شانۆگەریی
گەپجارانەی هەلبژاردن
لە سێبەری تارمایی
رەشی کۆماری هەرەشە و تۆقاندنی ئیسلامی لە ئێران!

سەرکەش
لە خۆرهەلاتی ناوەراست بە گشتی و لە ئێران
بە تایبەتی پرسی دیموکراتی و بواری ئازادیەکان دیاردەیەکی یەکجار نامۆ
و نابەدلی دەسەلاتە. دەسەلات ئەگەر ناچار نەبێ و بۆ کپکردنەوەی
هەژموونی دەنگە نارزیی و رەخنەگرەکان نەبێ، ئەگەر بۆ پەردە پۆشی سیما و
رووخساری دزێو و ناشیرینی دیکتاتۆرانەی خۆیان نەبێ، قەت ئامادە نین و
نابن دەرگای دەنگدان و راگیری بەسەر کۆمەلگا بکەنەوە، خۆ ئەگەر
چاریشیان ناچار بوو یا ئەگەر بەمەزندەی خۆیان بردنەوە مسۆگەر کەن، ئەوا
شانۆگەرییەکی لەروو لاوازی گەپ ئامێز بۆ دنگدان و هەلبژاردن لە چەند
پەردەیەکی تراژیدی دەخەنە سەرشانۆ.
ئەوەتا دەسەلاتبەدەستە ئاخوندە کۆنەپەرستەکانی ئێران کە تا سەر ئێسکان
دووژمن بە پرسەکانی ئازای و ئازادی رادەربرین و بوارە دیموکراسییەکانن،
هەر بۆ چاوبەستەکێ و خۆلکردنە چاوی گەلانی ئێران و ناوچەکە و دونیا،
دەستیان دایە گەمەی دەنگدان و راگیری بۆ هەلبژاردنی سەرۆک کۆمار، وەک
هەموو شانۆگەرییەکانی رابردوو.
پێویستە ئەمەشی بۆ زیادکەین کە وەک ئاسایی گەمەی دەنگدان و راگیری بۆ
هەلبژاردنی سەرۆک کۆمار لەژێر سایە و سێبەری جەهالەتی سیستێمی ئیسلامی،
لە بازنەی تاقە پارتێکی ئایینی پاشڤەرۆ قەتیس کرابۆوە، هیچ پارت و
رێکخراوێکی تر هیچ کەسایەتی بی لایەن و لە دەرەوەی بازنەی پارتی
دەسەلات رێی پێنەدرابوو وەک رکابەر بەشداری پرۆسەکە بێ! بەلام سەرەرای
هەموو ئەمانەش کاتێک ئاکامی شانۆگەرییەکە نابە دلی ئەوان دەردەچوو، لە
ناو هەناوی بۆگەنیویان رکابەر و دەنگی جوداواز سەری دەرهێنا، هەولیاندا
بەهەزار و یەک فروفێل کۆنترۆلیکەن، ئەنجامەکان بگۆرن بۆوەی پارێزگاری
لە سیستێمی ملهورانەی دەسەلاتی خۆیان بکەن.
لە تارانی پایتەخت و چەندان شاری تر شەقام خرۆشا خۆپێشاندان تەقیەوە،
رژێم کۆنترۆلی لە دەست دا ناچار و شێتگرانە رووبەرووی لافاوی خرۆشاوی
دەنگە نارازی و یاخییەکان بۆوە.
ئەگەر مەلا ملهوورە کۆنەپارێزەکان هەموو جارەکانی بەرێ کەلەکچێتی و
کلاولەسەرنانی خەلکیان بۆ چووبێتە سەر ئەوا ئەم جارە کورتی هێنا، لە
ناو هەناوی ژەنگاوی سیستێمە زۆرەملێکەی خۆیاندا دەنگی نا
گەیشتەکاکێشانی ئاسمان، توورەیی و بێزاری لەم گەمە نامۆیە کاندیدە
پالێوراوەکانی خۆیانی گەیاندە لوتکەی نارەزایەتی، درزێک کەلێنێک
کلاورۆنەیەک بە سەر گەلانی ئازادیخوازی ئێران کرایەوە، شەقامی خرۆشاو
خەلتانی خوێنی ئالی خەلکی ئازادیخواز کرا، نارەزایەتی بوو بە بۆمبێکی
کت و پر و تەقییەوە، کۆنترۆل نەما، هەموو درۆ و دەلەسە شاخدارەکان
سەبارەت بە ئازادی رادەربرین پرۆسێسی دیموکراسی ئاشکرا بوو،
بانگەشەکانیان بوونە بلقی سەر ئاو و وەک هەمیشە بە گوللە وەلامی
ئازادیخاوازانیان دایەوە، شەرمیان نەکرد سینگی کچان و کورانی تینووی
ئازادیان دایە بەر شیلکی گوللە.
بەناوی ئازادی و دیموکراسی لە ئێران شەقامەکانیان بە خوێنی خەلک سوور
کرا.
بەلێ دلی کرمێ و تەنگی ئەو دەسلاتدارانە زۆر تەنگتر بوو لەوەی بە
ئەنجامێکی وەها چاوەرواننەکرا بگەن. تاقی کردنەوە چاکنزین سەلماندنە کە
ئەم رژیمە و تەواوی رژێمەکانی خۆرهەلات، ناتوانن لەگەل سەرەتاگەی
ئازادی رادەربرین پرۆسەی دیموکراسی هەلکەن کە لە کلتوورێکی بەرز و
بلندی لێبووردەی سەرچاوە دەگرێ...
ئوپسالا
2009.06.30
a_sarkash@hotmail.com
|