شارستانییەت بەم
شێوەیە دروست نابێت...
شارى هەولێر بە نموونە.

شاخەوان برایم عەبدوڵا
لەژێر ئەو کاریگەرى و فشارە زۆرەى پێشکەوتنى کۆمەڵگەکانى جیهانەوە،
کۆمەڵگەى کوردیش تارادەیەک لە هەندێ رووەوە جۆرە پێشکەوتنێکى سەرەتایی
بەخۆیەوە دیوە و دەکرێت لە ئایندەدا جێگەى خۆشحاڵى ئێمەى کورد بێت،
لەگەڵ ئەوەى کە کۆمەڵگەى کوردى، چەند هەنگاوێکى سەرەتایی بەرەو
پێشکەوتن ناوە، بەڵام دەبینین لە هەندێ رووەوە بە ئاراستەیەکى دژ و
ناکۆک، بەرانبەر کۆمەڵگە شارستانى و پێشکەوتووەکانى تردا دەچێتە پێشەوە،
ئەویش بە پەرەسەندنى هەندێ دیاردەى زۆر ناشارستانى و ناسەردەمیانەى وا
کە لەم رۆژگارەدا جێگەى شەرمەزارییە و ئاماژەیەکى خراپە بۆ سیماى
کۆمەڵگەکەمان لە هەمبەر وڵاتانى پێشکەوتووى دونیادا.
ئەگەرچى من لە زۆر رووەوە بەردەوام رەخنەم لە حکومەتى هەرێم گرتووە،
بەڵام لە راستیدا دەبینم حکومەت تا رادەیەکى زۆر باش بایەخى بە
قیرتاوکردن و جوانکردنى شارەکان داوە لە رووى ڕێگەوبانەوە، تەنانەت
گەڕەگى وا هەیە بەشێوەیەکى زێدەڕۆیی دروستکراوە، کەچى تەواوى
کۆڵانەکانى قیرتاو و کۆنکرێت کراون، ئەمەیان ڕەنگە لاى من وەکو گلەیی و
رەخنەیەک تەماشا بکرێت، چونکە زۆر قەزا و ناحیە هەن کە مێژووی
دروستبوونیان بۆ سەردەمانێکى زوو دەگەڕێتەوە، کەچى لە رووى
خزمەتگوزارییەوە فەرامۆشکراون، بە پێچەوانەوە دەبووایە حکومەت بایەخى
بە قەزاو ناحیەکان بدابووایە بۆ ئەوەى ئەو فشارە زۆرەى دانیشتووان
لەسەر شارەکان کەم بێتەوە کە لە چەندین رووەوە گرنگى خۆی هەیە، بەڵام
حکومەت ئەو بایەخ و گرنگییانەى فەرامۆشکردووە.
زۆر جارى تریش لێرەو لەوێ، دەزگە جۆراو جۆرەکانى میدیاى کوردى، کەم و
زۆر باسیان لەوە کردووە کە لە شارەکاندا کۆڵان نییە چەندین تاسەى
نایاسایی لێ دروست نەکرابێت، ئەمەش زۆر جار دەبێتە هۆى کێشە لە نێوان
خاوەن تاسەکان و شوفێراندا، من نامەوێت لێرەدا حەق بە هیچ کامێکیان
بدەم، چونکە نە شوفێر ئەو مافەى هەیە بەگژ خاوەن تاسەکەدا بچێتەوە، نە
خەڵکیش ئەو مافەیان هەیە تاسە لەبەردەم ماڵەکانیاندا دروست بکەن، بەڵکو
هەردوو لایان دەبێت بگەڕێنەوە بەردەم چەترى یاساو داواى مافى خۆیان
لەیەکترى بکەن.
ئەوەى دەمەوێت قسەى لەسەر بکەم، ئەوەیە کە پێویستە حکومەت بە زووترین
کات هەڵسێت بە تێکدان و هەڵگرتنى هەرچى تاسەی نێو کۆڵانەکان و بەردەم
ماڵە بەرپرسەکان هەیە، چونکە بەراستى لە ئێستاکەدا رووى لە زیادى
کردووە و بۆتە هۆى بێزارى و ناشیرینییەکى ئێجگار زۆر بۆ دانیشتووانى
شار و قەزاو ناحیەکان، هەروەها جۆرە بەڕەڵاییەکى یاسایی دروستکردووە
بەوەى هەر کەسەو هەڵدەستێت لەبەردەم ماڵەکەیدا یاخود دووکان و بارەگە و
شوێنى کارەکەیدا تاسەیەک بەرز دەکاتەوە کە لە راستیدا پێویست بە بوونى
ناکات، چونکە رووى شارستانى کۆمەڵگەکەمان ناشیرین دەکات.
زۆر دیاردەى تریش ماون کە لەم سەردەمەدا، لەگەڵ کۆمەڵگەى شارستانى و
پێشکەوتوودا ناگونجێن، بەڵام ناکرێت لە وتارێکى رۆژنامەگەرییانەدا،
ئاماژە بە تەواوى دیاردەکان بکەین، بەڵکو لێرەدا پێویستە لە پاڵ ئەوەى
کە هەندێ باسى دروستکردنى تاسەى نایاساییمان کرد، بە هەمان شێوەش باس
لە هەڵدانى خێوەتى پرسەى نێوماڵان بکەین کە ئەویش دیاردەیەکى زۆر
نایاسایی و ناشارستانییە و زیانى بۆ خەڵکانێکى ئێجگار زۆر هەیە، بە
ڕێگەگرتن و دروستکردنى قەڵەباڵغى و خوێندنى قورئان بە دەنگى بەرز لە
نێو ماڵاندا.
ڕەنگە کەسانێک هەبن، پرسیارى ئەوە بکەن: تاسە و هەڵدانى خێوەتى پرسە چ
پەیوەندییەکیان بە شارستانیەتەوە هەیە؟ بەڵام لە راستیدا پەیوەندییان
بەیەکەوە هەیە، لە کۆمەڵگەى شارستانى و پێشکەوتوودا، هیچ کەسێک زیانى
بۆ ئەوەکەى بەرانبەرى نییە و لە خۆیەوە شتێک ناکات کە پەیوەست بێت بە
ژیان و بارى سایکۆلۆژى خەڵکانێکى ترەوە، ئەوە رووە درەوشاوەکەى
کۆمەڵگەى شارستانى و مرۆڤى شارنشینى تەندروستە، بەڵام بەداخەوە،
دەبینین لە کۆمەڵگەى ئێمەدا، مرۆڤەکان بێ ئەوەى بۆ یاسا بگەڕێنەوە
یاخود بارودۆخى دەروونى و ڕێزى بەرانبەرەکەیان لەبەرچاو بگرن، پێشڵى
ماف و ئازادییەکانى خەڵکانى تر دەکەن و تەنانەت کێشەش بۆ
بەرانبەرەکەیان دروست دەکەن.
بەدڵنیاییەوە مەبەستى وتارەکەم روون و ئاشکرایە، بۆیە پێویستە پارێزگاى
شارەکان بە تایبەتى پارێزگاى هەولێر کە پایتەختى هەرێمى کوردستانە و
سەنتەرى ئەو جۆرە دیاردانەیە، بە زووترین کات هەڵسن بە دروستکردنى
لیژنەیەک بۆ ئەم جۆرە دیاردانەى نێو کۆمەڵگەکەمان، چونکە بەراستى ئەگەر
وا بڕوات، یاخود بێدەنگى لەم مەسەلەیەدا بکرێت، لە دواییدا رووەو زیادى
دەچێت و ئەو هێما ناشیرینە دەبێت کە رووى درەوشاوەى شارستانیمان
دەشارێتەوە.
هەولێر
Shaxewan_braim@yahoo.com
|