٢٠\١٠\٢٠١٧
شایی ڕیفراندۆمی
ئێوە و تەحزیەی کەرکوکیەکان.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر
سیاسەت تا ئەوکاتە جوانە کە بۆ خزمەتی گشتی بێت، وەک ئەرستۆ گوتی
سیاسەت بریتیە لە چاکەی گشتی، کاتێک خوێندنەوە بۆ سیاسەتی کوردی دەکەین
لە ھەرێمی کوردستاندا توشی چەندین سەرسوڕمان و شۆکی گەورە دەبین،
سیاسیەکانی کورد چارەگە سەدەیەک لەڕێگەی جوڵاندنی سۆزی نەتەوەی
کوردیەوە ڕەوایەتی بەخۆیان دەدەنەوە، کورد تائەمڕۆش باجی خۆشباوەڕی خۆی
دەدات بۆ سیاسییە فاشیلەکانی، کاتێک دەیانەوێت پڕۆژەیەکی حیزبی و شەخسی
بجوڵێنن دێن کار لەسەر سۆزی نەتەوەی دەکەن و لەم ڕێگەوە نیشتمانپەروەر
و خیانەتکارانی نەتەوە دیاریدەکەن.
ڕیفراندۆم پڕۆژەیەک بوو بە کەموکوڕیی گەورەوە ئەنجامدرا، پڕۆژەیەک بە
ڕق و ھەستی شەخسی ئەنجامدرا، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بێ گوێدانە
ڕەخنەی ناوخۆ و دەرەوە ئەم پڕۆژەیەی ئەنجامدا و حیزبەکانی تریش بۆی
چەمانەوە، سیاسەت ناکرێت بەڕق و ھەستی شەخسی بکرێت، بارزانی پێش
ڕیفراندۆم گوتی حیساب بۆ ھیچ کەسێک ناکەین! سەیرە سەرکردەیەک بەم
شێوەیە قسەبکات، لەکاتێکدا دەبێت ھەمو شتێک حیسابی بۆ بکرێت، چونکە
ھەرێم لە گشت لاوە دەوردراوە بە دوژمنی ڕیفراندۆم، مڕۆڤی گەورە دەبێت
حیساب بۆ گشت ئەگەرەکان بکات تەنانەت بۆشتە بچوکەکانیش، ھەڵپەرین و
جۆشدانی ھەستی نەتەوایەتی پێش ڕیفراندۆم بەرەو کۆتای ڕۆیشت، دوای ئەوەی
ھەڕەشەکان بونە ڕاستی و مەترسییەکان دەرکەوتن.
شەڕی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی چاوڕوانکراو بوو، ئەمڕۆ کەرکوک باجەکەی
دەدات و دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات، کورد بیری لە پایەکانی دەوڵەت
نەکردۆتەوە، دەبینین ھێزەکانی پێشمەرگە یەکتر تاوانبار دەکەن بە ھەڵاتن
و خیانەت، دەوڵەت ھێزێکی نیشتمانی نەبێت دەوڵەتێکی شکستخواردووە،
یەکێتی و پارتی نەیانویستووە ھێزێکی نیشتمانی دروستبکەن بەڵکو بۆ
خزمەتی سیاسەتی حیزب بەکاریان دێنن، ڕاگەیاندنەکان شەڕی شکاندنی
پێشمەرگەکانی یەکتر دەکەن، ئەمەش فەشەلی ڕیفراندۆم و دروستبوونی
دەوڵەتمان نیشان دەدات.
سیاسەت بە ڕق و شەخسی مایەی گاڵتەجاڕییە، ھەڵپەڕینەکەی ڕیفراندۆم و
شینی کەرکوکیەکان پێمان دەڵێت سیاسییەکانمان خەریکی خەڵەتاندنن و
خەڵکیش تەسلیمی سۆزی نەتەوایەتیان بوون، ئەو سۆزەی سیاسیەکان پێی
قەڵەوتردەبن و ھەژارەکانیش جەنگی بۆ دەکەن، سیاسیەکان سیاسەت دەکەن
لەڤێلاکاندا بەبێ شەڕ، خەڵکیش شەڕ دەکات لە بەرەکانی جەنگ بەھۆی
سیاسەتی فاشیلی سیاسیەکان.
ماڵپەڕی شوانە حەسەن ئەبوبەکر
|