په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٦\٢٠١٥

شەھرام نازری خەڵاتی باشترین گۆرانیبێژی ئێرانی بەدەستهێنا.

 

مەنسوور جیهانی


گۆرانیبێژی کورد "شەھرام نازری" خەڵاتی تەندیسی حافزی باشترین گۆرانیبێژی ئێرانی لە پازدەیەمین جەژنی "دنیای وێنەیی" بەدەستھێنا.


گۆرانیبێژی ناوداری کرماشانی "شەھرام نازری" بە گۆرانی تیتراژیی کۆتایی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری لوڕ "مەسعوود جەعفەری جەوزانی" و بە ئاوازدانانی موزیکزانی لاوی ئێرانی "ئەڕەشک رەفیعی" لە پازدەیەمین جەژنی سینەمایی ـ تەلەڤیزیۆنی "دنیای وێنەیی" ئێران، بۆ وەرگرتنی خەڵات کاندید کرابوو، لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم جەژنە سینەماییەوە وەکوو باشترین گۆرانیبێژی ساڵی ئێران لە بواری سینەمادا دەستنیشانکرا و لە لایەن ئەکتەری ناودار و پێشەنگی ئێران "جەمشید مەشایخی" خەڵاتی تەندیسی حافزی ئەم جەژنەی پێبەخشرا.


شەھرام نازری" کە بە شوالییەی ئاوازی ئێران و کوردستان ناسراوە لە وتووێژێکی تایبەتدا سەبارەت بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە سینەماییە گوتی: لەڕاستیدا ھەر ھونەرمەندێک بە درێژایی ژیانی خۆی خەڵاتی جۆراوجۆر وەردەگرێت، منیش وەکوو ھەموو ھونەرمەندانی دیکە خەڵاتی زۆرم وەرگرتووە، بەڵام زۆربەی ئەم خەڵاتانەم کە وەرگرتووە لە دەرەوەی وڵات بووە. ئێستاکە کە خەڵاتی تەندیسی حافز وەردەگرم زۆر خۆشحاڵم، چونکە بە پلەی یەکەم لە دەستی بنەماڵەی سینەما ئەم خەڵاتە وەردەگرم، چونکە بۆخۆم ھۆگرییەکی زۆرم پێیان ھەیە و بە پلەی دووەم لە دەستی "جەمشید مەشایخی" مامۆستا و یەکێک لە ئەفسانەکانی سینەما ئەم خەڵاتە وەردەگرم. ئێستا کە لە ناوخۆی وڵات ئەم خەڵاتەم پێدەبەخشن، بۆ من زۆر دەستکەوت و شانازییەکی گەورەیە.


ئەم گۆرانیبێژە کوردە سەبارەت بە درێژەپێدانی ھاوکارییی خۆی لە بواری سینەمادا گوتی: لەم بوارەدا بێگومان لە داھاتوودا ئەزموونی دیکە دەکەم، لەبەر ئەوەی کە بڕیاروابوو لە ھەشتاکاندا لەسەر داوای دەرھێنەری ناودار و کۆچکردووی ئێران "عەلی حاتەمی" لە فیلمی سینەمایی "دلشدگان" واتە "دڵدارەکان" وەکوو گۆرانیبێژ بەشداریی بکەم، بەڕێزیان لە رێگای "جەمشید مەشایخی" ویستیان لە نزیکەوە لەگەڵ من ئاشنا بن و لەم کارە سینەماییەدا بەشداریی بکەم. بەڵام بە ھۆی کۆنسێرت لە وڵاتی ئەمەریکا نەمتوانی بەشداریی بکەم.


گوتیشی: من بۆخۆم ھۆگرییەی زۆرم بە دنیای سینەما ھەیە و سروشتییە کە حەتمەن لە داھاتوودا لە بواری سینەمادا وەکوو گۆرانیبێژ بەشداریی بکەم و بێگومان ھەر ئەو کارەش دەکەم.


ھەروەھا ئەکتەری بەئەزموونی سینەمای ئێران "جەمشید مەشایخی" سەبارەت بە کەسایەتیی "شەھرام نازری" گوتی: بەڕێزیان نە تەنیا لە بواری مۆسیقادا پێگەیەکی ئاست بەرزیان ھەیە بەڵکوو لە بواری ئەدەب و ئەدەبیاتیشدا شارەزایی و لێھاتووییەکی تەواویان ھەیە.


شەھرام نازری" بۆ یەکەمین جارە کە لە بواری سینەمادا گۆرانیبێژی فیلمێک لە ئەستۆ دەگرێت و لەڕاستیدا خوێندنی گۆرانی تیتراژیی کۆتایی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر" لایەنێکی دیکەیە لە توانایی و شارەزایی ئەم گۆرانیبێژە ناودارە کوردە لە بواری خوێندندا.


چڕینی ئەم بەرھەمە لە لایەن شوالییەی ئاوازی ئێران و کوردستان شێوازێکی دیکەیە لە خوێندن و ئەم ھونەرمەندە بەئەزموونە کە ھەمیشە لە خوێندنی کارە نۆیەکان لە مۆسیقادا بە لەبەرچاوگرتنی ھەموو بنەماکانی موزیکی ئێرانی پێشڕەوە لە خوێندنی تیتراژیی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر"یشدا شێوازێکی نوێی لە خوێندن ئاراستەی ھۆگرانی موزیک کردووە.


گۆرانی تیتراژیی کۆتایی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر" بە پێی شیعری "بەھانە" واتە "بیانوو" کە بە "دانەھای باران" واتە "تکەکانی باران" ناسراوە و بەرھەمی شاعیری ناودار و کۆچکردووی ئێرانی "سیاوەش کەسرایی"یە، بە ئاوازدانانی "ئەڕەشک رەفیعی" و بە ھاوکاری ژەنیارانی پێشەنگی موزیکی ئێران لە چوارچێوەی ئۆرکستڕای گەورەدا سازکراوە.


دوایین قۆناغەکانی تۆمارکردنی ئەم بەرھەمە لە لایەن "ئاڕش عادڵ پوور" لە ستۆدیۆی "تەرانەی سەمان" لە شاری تاران ئەنجامدراوە و "زوھرە سوڵتانی" وەکوو بەرپرسی بەرھەم لە ئامادەکردنی ئەم گۆرانییەدا ھاوکاریی کردووە.


پازدەیەمین جەژنی سینەمایی ـ تەلەڤیزیۆنی "دنیای وێنەیی" ئێران بە بەرپرسیاریی ڕەخنەگری ناوداری سینەمای ئێران "عەلی موعەلیم"، بە ھاوکاریی خاتوو "ئازەر میعماریان" ھەروەھا بە ئامادەبوونی ئەستێرە ناودارەکانی سینەما، شانۆ، تەلەڤیزیۆن و مۆسیقای ئێران لە تەلاری گەورەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بەڕێوەچوو.


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر"
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک