١٤\٢\٢٠١٢
شاخ...

شوان عوسمان
من لە تۆدا
روام ،
تۆش لە مندا روایت...
لەگەل رۆژگاری رەق، رەق و
رەگت رەقتر لە رەگم تێکوتا..
منیش لە تۆ رەقتر و
رەگم رەقتر لە تۆ داکوتا....
بە بۆنی تەمۆخەکانی تۆوە ،
بۆنی خاک و
رەنگی خاک و
ماکی خاکیم بە بەر لوا...
بوومە تەمۆخێک لە تۆ و
تەمۆخێکیش لە من روا ،
بەو بۆنەوە تامت دا و
تامم کردی...
ماچت دا و
ماچم کردی..
بە ماچێک لە تۆدا مردم ،
بە ماچێک لە مندا مردی...
بوومە دووگرد و بەرماڵێک ،
سەرت بۆ بردم ،
بوویە خوایەک کرنووشم بۆ بردی....
لەگەل تۆزی تاوێرەکانت بوومە تۆز و
بە گەردەکانی قەدپاڵت بە با چووم...
بە هەناسەی رەشەبات بوومە با و
وەکو ئارد بە تۆزی تەراشەکانت راچووم..
بە سەر لەپی گەردەلوولی کوفرێکت ،
وەکو باهۆزێک لە گوناه ،
بە مەرگم چەند ئەهاتم و چەند ئەچووم...
چەندیش لە رەنگی جوانەمەرگێک ئەچووم...
تا لە بۆمەلەرزەیەکدا لە دایک بووم...
لەو رۆژە من خۆم نیم و
نابم بە خۆم...
تاتەبەردێک و تاوێرەبەردێکم لە تۆ ،
زنارەبەردێک و گابەردێکم لە تۆ ،
خڕکەبەردێک و گاشەبەردێکم لە تۆ ،
باگوردانێکم لە گوناهەکانی خۆم ،
بە سەر بانی جەستەی کوفرەکانی تۆ ،
دێم و ئەچم ....
تا بەردێکت نەرم بێت و
نەرمم کات بە خۆی ،
تا بەردێکم نەرمت کات بە خۆی ،
تا بەردێک نەرمی کەمەوە بە خۆم..
کەچی دواتر ئەبم بە بەردێک بەردتر لە تۆ ..
لە مۆخم راچوویت ،
لە مۆخت راچووم ،
رەوەزەبەردت بەسەر سەرم داوەران ،
چەقەبەردت بە ناومدا داچەقان ،
تەریشەبەردت وەکو موو لە ناومدا رووچوون ...
بە بەردەکانی خۆت لە مۆمیات دام ،
بە بتەکانی خۆت خوایەکت لە خەیاڵ نام ،
بە کێلێکی خۆت قەبرێکت پێدام ،
بە پەلەبەردێکی پیاوچاکێکت ،
پەنای مرازێکی خێرم بۆ بردی ،
بە کوچکە بەردی شەڕاویت رەجم کرام....
بەو بەردبارانە بوومە کەلەکێک لە بەرد و
چیایەک لە لوتکەو بەرەدڵان...
لە دەشتێکی شارەزوور و قەراجیش بم ،
هەر شاخێکم لە تۆ ،
نابم بە خۆم ،
لەودەمەی گڕوگاڵم بە ئەلفوبێی داروبەردی تۆوە ،
گرتووە ،
بوومەتە حافزێکی بینایی بەرد و
واریسێکی دڵرەق بە میراتی بەردینی تۆ ،
هەرچەند ئەکەم نابم بە خۆم....
هەروەکو تۆم ،
هەمیشە وێنەیەکم لە تۆ ،..
تازە تۆ منی و منیش تۆم ،
نەک خۆم....
١٤\١\٢٠١٢
- هۆلەندە
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|