په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٧\٢٠١٠

شاری سەردەشتیش

قوربانییەکی دیکەی شەڕی هاوبەشی کورد لەگەڵ ئێران.


عەلی مەحمود محەمەد


(ئەم بابەتە پێشکەشە بە مام عەلی ڕەحیمی کە بە داخەوە ئەمساڵ بە هۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی وەک 7 ساڵی ڕابردوو دێوانەی یادکردنەوەی ئەو تاوانە بێت).


دوای بیست و دوو ڕۆژ لە کیمیابارانکردنی گوندی شێخ وەسانان، هێشتا بریندارەکانی ئەو دەڤەرە بە دەم ئازار و خۆشاردنەوەوە دەیان ناڵاند، شارێکی دیکەی کوردستان کەوتە بەر شاڵاوی کیمیابارانکردن لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئێراقەوە ، سەردەشت مژدەی هاتنی هەڵەبجەی بە گوێی هەمو لایەک دا ،دەروازەی شار کیمیابارانکردنی لە لایەن بەعسەوە خستە سەر پشت .


بریندارەکان ئەو شارە دەڵێن و دەگێڕنەوە دوای کیمیابارانکردنی شارەکەیان دە دە دەستیان دەگرت و پێکەوە ڕێیان دەکرد، چاوەکانیان بینایی لێ سەندرابووەوە، شار لە ناو گازباراندا بە بێ کەسی بە دیار تەرم و بریندار و کەلاوەکانییەوە دەیناڵاند ،بوو بووە شاری مردو خۆرەکان .


لە ناو شار مرۆڤ و مانگاو مەڕو بزن و هەموو جۆرە ئاژەڵ و پەلەوەرێک پێکەوە بە مردوویی و مردارەوە بوویی کەوتبوون، بۆنی بۆ گەنی شارە هاوینە هەوارەکەی سەردەشتی داگرتبوو، وێرانەیی و چۆڵی و تەرم و بۆن و بەرامە دیمەنێکی ترسناکیان لەو شارە چۆڵ و کاولە درووست کردبوو.


ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان لە شوێن لێدانەکە بە مردوویی کەوتبوون، شار نیمچە وێران ،نزیکی چارەکی دانیشتووانی شاریش بریندار، ئەوی دیکەش ئاوارەی شارو شارۆچکەو لادێکان دەورو بەر بوون .


مرۆڤە مردووەکان و ئاژەڵ و پەلەوەرە مردارەوەبووەکان نزیک بە مانگێک لە سەر شەقامەکان کەوتن و کەسێک نەبوو هەڵیان گرێتەوە، تاوانی کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت زۆر لەوە گەورەترە هەستی پێ دەکەین و گوێ بۆ حەکایەتەکانی دەگرین. دوای کیمیابارانەکە تا نزیک 13 مانگ خەڵکەکەی لە ئاوارەییدا ژیان و تا شەڕی نەگریسی کۆنەپەرستانەی عێراق ئێران بە کۆتا نەگەیشت لە دڵە ڕاوکێی مەرگێکی نوێدا دەژیان، ترسیان لە هاتنەوە بوو بۆ سەر زێدی باو باپیریان ،ئەو ترسەی بەعس چاندی شارێکی کرد بە دۆزەخستان .


واز لە مردووەکانی کیمیابارانەکە نەهێنران، تەنانەت دوای مردن و ناشتنیشیان لە گۆڕ دەردەهێنران و گیرفانەکانیان دەپشکنراو زێڕ و دراوی گیرفانیان دەردەهێنرا.


حەمامچی شار مەحمود وسوشناچار کرا شار بە جێ نەهێڵێت، بۆ ئەوەی لە گەرماوەکەی خۆ بشۆن، دوای یەک مانگ لە تاوانەکە شارێکی دەیان هەزاری تەنها 11 کەسی تێدا مابووەوە،ئ ەوانیش بریتی بوون لە (( حەمامچی، مردو شۆر،....)). سەرەتا 67 مردوویان بۆ شار هێنایەوە، ئەو 11 کەسەی کە لە شار مابونەوە ناشتیانیان، گۆڕی 67 کەسیان هەڵکەند، قوربانیانی کیمیابارانەکە بەشێکیان خەڵکی لادێکان دەوروبەر بوون هاتبوون بۆ شار .


حەسەن کەریمی خەڵکی شاری سەردەشت ئاوا لە دادگایی فرانس ڤان ئانرات حەکایەتی ئەو ڕۆژەی خۆی گێڕایەوە (( پاش ئەوەی چووە بۆ مهباد بۆ چارەسەر ، بە داواکاری پزیشک دووشیکردووە ، بەڵام بە دووشکردن بینایی لە دەست دەدات ، خێزانەکەی سکی پڕ بووە ، لە نێوان ژن و منداڵەکەی ناو سکی ، کە لە ناو مانگ و ڕۆژی خۆی بووە ، بە وتەی خۆی : پزیشک داوای لێمکرد یەکیان هەڵبژێرم لە نێوان هاوسەرەکەی و منداڵەکەی ناو سکی ، کەچی دوایی هەردووکییانم لە دەست دا . لە خێزانی خۆم و براکەم 9 قوربانیمان هەیە بە چەکی کیمیاوی .ئەو وتی کە ئێستاش قسە دەکەم شتێک لە دەممەوە دەرەچێتە دەرەوە ، بۆیە شەرمە کەم لەگەڵ خەڵکدا گفتوگۆی نزیک و ڕاستەوخۆ بکەم (( پەرتووکی ڤان ئانرات (بارزرگانی مەرگ ) -نووسین و کۆکردنەوەی :عەلی مەحموود محەمەد)).

بۆ سەردەشت هەڵبژێردرا؟

مێژووی نوێی کورد بریتیە لە کۆمەڵێک تاوانی گەورە،بڕێکیان خودی لایەنە سیاسییەکانی بەرپرسن لە خۆشکردنی زەمینەی سەرهەڵدانی ،پێویستە بە چاوی ڕەخنەگرانەو بە بوێرییەکی سەربەخۆیانە و ڕاستگۆیانە لێکۆڵینەوەیان لیەسەر بکەین بۆ ئەوەی بگەینە ڕاستییەکان ،لە گەیشتن بە ڕاستییەکانیشەوە بگەینە نووسینەوەی واقعی کارەسات و تاوانەکان .ژیاندنەوەی ڕابردوو، پشکنینی ڕابردوو بۆ ئەوە نییە هەر لە ڕابردوودا بژێین و لێی دەرنەچین ،بەڵکە بۆ ئەوەیە نەبردرێینەوە بۆ هەمان مەرگەسات و مێژوو لە درۆ ڕزگار بکەین .


با لە زمانی شایەد حاڵەکانەوە بزانین هۆکاری کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت و لەو چرکە ساتەیا چی بوو؟، بۆچی عێراق شاری سەردەشت و خەڵکە سڤیلەکەی کردە نیشانەی خۆی لەو کات و زەمەندا ؟؟ ،با بزانین لەم بارەیەوە چی وتراوە :(( له‌ پاش روودانی ئه‌و کاره‌ساته‌ و رۆژێک دواتر له‌ نێو خه‌ڵکی شاردا بڵاوبۆوه‌، که‌ به‌ره‌ی کوردستانی (باشووری کوردستان) له‌ شوێنێکی شاری سه‌رده‌شت کۆبوونه‌وه‌یان کردووه‌ و رێژیمی عێراق له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ ئاگادار بوون. به‌ واتایه‌کی دیکه‌، ئه‌وکات باسی ئه‌وه‌ ده‌کرا، که‌ که‌سانی ئاگادار و ته‌نانه‌ت به‌شدار له‌ کۆبوونه‌وه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی، وه‌ک سیخوڕ به‌رپرسانی عێڕاقیان له‌ شوێن و کاتی کۆبوونه‌وه‌ ئاگادار کردۆته‌وه‌. شایانی باسه‌، که‌ هیچ کام له‌ به‌رپرسی حیزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی باشووری کوردستان باسیان له‌ دروستی و ناڕاستی ئه‌و هه‌واڵه‌ نه‌کردۆته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ راگه‌یاندنی فه‌رمی خۆیاندا زۆر به‌ که‌می باسی ئه‌و کاره‌ساته‌ ده‌که‌ن.- 22 ساڵه‌ی یادی کاره‌ساتی بۆمبارانکرانی شاری سه‌رده‌شت به‌ بۆمبی شیمیایی -ئا: عه‌زیز شێخانی )).


بەڵام لێکۆڵەری بە ناو بانگی هۆڵەندی یۆست هلتەرمان کە توێژینەوەیەکی وردی لەم بارەیەوە کردووە"هەرچەندە لێرەو لەوێ لە نوسینەکەیدا کەوتۆتە ناو هەڵەوە " لە بارەی کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت و هۆکارەکەی دەڵێت ((سەردەشت کە شارۆچکەیەکی کورد نشینی سەر سنوور و نزیکی بەرەبوو، بوو بووە داڵدە و پەناگای گوندنشینە ئاوارەکان و سەربازگەی هێزەکانی ئێران، کە وەک ناوچەیەکی پشتی بەرە بەکاریان دەهێنا، پێشتر سەردەشت گەلێ جار بە فڕۆکە بۆردەمان کرابوو چەند ڕۆژێک پێش هیرشە کیمیاویەکەش ،هێزەکانی ئێران و عێراق کەوتبوونە شەڕەوە لە نزیک چیای مامەندە و پاشان لە هێڵەکانی بەرەدا، یەکەمجار ئێرانییەکان بە یارمەتی پێشمەرگەکانی ینک ،بەر لە هێرشێکی عێراق بگرن و بیانشکێنن، بەڵام وەک حەمەی حەمە سەعید ،کە بەشداربوویەکی ینک بوو لەو شەڕانەدا (چاوپێکەوتنێکی ساڵی2002دا) دەیگێڕێتەوە کە هێزەکانی عێراق خۆیان کۆکردەوە و جارێکیتر هێرشیان کردەوە و کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکەیان کرد، ئا لەم کاتەدا بووکە عێراق بە کیمیاوی پەلاماری شارۆچکەکەیدا. گەلێ شایەتحاڵ لە سەردەشتدا دەگێڕنەوە کە فڕۆکەکانی عێراق چەندین بۆمبی کیمیاییان خستووەتە خوارەوە و پاشان بۆ ماوەی بیست دەقیقە بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە، پێش ئەوەی لە ئاسۆدا لە چاو ونبن - کارێکی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-کۆمپانیای ئاوێنە- ل112)) .


لەم دوو شایەدییەدا ئەوەی زیاتر لە ڕاستییەوە نزیکە و بە بەڵگە لێکۆڵینەوەی لە سەر کردووە ،بۆ چونەکەی یۆست هیلتەرمانە . کە بوونی شەڕی هاوبەشی ئێران-یەکێتی لە ناوچەی مامەندەی قەڵادزێ بە سەرچاوەی ئەو هێرشە کیمیاوییەیە بۆ سەر شارەکە دەزانێت !!.


خەڵکی شارەکە لە کۆڕ و کۆبونەوەکان ، نەیان شاردۆتەوە ڕاشکاوانە لێرەو لەوێ ئۆباڵی کیمیابارانکردنی شارەکەیان خستۆتە سەر هاوکاری ئێران-پێشمەرگە ((جێگای ئاماژه‌کردنه‌، که‌ نه‌ ‌ ئێران و به‌رپرسانی رێژیمی تاران له‌ بیری هه‌زاران برینداری کاره‌ساتی ٧ ی پووشپه‌ڕدان و نه‌ به‌رپرسه‌ کورده‌کانی باشووری کوردستان، که‌ هۆکارێک بوون بۆ ئه‌و په‌لاماره‌ به‌ هیچ جۆر ئاوڕیان له‌ قوربانییه‌کان و ئازاردیتوه‌کانی ئه‌و رووداوه‌ ژانهێنه‌ره‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌.-22 ساڵه‌ی یادی کاره‌ساتی بۆمبارانکرانی شاری سه‌رده‌شت به‌ بۆمبی شیمیایی-ئا: عه‌زیز شێخانی )) .


