په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠٢٠

شانۆی کۆچەر و فستیوالی ٧٥ ساڵی زیرەک لەگەڵ راپۆرتی فستیوال.

 

 

پرۆژەی سەدەی زیرەک پرسیاری لای ئەو کەسانە هێناوەتە پێش، کە مەسەلەی نەتەوایەتی و مەسەلەی مۆسیقا لایان گرنگە. بەردەوام پرسیار دەکرێ و بەداخەوە ئەو ئیمکانە بۆ "ڕێداکسیۆنی ١٠٠ ساڵەی زیرەک" نییە، کە ڕووبەڕوو وڵامی پرسیارەکان بدەنەوە، هەر چەند بە گوێرەی توانا ئەو کارە کراوە. بۆ ئەوەی وڵامی هێندێک پرسیار بدرێتەوە، ئەوانەی خوارەوە دوو بابەتی (فستیواڵی ٧٥ ساڵەی حەسەن زیرەک)ن، کە پێشینەی پرۆژەی ١٠٠ ساڵەی زیرەک دەردەخات. بێگومان ئامادەی وەرگرتنی هەر چەشنە پرسیار و تێبینی و ڕەخنە هەین و سپاسی هەموو لایەک دەکەین. برایم فەڕشی - redaktion@rojhalat.de
 

 

شانۆی کۆچەر و فستیوالی ٧٥ساڵی زیرەک.


ناوەندی شانۆی کۆچەر لە مانگی گوڵانی ساڵی ١٩٨٩لە شاری کوڵن پێک ھات، بەر لە فستیواڵی حەسەن زیرەک، گەلێک بەرھەمی شانۆ،موسیقا، بەرھەمی فەرھەنگی و رۆشنبیری پێشکەش کرا، لە وانە کونسێرتی ھونەرمەند مەزھەر خالقی، یادی ٢٢ساڵ کاری ھونەری، ھونەرمەند ناسر رەزازی لە گەڵ مەرزیە خانم فەریقی، شانۆنامەکانی"نانی ژاراوی"، "زەوی"، "گۆڵی خوێناوی"، "ڕەو"، "زیندان"و.. ! پاش فستیوالی حەسەن زیرەک دەیان بەرنامە و پرۆژە و شانۆ لەوانە شانۆی "ماندانا"، "شەوی کۆچەران"،"کاناڵی ٢٠٠٠ (تەلەوزیون)"،"کونسیرتی نەورۆز( نەجمەدین غولامی، بەکر لەگزی)"، "شەوی ھەڵپەرکێ"، شەوی "شیعر( ھومەر دەزەیی، قادر سەرچناری)"، "سمینار(جەماڵ نەبەز، جەبار قادر،مارف عومەر گوڵ، گوڵمراد مورادی و)"، "پرۆژەی شانۆپێداگۆگی لە زیندان و ناوەندەکانی فێرکردن وبارھێنان"، کاری "لێکۆڵینەوە، ئارشیو"و...


لە رێکخستن و بەرێوەبردنی فستیوالی یادی ٧٥ساڵەی لە دایک بوونی حەسەن زیرەک، گەلێک کەس لەئەندام، کارمەند، ھاوکار و دۆست بەشداربوون کە بێ ئەرک وکارو یارمەتی ئەوان پێک ھاتنی ئەم شەوە ئیمکانی نەبوو،لە وانە:


گەوەرتاج فەرشی، ئێران مەرزەنگی، فیروز سەنجابی، فیروز فەروخ، سولەیمان فەرشی، بەیان فەرشی،عەلی عەبدوڵابەگی، کامران ئەمینی، تۆماس و زۆر کەسی تر!


ئێستا کە ئەم نووسراوانە بڵاو دەکرێنەوە دوکتور فیروز فەروخ وێژەری بەشی ئاڵمانی بەرنامەی یادی ٧٥ساڵەی لە دایکبوونی زیرەک، لەناوماندا نەماوە. جگە لە فیروز، ھونەرمەندی ھێژا و زانای موسیقا، قادر دیلان لە ناوماندا نەماوە. ئەم دوو ئینسانە بەرزە، لە رۆژی ھەوەڵەوە بەھەموو توانا بەشداری ئامادەکردن و ڕێکخستنی فستیوالی یادی زیرەک بوون. یادی دیلان و فیروز زیندوو بێ! ٢٠٠٥ - کۆڵن.

چۆنیەتی پێک ھاتنی فستیوالی یادی ٧٥ ساڵەی حەسەن زیرەک.


بیری یادی ماموستا حەسەن زیرەک، ڕەنگە لە مێشکی زۆر کەس دا بووبێت. چەند ساڵ لەم و بەر لە شارەکەی زیرەک ھێندێک ھونەرمەند و رۆشنبیر بەم کارە ھەڵدەستن بەڵام ئیزنیان نادەن وتووشی گێرە و کێشە دێن. کەسانێک کە لە کاری فیلم و شانۆدا ئیش دەکەن، سناریۆیەک لە سەر ژیانی زیرەک ئامادە دەکەن ئەویش ئیزن نادرێ. ساڵانی پێشوو رادیۆ کوردیەکانی کرماشان و بەغدا ھەموو ساڵێک یادیان دەکردەوە. پاش ھەڵگەڕ‌انەوەی تەخت و بەختی پاشایەتی ئەمەش نەما! لە باشوری کوردستان کۆڕ وکۆمەڵی بۆ دەبەسترا و گۆوار و رۆژنامە کوردیەکان لە سەریان دەنووسی و بیسترا کە کەسێکیش تێزی دوکتورای لە سەر نووسیووە. پاش ئاوەژوبونەوەی دەستەڵات لەم بەشەی کوردستان ئەمەش نەما!

ئەمڕۆ لە ئیزگە کوردیەکانی ئێران بڵاوکردنەوەی دەنگی حەسەن زیرەک و زۆر کەسی تر چ نێر و چ مێ یاساغە.


لە باکور و رۆژئاوا ھەرچەند زیرەک ناسراوە، زۆر گۆرانی بێژی ئەم دوو بەشەی کوردستان گۆرانیەکانیان پاش تێک دان، بە کوردی و تورکی و عەرەبی دوبارە کردۆتەوە و ھیچ کارێکیان بۆ ناساندنی نەکردوە.

لە دەرەوەی وڵات ھەر کەس سەر قاڵی ژیان وھەڵات ھەڵاتی رۆژانەیە، کۆڕ وکۆمەڵی کوردیش ئەگەر لە سیاسەت و حیزبایەتی کەمیان ھێنا ئەوە ئاوڕ لە فەرھەنگ وھونەر و کرێکارانی ئەم بوارە دەدەنەوە، ئەویش ھەر بە مەبەستی حیزبایەتی.

ھونەرمەندان چ سوران وچ کرمانج ئەوانەی لەکاری گۆرانی وموسیقادان بەناسراو ونەناسراوەوە، بەنوێخواز وکۆنەخوازەوە، گۆرانی و بەستەکانی زیرەک نە بە ناوی زیرەک بەڵکو بە ناوی فولکلور یان بە ناوی بەرھەمی تازەی خۆیان بە خەڵک دەفرۆشن.

کەسانێک تەنانەت بە ناوی گۆرانی نوێ کاسێت و سی دی و شاشەی تەلەوزیونی پێ دەرازێنەوە. ئەم کورتە باسە ھیچی تێدا نەبێ ئەوە دەدردەخا کە زیرەک چ مردوو چ زیندوو جێگای بەرز و گرانی لە ناو گۆرانی و موسیقای کوردی دا ھەیە. دووھەم ئەوەش دەردەخا کە ھەر زیرەکی زیندوو غەدری لێ نەکراوە و ماڵی زەوت نەکراوە و شەڕەشەقی پێ نەکراوە و دەر نەکراوە، بەڵکو زیرەکی مردووش ھەر وای لێ بەسەر ھاتووە.

ناوی لە رادیۆ کوردیەکانی تاران و کرماشان و قەسەر و مەریوان و سنە و مەھاباد و ورمێ دەسترێتەوە و مۆری „باتڵ بووی“ لە سەر دەدرێ. لە لایەن ھاوکارانی خۆشیەوە ماڵی لێ زەوت دەکرێ و نانی پێ پەیدا دەکرێ. ھەر چەند ناوی مردوو و زیندووی زیرەک لە لایەن ئەم دەستەیە و ئەو دەستەوە دەسڕدرێتەوە. بەڵام لە ناو نەتەوەکەی دا لەناو ماڵ و خێزانەکاندا، زیرەک وەک زیرەک خۆشەویست ماوەتەوە.


ھەتا لە زیرەکی زیندوو و مردوو دور دەکەوینەوە، خاوەنی زیادە لە ھەزار گۆرانی کوردی قەدری زۆرتر دیار دەکەوێ. لە بەر ئەوەی پاش زیرەک ھیچ گۆرانی بێژیک لە دایک نەبووە کە نە ھەزار بەڵکو ١٠٠گۆرانی لە فەوتان رزگار کردبێ و یا لە سەرجەمی گۆرانی کوردی زیادکردبێ. زیرەک نە تەنیا بە وتەی خێزانی مێدیا زەندی و دۆستی ھەمووو ساڵەکانی ژیانی دەرویش عەلی بەڵکو بە ڕای زۆر نووسەر و لێزان و شارەزای موسیقا و گۆرانی« قوتابخانەیەکی گۆرانی بە تایبەت گۆرانی فولکلوری و بەستە و مەقامی کوردی یە». کە وایە ئاوڕدانەوە لە قوتابخانەیەکی ئاوا و خاوەنەکەی ئەویش سەر بە نەتەوەیەکی وەک کورد کە ھەم دوژمن گەرەکیە سەری پان کاتەوە و کەلەپوری لە ناوبەرێ و ھەم لە ناوخۆشی دا سویندخۆری بۆ پان کردنەوەی سەری خۆی ھەیە، چۆن دەبێ یادی نەکرێتەوە؟! ئەم ھەست وبۆچوونە لەچەند ساڵ لە مەو بەرەوە ببوو بە ئاوت وئارەزو بۆ ھاتنی رۆژێکی وا.

لە سەر پێشنیاری شانۆی کۆچەر رادیۆی کوردی دەنگی ئامریکا ساڵی رابوردو بەرنامەیەکی تایبەتی بە بۆنەی بیست وسێ ساڵەی کۆچی دوایی زیرەک پێشکەش کرد. شانۆی کۆچەریش بڕیاری دا ٧٥ساڵەی لە دایک بوونی رێز بگرێ.


