په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٣\٢٠١١

شاری هەولێر لە نێوان تۆقاندنی دەسەڵات و بێ باوەڕیی بە ئۆپۆزسیۆن.


ئازاد ئارمان   


خۆپیشاندانی مەیدانی ئازادی (بەردەرکی سەرا) مانگێک و دوو ڕۆژە،سەرەرای هێرشی هەمەلایەنە و گرتنە بەری هەموو تاکتیکێکی دەسەڵات بۆ دژایەتی کردنیان ئێستاش هەر بەردەوامە. یەکێک لە ئامانجەکانی خۆپیشاندەران و ئەنجوومەنی کاتی مەیدانی ئازادی ئەوەیە هەولێری دەستە خوشکی سلێمانی بێتە پشتوانی و چارەنووسی ئەم مانگرتنە گشتی یە سەرانسەری بکاتەوە و بەرەو سەرکەوتنی بەرێت.


دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی حکوومەتی هەرێم و بە تایبەتیش دەسەڵاتی باوکسالاری پارتی دەیموکراتی کوردستان بە هەموو شێوەیەک لە ماوەی ئەم مانگەدا هەموو تواناکانی خۆی بەکارهێناوە هەر لە هێزەکانی زێرەڤانی یەوە بگرە تاوەکو دەزگای پاراستن و میدیاکانی بۆ ڕێگە گرتن لە بەرپابوونی خۆپیشاندان لە دژی گەندەلی، ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و نەبوونی ئازادی سیاسی ...هتد.


یەکێک لە پروپاگەندەکانی سەرانی پارتی ئەوەیە کە هەولێر ئارامەو بە هیچ شێوەیەک نایەوێت ئەم ئارامی یە تێک بدات. بەڵام هەموولایەک ئەم راستی یە باش دەزانن بە پارتی خۆشی یەوە کە شاری هەولێر لە ناوەوە پەنگ ئەخواتەوە لە دژی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی پارتی و حکومەتی هەرێم. بە هیچ شێوەیەک ئەم پروپاگەندەیە ڕاست نی یەو تەنها پەردەپۆشکردنی ئەم زولم و ستەمکارییەیە کە پارتی لە هەولێر درێژەی پێدەدا لە دژی جەماوەری ئەم شارە.


ئۆپۆزسیۆنیش لە کاتێکدا داوا لە جەماوەری شاری هەولێر دەکات خۆپیشاندان بەرپا بکەن لە دژی دەسەلاتی پارتی، کەچی خۆیان ناتوانن نەک هەر گردبوونەوەیەکی جەماوەری،گردبوونەوەیەکی حیزبی، میتینگێک، کۆڕێکی سیاسی بەرێوەبەرن بەڵکو لە توانایاندا نییە بەرگری لە ئۆفیسەکانی خۆشیان بکەن لە بەرامبەر دەسەڵاتدا. پێش سوتاندنی بنکەکانیان بە قەولی یەکێک لە سەرکردەکانی گۆران هەر زوو تەسلیمی پولیسیان کرد. لەم لاشەوە سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕان لە ترسی پارتی یەکەم ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی هاتە سەرخەت و پەیڤی: خۆپیشاندەرانی بە "ئاژاوەگێر" وەسف کرد و پشتیوانی بزووتنەوەکەی خۆی ڕاگەیاند بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی هەرێم!!! لەم لایەشەوە وەکو دەرکەوتووە یەکگرتووی ئیسلامی زۆر ئۆپۆرتۆنیستانە و داوای لە ڕێکخستنەکانی کردووە کە لە زۆنی زەرد بەشداری خۆپیشاندان مەکەن بەڵام لە زۆنی سەوز بەشداری بکەن. ئەمە هەڵوێستی ئۆپۆزیسۆن بێت چۆن چاوەروان دەکرێت بە بانگەوازی ئەم ئۆپۆزسیۆنە جەماوەری شاری هەولێر بێنە سەر شەقام. سەرەرای ئەمانەش ئۆپۆزیسۆن بە دیاریکراویش "بزووتنەوەی گۆڕان" لە ناو جەماوەری هەولێر و شارەکانی تریش،وەکو بزووتنەوەیەکی ناوچەگەریی ناسراوە و جێگای پشتیوانییەکی بەرفراوان نییە. نەک هەر ئێستا بەڵکو لەم کاتەیەوە کە دروست بووە بە ئیفلیچی لە دایک بووە، لە هەولێر و شارەکانی تری وەکو دهۆک و کەرکوک.