لێرەوە دەگەینە کردنەوەی سەرەداوێک ئەویش ئەوەیە ، شاری سەردەشتیش قوربانییەکی دیکەی شەڕە هاوبەشەکانی پێشمەرگەو ئێرانە ، بۆیە جێی خۆیەتی داوا بکرێت داوای لێبوردنکردن و قەرەبوو کردنەوەو گرنگی دان بە کەیسی سەردەشت ، ئەرکی ئەو پارت و لایەنانەیە بەشداری هێنانی ئێرانیان کرد ،ئەوانەی بە تاکتیکە هەڵەکانیان مەرگەساتیان بۆ ئەو خەڵکە هێنا .

ژمارەی قوربانیان.

تاکو ئێستا ئامارێکی ورد لە سەر ژمارەی شەهیدان و بریندارانی کیمیاب ارانکردنی شاری سەردەشت لە بەردەستدا نییە ،وە ئامارێکی زانستیش بۆ قوربانیان و زەرەرو زیانەکانی نەکراوە ،تاکو وەک سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو لە بەردەستدا بێت و کەڵکی لێ وەربگرترێت . ئەوانەی لە کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت بوونە قوربانی بەسەر چەند تیمێکدا دابەش دەکرێن (( خەڵکی شارەکە، خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر، ڕێبواران ، هێزەکانی ڕژێم ، ...)) بۆیە ئامارکردنی ئەمانە گرانە،بەڵام ئەرکی سەردەشتییەکانە ئاماری وردی قوربانیانی ناو شار و گوندەکانی دەوروبەری بکەن .ئەو سەرچاوانەی ئاماژە بە قوربانیان دەکەن ،ژمارەی جۆراو جۆرمان دەدەنی َ ، کە من لێرەدا ئەوانەی خوێندومەتەوە و ئاگاداریانم سەرجەمی دەخەمە بەر دەست خوێنەرانی خۆشەویست .


مامۆستا جەماڵ نەبەز ژمارەی قوربانیان بەم شێوەیە دیاری دەکات (( رۆژی 28-6-1987رژێمی عێراق بە بۆمبای ژەهراوی بۆردومانی شاری سەردەشتی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێرانی کرد و 122کەس کوژران و 5000 کەسیش یریدار بوون ((جینۆسایدی گەلی کورد-مارف عومەر گوڵ-چاپی پێنجەم دەزگای ئاراس 2010،ل45).جەمال نەبەز،ستۆکهۆلم1989-ئێستاو پاشەڕۆژی نەتەوەی کورد لە بەر ئاگری جەنگی عیراق و ئێراندا ل94.)).


بەڵام بۆست هیلتەرمان بەم شێوەیە ژمارەی شەهیدانی شاری سەردەشت دیاریدەکات (( سەرەتا30 کەس، مانگی یەکەم 66 کەس ،1988دا 8 کەس ،13 ساڵی دواتر 7 کەس کۆی گشتی تاکو 2002 گەیشتە 111کەس شەهید بوون- کارێکی ژەهراوی- یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق -کۆمپانیای ئاوێنە ،ل112)) .


بەڵام سەردەشتییەکان بۆ خۆیان بەم شێوەیە ئاماژە بە کۆی زیانە مرۆییەکانی شارەکەیان لەو پەلامارە کیمیاوییە دەکەن (( به پێی ئاماره کان زیاتر له 8025 که س له و شاره دا شه هید و بریندار بوونه. ئه وه له کاتێکدایه که زۆربه ی زامداره کان ناویان له ریزی لیستی بریندار وکۆژراون تۆمار نه کراوه.-شوانە سەردەشتی )).


(( کاتژمێر چوار و نیوی پاش نیوه‌ڕۆی ٧.پووشپه‌ڕی ١٣٦٦ هه‌تاوی به‌رامبه‌ر به‌ ٢٨ ژوئه‌نی ١٩٨٧ زایینی شاری سه‌رده‌شت (رۆژهه‌ڵاتی کوردستان) که‌وته‌ به‌ر په‌لاماری چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراو. له ‌ئاکامی ئه‌و په‌لاماره‌ نا مرۆڤانه‌یه‌دا ‌ سه‌دان که‌س له‌ خه‌ڵکی بێتاوان و دانیشتوانی شار بوونه‌ قوربانی و زیاتر له‌ پێنج هه‌زار که‌سیش بریندار بوون -22 ساڵه‌ی یادی کاره‌ساتی بۆمبارانکرانی شاری سه‌رده‌شت به‌ بۆمبی شیمیایی-ئا: عه‌زیز شێخانی )).


هەرچی ڕێکخراوی سەنتەری ئەنفالە سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی ئەم تاوانە لە بەیاننامەی خۆیاندا لە 23هەمین ساڵیادی تاوانەکەدا دەنوسن : بەپێى نووسراوێکى فەرمى حکومەتى ئێران لە ئامارى کیمیابارانەکەدا لە ساڵى(1987)، ناوى (4500) شەهید و بریندارى پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بەڵام ئامارە ناڕەسمیەکان باس لە شەهید و برینداربوونى(8000) هاووڵاتى دەکەن- بەیاننامەى (سەنتەرى ئەنفال)لەیادى کیمیابارانکردنى شارى (سەردەشت)ى رۆژهەڵاتى کوردستان.


هەرچی هەواڵگری ئێراقییە بەم شێوەیە ئاماژە بۆ لێدانی کیمیاوی شاری سەردەشت دەکات : (( بە پێی بەڵگانامەیەک کە بۆ یەکەمجار بڵاو دەکرێتەوە، کە لە 4-8-1987 لە سکرتاریەتی سەرۆکایەتی کۆماری ئێراق ،بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری کەرتی ڕۆژهەڵات دەرچووەو لە لایەن عەمیدی ڕوکن بەڕێوەبەرەکەیەوە واژۆ کراوە و بۆ هەواڵگری گشتی شوعبەی 5 ی ڕۆژهەڵات نێر دراوە ،خاڵی 11 لاپەڕەی سێی دۆکۆمێنتەکە تایبەتە بە لێدانی شاری سەردەشت ،بەم شێوەیە ئاماژە بە زیانەکانی دەکات :


لە دۆکۆمینتەکە هاتووە کە ڕژێم ئامێری تایبەتی لە شارەکە داناوە بۆ هەڵمژینی مادەی کیمیاوی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری لێدانە کیمیاوییەکە ،لە ئاکامی ئەو لێدانە کیمیاوییەی کە ئاراستەی گردبوونەوەی هێزەکانی دوژمن لە شاری سەردەشت کرا ،کە ئەنجامی زیانەکانی بەم شێوەیە بوو:


ا-کوژرانی 155 کەس لە خەڵکی شاری سەردەشت.
ب-بریندار بوونی 4600 کەس لە خەڵکی شاری سەردەشت.
ج-بریندار بوونی 900 کەس لە هێزەکانی بەسیج و سوپای پاسداران لە ناویاندا فەرماندەی هێزەکانی جونداڵلەی شاری سەردەشت )) .

تاوانی کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت وەک تاوانی جەنگ.

پێشێلکردنی یاساکانی جەنگ و پەلاماردانی ناوچەی سڤیل نشین بە یەکێک لە تاوانە مەزنە نێو نەتەوەییەکان دێتە ژماردن ، کە تێپەڕ بوونی کات نابێتە هۆی بەسەر چوون و کۆنبوونی و تاوانکار لە دادگایی کردن قوتار ناکات .


بۆمبارانی ناوچەی سڤیل نشین لە ساڵی 1949 ەوە وەک تاوانی جەنگ لە ئاستی جیهانی دەناسرێت ،بێشک بە پێی ئەو بەڵگە نامەیەی پێشکەشمان کرد وەک دانپێنانی خودی دەسەڵاتدارانی پێشووی ئێراقە ئەو تاوانە مەزنەیان دژ بە خەڵکی سڤیلی شاری سەردەشت ئەنجامداوە .


لە کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت سەرپێچی مەزن دەرهەق بە ڕێککەوتنامەی جنێف کراوە .هەردوو ڕژێمی ئێران و ئێراق لە هەڵەبجە و سەردەشت لە بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل شەریعەتی دارستانیان پیادە کردووەو دەستیان لە پەلاماری خەڵکی سڤیل نەپاراستووەو یاسای جەنگیان پێشێل کردووە .


ئەم تاوانانە (( تاوانی جینۆساید ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ، تاوانی جەنگ ،تاوانی عدوان (( هەڕەشە)) )).، سروشتی جیهانیان هەیە و لە یاسای نێو دەوڵەتیدا وەک پێشێلکاری گەورەی یاسای نێو دەوڵەتی مرۆیی دەناسرێن ، مرۆڤایەتی لە ئاستی جیهانی بەرپرسی ئەخلاقی دەکەوێتە سەر .ڕێککەوتنامەی جنێف کە لە بەرواری 12-8-1949 دا دەرچووە بۆ پاراستنی قوربانییەکانی شەڕ ، بەندەکانی ئەو پێشێلکاریانەی تێدا دیاریکراوە .

 


بەکار هێنانی گازی کیمیاوی لە ململانێ نێو نەتەوەییەکاندا و پەلاماردانی خەڵکی سڤیل لە ئەرکانەکانی تاواندا وەک تاوانی جەنگ ناسێنراوە، سەرباری ئەوەی ئێستا بەکار هێنانی لە ململانێی ناوخۆییشدا وەک تاوانی جەنگ سەیرە کرێت .بەکار هێنانی گازی کیمیاوی بەرامبەر بە خەڵکی شەری سەردەشت ،پێشێلی ئاشکرای پرۆتۆکۆڵی ساڵی1925ی جنێفە ، سەبارەت بە قەدەغەکردنی بەکار هێنانی چەکی کیمیاوی .


لە دادگایی فرانس ڤان ئانرات لە وڵاتی هۆڵەندا دۆسیەی کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت و گوندی ڕەشە هەرمێی قەراغی شاری سەردەشت یەکێک بوو لەو دۆسیانەی گرنگی زۆری پێدرا و بە تاوانی جەنگ هاتە ناسین ، دەشێت لە پای ئەم تاوانانە (( هەڵەبجە،گۆپتەپە ،زێوە )) (( سەردەشت ،ئالوت ،زەردە،شنۆ ،.... ))* بە تاوانی بەشداری ، هاندان ، .... خەڵکی دیکەش دادگایی بکرێن پاش ئەوەی پشکنینی ورد لە سەر بەشداریکردنیان لەو تاوانانە دەردە کەوێت .
لەو بەڵگەیەی بڵاومان کردۆتەوە ، لە سەر زمانی دەزگای هەواڵگرییەوە ئەوە سەلمێنراوە کە :
1-پەلاماری خەڵکی سڤیل دراوە.
2- لە پەلامارەکە گازی کیمیاوی بەکار هاتووە .
3- تاوانەکە مەزن بووە ،تزیک 4755 هاووڵاتی کوژراوەو بریندار بوونە.
4-ئەم تاوانە حیزبی بەعس ئەنجامی داوەو لە لایەن دەزگای هەواڵگرییەوە بە پێی ئەو بەڵگە نامە باوەڕ پێکراوە کە لە بەردەستدایە دانی پێدا نراوە.
وێرای ئەوەی بەکار هێنانی چەکی کیمیاوی بۆ خۆی تاوانی جەنگە ،هاوکات پەلاماردانی خەڵکی سڤیل بە تاوانی جەنگ دێتە ژماردن.


نەهاتنە پێشەوەی کەیسی شاری سەردەشت لە دادگای باڵای تاوانی عێراقی بەهۆی بە کەم سەیر کردنی تاوانەکەوە نییە ، بەڵکە بە هۆی سنووری جوگرافیای ئەنجامدانی تاوانەکەوەیە ،کە لە سەر خاکی ئێران ئەنجام دراوە ، ئەو دادگایە تایبەت بوو بە تاوانە ناو خۆییەکان نەک تاوانە دەوڵەتییەکان ، بەم هۆیەوە کەیسەکە نەهاتە پێشەوە ، ئەو کەیسە بەشێکە لە زنجیرەیەک تاوان لە درێژەی شەڕی عێراق ئێران بەرامبەر بە گەلانی ئێران ئەنجام دراون .

چی پێویستە بکرێت بۆ سەردەشت و سەردەشتییەکان ؟

خوێندنەوەی حەقیقەتەکانی ڕابردوو دیاریکردنی هۆکارە زۆرەکانی ئەو تراژیدیاو تاوان و کارەساتانەی یەک لە دوای یەک بەسەرماندا هاتوون ئەرکی هەموو مێژوو نوسێکی خاوەند ویژدانە، لەم ئاستەیا بۆ تاوانی سەردەشت هیچ نەکراوە ، نە تاوانەکە وەک خۆی لێکۆڵینەوەی مێژوویی و سیاسی و یاسایی لە سەر کراوە ، نە ئاماری وردی قوربانیان و زەرەرو زیانی هاووڵاتیان کراوە .


زیندوڕاگرتنی ساڵانەی یاداوەریی کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت و دروست کردنی مۆنمێنت بۆ قوربانیان ، مۆزەخانە و پەیکەرە یاداوەری ،کە دەبنە هۆی پاراستنی یادگای گشتی قوربانییەکان ئەرکی هەموو لایەکە ، کە ئەمەش هۆشیاری ومەعنەوی درووست دەکات سەبارەت بەپێشێلکاریەکان ڕابردوو ،بۆ ئەوەی ببێتە بەربەستێک لە داهاتوو لە بەردەم دوبارە بونەوەی .


ئەرکی هەموو ئەو لایەنانەی پاسداریان هێنا بۆ کوردستان بە گشتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و فەرماندەکانی ئەو کاتێتیەتی بە تایبەتی بەهۆی ڕۆڵیان لە دروست کردنی زەمینەیەکی وا شاری سەردەشت ببێتە بەشێک لە بەرەی شەڕی عێراق - ئێران :


- بە نامەی تایبەتی سەرۆکی ینک و لایەنەکان دیکە داوای لێبوردن لە خەڵکی شاری سەردەشت بکەن .
- قەرەبووی مەعنەوی بکرێنەوە بە درووستکردنی مۆنمێت و یادکردنەوەی یادەکە و کردنەوەی شوێنی تایبەتی لە باشووری کوردستان بە تایبەتی لە پایتەخت و شاری هەڵەبجە بە ناوی شاری سەردەشتەوە.
- مەرزی سنووری (سەردەشت - قەڵادزێ) بکرێتەوە وەک هاوکارییەکی مادی بۆ دانیشتوانی ئەم دوو جێگەیە.
____________________________________
* دەقی کورتەی بڕیاری دادگای هۆڵەندی لەم لینکانەی خوارەوەدا بخوێننەوە،کە کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت لە پاڵ "هەڵەبجە،گۆپتەپە،زێوە" لە باشوور ، زەردە و شنۆ و ئالۆت لە ڕۆژهەڵات وەک تاوانی جەنگ دەناسێنێت،بڕیاری دادگای شاری لاهای لە هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کاری پێدەکرێت .

http://www.rechtspraak.nl/Gerechten/HogeRaad/Actualiteiten/Conviction+Van A.+for+supplying+raw+materials+for+mustard+gas+to+the+Hussein+regime.htm

http://zoeken.rechtspraak.nl/resultpage.aspxsnelzoeken=true&searchtype=ljn&ljn=BG4822&u_ljn=BG4822
http://zoeken.rechtspraak.nl/resultpage.aspxsnelzoeken=true&searchtype=ljn&ljn=BA6734&u_ljn=BA6734
http://www.kurdocide.com/ku/news.php?readmore=5800

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د