بۆئەم مەبەستە بانگەوازێک بڵاوکراویەوە کە لەچەند گۆواری دەرەوی وڵات وگۆوارە کوردیەکانی ناو وڵات لەچاپ درا. بە تەلەفون و نامە پێوندیمان بە زۆر کەسەوە کرد. ھەر لە ئەمریکاوە ھەتا بەغدا وتاران وشارەکانی کوردستان و وڵاتانی ئوروپا.کەسانێک بە ھانامانەوە ھاتن و زۆریش خەمیان خواردین بە تایبەت نووسەرو وەرگێڕ محەمەد رەمەزانی،ھەم کاتی بۆ دانا وھەم داھاتی چەند مانگی ژن و منداڵی بۆ سەفەر کردن و وتووێژ ونووسین وناردنی بابەتەکان تەرخان کرد، ئەو لەتەک کاکۆ و قادر فەرشی ئەرکی فرەیان کێشا. ھەروەھا ماموستا محەمەد مەلاکەریم نووسەری بەناوبانگ دەنگی ئێمەی لە رێگای گۆوارە کوردیەکانی ئەم بەشە کوت کراوەی باشوری کوردستان گەیاندە خەڵک. لە دەرەوەی وڵاتیش کەسانێک وەک ھومەر دزەیی و ئەنوەر سوڵتانی ھەر لە سەرەتاوە خەمیان خواردین. لە ناو ھونەرمەنداندا ماموستا قادر دیلان بە پێشنیارەکەمان گەشایەوە و لە گەڵ خالید رەشید ھەر لە سەرەتاوە باسکی ھیمەتیان بۆھەڵماڵی. ئیقباڵ حاجبی خۆی گوتەنی وەدی ھاتنی یەکێک لە ئاواتەکانی تێدا دیت وھات بەھانامانەوە.

شوان پەروەر وەک دۆستێکی کۆن بەڵێنی دابوو بە ھەر چەشنێک بۆی بکرێ یارمەتی شانۆی کۆچەر بدات. کە بەرنامەی یادی ٧٥ساڵەی زێرەک بە گوێی گەیشت جێگای خۆی لە پروگرامەکەدا دیاری کرد. ھونەرمەند دڵشاد سەعید سەرەڕای ئەوەی رۆژانی ھەینی ئەبو لای قوتابیەکانی بێت لە شاری ویەن، یادی زیرەک دڵشادی کێشایە کۆڵن و قوتابیەکانی بێ ماموستا ھێشتەوە. بەکر لەگزیش کە خۆی ھاوشاری زیرەکە ئەوە بە ھەمووو شێوەیەک لە سەری فەرز بوو بەشداری بەرنامەکە بێت.

ھەرچەند پریسکەی پارە و ھیمەتی کۆچەر یەک ناگرنەوە و پیرێژنی لای خۆمان بە پریسکەیانەوە لە چاو کۆچەر وەک شا وان،بەو حاڵە خۆی لە قەرەی ئەم کارەدا. کورد کوتەنی کۆچەر بە پۆزی عالی و جیبی خاڵی وەشوێن ئەم کارە کەوت.


لە بەرنامەکەماندا مەزھەری خالقی، محەمەد ماملێ، حەسەن دەرزی، قالەمەڕە، مێدیا زەندی،موجتەبا میرزادە، پەروین موشیر وەزیری، ئەسعەد سراجەالدینی، شوکرالا بابان، محەمەد رەمەزانی، رەزا حەمە فەرەج و زۆر کەسی تر ھەبوون. کاک مەزھەر لە ئوروپا نەماوە، ھەرچەند کەسێک لە لەندەن ببووە یاساوڵ لە سەری بەڵام تا ئەم ساعەتە نەگەڕاوەتەوە. کاک محەمەد ماملێ پاش کوشتنی کوڕەکەی لە گەڵ ٥٩لاوی مەھابادی، دڵ بریندارە، ھەتا ئەوەی لەم دوایانە بە یەکجاری دوچاری فەرامۆشی ھاتووە. ئێمەش چمان بۆ نەما جگە لەوەی لە رێگای دۆستێکەوە بە ناوی ئەم شەوە و ئێوەوە سڵاو ورێزی بۆ بنێرین وئارەزوی ساخی وسڵامەتی بۆ بخوازین. قالە مەڕە شمشاڵ ژەنی بەناوبانگ کە بە وتەی خۆی زیادە لە ٥٠ساڵ لەگەڵ شمشاڵەکەی زەماوەندی کردبوو، لەم ساڵانەی دوایەدا بۆتە خاوەنی ژن و منداڵ داوای لێبوردنی کرد. ئەو و کاک حەسەن دەرزی گۆرانی بێژ و موسیقاژەن لە گەڵ کاک حەمەی رەمەزانی بڕیار بو ھەرسێ کیان نوینەری زیرەک و ناڵەشکێنە و حەوزە گەورە و باخی میراوا و موکریان بن لەم فستیواڵەدا. بەڵام مخابن سەرەڕای ناردنی دەعوەتنامە نەگەیشتنە ئێرە.کاک شوکروڵا بابان بە تەلەفون لە گەڵ ئێمەدا زۆر ئیزھاری شادی کرد و سەرباری نەخۆشی بەڵێنی دا لە گەڵ دۆستێکی ئێمە لە تاران وتووێژ بکات. بەڵام پاشان تەنیا بە گفت وگۆی تەلەفونی رازی بوو، کە ئەویش ماوەکەی لە دەقیقەیەک تێپەڕ نەبو. ئێمە لە ئێران بە شوێن ویلۆن ژەنی بە ناوبانگ و بەرپرسی تێپی موسیقای زیرەکدا دەگەڕاین، موجتەبا میرزادەمان لە ئامریکا دۆزیەوە.سەعات ٣س نێوەشەو لەخەو ھەڵمانستاند، خەواڵو بە کوردیکی کرماشانی لە گەڵمان دوا. لێی گەڕاین چەند سەعاتی تر بچێتەوە ناو جێگا. سەعات ٥ی ئێوارە بە کاتی ئێرە (ئاڵمان) و ھەشتی بەیانی بە کاتی ئەوێ تەلەفونمان لێ کردەوە. فرە ئیزھاری شادمانی کرد وتی: « یە ئارەزوی من بیە روژێ یادی حەسەن زیرەک بەرپا بو. من چ بووشم کە وەزعیەت روشنێک نێرم و ناتانم لە ئەمریکا خارج بووم» ھەرچەند ئەو بەھۆی نەبوونی «گرین کارت» نەیدەتوانی لە ئامریکا دەرکەوێ، بەڵام بەڵێنی دا لە رێگای فیلمی ویدئۆوە، ھەم بە دەنگ وھەم بە ویلۆنەکەی بەشداری بەرنامەکە بێت. بۆ ئەم کارە بڕیار وابوو ھونەرمەند عەبدوڵای موفتی کە خۆی لە کاری موسیقادایە ئەم وتووێژەی لە گەڵ ساز بکات. چەند ھەفتە بەر لە ئەمڕۆ خالید رەشید ئاگاداری کردین کە ئەم وتووێژەشمان پێ ڕەوا نەبیندراوە.


مێدیا خانمی زەندی خێزانی زیرەک بە رۆحێکی گەورەوە ھات بەرەوپیری داواکەمان، بەڵام ئەویش ئەمشەو لێرە حازر نیە بەڵام بە رێگەی تەلەفونەوە محەمەد رەمەزانی لە بۆکانەوە بۆ تاران سەعاتێک وتووێژی لە گەڵ کرد. ئەم وتووێژەش لە ئیرشادی ئیسلامی ئیزنی پێ نەدرا بگاتە ئێرە. بەڵام نووسراوەی وتووێژەکە گەیشتۆتە کۆڵن. مێدیا خانم زۆر شتی شاردراوەی ژیانی زیرەک و دەزگاکانی رادیۆ وتەلەوزیون و بەرێوەبەرانی کورد وناکوردی ئەم رادیۆیانە دەردەخات. ھەروەھا پەردە لە سەر زۆر شتی تر لا ئەدات. بەشێک لەم وتانە ئەمشەو پێشکەش دەکرێ وسەرجەمی وتووێژەکە وەک نامیلکەیەک لە چاپ دەدرێ.(١) عەلی یاسەمەنی(دەرویش عەلی) کە ئەمڕۆ ھەشتا ساڵ لە تەمەنی تێدەپەڕێ و٥١ساڵ لە گەڵ زیرەک ھەر لە منداڵیەوە ھەتا مەرگ ژیاوە، لە تاران و زۆر شوێن لە گەڵ زیرەک و میدیا بوە. بەسەرھاتی زیرەک وەک چیرۆکێک، وەک رۆمانێک بۆ محەمەد رەمەزانی دەگێڕێتەوە. دەرویش عەلی پاش ١٥٠دەقیقە باس لە سەر حەسەن زیرەک(فیلم وکاستی دەنگ ونووسراوەکەی گەیشتۆتە دەستمان و بڵاوی دەکەینەوە) دەڵێ:« ئۆخەی سووک بوم. بارێکی قورس لە سەر شانم ھەڵگیرا، لەو رۆژەی حەسەن غەرقی رەحمەت بووە، ئارەزوم دەکرد رۆژێک ئەو شتانە باس بکەم، ئەمڕۆ سووک بووم و مردنیش حەققە».دەرویش عەلی باسەکەی لەو رۆژەوە دەست پێ دەکات کە حەسەن ھێشتا منداڵ بووە لە بۆکان دەستی بە گۆرانی وتن کردوە. لە راستی دا باسی ئەو کەسانە دەکات کە ٦٠تا ھەفتا ساڵ لە مەوبەر لە بۆکان کاری موسیقایان کردوە. چێرۆکی ژیانی زیرەک لە زمانی دەرویش عەلی یەوە کاتێک کۆتایی پێ دێت کە ئەو و کاک حەسەنی مجێور و کاک حوسێنی برای زیرەک نیوەشەو تەرمی زیرەک پاش ٣٧رۆژ لە گۆرستانی شار دەردینن و دور لە چاوی خەڵک و بە ئاگادری خەلیفە ئەحمەدی وەحیدی، لە سەر تەپکەکەی خوار ناڵەشکێنە دەینێژن.ھەر کام لەو بەشانەی کە لە زمان دەرویش عەلی یەوە دەگێردرێتەوە خۆی رۆمانێکی سەر بەخۆیە. بۆوێنە چیرۆکی گۆرانیەکان، بۆ وێنە ژیانی زیرەک لە تاران، بۆ وێنە ژیانی زیرەک لە یەکەم تەلەوزیونی ئێران کە ھەتا کەرەج بڕی دەکرو دەبیندرا، بۆ وێنە ناردنی زیرەک بۆلای مەلا مستەفا و رادیۆی پەیکی ئێران، بۆ وێنە پەیوەندی زیرەک لە گەڵ زۆر شاعیر و نووسەر ورۆشنبیری ئەو سەر دەمەو زۆرشتی تر.

ھەرچەند مێدیا زەندی ومەزھەری خالقی و شوکروڵا بابان و موجتەبا میرزادە کە ئاگاداری کاری زیرەک لە رادیۆکانی تاران و کرماشان و سنە بوون ئەم شەو لیرە نین بەڵام جێگای ئەوان بە سێ کەس لە رادیۆی تاران وکرماشان وسنە پڕ دەبێتەوە. خانم پەروین موشیر وەزیری شاعیر ودەنگ خۆشی رادیۆ کەھەموو ساڵێک لە رادیۆ کوردیەکان یادی زیرەکی کردۆتەوە، ئەمشەو لیرەیە و سەکۆی ئەم شانۆیە لە شاری کۆڵن بۆ ئەو و ئێمە زیندوکەرەوی دەنگ ویادی زیرەکە لە رادیۆکوردیەکان. ھاوکاری پەروین خانم کەلای ھەموو گوێگرێکی رادیۆ کوردیەکانی تاران وسنە وکرماشان وەک نووسەر ودەرھێنەر ودەنگ بێژی رادیۆ ناسراوە، یانی کاک ئەسعەد سراج الدینی ش میوانی ھەموو ئێمەیە. باوەرناکەم کەس ھەبێ وگوێی لە رادیۆی تاران وکرماشان و بەرنامەی چیرۆکی شەو گرتبێ ونووسەرو دەرھێنەر عەلی عەبباسی نەناسێ. ئەویش ئەم شەو لێرەیە.

حەق نیە باسی گۆرانی ورۆشنبیری گۆرانی بکرێ ورەزا حەمە فەرەج، شاعیری زۆر شیعری گۆرانی بێژانی ناوداری ئەم سەردەمە کە بە دەگمەن لە پروگرامی ئەم گۆرانی بێژانەدا ناوی دێت لێرە نەبێت. ئەم شەو ئەویش لە سەر شیعرەکانی زیرەک دەدوێ. خۆ ئەگەر مرۆڤ ھەوارچی بێ و بخوازێت لە سەر زیرەک قسە بکا ئەوە گەرەکە بەرپرسی بەرنامەی ھەواری رۆشنبیری سیروانیش بانگ بکات ئەویش لێرەیە وئەم شەو چیغ وچادری لە سەر ئەم سەکۆیە دادەکوتێ. شاری شیرین وفەرھادیش کە خۆشەویستی زیرەک و مەڵبەندی باخی ژیانی ھونەریەتی، ئەم شەو لە لایەن دوکتور فیروزەوە نوینەرایەتی دەکرێ.

ئەم شەو پەروین خانی موشیر وەزیری، پرۆفیسور دوکتور قادر دیلان، شوان پەروەر، دڵشاد سەعید، ئیقباڵ حاجبی، خالید رەشید، بەکر لەگزی، ئەسعەد سراجەلدینی،عەلی عەبباسی، سیروان رەحیم و رەزا حەمە فەرەج و کاک فیروز دەلاقەیەک بە روی ژیان و بەرھەمی زیرەک دا دەکەنەوە. کرماشان شاری خۆشەویستی زیرەک بوو، ئەم شەو ئیوە لە سەر ئەم سەکۆیە میوانی شاری کرماشانن ئەویش لە رێگای نەقاشیەکانی پروفیسور مەحمودی زەنگەنە،‌ نەققاشی بەناوبانگی ھەموو ئێران.

دوا قسە نە پاش ملە. بەرپاکردنی ئەم شەوە بەرھەمی رەنجی چەند مانگەی ئەو کەسانەیە کە ئەم شەو ئێوە لە سەر ئەم سەکۆیە، لە بەر دەرگا، لە ناو ھوڵەکە و لە دەرەوە دەیان بینن و کەسانێک کە ئەیان ویست لێرە بن بەڵام سەر ڕای ویستی دڵ و دەرونیان ھەزاران کیلومەتر لە ئێمە دور بە ھۆی یاسا و سنورەکانەوە لە ماڵەکانیان دەمیننەوە.

سپاس بۆ ھەموو ئەو کەسانە کە نە بۆ پارە، نە بۆ نان نە بۆ ناو دەستیان گرتین. گلەیی ش لەو کەسانە کە بەڵێنیان پێداین بە خۆیان وتیپی موسیقایانەوە بەشداری ئەم شەوە بن، بەڵام ئەوەی نەسیبی ئیمەیان کرد چاوەڕوانی بو. ئەوەش بڵێین بۆ ئەم شەوە ھیچ کەس و رێکخراوێکی کوردی وئاڵمانی یارمەتیان نەداوین. ھەرچەند داوا لە شاری کۆڵن و زۆر رێکخراوی بابەتی و WDR و RTL کراوە. خەرجی ئەم شەو لە سەر شانۆی کۆچەر و دوستانی کۆچەر بوە.


ئەم شەو وەک مێژوو دەمێنێتەوە،ئێوەش بێ گومان یاد و بیرەوەری ئەم شەوە لە لای خۆتان ڕادگرن. بەشداری وھاتنی ئێوە نیشانەیە بۆ ئەوە، ھونەرمەندی کورد ئەبێ رێگای خەڵک وھونەرەکەی بگرێ وەک زیرەک.

ھیوادارین پەیامی ئەم شەوە بگاتە ھەمووو ھونەرمەندێکی کورد. بامێژووش بزانێ کە کوردی دەرەوەی وڵات گشتیان بێ ئەمەگ و سپڵە نین کە نانی نەتەوەیەک بخۆن و نان دانی بدڕینن. کورد کوتەنی با قسەیەکیش بۆ دز بکەین ئەویش ئەوەیە با زیرەک و سەید عەلی ئەسغەر و سیوە و عەلی مەردان ومەریم خان و زۆری تر نەبنە بابەت بۆنان و ئاوی ئەم وئەو. بەرپرسی شانۆی کۆچەر برایم فەرشی نوامبری ١٩٩٦

١- ئەم وتووێژە لە گەڵ وتوێژ لە تەک مام عەلی یاسەمەنی لە ساڵی ٢٠٠٢دا لە ژێر ناوی زمانی دوولا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
٢- ئەم وتار لە ڕۆژی کرانەوەی فستیواڵ خوێندراوەتەوە.
٣- پەروین خانم موشیروەزیری کۆتایی ساڵی ٢٠٠٩بە جێی ھێشتین.
 

 

 

--------------------------------------------------------------------------------------------------------



راپۆرتی فستیوالی ٧٥ ساڵەی حەسەن زیرەک.

 


ئێوارەی ھەینی رۆژی ٢٢/١١/١٩٩٦ لەناوەراستی شاری مێدیا و کولتور، کۆلۆنیا (کۆڵن) بەنیسبەت کوردەوە روداوێکی فەرھەنگی گرینگ روی دا ورەنگە ئەمە ببێتە ھەنگاوێکی مێژوویی. ھۆڵی VHS زیاتر لەچوارسەد کەسی لە خویدا گرتوە. چرا وردە وردە دەکوژێتەوە لە ناو تاریکی دا دەنگی زیرەک بەرز دەبێتەوە، دەنگێکی ژنانەی بە گۆی ئاشنا ئەلێت: ،، نا،نا، زیرەک نەمردووە، زیرەک زیندووە و یادی لای ھەموو کوردێک دەمێنێ...

ئەوە دەنگی پەروین موشیر وەزیری یە کە لە رادیۆی کرماشان یادی زیرەک دەکاتەوە. رووناکی دەکەویتە سەر پەردەکە، دوو کوتی پەردە ھەرکام بە لایەکدا دەکێشرێن، دەنگی پەروین موشیر وەزیری ئێستا لە سەر سەکۆ بەردەوامە، سەکۆی شانۆ بە فەرشی کوردەواری رازاوەتەوە، وێنەی زیرەک تەختایی دیواری شانۆکەی داپوشیوە، بە کوردی وئاڵمانی نووسراوە یادی ٧٥ ساڵەی لە دایک بوونی حەسەن زیرەک پیرۆز بێ. دەستی راستی سەکۆ بە وێنەی تیپی موسیقای رادیۆ کرماشان کە زیرەک لە نێویان دایە رازاوەتەوە، موجتەبا میرزادە، عەبدولسەمدی وئەوانی تر لە کاتی پێشکەش کردنی ئاھەنگدا دیارن.

پەخشانەکەی پەروین خانم لە ناو چەپڵەرێزانی بینەران دا کوتایی پێدێت. لە دەستە راستی کاک ئەسعەدی سراجەالدینی و لە دەستە چەپ دوکتور فیروز فەروخ دانیشتون و کەسانی تر وەک پرۆفیسور دوکتور قادر دیلان، ئیقبال حاجبی، رەزا حەمە فەرەج، سیروان رەحیم، و خالید رەشید بەشدارانی کۆڕەکەن.

کاک ئەسعەد کۆڕەکە دەکاتەوە، دوکتور فەروخ بە زمانی ئاڵمانی پاش بەخێرھاتن کردن لە سەر زیرەک دەڵێ:« زیرەکی شاعیر، ئاھەنگساز، وەرگێڕ، شانۆگێڕ و قسە خۆش کە بێ سەواد بو، بە تەنیا زیاتر لە ھەزار گۆرانی کوتوە، کە ھەمووی گۆرانی رەسەنی کوردە،ھەر بۆیە زیرەک بە گۆرانی بێژی ھەزار گۆرانی ناوی دەرکردوە.»

دیلان دەڵێت:« ئامادەکردنی شەوێکی ئاوا لە کاری دەوڵەتێک دەچێ، ئەوەی شانۆی کۆچەر لە دەرەوی وڵات بە بێ یارمەتی بە ئیشێکی وا ھەڵدەستێ جێگای رێزە. دیلان لە سەر زیرەک باسی ساڵانی ١٩٥٣ دەکات ئەو کاتە کە لە باشوری کوردستان بوە»

ئیقباڵ حاجبی وادەڵێت:« زیرەک یەکەم کەسە کە مەکتەبی موسیقای رەسەنی کوردی داناوە،ئەو موسیقای کوردی لە فارس وتورک و عەرب جیا کردەوە، زیرەک لە دەزگای موسیقای کوردی دا گۆرانی وتوە. موسیقای زیرەک مۆرکی کوردبوونی پێوەیە وھیچ کەس ونەتەوەیەک ناتوانێ لە مولکی کوردی جیا کاتەوە. حاجبی دەڵێت: فارسەکان زۆریان حەول دا تا زیرەک لە چوارچێوەی دەزگای فارسی دا گۆرانی بڵێت بەڵام زیرەک لە چوارچێوەی کوردی خۆی دور نەکەوتەوە. حاجبی پاشان بە قەرەنەی(کلارینێت) ئاھەنگێکی زیرەکی ژەند کە رەنگێکی تری دایە بەرنامەکە.

رەزا حەمە فەرەج بەم جۆرە دیتە قسە: « زێرەک خۆی شاعیر بو» ئەو لەو بڕوایە دابو کە زیرەک گۆرانی فولکلوری نەکوتو‌وە بەڵکو شیعری بە زمانی خەڵک بە شێوەی فولکلوری داناوە. رەزا بە ھەڵسگاندنی شیعرەکانی ھەستی بەرزی زیرەکی دەرخست، ئەو ھەروەھا باسی بە کارھێنانی وشەی رەسەنی زەیرەک لە شیعرەکانی دا کرد. پاشان خالید رەشید بە نەی ئاھەنگێکی زەیرەک دەژنێ.


سیروان رەحیم لە کورتە پەخشانەکەی دا گوتی: « ئێوە بە وریاییەوە سەرنج لەم ناوانە بدەن و گوێی بۆ ھەڵخەن«شەدەلار، کەویار، لۆرکێ ولۆرکێ،گەوھەرێ، کۆڵوانەسوور، شاییە دەگەرێ ودەیان ناونیشانی تری ئاوەھا ناسک وجوان ورەسەن. گەلۆ ھەموو ئەمانە لە نەزانی ونەخوێندەوارییەوە ھاتوون یان لە ھەستی ھۆنەرمەندێکی سینە بەئەوینی خاک پڕ ودڵ بە عشقی بێت و کەونە ھونەری گەلەکەی تەژی»؟!

حەسەن زیرەک ئاوا دەنگ ھەڵدەبڕێ:« ئەوە بەو ئاخری پیریە چەند گۆرانی بۆخەڵک ئەڵێم، دورنیە بمرم، بچمە ژیرگڵەوە لەو دونیاش چاوم بە بەشەڕی کورد نەکەوێ. ھونەر لای کورد قەدری نەماوە،ھونەرمەند قەدری نیە، بۆ؟؟ لەبەر ئەوە کوردم بە زمانی کوردی قسە دەکەم.عەلی مەردان بەرزە زۆر بەرزە کورد قەدری نازانێ من قۆندەرەکانی(پێڵاوەکانی) دەنیمە سەر چاوم.».

بەرپرسی شانۆی کۆچەر، برایم فەرشی لە راپۆرتی چۆنیەتی پێک ھاتنی فستیوالی یادی ٧٥ ساڵەی لە دایکبوونی زیرەک دا دەڵێت:« دەمانویست بەرێزان شوکروڵا بابان، موجتەبا میرزادە،مێدیا زەندی، مەزھەری خالقی، محەمەد ماملێ، قالە مەڕە، حەسەن دەرزی، مەحەمەد رەمەزانی، دەرویش عەلی و کەسانی تر، بانگ بکەین، پێوندیمان بە زۆربەیانەوە گرت بەڵام سەری نەگرت». لە شوێنێکی تردا دەڵێت: « ئێمە بۆ ئەم شەوە نزیکەی ٢٠ ھەزارمارکمان خەرج بووە و لە لایەن ھیچ کەسێکەوە چ کورد و چ ئاڵمان تەنانەت یەک مارکمان پێنەگەیشتووە، ئەوە جگە لە کاری ٩ مانگەی رێکخستن و کاری دەساڵەی کۆکردنەوەی بەرھەمەکانی.ئەمڕۆ کۆچەر خاوەنی ئارشیوێکی پڕبایخی بەرھەمەکانی زیرەکە.».

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا دەڵێت:« ئەم شەو وەک مێژوو دەمێنێتەوە،ئێوەش(بینەران) بێ گومان یاد و بیرەوەری ئەم شەوە لە لای خۆتان رادەگرن. بەشداری وھاتنی ئێوە نیشانەیە بو ئەوە ھونەرمەندی کورد دەبێ رێگای خەڵک وھونەرەکەی بگرێ، وەک زیرەک. ھیوادارین پەیامی ئەمشەوە بگاتە ھەموو ھونەرمەندێکی کورد. با مێژووش بزانێ کە کوردی دەرەوی وڵات گشتیان بێ ئەمەگ و سپڵە نین، کە نانی نەتەوەیەک بخون و ناندانی بدڕێنن. کورد کوتەنی با قسەیەکیش بۆدز بکەین ئەویش ئەوەیە. با زیرەک وسەید عەلی ئەسغەر و سیوە وعەلی مەردان ومەریەم خان وزۆری تر نەبنە بابەت بۆنان وناوی ئەم و ئەو».

دڵشاد سەعید بە ویولەنەکەی ھەستێکی نوێ لە موسیقای کوردی نوواند. دڵشادیش لە ئارشیوی زیرەک ئاھەنگی کرماشان شاری شیرینمی ژەند و نوواندی کە ‌رێگای ھەیە بەرەو ئاکادیمیای موسیقای ناونەتەوەیش بروات.پاش پشوودان، شوان پەروەر بە کوردی وئاڵمانی لە سەر زیرەک دووا، زیرەک لای شوان بڵیمەت بوە و بلیمەتیش دەمێنێتەوە. کاتێک گۆرانی لەیل و لەیلی زیرەک لە لایەن شوان پەروەرەوە پێشکەش کرا دانیشتوانی ھۆڵەکە ھەستی خۆیان بە چەپڵەرێزان دەربڕی.
شیعری شەو لە لایەن پەروین خانم ھاوڕێ لە گەڵ قەرەنەی ئیقباڵ حاجبی دیکلەمە کرا و پاشان زیرەک خۆی چریکاندی: ،، ھەستە کامیل بەسیە سستی دەی بڕۆ لێی راکەوە.

قادر دیلان کە پاش کارەساتی ھەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ تەرکی سەکۆی شانۆی کردبوو، بۆیادی گەورە پیاوی موسیقای کوردی جاریکی تر لە سەر سەکۆ گۆرانی باران بارانەی خوێندو رەنگێکی تایبەتی دایە پرۆگرامەکە.


خالید رەشید،ئاسۆ سەڵتە، نەبەز بەرزەنجی، پاشان چەند گۆرانیان پێشکەش کرد. شەوەکە بە گۆرانی خاڵە رێبوار و کیژان دەچنە مێرگۆڵان بە دەنگی ھاوشاری زیرەک بەکر لەگزی و قەرەنەی ئیقباڵ حاجبی کۆتایی ھات.

وێژەرانی بەرنامەکە پەروین خانم موشیر وەزیری، کاک ئەسعەد سراج الدینی و کاک دوکتور فیروز فەروخ بوون کە بە درێژایی دوازدە سەعات ونیو لە زیرەک دووان، ھەڵگەڕ‌اندنەوەی گۆرانیەکانی زیرەک بە ئاڵمانی لە گەڵ قسە خۆشەکانی بینەری ئاڵمان و کوردی نەزانی، کێشایە دونیای زیرەکەوە.

راوبۆچوونی بینەران دەربڕی رازی بوون بوو، بە تایبەت ئاڵمانیەکان. رێک و پێکی شەوەکە، زانیاری بە زمانی کوردی، ئاڵمانی وفارسی لە سەر زیرەک بە نووسراوە، پێشکەش کردنی ئەدەبیات وفیلم وموسیقای کوردی لە لایەن ھاوکارانی ناوەندی کۆچەر لە دەرەوەی ھۆڵەکە، باری رێکخستنی شەوەکە بەرچاو بو. دیارە لەم شەوەدا کەسیش برسی وتونی نەمایەوە.

بۆ ئەمنیەتی بەشداران پۆلیسی شاری کۆڵن* لە حاڵەتی ئامادەدا بوون و ھاوکاریان بەرچاو بو. ھەموو لە رازی دەچوون جگە لە گیرفانی کۆچەر و قەرزی تازەی. کورد کوتەنی گۆم ھەتا قوڵ بێت مەلەی خۆشترە. ئەندامانی کۆچەر دەڵێن: « تۆبڵێی ئێمەی مەلە نەزان لە گۆمی قوڵدا چمان بە سەر بێت؟؟ شانۆی کۆچەر ئاڵمان نوامبری ١٩٩٦
_______________________________________
* ھۆی ئامادەبوونی پۆلیسی کۆڵن پێوەندی بە دادگای میکۆنووس لە شاری بەرلین بوو. شانۆی کۆچەر بە پۆلیسی ڕاگەیاندبوو کە ئەو کەسانەی کە لە فستیواڵی زیرەک بەشداری دەکەن، کەسانی بەناوبانگی کوردن و مەترسی ھەڕەشە و کاری تیرۆریستی لە لایەن ئێران و کەسانیەوە ھەیە، پێشتر ھەر لە شاری کۆڵن بۆمبێک لە سەتڵێکدا لە لایەن پۆلیسەوە لە بەرنامەیەکی ڕێکخراوی موجاھد دۆزرابووە و ئەوەش پۆلیسی کۆڵنی پاش دوو مانگ ڕاوێژ لە گەڵ ناوەندی شانۆی کۆچەر گەیاندە ئەو بڕیارە کە پۆلیس بە درێژایی ھەموو شەوەکە لە شوێنەکە بێت و پۆلیسی شاریش لە حاڵەتی ئامادەدا بن.

 

ماڵپەڕی برایم فەڕشی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک