په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٢\٢٠٢٢

 شانۆگەریی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


بە پێی پشکپشکێنە و تایفەگەری لە عێراقی فیدراڵدا پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردەو لە ناو کوردیشدا بۆ بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییەو لە ساڵانی پێشوو ئەم پۆستە دراوە بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ( ینک) و لە بری ئەوەش سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت دراوە بە پارتی دیموکراتی کوردستان ( پدک) و بەپێی ئەو عەقلییەتە دۆگمایە نابێت ھیچ کوردێکی سەربەخۆ ببێتە خاوەنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی وسەرۆکی ھەرێم وسەرۆک کۆمار.


ھەموو دەزانین جەلال تاڵەبانی دووجار بوە سەرۆک کۆمارو لە پاش نەخوشییەکەی کەلێنێک وبۆشایەکی لە عێراقدا دروست کردو، فوئاد مەعسوم بوو بە سەرۆک کۆمارو، وەک دەرکەوت سەرۆکێکی بێ تواناو بێ ھێز بوو زۆر کەس بە سەرۆکە نووستووەکە ناویان دەھێنا بەڵام بۆ خزمەتکردنی خۆی و بنەماڵەکەی وریاو ئەکتیڤ بوو بۆ نموونە کە دەستنیشانکرا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار یەکسەر بە بێ یەک و دوو ( جوانی) کچی بە راوێژکار بە بری (( تەنھا ١٣ ملیۆن)) دینار دامەزراند، لە کاتێکدا لەلایەن لێژنەی دەستپاکی پەرلەمانەوە داواکراو بوو لە سەر گەندەڵی کاتێک وەزیری گەیاندنی عێراق بوو، ھەروا کۆمپانیای (BMJ Industries) ئیماراتی کە کۆمپانیایەکی گەورەی تایبەت بە توتن و جگەرەیە و خاوەنی چەندین براندی بازرگانییە، فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق تۆمەتبار کرد بەوەی کە پۆستەکەی بەکارھێناوە بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیایەکی عێراقی کە برازایەکی فوئاد مەعسوم و ھاوسەرەکەی خاوەندارێتی دەکەن و، کۆمپانیاکە ناوی (خیرات المنافع)ە بۆ بازرگانی گشتی و گواستنەوە کە خاوەنەکەی (حەیدەر سەباح فەیلی)یە ھاوسەری (نەورۆز محەمەد مەعسوم)ە.


لەم رۆژانەدا پاڵاوتن بۆ سەرۆک کۆمار گەرمەو ژمارەیەکی زۆر ھاتوونەتە مەیدان و، لەناویاندا کەسانی پاک و خاوین و کەسانی دزو گەندەڵ بە پێی دەستی دەستپاکی بەدی دەکرین و تیایاندا ھەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەیان لێ سەندراوەتەوەو ، ئیتر ئەوە بەختی عێراقە یەکێکی پاک یان یەکێکی دزو گەندەڵ دەبێتە سەرۆک کۆمار بۆ ئەو مەبەستەش دەستکراوە بە ناردنی شاندو شان ماجکردن و گۆرینەوەی دیاری و کرین و فرۆش وبانکھێشت کردنی بەرپرسانی ھەریم لەلایەن ئەردۆگانی خوێمژی کوردان.


تا ئێستا بەرنامەی ھیچ کام لەو زاتانە دیار نییەو، ئەم پۆستە ھەرچەندە پۆستیکی (سیادییە) ‌و پشکی کوردە بەڵام ھەموو لایەک دەزانن پۆستەکە (تەشریفاتیە)‌ واتە دەسەڵاتەکانی دیار و سنووردارە و، ئاخۆ کەسانی بوێر لە ناو ئەو ژمارە زۆرەدا ھەیە بتوانێت بە ھێزی داگیرکەری خاکی عێراق و کوردستان بڵێت بۆ دەرەوە یان ھەر بێدەنگییە.


مادام پۆستەکە بۆ کورد دانراوە با بزانین چی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە ‌و نییە. لە ھەرێم کارەبا، ئاو، نەوت، غاز، بەنزین بە نرخی گونجاو. کار موچە لە کاتی خوێداو خزمەتگوزاری و رێگاوبان نییەو ، بە پێچەوانە خاک فرۆشی، بێکاری، داپڵۆسینی چالاکەوانان و رۆژنامەنووسان ، گرانی و لافاو ھەیە و، راستگۆیی نییە بۆ نموونە : لە سەر لافاوەکەی رۆژی ١٣/١/٢٠٢ پارێزگاری ھەولێر ئومید خوشناو دەلیت : ئاو لە ھەندی شوین کۆبووەتەوە (خڕبوونەوەی ئاوە)‌ لافاو نەبووە بەلام بە پێی دەزگای راگەیاندنی حیزبەکەی ــ رووداو (٢٠٠) ماڵ زیانیان بەر کەوتووەو پرسیار ئەوەیە خربوونەوەی ئاو دەتوانیت ٢٠٠ ماڵ لوول بکا؟


لە ئێستادا گەمەو زۆرانبازییەکە لە نێوان زەرد(پدک) و سەوز (ینک) دایەو، بە ھۆی دوورخستنەوەی ھوشیار زێباری لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە، پدک بەنیازە کاندیدێکی تر دابنێت و، چونکە محەمەد حەڵبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق مۆڵەتی سێ رۆژی بۆ پاڵاوتن نوێکردەوەو، ئەوەش بە بۆچوونی شارەزایان و پسپۆرانی یاسا دەڵێن ئەو کارە دستووری نییە ‌و، سکاڵا لە دژی ئەو رەفتارە نا دستوریە دراوە بە دادگای فیدراڵی ‌ عێراق.


وڵاتانی دەوروبەری عێراق رۆڵی بەرچاویان ھەیە ھەندێکیان بە چاو سورکردنەوە ھەرەشەو لەولاشەوە بە پارە سەرفکردن و کرینی دەنگ وەک لە موسڵ روویداو ئەو وڵاتانە دوو بەرەن: یەکەمیان تورکیای رەگەزپەرست و عەرەبستانی سعودی و ئیماراتە ئەمانە پشتکیری لە بەشێکی کوردو سوننەو لە ناویاندا بەعسسەکانی سەر بە رەغەدی کچی گۆربەگۆر سەدام حوسەین دەکەن و، ئێرانیش راشکاوانە پشتگیری لە شیعەو بەشەکەی تری کورد دەکات و، ماوەیەکە ئیسماعیل قائانی سەرقاڵە بە دیداری مەسعود بارزانی سەرۆکی (پدک) و حیزبە شیعەکان و ھەروا موقتەدا سەدر و، ھەموو چاوەروانین کێی دەبێتە براوەی تەلارەکانی سەدام حوسەین و پارەوپوول و گیرفان پرکردن.


٩\٢\٢٠٢٢
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک