شاری کەرکوک و
نۆرم و رەهەندە کۆمەڵایەتییەکان!

ستار محەمەد قادر
بە داخێکی زۆرەوە ساڵانێکی زۆرە چ رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق و
چ سەرکردایەتی سیاسیی کورد تەنها بە نێرینی سیاسییانەوە مامەڵەیان لە
گەڵ واقیعی شاری کەرکوکدا کردووەو دەیکەن، لایەنە مۆراڵی و
مەعریفییەکەی شاریان فەرامۆش کردووە، وەکو ئەوەی ئەم شارە جگە لە
رەهەندی سیاسیی ئیدی خاوەنی هیچ جۆرە رەهەندێکی کۆمەڵایەتیی، ئیداریی،
خزمەتگووزاریی، ئابووریی و مرۆیی نەبێت؟!
شتێکی ئاشکرایە کەرکوک یەکێکە لەو شارانەی کە لە کۆنەوە هەڵگری شوناسی
پێکەوە ژیان و فرە رەنگ و دەنگ بووە، لە رابردوودا دوور لە شانۆی
سیاسیی ئەو فرە رەنگ و دەنگییە لە سەر روخساری نەخشابوو و وێنای کۆلکە
زێڕینەو باندێکی مۆزیکیی بە دەرەوەی خۆی دەبەخشی، کە هەر یەکەیان تەواو
کەری ئەوی دییان بوو و ئەنەرژییان لە زوبان و نۆرم و روخساری یەکدی
وەردەگرت، تا ئەو ساتە وەختە هەستییارانەی کە دێوە زمەی سیاسەت ئاسمانی
ئەم شارەی بە پەڵە هەورە رەشەکانی دانەپۆشی بوو، پێکەوە ژیان سیمبۆل
بوو و قەڵای ئەم شارەش ئەو شوێنە بوو کە بە وێنا پەلکە زێڕینەییەکەی
دیمەنی ئەم شارەی زۆر لەوە جوانتر کردبوو کە لە حەقیقەتدا بوونی هەبوو!
ئەگەر رژێمی بەعس بە هێنانی خەڵکی هاوردە و غەوارە بە سرووشتی ئەم شارە،
لە پێناو گۆڕینی حەقیقەتی کەرکوکدا، ئەم شارەی تووشی کارەسات و کۆمەڵێک
خوێن لە بەر رۆیشتنی ئەخلاقی و رۆحی و کۆمەڵایەتی و نا ئارامی کرد، کە
تا ئەم ساتە وەختە خەڵکی هاوردەو دەرکراو باجی ئەو هەڵە ئەخلاقیی و
سیاسییە کارەسات ئامێزە دەدەنەوە، ئەوا بێ گومان ئەو هەڵانەش کە سەرانی
کورد لە گەڵ واقیعی ئەم شارەدا کردوویانەو تا ئەم ساتەش دەکرێن، ئەگەر
زیاتر نەبن لەو باوەڕەدام کەمتر نین؟!
من لەوە دڵنیام کە قسە کردن لە سەر بابەتی هاوشێوەی ئەم نووسینە، لە
لایەن زۆرێکەوە شرۆڤەی جۆراو جۆری بۆ بکرێت، لێ یەکێک لە ئەرکەکانی
ئێمە دانانی خاڵە لە سەر پیتەکان و روو داماڵینی حەقیقەتە، ئەو
حەقیقەتانەی کە پەردە لە سەر شتە شاراوەکان هەڵ دەماڵن و شتەکانی ئەو
دیو پەردە دەخەنە پێش چاوانمان!
یەکێک لەو هەڵە کووشندانەی کە سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە دووای پرۆسەی
ئازادیی ئێراق لە گەڵ واقیعی کەرکوکدا کردیان، پەتای حیزب حیزبێنە بوو،
کە بوو بە هۆکاری لە بیر کردن و پەراوێز کردنی ئەو ناوە مەجازییانەی کە
لە رابردوودا لە کەرکوک دەنران!
خاڵێکی دیکە گەڕاندنەوەی ئاوارە بوو بە بێ پلان و بەرنامەی کار، ئەویش
بوو بە مایەی ئەوەی لە لایەن هێندێک لایەنەوە کورد بەوە تۆمەتبار بکرێت
کە کوردانی وڵاتانی ئێقلیمییان لە پێناو مەرامی سیاسیی خۆیاندا لە
کەرکوک نیشتەجێ کردووە، لە کاتێکدا دەکرا میکانیزمی گەڕاندنەوەی
ئاوارەکان لە سەر شێوازێکی مۆدێرن و لە فۆرمێکی دیدا دوور لە گەمە کردن
بە چارەنووسی خەڵکانێک کە بۆ جارێکی دیکە لە سەر زێدی خۆیان ئاوارە
ببنەوە!
دەکرێت کەرکوک وەکو شارێک لە رابردوودا وێنای پەلکە زێڕنەی لە خۆ
گرتبێت، ئەوا دەکرا زۆر لەو واقیعە جوانتر بە لۆژیکی "چەپکە گوڵ" پەلکە
زێڕینەی رابردوومان، لە رووی ئیدارییەوە نەک سیاسییەوە لە ئەمڕۆماندا
بەرجەستە بکردبایە!
ئێمە وەکو کورد لە مێژوودا کوشتەو قووربانیی رژێمە داخراو و تۆتالیتارو
دیکتاتۆرەکان بووین، هەموو کاتێک و لە هەموو شۆڕشەکاندا بەرگریمان لە
دیمۆکراسیی و ئازادییەکان و مافی مرۆڤ کردووە، چ جای لە ژێر چەتری
خۆماندا، لە کاتی بچووکبوونەوەی دونیاو سەردەمی "مۆبایل و ئەنتەرنێتدا"
بکەوینە وێزەی یەکتری و لە هەوڵی سڕینەوەی ئەوی "تردا" بین؟!
سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان نەدەبووایە هەرگیز بیریان بە لای ئەوەدا
بڕۆیشتبایە کە هەمان سیاسەتی هەڵەی بەعس پراکتیزە بکەن، هەر هەموومان
ئەو حیزبە کارتۆنییە کوردییانەی سەروەختی بەعسمان لە یادە کە لە لای
هەر تاکێک لە ئێمە هیچ جۆرە ئەرزشێکیان نەبوو و بە هیچ شێوەیەک
گوزارشتیان لە داخوازییە راستەقینەکانی کورد نەدەکرد، بۆیە نەدەبوو لە
سەر هەمان ریتم درێژە بە سیاسەتێک بدەین کە لە کۆتادا نەتوانین بەری لێ
بگرینەوە!
دەکرا لە سەر پێداگیریی و شێلگیریی گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف،
لۆژیکی چارەسەرییەکی سەردەمییانەمان هەڵبژاردبایە، کە لە بارتەقایدا
بووایە جیاوازی بکات لە نێوان جەللاد و قوربانیدا، لێ بە داخێکی زۆرەوە
نەک نەمانتووانی ئەو لۆژیکە لە سەر ئەرزی واقیع دیفاکتۆ بکەین، بەڵکو
بە پێچەوانەوە!
با بە زوبانی سەردەم لە گەڵ یەکدیدا بدوێین، دوور لە مووجامەلەو واقیعی
ئەو ناوانەی کە دەستەکانیان چەورو شوێنەکانیان گەرم و ورگیان تێر و لە
شوێن"موقیع"ی خۆیانەوە لە شتەکان، رووداوەکان، چارەنووسی میللەتێک
دەنواڕن!!
تا ئەم ساتە وەختە ئایا کەسمان لە میکانیزمی کارکردنی ئەوی دیی رازین؟!
یان لەم ساتە هەستییارە ناسکەدا لە هەوڵی سڕینەوەی دەستە چەورەکەی
خۆمانداین بەوی دیدا؟!
دەکرا کەرکوک لە سەر داوای کورد، ئاوارە رەسەنەکان، لە مەراسیمێکی پڕ
لە شکۆدا لە پێش چاوی ئەم دونیا بچووکەی ئەمڕۆی شۆڕشی تەکنۆلۆژیادا، بە
سووپاس و داوای لێ بووردنەوە بە شارەکەیان شاد ببوونایە، نەک هەڵەمان،
بە هەڵە چارەسەر بکردبایە!
ئەمڕۆ دانیشتوانی ئەم شارە هێندەی تامەزرۆ و چاوەنواڕی نۆرم و رەهەندە
کۆمەڵایەتییە رەسەنەکەی خۆیانن، دوور لە مەرامی سیاسیی، هەرگیز بەوە
خۆشنوود نین ئەگەر کەرکوک هەر ناوێکی لێ بنرێت، ، کە لە رابردوودا
گووزارشتی لە "چەپکە گووڵ"و "پەلکە زێڕنە" دەکرد ، ئەو ناوە هەر چییەک
بێت، ئەگەر دووربێتـ لە بەها مرۆیی و رۆحییەکەی و ببێت بە مایەی
شێواندنی وێنای قوربانی بۆ جەللاد، باوەڕ ناکەم بە هیچ کەرکووکییەکی
رەسەن هەزم بکرێت؟!!
|