په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٤\٢٠١١

شارى سلێمانى بۆتە دۆزه‌خێک کە بۆنى گوڵى تیا نەماوە!


کۆمەڵناس: حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

نەنگییە بۆ ئەو کەسەى گۆرانى دەڵێت و ڕۆماش بسووتێت. (نیرۆن/ شاعیرى جیهانى)
کاتێک پارەو کورسى سەروەر بوون، خۆرى ئازادى و ژیاندۆستى ئاوا دەبێت.
(پەندێکى رووسى)

ئەوەى لەم نووسینەمدا دەینەخشێنم، نە سیاسەتەو نە دیپلۆمات، نە لۆژیک و فەلەسەفەش بە کەس دەفرۆشمەوە، بەڵکو وەکو هاووڵاتى و هاونیشتمانییەکى کوردستان و دڵسۆزێکى شارى سلێمانى دوور لە لایەنگیرى بۆ هیچ لایەنێک، چونکە خۆم ئازادم و سەر بە هیچ حزب و لایەن و دەزگاو کۆمەڵەو سەندیکاو رێکخراوێک نیم لە گەردووندا.. نە مووچەم هەیەو نە پارەو دراو لە هیچ کەسێکى کوردستانەوە وەرئەگرم.. دیارە ئەوەش ئەیسەلمێنێت بۆ هەموو دونیا کە ئازادێکى عەیارە 24 بم و لە هیچ رۆژنامەو گۆڤارو رادیۆو تەلەفزیۆنێکیشەوە دەرناکەوم و ئەندام و سەرنووسەرو سەرنۆسەریش نیم.


ئەوەى بەندە وەکو چاودێرێک و نووسەرو کۆمەلچناسێک هەستى پێدەکەم، دواى ئەوەى پازدە ساڵى غوربەتم لە هەندەران بردە سەر، بڕیارمدا بگەڕێمەوە زێدى بیرەوەرى و نیشتمانى باوو باپیرانم بۆ ئەوەى ئەگەر چەند ساڵێکم لە ژیاندا ماوەو بتوانم لە نزیکەوە لەگەڵ براو کەسوکارو هاوڕێکانى نیشتمانەکەمدا بەرمە سەر، ئەگەر کراش وەکو دەرچوویەکى زانکۆى ساڵى 1986 ى کۆمەڵناسى زانکۆى سەڵاحەدین، کارى توێژەرى کۆمەڵایەتى بکەم و دابمەزرێم ئەوا باشتر و دەتوانم بەردەوامى بە ژیانى سادەى خۆم و هاوسەرگیریى و خێزانیش مەیسەر بکەم، بەڵام لەبەرئەوەى ویستم بە ئازادى بمێنمەوەو نەچمە پاڵ هیچ حزبێک، ئەوا نزیکەى حەوت ساڵە لە سلێمانى دەژیم و نەمتوانى دابمەزرێنم و ئومێدیش نییە بەو هیوا بچووکەم بگەم و ئەمێستاکە نانى رەق بەڵام ئازادانە دەخۆم و بە قەناعەتەوە هەژارانە دەژیم.


ئەوەى گرنگە وەکو چاودێرێک دەربارەى رەوشى سیاسیى ناو شارى سلێمانى لێوەى بدوێم ئەوەیە کە ئەوەى لەم حەوت ساڵەدا دەیبینم ئەوەیە کە ژیانى تاک و گوزەرانى خێزان و کۆمەڵگاى ناو شارى سلێمانى زۆر نائاساییەو ژیان زۆر دژوارو نەهامەتییە، بەڕێوەبردنى دامودەزگاکان زۆر خراپن.. دامەزراندنى دەرچووان زۆر خراپەو هەرگیز داوەرى تیا نییە، بە واستەو خزم خزمێنەیە، بەتەلەفۆن و ناسینى بەرپرس و پشتوپەنابوون دەچێت بەڕێوە.. جیاوازى و جیاکارى نێوان حزبییەک ( واتە یەکێتییەک) لەگەڵ ناحزبییەکدا ئەرز و ئاسمانە..


حزبییەکان هاووڵاتى پلە یەکن و خەڵکى ئازاد پلە نزمەکانن و موعارەزەش پلەکانى ژێر سفر.. جادەو کۆڵان و گەڕەک و رێگەوبانەکان هەتاکو ساڵى 2010 زۆر زۆر خراپ بوون ( ئێستاکە تۆزێک باشترە!!)..


خزمەتگوزارى نێو نەخۆشخانەو خوێندنگەو مزگەوت و چێشتخانەو میوانخانەکان زۆر خراپن.. زۆریى سەیارەو خراپى و تەسکى جادەکانى سلێمانى شڵەژان و نائاسوودەیى و نائارامى و تووڕیى لاى دانیشتوان دروستکردووە.. خزمەتى بەنزینخانەو سەیرانگاکان زۆر خراپن.. جێگەى ئازادو خۆڕایى لە گشت سەیرانگاکانى سلێمانى و دەوروبەریدا نەماوەتەوە، سەیرانگاکان و دەشت و دۆڵ و دۆنمە زۆرو بێشومارەکان موڵکى ئەندامانى سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسى یەکێتین.. هەموویان و بنەماڵەو کەسوخزمیان وەکو حوت و نەهەنگ و کەشتى بێسنوور لە سامان و بودجەو ماڵ و موڵکى ئەمشارە هەتیوو بێکەسە دەخۆن..


بەرپرسەکان خۆیان ژن و ماڵ و مناڵیان لە خێرو بەرەکەتى ئەمشارەیان خواردووەو هەژارانیش رۆژ دواى رۆژ لەزیادبووندان بەتایبەت ئەوانەى بە ئەسڵ خەڵکى شارەکەن، لە شارۆچکەو ناحیەکانى دەرەوەى ئەمشارەدا دەگوزەرێن، چونکە کرێچین و کرێى خانووش لەمشارەدا ئاگر ئەکاتەوە، بۆیە ناچار بەرەو دەرەوەى شار ڕەو دەکەن. شاریش لەلایەن ئەم حزبەوە داگیر کراوە.


ژیان لە شارى سلێمانیدا، نائارامترو نائاسوودەترە لە ژیانى کەسێکى ناو هەولێر یان دهۆک یان سۆران، هەژار لەو شارانەشدا هەن بەڵام وەکو هەژارى سلێمانى بە کولەمەرگى و نەهامەتى و بێئومێدى و دوور لە نازو میهرەبانى ژیانى کەساسى ناژى.


بۆیە ئەوەى لەمشارەدا رەخساوە، ئەو پەندەمان دێنێتەوە یاد کە دەڵێت: ((چى بچێنیت هەر ئەوە دەدوریتەوە)).. ئەم حزبە ستالینییەو بارگرژى بۆ ژیانى تاکەکان دروستکردووە، رەفتارەکانى زۆر لە بەعسییەکان دەچێت، سکرتێرەکەى نزیکەى پەنجا ساڵە سکرتێرەو ئاغاو گەورەى یەکەم و دواهەمینى ئەم حزبەیە.. گۆڕان و ئاڵوگۆڕکردنى مەحاڵە و پلەو پایەو مەقامى ئەم سکرتێرە نزیکبۆتەوە لە خواوەندێکى فیرعەونى یان ئەفەریقى!!


چەندان کەسى بەتواناى وەکو کێ و کێ هەن، کەچى دژایەتى دەکرێن و فەرمانەکانى ئەو سەرۆکى حکومەتە ناگاتە تاسلوجە، پووچەڵکراوەتەوە. ئەمەش کارەساتنە، چونکە لەمشارەدا فرەکوێخایى هەیەو ئەمەش گوزارشتێکى دەقاودەقى نێچیرڤان بارزیانییەو زۆر راستیشە!


مامەڵەى ئەم حزبە لەگەڵ کۆمەڵگاى شارى سلێمانیدا، مامەڵەیەکى ستالینیزمى-بەعسیزمە، جیاکارى و نادادوەرى و غەدرو نایەکسانى بۆتە عورفو عادەتێکى رۆژانە، ئەگەر تۆ ئازاد بیت، لە ئاست مامەڵەى ئەواندا، هەست بەوە دەکەیت کە بوونەوەر نیت و شتێکى خشۆک یان جڕو جانەوەریت و شێوەت لە قالۆنچە ئەچێت نەک بوونەوەرى سێ سووچ.


بۆچى؟ چونکە، نە ئەبیتە خاوەنى زەوى یان خانوو یان دوکان، یان کورسى یان پلەو پایە یان سەیارە یان پارە یان........تاد.


بەکورتى و بەکوردى ئەگەر تۆ لە شارى سلێًمانیدا یەکێتى نەبیت ژیانت نزیک بۆتەوە لە دۆزەخ و جەهەننەم، بوویتە دراوسێى جانەوەرو حەشەرات، هیواکانت وەکو گەڵاى پایز دەوەرن، ژیانت کلۆر دەبێت و چاوت کوێر دەبێتەوە، دەستەکانت هەڵدەلەرزن و قاچەکانت کزۆڵ و لەرزۆک و باریک دەبنەوە، گیرفانەکانت ساردوسڕ دەبنەوەو بەکرێێتى و زەلیلى و سەفیلى ژیانى مردوو ئاسا دەبەیتە سەر. لەنێو ئاخ و حەسرەت و ئازارو مەینەتى و نامۆییدا بەکەنار دیوارو حەسارو بن گوێسوانە رزیوەکاندا گوزەر دەکەیت، کەس بە هیچت نازانێت.. چونکە تۆ نیت، تۆى ئازاد لە سلێمانیدا هاوڕێى قالۆنچەو دەعباو جڕو جانەوەریت..!


ئەو کەسەى لەمشارەدا بڵێت:


من ئازادم و زەنگین و ئاسوودە بێت درۆ ئەکات درۆى شاخدار.. ئەو کەسەى بڵێت من کارى ئازادانە دەکەم و بەختەوەرو مووچەدارو سەیارەدارو ڤیلەدارم، یان سەرى بۆ ئەم حزبە دانەنەوانبێت و سەرسەرێتى بۆ نەکردبن.. درۆ ئەکات درۆى شاخدار..

 


- بەشى دووەم -

 


یەکێتى لە حوکمڕانى خۆیدا لە مێژووى دوورو نزیکى ئەمشارەوە، چ لە شاخ و چ لەنێو شارەکەدا، هەمیشە خەریکى دووبەرەکى و ئاژاوەنانەوە بووە لەنێو پێکهاتە جیاجیاکان و ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکاندا، لە نانەوەى ئاژاوەو پشێوى و هاژو هوژدا، لە مەیدانى سیاسى و عەسکەریدا پشکى گەورە بەر یەکێتى دەکەوێت، دوواکەوتن و پاشەکشەى رەوشى کۆمەڵایەتى و هزرى و مەعریفى خەڵکى سلێمانى لە ئەستۆى ئەم حزبە ستالیینیەدایە، بەحزبیکردن و بە عەسکەرتاریکردنى شارو شارۆچکەکانى دەڤەرى سلێمانى لە ئەستۆى ئەم حزبەدایە کە هەمیشە لە رەفتاردا وەکو بەعسییەکان بۆ دووبەرەکى نانەوەو نەمانى متمانەى نێوان تاکەکانى ئەمشارە رۆشنبیرو ئازایە تێکۆشاوە.


شارى سلێمانى پێش راپەڕین، جۆرێکى دیکە بوو لە ستراکتۆرى کۆمەڵایەتىو سایکۆلۆژیى، بە واتایەى کە تەبایى و برایەتى و دەستى هاوکارى و ئاستى متمانەى نێوان تاکەکانى و خێزان و گەڕەکەکانى زۆر بەرزترو بەرفراوانتر بوو، بیرەوەرى هەموومان بۆ جوانییەکانى ئەمشارە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانى پێش راپەڕین، بەڵام دواى راپەڕینى خەڵکى ئازاو بوێرى ئەمشارە دژى بەعس و جەبەرووتەکانى، ستراکتۆرو پێکهاتەو پەیوەندى تاکەکان و کەسو خزمان لە شارى سلێمانیدا ئەوەندە گۆڕاوە کە گەرمى پەیوەندى و ویژدان تەبایى و برایەتى و متمانەى نێوان کەسەکان نزیک بۆتەوە لە ژمارە سفر..


چونکە بەرژەوەندى و خۆپەرستى و دوور کەوتنەوە لە نیشتمانپەروەرى زاڵبووە بەسەر هەموو کەسێکدا، پارەپەرستى و خۆفرۆشى و نەفس نزمى و ماستاو ساردکردنەوەو ملکەچى و مەرام پیسى و کورسى و پایە پەرستى جێگەى چەمکە جوانەکانى دیکەى مرۆڤى راستەقینەى گرتۆتەوە.. یەکێتى سیاسەتێکى پیادەکردووە لەمشارەدا کە کەس متمانەى بە کەس نەمێنێت، ژیاندۆستى و مرۆڤدۆستى گەیشتوونەتە پلەکانى ژێر سفر، تەبایى و برایەتى تەواو تێکچووەو وێنەى جوانى مرۆڤ و هاوڕێیەتى و خزمایەتى خاپوور و داغان کراون.. بەجۆرێک ژیان قێزەون بووە و خەڵکان بەیەکتر نامۆ کراون کە ئەگەر وردبینەوە لە:


مامەڵەى نێوان کڕیارو فرۆشیار، دراوسێکان، مامۆستاو قوتابى، بەڕێوەبەرو فەرمانبەر، تەنانەت پەیوەندى نێوان ژن و مێرد، باوک و کوڕ، دایک و کچ، دکتۆرو نەخۆشەکانى، شۆفێرى تاکسى و سەرنشینەکانى....تاد. زۆریتر لەو وێنانەى نێو کۆمەڵگاى شارە جوانەکەى سلێمانى ئەوەندە وێران و ڕماون کە بە دەیان و سەدان ساڵى دیکەش ناگەڕێتەوە بارودۆخى جارانى ( واتە پێش راپەڕینیش کە بەعسى فاشى حوکمى دەکردین!!)..


خۆشەویستى و ڕێز،.. پەیمان و گفتى رۆژانەى نێوان کەسەکان،.. وشەى جوان و وێناى ناسک و رۆمانسیانەى نێوان کەسەکان وەکو مرۆڤ،.. پتەوى و تینى هاوڕێیەتى و دڵسۆزى ئەوان بۆ یەکتر،..پەیوەندیى خۆشەویستى نێوان کوڕان و کچان،.. پەیوەندیى نێوان دوکاندارەکان،.. تەنانەت پۆلیسەکانیش، هەموو ئەمانە سەرەونخوون کراونەتەوە، کەس نامەى کەس ناخوێنێتەوە، کەس بە فریاى کەس ناکەوێت، ئینتیما بۆ خێزان و گەڕەک و شەقام و شارو نیشتمان کزو کزتر بوونەتەوە..گەیشتۆتە ئەو رادەیەى کە ئینتیما بۆ ژیان و خودى مرۆڤیش نەماوە..


کەسەکانى هاوشارى و هاو گوندى لەم دەڤەرەى سلێمانییەدا کە جاران بۆ یەکتر دەسووتان و خۆبەخش و قوربانى بوون، براو برادارو هاوڕێ و کەسوکار بوون، ئەمڕۆکە تەواو پێچەوانە بوونەتەوە بە حوکمى سیاسەتى ستالینییانەو بەعسیییانەى ئەم یەکێتییە ( کە نیشتمانى و کوردستانى نییە!!) براش لە ئاست برادا بەرژەوەندخوازو خۆپەرستەو گیانى قوربانى خۆبەخشى تیادا بەتاڵ بۆتەوە.. هاوشارى لە ئاست هاوشارى خۆیدا بیرى لاى قۆڵ بڕین و ئەتککردن و سەرنگونکردن و لەخشتەبردن و ماشینەوەى سامان و دراوو غەدر کردنییەتى لە ماف و خەونەکانى..


رۆحى نیشتمانپەرەوەرى و کوردایەتى و خەونى بەدەوڵەت بوونمان لە گیانەڵاو شەڵاڵى مەرگدایە.. سیاسەتى پارەبەخشینەوەو خۆپەرستى و چاوچنۆکى و داوێن پیسى و خۆ دەوڵەمەندکردن و سامانى دزراو کۆکردنەوەو چاوخستنە سەر شەرەف و نامووسى ژن و خوشکى یەکتر، واتاى بەرزى بۆ ژیان و مرۆڤ و نیشتمان و کوردستان نەهێشتۆتەوە، ژیانى لە مەرگ نزیک کردۆتەوە، ماناو واتاى بۆ موحیبەت و خۆشەویستى و متمانەو رێز لەیەکترگرتن و عەشق و مرۆڤایەتى و دیندارى و خواپەرستى و .....تاد. بە پلەى 180 پێچەوانە کردۆتەوە.


بە کورتى و کوردى: ئەوەى ئەمێستاکە لەمشارە جوان و قارەمانەدا دەگوزەرێت، لە هیچ شارێکى دیکەى کوردستان و عەرەبستاندا ناگوزەرێت، چونکە تەنیا شتێک کە گرنگى پێنەدرێت و بەسەنتەرى تۆژینەوەو بایەخ پێدان و خزمەتگوزارى پێشکەشکردن نەکرابێت ، مرۆڤە، هەموو رۆژێک بیناو باڵەخانەو هۆتێل و بەنزینخانەو هەزاران دۆنمێک بۆ سەیرانگاو رابواردن و بەسەربردنى شەوانى سوورى بەرپرسانى ئەمشارە دروست دەکرێت، رۆژانە مەلهاو قومارخانەو شارى یاریى گرانبەهاى قۆڵبڕ لەمشارە کڵۆڵەدا قووت دەبێتەوە..


یەکێتى نوشتمانى کوردستانى بۆتە کۆمپانیایەکى گەورەى پارە پەیداکردن و خۆ دەوڵەمەندکردن و بازرگانیکردن بە مرۆڤى کوردەوە، بەرپرسەکانى ئەم حزبە ستالینییە، خۆیان ژنیان و منداڵیان و کوڕزاو کچەزایان بوونەتە ملیاردێر، شەق لە دۆلارو دینار هەڵدەدەن، بە دەیان هەزاریش لە مرۆڤى پیرو گەنج و منداڵ و ژنان لەمشارەدا عەلاگەو بنێشت و لوقم و گوڵەبەڕۆژەو بەنەخوێن و تەزبیح دەفرۆشن یان قۆنەرەى بەرپرسانى ئەم حزبە قەشەنگە نیشتمانپەروەرە بۆیاخ دەکەن و دەیبریسکێننەوە.. لەوەش زیاتر بە دەیان پیاو و پیرەپیاو دەبینین، شەوانە لە لا کۆڵان و شەقامە بێبەزەییەکاندا دەخەون و دەژین و رۆژانەش، سواڵ دەکەن و دەستى بێنازو قڵیشاویان لە مرۆڤى کەساس و بێنەواو خەمبارو بێئومێدى ئەمشارە پاندەکەنەوە..


بۆیە رۆژ دواى رۆژ لە شوێنى خۆشەویستى، رق و کینە زیاتر دەبێت.. لە شوێنى ئارامى و هێورى و سەبرو تەحەمول، تووڕەیى و بێزارى و نائارامى جێگەى دەگرێت.. لە شوێنى دەستى یارمەتى درێژکردن، یەکتر بەقوڕدا بردن دێتە ئاراوەو تەشەنەى زیاتر دەکات.


دەرەنجامیش، متمانە بە ناخى زەویدا دەچێت، رێزو حورمەت بۆ مرۆڤ و خەونەکانى و ئارەزووکانى دەچێتە ژێر گڵەوە، تا وای لێدێت دەبێتە دۆزەخ و جەهەننەم، تام و چێژى هیچ شتێکى تیا نەمێنێت، بەجۆرێک کەس بیر لە بۆنکردنى گوڵێک نەکاتەوە، چونکە لە دۆزەخدا کوا گوڵى جوان و بۆندار دەڕوێت!!!؟


* تێبینى: من وەکو کۆمەڵناس و چاودێرێک تەنیا باسم لە رەوشى شارى سلێمانى و دەوروبەرى کردووە لەڕووى سۆسیۆ-سایکۆلۆژییەوە، ناتوانم باسى هەولێرو دهۆک بکەم، چونکە لەو دەڤەرانە نەژیاوم، ئەوەش ئەرکى کۆمەڵناس و چاودێرێکى ئەو دەڤەرانەیە. دەسەڵاتیش لەمشارەدا بەدەست یەکێتییەوەیە، هەرچییەکیش لێرە بگوزەرێت، خەتابارو بەرپرسیارى گەورە ئەوە. نەک هیچ لایەن و حزبێکى دیکە.

 

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک