڵام ھەر زوو بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردو داواشی لە حکومەتی ناوەند کرد مووچەی فەرمانبەران بدات و، ئەویش قایل بوو ئەو پارەیە راستەوخۆ وەک ھەموو پارێزگاکانی عێراق بدات و، لە ھەڵدانەوەی لاپەرەکانی فەرمانبەران دوسییەی گەندەڵی چەندان ملیاردرڵار دۆزرایەوە گوایە خەرج ئەکرێت بۆ فەرمانبەران و، لە راستیدا بۆ بندیوارەکانە کە بوونیان نییە خەرج ئەکرێت و پارەکە ئەچێتە گیرفانی بەرپرسانی سیاسی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و، ئەوەش وا ئەکات حکومەتی ناوەند پابەند نەبێت بە داواکارییەکانی حکومەتی ھەرێم و ، ئەم بەزمە چەند جارێک سەریھەڵداوەو شاراوەتەوەو گەندەڵکاران لە ناو خۆیان رێککەوتوون لە سەر دابەشکردنی ئەو دەسکەوتانە.


پێویستە ھاوڵاتیانی کوردستان بێدەنگ نەبن و بە حکومەت بڵێن ئیتر بەسە درۆو سەرپێچی و قەیران دروست مەکەن و مووچەی شەھیدان و مامۆستاو فەرمانبەرو ئەنفالکراوەکان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگەو خانەنشینان بدەن و، ھەوڵ بدەن بە راستگۆیی ھەڵسوکەوت بکەن و کەس فریو مەدەن و، بە ناردنی شاندو ھاتنەوەی شاندو لە کۆمەڵێک درۆیی ئامادەکراو دوور ببنەوەو چیتر خۆتان ریسوا مەکەن و، ئەگەر ناتوانن ئەو گری کوێرەیە کە خۆتان دروستان کردووە بکەنەوەو چاروسەر بۆ کێشەو گیروگرفتی ھاوڵاتیان بدۆزنەوە واز لە حکومەت بێنن و، دەست بەرز بکەنەوەو راشکاوانە بڵیێن شکستمانخواردووە و لێمان ببوورن.
ھاوڵاتیان کە لە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان چاویان بە شاندێکی گەورەی ھەرێمی کوردستان ئەکەوێت ئەوەندە بێزار بوونە یەکسەر تەلەفزیۆنەکە دائەخەن یان کەناڵەکە بۆ کەناڵێکی تر ئەگۆرن و، بەو ھاتوو چۆیەوە پارەیەکی تر خەرج ئەکەن و، ھەموو جارێک بە دەستی بەتاڵ ئەگەرێنەوەو یان پەنا بۆ درۆ ئەبەن و، وتراوە (پەتی درۆ زۆر کورتە) و، پرسیار ئەوەیە تاکەی شاندناردن درێژەی ئەبێت؟


پێش ماوەیەک حکومەتی ناوەند لە گەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەو لە سەر دروستکردنی دوو لێژنە رێککەوتن، یەکەمیان بۆ جێبەجێ کردنی بەندی (مادەی) ١٤٠ و کێشەی ناوچە دابروەکان و پێشمەرگەو دووەمیان بۆ ھەناردەی نەوت و رادەستکردنی دەروازە سنوورییەکان و فرۆکەخانەکانی ھەولێرو سلێمانی و، ئەوەی سەیرە ئەم دوو لێژنەیەی ( حکومەتی ناوەندو حکومەتی کوردستان) ‌ تا ئێستا ھیچ کۆبووەنەوەیەکیان نەکردووەو، کەس نازانێت و پرسیار ئەکەن و ئەڵێن ئایا بەو دوو لێژنەیە ھەموو کێشەکان چارەسەر ئەکرێن ؟ چۆن؟ کەی؟!


حکومەتی کوردستان ٤٠٠ ملیار دیناری وەرگرت و لە پر نەماو حکومەت دەستی کردن بە ھاشەو ھوشەو لە راگەیاندنەکانی وایپشاندا ئەو پارەیە بۆ خزمەتگوزاری خەرج کراوەو کەس باوەری پێی نەکردو، حکومەت بە دوای کڵاوی بابردوو ئەگەرێت و ئەڵێت ٤٠٠ ملیار دۆلاومان لای حکومەتی عێراقەو، بە خەیاڵی خاوی بەرپرسان نیازیان وایە ئەوەی سەدام حوسەێنی دیکتاتۆر کردوویەتی ئەم حکومەتە قەرەبووی بکاتەوەو بەم شێوەیە ھەردوولا کات ئەکوژن و درێژە بە درۆو گاڵتەو گەپەکەیان ئەدەن و بەرپرسان سوودمەندن و ھاوڵاتیانمووچەی خۆیان وەرناگرنو حکومەت ھەشت مووچەی فەرمانبەران و دوازدە موچەی خانەنشینانی نەداوەو، حکومەتێکی لەم چەشنە نەبوونی لە بوون باشترە.


ئەگەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت بەبێ رەزامەندی حکومەتی ناوەندو پارەکەی نەدات بە (خەزێنە گشتی) و مووچەی فەرمانبەران و ھاوڵاتیان نەدات بە روون ئاشکرا دیارە ئەو پارەیە ئەدزرێت و، تاقمێکی مشەخۆر دەوڵەمەند ئەبن و، فەرمانبەران و خەڵکی زەحمەتکیش بە پرسی و بێ پارەو نەخۆشی ئەمێننەوەو ئەو کەسە باس لە دزی و گەندەڵی وستەمی ئەم دەسەڵاتەی کوردستان بکات راوئەنرێت و ئەیگرن و بێ سەروشوێنی ئەکەن و لێپرسینەوەش قەدەغەیە.


بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان فریو نەدرێن قەیرانی حکومەت چوار پێنج ساڵە ھەیەو ئەو کات نەوت زۆر گران بوو پارەیەکی باشی ئەکردو کۆرۆنا نەبوو، بۆیە ئەمە ئەڵێم چونکە حکومەتی بێ توانا قەیرانەکە ئەخاتە ئەستۆی دابەزینی نرخی نەوت و پەتای کۆرۆناو، ئەم کردەوانەی حکومەت زیاتر رێگا بۆ دەستێوەردانی دەرەکی بەتایبەت تورکیا و ئێران خۆش ئەکات و، باشتروایە حکومەت لە خۆبایی نەبێت و زیادرەوی نەکات و باسی وڵاتپارێزی لە بیر بکات و ئەوە ئەوانن رێگایان داوە بە تورکیا بە رێگەی قیرتاو کوردستان داگیر بکات.


ئەگەر حکومەتی کوردستان بەو بیروبۆچوونە دوگمایە رەفتار بکات نەھامەتیی و ناخۆشی زیاتر بۆ ھاوڵاتیان ئەھێنێت و، جێی داخە بەرامبەر بەو دۆخەی ھەرێمی کوردستان پەرلەمان بێدەنگەو ، لە بارەی پەرلەمانەوە پێویستە بڵێن خەرمان بەرەکەت لە پاش ٥ مانگ کۆبوونەوەی کرد!

 

٢٧\٧\٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک