١٦\١١\٢٠١٣
شار لە
مەوداکانى بینیندا.
کیڤن رۆبنس

لە
ئینگلیزییەوە: یوسف عیزەدین
(سپێدەیەک،
ئەودەمى بە بەردەم مەغازەیەکدا تێدەپەڕین...
مارینا ڕوانییە تەلەفزیۆنى پشت جامخانەکە، پەشۆکاو زۆر بەسەرسامییەوە
کەوتە تێڕوانینى، چونکە شتێکى سەرنجڕاکێشى کەوتبووە پێشچاو. لى-ش
ڕوانییە هەمان ئەو شتەى کە مارینا تەماشاى دەکرد.. هەردووکیان دەستى ژونێ-یان
گرتبوو، کە لە
نێوەڕاستى هەردووکیاندا بوو.. لەڕاستیشدا ئەو شتەى کە
لە تەلەفزیۆنەکەدا، بە
سەرسامییەوە تێیان دەڕوانى، خۆیان بوون...
مارینا بۆ تاوێک لە خۆى و ئەوانى ڕوانى،
پاشان هەروەک پێشتر، کەوتەوە تەماشاکردنى تەلەفزیۆنەکە).
- دۆن دەلیلۆ -
لە ڕاستیدا هەموومان پەى بەو حەقیقەتە
دەبەین کەهێشتاکە هەمان هیواو خواست و پێداویستییە دێرینەکانى مرۆڤ
ئێخەمان پێدەگرێت و ناچارین ئاوێتەو ئاوێزانى هەمان کۆلەکتیڤى شار ببین
و ڕیتمى حەز و ئارەزوو و ویستەکانمان نەشێوێنین و هەوڵى دەستەبەرکردنى
هەموو ئەو شتانە بدەین کەبەلامانەوە مەبەستە.
بەڵام دیارە لەمڕۆدا بەحوکمى کاریگەرى فیزیۆن، هەموو ئەو هاوکێشەیەى
پێشوو، لەبەردەم ئاستەنگێکى نوێدایە!؟
" ژ.ب.پۆنتالیس" دەڵێت:
(هەموو ئەو شتانەى کەنامانەوێت لەدەستى بدەین.. پێدەچێت هێدى هێدى
لەبەرچاوان وون ببێت و نەمێنێت).
ئێمەى مرۆڤ ناچارین تەماشابکەین و ببینین، دیارە تەنها تەماشاکردن و
بینینیش بەس نییە، بەڵکو دەبێت ڕێگەچارە بۆ ڕەوینەوەى خەمەکانمان
بدۆزینەوەو لەوەش دڵنیابین کەهێشتاکە ئازیزان و خۆشەویستانمان وەک ئێمە
بیردەکەنەوە.
"پۆنتالیس" گوتەنى:
(گەر لەبەر بینینى هەموو ئەو شتانە نەبێت کە لەدنیادا ون دەبن و نامێنن
ڕەنگە خەون دیتن، ئاستەم ببایە).
تۆ بڵێى هێشتاکە شتێک لەسیماکانى شار وەک خۆى مابێتەوەو بەتەواویى
لەبەرچاوان ون نەبووبێت؟!
شایانى باسە سەرجەم خەسڵەت و سیماکانى شار، بەشێکى گرنگى هەست و
نەستەکانمانى داگیرکردووەو کاریگەرییەکى ڕاستەوخۆى لەسەرمان هەیە..
هەربۆیە هەردەم پێویستمان بەبینین و ڕاڤەکردنى ناسنامە کۆلەکتیڤییەکانى
خۆمان هەیە، تا بتوانین چ لەشاردا بگوزەرێین و چ ئیدامە بە پرۆسەى
سەیرکردن و بینین بدەین.
بەڵام داخۆ چلۆن لەمڕۆدا دەکارێت مامەڵە چ لەتەک شار و چ لەگەڵ کەرەستە
و ئامێرە تەکنۆلۆژییەکاندا بکەین؟!
چلۆن دەتوانین لەتەک گشت ئەو شتگەلانەدا هەڵبکەین، کەلەنێو خودى
شارەکانى خۆماندا دەمانکاتە سەیرکەر و ناچارمان دەکات کەچاوێک
بەشوناسنامەى کۆلەکتیڤیانەى شارى بوونى خۆماندا بگێڕین!؟
دەبێت ئاگادارى ئەوە بین و بزانین کەکلتوورى شار و مەدەنییەت، لەسەر
ڕووى سکرینە ئەلکترۆنییەکان، چۆن چۆنى و بەچ شکڵ و شێوەیەک دەخرێتە ڕوو
و پیشان دەدرێت.
چۆن چۆنى فیزیۆن و پۆست مۆدێرن، پێکەوە دەگونجێن و سەردەمى پاش سینەماش
چلۆن کاریگەرییەکى لەسەرمان هەیە؟!
جێگەى باسە لەئێستادا و لەنێو سەرجەم شارەکاندا، کامێرا بەچەشنێکى
ترسناک ژمارەى لەزیادبووندایەو لەهەموو سووچ و سیلەو گۆشەو پەنایەکەوە،
بەردەوام تێمان دەڕوانن و سەرەتاتکێمان دەگەڵ دەکەن.. لەسەر ساختمان و
بینا بەرزەکانەوە، لەسووچى شەقام و کووچەو کۆڵانەکانەوە.. لەنێو بانک و
مەغازەو دوکانەکانەوە، دەتوانین بێژین لەهەموو شوێنێکەوە موراقەبەمان
دەکەن و هەموو جووڵە و هەڵس و کەوتێکمان تۆمار دەکەن.
ئیدى لەهەر شوێنێک بین، دەکرێت لەسەر ڕووى سکرینەکان وێنەى خۆمان
ببینین، هەروەک -دۆن دەلیلۆ- دەڵێت:
( مرۆڤ لەمڕۆدا بۆتە کەسى سێیەم).
بۆخۆى بۆتە موخبیر و جاسووسى خۆى، هەموو ژیانى لەبەردەم کامێراو لەنێو
تەلەفزیۆنەکاندا دەباتە سەر، هەر لەڕێى کامێراشەوە ساتەوەختى کوشتنى "کەنەدى"
تۆمارکرا.
جێگەى باسە تۆمارێکى ڤیدیۆیى "ڕۆدنى کینگ"، سەبارەت بەلێدان و شەل و
کوتکردنى "جۆرج هۆک" لەلایەن پۆلیسى لۆس ئەنجڵس-ەوە، وەک بەڵگەیەک
لەدادگا بەکارهێنراو پۆلیسەکان مەحکوم کران.
گۆڤارى News week سەبارەت بەزۆربوونى ئەو کامێرانەى کەئێستا
لەئەمریکاداو لەهەموو شوێن و جێگەیەکەوە وێنە دەگرن، دەڵێت:
( لەئێستادا ١٤ ملیۆن کامێرا لەبۆسەدان و
بەردەوام وێنە دەگرن).
لەمڕۆدا شار بۆتە مۆزایکێکى (میکرۆ-فیزۆنى)، کەهەمیشە لەڕێى
کامێراکانییەوە هەموو هەڵسوکەوتێکى خەڵکى تۆمار دەکات و دەزانرێت کەى و
کێ لەکوێدا چ تاوانێکى کردووە و تاد...
لەخۆپیشاندانەکانى ساڵى ١٩٩١-ى بەریتانیادا،
کامێراکان هەموو هەڵسوکەوتێکى خۆپیشاندەرانیان تۆمارکرد...بەشێوەیەکى
گشتى کامێرا، ئۆتۆمبیلە تیژڕەوەکان و پۆرنۆگرافى و هەموو ڕووداوو و
کردارێک تۆمار دەکات.
هەموو ئەو کانگستەرە گەنجانەى کەلەشەوى تاریک و ئەنگوستەچاودا، دەکەونە
جموجۆڵ و دەست وەشاندن.. دەکرێت لەسەر ڕووى سکرینەکان، وێنەى خۆیان و
کار و کردەوەکانیان ببیننەوە، هەر ئەمەش بۆتە هۆى ئەوەى کەکانگستەرە
گەنجەکان، زیاتر تام و چێژ لەکردەوە توند و تیژەکانى خۆیان ببیننەوەو
خۆیان وەک قارەمانێک بێتە پێش چاو.
هەر بۆیە وێنەگرتنى ڕاستەوخۆ و ڕیپۆرتاژ، بۆتە مایەى زەوق و سەقافەیەکى
نوێى بینەران. کە بە" تەلەفزیۆنى نوێ و
ڕیالیستى" ناودەبرێت.
لەمڕۆدا نهێنى و پەنهانى نێو کووچەو کۆڵان و شەقام و تەنانەت نێو
ماڵانیش، وەک خۆى تۆماردەکرێت و پاشان هەموو کەسێک لەسەر شاشەکانى
تەلەفیزیۆنەوە دەیبینێت.
سەرەتا خەڵکانێک هەموو ئەمانەیان پآ شتێکى باش بوو.. بەڵام دواتر ئەو
ڕاستییە ئاشکرابوو کەتابڵێى کارێکى مەترسیدار و ترسناکەو کاردانەوەیەکى
نێگەتیفانەى لەسەر بینەران هەیە.
" ئەلاین ئێرەنبێرگ" سەبارەت بەم دیاردەیە دەڵێت:
( تەلەفیزیۆن بۆتە مایەى دەستپێکى پێکدادانێکى نێوەکى و خودیى نێو
کۆمەڵگاو پەنجەرەى تەماشاکردنى شتەخراپەکان).
" میچێل مافیسۆلى" دەڵێت:
(لەجێى ڕاسیۆنالیزم و بەکارهێنانى ئەقڵ.. فیزیۆن سۆز و عاتیفەمان
دەبزووێنێت).
هەروەک "جان لویس"یش ئاماژەى بۆ دەکات، تەلەفیزیۆن ناهێڵێت لەدوورەوەڕا
لەڕووداوەکان بڕوانین، بەڵکو ڕاماندەکێشێتە ناو ڕووداوەکان و ناچارمان
دەکات کەبەشدارى تێدا بکەین.. بەڵام دیارە بەشداربوونێکى بەدەر
لەڕاستگۆیى و حەقیقەت.
تەلەفیزیۆن ڕیالیتە و پۆست مۆدێرنیزم و سیماکانى شار، پێکەوە
هەڵدەشێلێت و بەرەو گومڕابوونمان دەبات.. گەرچى خودى ژیانیش
لەبەرچاوماندا بەرجەستە دەکات، بەڵام لەڕێیەکى دیکەوە، ڕێ
لەهەموو خەیاڵکردنەوەیەکمان دەگرێت.
ئیماژى ئەلەکترۆنى، کەلەتەلەفیزیۆندا خۆى دەنوێنێت، وجودێکى
ئەلەکترۆنیمان بۆ بەرجەستە دەکات و هەر لەومیانەشەوە هزرمان دەبزوێنێت
و دەمانباتە نێو دنیاى"Show"و سەرمان
وەگێژ دێنێت.
"پاسکال پۆنیزەر" پێى وایە تەلەفیزیۆن بەحوکمى دووبارەکردنەوەى دەیان
جارى هەمان وێنە و دیمەنى ڕووداوەکان، دووچارى لەبیرچوونەوەمان دەکات و
پێوەندییەکانمان دەگەڵ دنیا بەرەو لاوازى دەبات.. تەلەفیزیۆن بۆتە
نوێنەرى شار و مەدەنییەتى ئێستامان، ئەو بەرەو کوێمان بەرێت، ئێمەش
بەرەو ئەوآ دەچین!؟
لۆژیکێکى "inter activity" یمان لا دروست
دەکات و ناهێڵێت هەست بەئێش و ئازارى کەسانى نێو ڕووداوەکان بکەین و
تەنها بۆ ساتێک سەرساممان دەکات. گەرچى هیچ بەهایەکى ڕەوشتى لەوەدا
نابینرێتەوە کەپیشان دەدرێت... ڕاشکاوانە دەتوانین ببێژین، تەلەفیزیۆن
مەست و سەرخۆشمان دەکات.
لەکاتێکدا "تۆماس ئۆگدین"، سەبارەت بەسینەما پێى وایە، بەو پێیەى
کەسینەما مەودایەکى لەنێوان خودى خۆى و ژیاندا دەهێشتەوە، زێدەتر وەک
گەمەیەک دەهاتە پێش چاوى بینەران، بەڵام پاش سەردەمى سینەماو لەئێستادا
گەر لەڕوانگەیەکى "پارانۆید شیزۆد"ییەوە بڕوانین، دەبینین هەستەکانمان
بەتەوایى ئیفلیج بووەو سیمبۆلەکان بەتەوایى تێکەڵ و نادیارن.
بەپێى بۆچوونى "ئۆگدین"، دەرئەنجامى پێوەندى سیانى نێوان سیمبۆل و شتە
بەسیمبۆلکراوەکەو خوودى شتەکە بەتەواوى لێک هەڵوەشاو و
بێ شیرازەیە.. هەر بۆیە خودى شتەکەمان لێ
بزر دەبێت و پەى پآ نابەین و تەنها بابەتەکە لەبەرچاوماندا بەرجەستە
دەبێت.
لەئێستاى شار و مەدەنییەتدا گەرچى تەلەفیزیۆن وەک پیشاندەرى خودى
ڕاستییەکان دەناسرێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەى کەپیشانى دەدات دوورە
لەحەقیقەت و ڕاستى. چونکە تەنها ئیماژى کەس و شتەکانمان پیشاندەدات و
لەخوودى ڕاستى ڕووداوەکە دوورمان دەخاتەوەو هیچ مەودایەک ناهێڵێتەوە بۆ
دەربازبوون و چارە دۆزینەوە.. هیچ مەودایەک ناهێڵێتەوە بۆ خەون بینین.
دەبێت بەدەر لەویستى خۆمان وێنەى شارە لێک هەڵوەشاوە
و پارچە پارچە کراوەکان ببینین کەهیچ بەهاو سیمبۆلێک پێکەوەیان
گرێ نادات....
ئیدى ئێمە لەنێو کلتوورى شار و مەدەنییەتدا ناژیین.. بەڵکو هەریەکەمان
بەڕێکەوت، لەزنجیرەیەکى تەلەفیزیۆنیدا، ڕۆڵێکى پڕوپووچ و بێ مانا
دەبینین؟!
________________________
ژێدەر:
Into the image/culture and politics in the field
of vision/ Kevin Robins/1996-Routledge
ماڵپهڕی یوسف عیزهدین
|