ئەگەر نا مێژووی چەند دەیەی رابردووی شاری هەولێر نیشانی دەدات کە ئەم شارە لە هەموو ڕوویەکەوە قوربانی بێ ئەژماری داوە لە خەبات لە دژی ستەمکاری رژێمی بەعس و دەسەلاتی خۆمالی (بەرەی کوردستانی و دواتریش حکوومەتی هەرێم) . من خۆم شاهێدی واقیعی ئەم شارەم کاتێ ڕاپەرین لە دژی رژێمی بەعسی فاشیست لە ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٩١ چ قارەمانێتییەکیان نواند، لە بەرەنگاربوونەوەی بێ وێنە لە بەرامبەر هێرشی ڕژێمی سەدام لە ٣١ ئازاری هەمان ساڵ (کە بە کۆڕەوەکە ناسراوە) کە بەرەی کوردستانی ئەو کاتە نەک هەر به‌رگرییان نەکرد بەڵکو شەوی پێشتر قوچاندیان و تاکە هێزیش کە بەرگری کرد هێزی چەکداری شوراکان و جەماوەر بوو. هەروەها پێشرەوبوونی شاری هەولێر لە خۆپیشاندانە کەم وێنەیییەکانی ساڵی ١٩٩١ و داخوازی چوونە دەرەوەی هێزی داگیرکەری بەعس لە کوردستان، ئەم کاتەی کە لەگەل بەرەی کوردستانی لە گفتوگۆدا بوون بە تایبەتیش ڕاپەرینی ١٧ تەمووز لە دژی بەرەی کوردستانی و حکومەتی بەعس بە ڕاستی ئەم شارە مێژوویەکی یان دروست کرد لە دژی ئەمانە. هەروەها رۆڵ و نەخشی جەماوەر لە پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی وەکو "یەکێتی بێکاران" و " کۆمەڵەی ئاوارەکان" و مەراسیمەکانی ٨ی مارس "ڕۆژی ئافرەتانی جیهان" و ١ی ئایار " ڕۆژی کرێکارانی جیهان" ئەمانەو چەندانی تر نەک هەر لە هەولێر پێکهاتن و بەرێوەدەچوون. بەڵکو بەراورد بە شارو شارۆچەکانی تر زۆر لە سەرەوەتر و بالابەرزتر بوون. سەرەرای ئەمانەش کە باسمان کرد کارەستەکانی شەڕی ناوخۆ کەم نین کە بەسەر ئەم شارەدا هاتووە. شەڕی ناوخۆیی لە نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی، شەڕی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان. دواتریش بوو بە کارەساتی هێنانەوەی رژێمی بەعس لە لایەن پارتییەوە بۆ هەولێر لە ساڵی ١٩٩٦ کە بە ٣١ی ئاب ناسراوە.


سەرەرای ئەمانە مێژووی بیست ساڵەی دەسەڵاتی بەرەی کوردستانی و حکومەتی هەرێم، ئەم هێزانەی ئێستا پروپاگەندەی ئۆپۆزسیۆن دەکەن نموونەی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵ و بزووتنەوەی گۆڕان هەر هەموویان بێ جیاوازی برابەشی دەسەلاتی پارتی و یەکێتی بوونە، ئەگەر ئەوان برا گەورە بووبن ئەوانیش برابچووک بەشی خۆیان وەرگرتووە. لە هەموو سه‌رده‌مه‌کانیشدا وەکو پارتی و یەکێتی لەسەر سەروەت و سامانی نیشتمانی مشەخۆر بوونە و برابەشی پارتی و یەکێتی بوونە. تەواوی مێژووی ئەم بە ناو ئۆپۆزسیۆنە تەنها سالێک و چەند مانگێکە لە دەسەلاتدا نین و دونیایان لێ وێک هاتووتەوە و شەڕی بەشکردنی سەروەت و سامانیان لەگەل دەسەلاتی پارتی و یەکێتی راگەیاندووە. بە دڵنیاییەوە دەیڵێم ئەمانە نەک هەر لەگەل ئالوگۆڕی شۆڕشگێرانە نین بەڵکو خۆیان ئەم هێزە کۆنەپارێزەن وەکو پارتی و یەکێتی، لە بەرژەوەندییانە دەسەلاتی مشەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشداری ئەوانش لە دەسەلات بەم شێوەیە بمێنێتەوە. ئاخر سەیرە لە کوێی دونیای سیاسی ڕۆژهەلات و ڕۆژئاوا دا ئۆپۆزسیۆن خاوەنی کۆمپانیا و ملیۆنەها دۆڵار بێت، خاوەنی دەزگای زەبەلاحی وەکو راگەیاندن بێت، خاوەنی داگیرکردنی بەشێک لە شوێنە گشتی و خزمەتگوزارییەکان بێت خاوەنی دەیەها و دەیەهای تر.


ئەمانە کار و کردەوەی ئۆپۆزسیۆن بێت، چاوەروانی چ لە جەماوەر بکرێت بە پەیام و بانگەوازەکانی ئەمانە برژێنە سەرشەقام، پێم وایە جیاواز لە دیکتاتۆریەتەکەی پارتی و یەکێتی کە دەسەڵاتێکی بێ ئەندازە لە سەرکوت و ترس و تۆقانیان لە هەولێر بەرێخستووە. کە وای لێهاتووە ترسیان لە سێبەری خۆشیان دەبێتەوە. جەماوەری ئەم شارە بەم ئەزموونە کارەساتبارانەی ڕابردوو کە مافی خۆیانە بەم هێزانە بێ باوەر بن و بە وتەکانیان باوەر نەکەن، چونکە کرداری چەندین سالەیان لەگەل دەسەلاتدا چەکی مەحەکە. ڕەنگە کەسانێک هەبن بڵێن ئەی بۆ سلێمانی ڕاپەریوە، دیارە هەلومەرجی سلێمانی زۆر جیاوازی هەیە لەگەل شاری هەولێر و تەواوی شارەکانی تر وەکو دهۆک و کەرکوک. جیاوازییەکەش زۆر ڕوونە و دیارە سلێمانی بە دەست ئۆپۆزسیۆنەوەیە نەک دەسەڵات. بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی ساڵ و نیوی رابردوودا لە سلێمانی زیاترلە پارتی و یەکێتی خەڵک دەنگیان دا بە بزووتنەوەی گۆران. پارتی کە دەسەلاتی بە دەستەوەیە لە سلێمانی نەک هەر توانای بەرێوەبردنی ئەم شارەی نییە بەڵکە لە مەوقیعیەتی بەرگریی دایە. ئەمانە هۆکارێکی ئاسانکارین بۆ هاتنەمەیدانی جەماوەری شاری سلێمانی.


هێنانەوەی نموونەیەکی ئەمرۆی ئێران و کوردستانی ئێران (کوردستانی ڕۆژهەڵات) یارمەتیمان دەدا بۆ زیاتر ناسینی هێزەکانی دەسەلات و ئۆپۆزسیۆن و بەرەی جەماوەریی. وەکو ئاگادارن چەند ساڵێکە بزووتنەوەی سەوز لە ئێران وەکو بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆن دەرکەوتووە (کە پێشتریش ئەوانیش بەشێک بوون لە دەسەلاتی دیکتاتۆری و سەرکوتکەرانەی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران). ئەم ڕەوتە توانیویەتی چەندین خۆپیشاندان بکات لە شارەکانی ئێران بە تایبەت لە تاران بەڵام بۆ یەکجاریش بە بانگەوازی ئەم بزووتنەوەی سەوزە لە هیچ شارێکی کوردستان خۆپیشاندان نەکراوە سەرەرای بانگەوازی پەیتا پەیتای سەرانی سەوز بۆ خەڵکی کوردستان. ئەم وێنە سیاسییە ئەوەمان پێ دەڵێت جەماوەر کاتێ لە هێز و لایەنێک دڵنییا نەبێت نایەتە سەرشەقام. چونکە خەڵکی کوردستان کار و کردەوەی (موسەویی و کەڕوبی)یان بینیوە لە رابردوو چیان بە خەڵکی کوردستان کردووە. بەڵام له‌ هەمان کاتدا جەماوەر بە بانگەوازی هێزێکی وەکو کۆمەڵە ( ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) و پشتیوانی حیزبه‌ چەپەکانی تر مانگرتنی گشتی لە سەرانسەری کوردستانی ڕۆژهەلاتدا بەرپادەکات. ئەمانە ئەوە نیشان دەدەن جەماوەر وشیار و زۆر هەستیارە ئاوا بە ئاسانی خۆی ناداتە دەست هێزی قەدەر کە نەزانێت چارەنووسی بەرەو کوێ دەروات.


تۆفانی شۆڕشی بەردەوام لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا دەستی پێکردووە و توانی دیکتاتۆریەتی ٢٣ ساڵەی بن عەلی ڕابمالێت و لە ماوەی ١٨ ڕۆژیشدا جەماوەری میسر توانیان گەورە دیکتاتۆری ڕۆژهەلاتی ناوەراست لە تەختی دەسەڵاتدا بیکێشنە خوارەوە. کە پێی دەڵێن "ئەو هەژدە ڕۆژەی دونیای لەرزاند" ئێستاش لە بەشێکی تری جهیانی عەرەب بەردەوامە. وەکو لیبیا و یەمەن بەحرین و عێراق و کوردستان و ...هتد. ئەم هەستان و رادیکالیزمە لە ناعەدالەتی کۆمەلایەتی و سیاسی قووڵەوە سەرچاوەی گرتووە تاوەکو ئەم ستەمکارییە رانەماڵێت راناوەستێت. ئەگەر بە سوپا و دەزگاکانی سەرکوتکەرەکانی دەوڵەتی میسر و تونس و لیبیای دۆستی نزیکی پارتی و یەکێتی ئەم سونامی شۆڕشە نەوەستێت. هەرگیز بە میلیشیاکانی پارتی و یەکێتی کۆنترۆل ناکرێت. ئەمە خەونی بن عەلی و حوسنی موبارەک و قەزافیش بوو. بەڵام مێژوو پێچەوانەی ئەوەمان پێ نیشان دەدات. ئەوەی سەرەتاکەی لە کوردستانیشدا دەرکەوتووە و ئێمە دەیبینین لەدایکبوونی بزووتنەوەیەکی نوێیە کە خەونی دروست کردنی کۆمەڵگایەکی نوێی لە خۆیدا هەڵگرتووە. پێمان دەڵێت لە سەدەی بیست و یەکەم دا "دونیایەکی باشتر له‌ توانادا هەیە".

 

ماڵپەڕی ئازاد ئارمان

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک