١\٢\٢٠١٠
شەهید ئارام ئوجاخی سیاسی کوێرە.

عەلی مەحمود محەمەد
لە یادی 32 ساڵەی مەرگی یەکێک لە سەرکردە سیاسییە هەرە دڵسۆزەکانی
هەژاران و بیری چەپ و مارکسی کوردستان کاکە ئارامدا،ڕاگەیاندنەکانی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان یادیان لەو تێکۆشەرە کردەوە،ئەوەی باسیان کرد
لە ڕەوشتی بەرزو و دڵسۆزی و بیر تیژی و هەژار دۆستی هەموو پڕ بە پێستی
کاکە ئارام بوو،لێ یەک شت کە ئەوان ئاماژەیان پێی نەدا و کە کاکە
شاسوار جەلالی کردە ئەو ئارامەی لە بەر خۆشەویستی بۆ ئەو لە سەرەتای
هەشتاکان دەیان هەزار مناڵ بە ناوی ئەوەوە ناو بنرێن و هەزاران لاو
جیفارا ئاسا وێنەی ئەو لەسەر کاسکێتەکەیان بێت،بیرو ڕا پۆلاینەکەی کاکە
ئارام بوو.
ئارام پێش هەموو شتێک کەسایەتیەکی هەڵگری بیری مارکسیزم لینیزم
بوو،باوەڕی قوڵی بە ڕزگاری و سەرکردایەتی چینی کرێکارو ڕەنجدەرانی بیر
و بازوی کۆمڵگەی کوردستان بوو،ئەو تێکۆشانی دەکرد بۆ کوردستانێکی
سۆسیالیزم،پێک هێنانی پارتی پێشڕەوی چینی کرێکار و ڕزگاری ستەمدیدانی
کۆمەڵگا هیواو ئامانجی کاکە ئارام بوو.
بە بیرێکی ئەنتەرناسیۆنالی ،باوەڕ بە یەکسانی ژن و پیاو،بۆ بەختەوەری
هەژاران و دەستمەینەتانی شار و لادێ تێدەکۆشا،ئامانجە سیاسییەکانی ئەوی
تێکەڵ بە نەداران و هەژاران دەکرد.
چۆن ئەمڕۆ بۆرژواکان وێنەکانی جیفارا لە ڕیکلامی بازرگانی بەکار
دەهێنن،بەهەمان شێوە" ینک "یش ،کاکە ئارام بۆ ریکلامی سیاسی بەکار
دەهێنێت.
کاکە ئارام هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتی و تەنانەت گۆڕانیشەوە نەماوەو
نییە، ئەو :
- کەسایەتییەکی سۆسیالستی مارکسی بوو.
- باوەڕی قولی بە پارتی پێشڕەو سۆسیالستی هەبوو نەک کۆمپانیای لیبراڵی.
- باوەڕی بە یەکسانی ژن و پیاو دژ بە بیری دواکەوتووی پیاو سالاری و
دوو ژنە بوو.
- باوەڕی بە یەکسانی تاکەکانی کۆمەڵگاو دامەزراندنی کوردستانێکی
سۆسیالستی هەبوو.
- ........
جیاوازی ئارام و ئارامییەکان لە گەڵ ئەوانەی بازرگانی پێوە دەکەن، بە
ئەندازەی زەوی و ئاسمانە،ئەوانەشی خاوەندی کەلتوور و میراتی کەسایەتی
سیاسی کاکە ئارامن ،ئەوانەن لەسەر هەمان ڕێباز و بیروباوەڕ ماون.
ڕێزی بێ پایانم بۆ هاوڕێ و کەسوکارەکەی،ئەوان مافی خۆیانە خاوەنداریەتی
لە جەستەی کاکە ئارام بکەن و شانازی پێوەبکەن،وەلێ کاکە ئارامی
سیاسی،کاکە ئارامی هەژار درست،کاکە ئارامی سەرکردە،کاکە ئارامی
کۆمەڵە،تەنها موڵکی ئەوانەیە باوەڕیان بە هەمان ڕێبازی سیاسی و
ئایدۆلۆجیا و میتۆدی کاری کاکە ئارام هەیە.
دیارە ئارام کەسێکی گۆڕانخواز بوو،وەلێ لە چوارچێوەی ڕێبازو بۆچون و
هێڵێکی سیاسی دیاریکراوودا،لە چوارچێوەی بیری سۆسیالستی و ڕزگاری
هەژاراندا،نەک هەڵگەڕانەوەو دژایەتیکردنی ئەو بیروباوەڕە،ئایا ئارام
بمایا :
- قەبوڵی دەکرد کۆمەڵەی بتاوێننەوە.
- قەبوڵی دەکرد پێش سوپای پاسدار بکەون.
- قەبوڵی دەکرد نەیارانی سیاسی هەڵگری هەمان بیروباوەڕ تیرۆر و
کۆمەڵکوژ بکەن.
- قەبوڵی دەکرد دەم پیس و دەست پیس و داوێن پیس بن.
- قەبوڵی دەکرد کۆمپانیا لە پارتی سیاسی پێشەنگی هەژاران بە پیرۆز تر
بزانن.
- قەبوڵی دەکرد هەر ڕۆژەی لەسەر ئاوهەوای باوەڕێک سەما بکەن.
- قەبوڵی دەکرد بە بازاڕە بەرەڵاکەی ناوی ئازادە، کوردستان بکەنە
دۆزەخی هەژاران.
- .....
بێشک نا،کەواتە تەنها ئێمەی ستەمدیدانی کۆمەڵگا،هەڵگرانی هەمان
بیروڕا،وارسی شەرعی کاکە ئارامین.
یادت بەخێر و ڕێگات بەردەوامە،سەرکەوتن هەر بۆ هەژارانە.
|