٩\٩\٢٠١٠
شەهرستانی کارەبا
دەبرٍِێ، جەماوەری خانەقین خۆپیشاندان دەکەن.
- بەرگری
له جوانیی ژیان
! -

سەلام عەبدوڵا
بێ کارەبایی.
خانەقین
لە بێ ئاوی دەناڵێنێت و لە دوێنێوە بێ کارەبایی بۆی زیادی کرد. ئەمە
بووە هۆی نیگەرانییەکی زۆر لەلایەن دانیشتوانی شارەکە، چونکە
هێڵی400میگاوات لە ئیرانەوە بۆ بەغداو باقوبە تێدەپەڕێ، بەڵام
شەهرستانی دەیەوێت ئەو بڕە کارەبایە بەسەر خانەقین تێپەڕێت، بەبێ سوودی
لێوەربگرین. سامی جیهاد(بەڕێوبەری کارەبای خانەقین)، وتی: ناکرێ ئەو
بڕە کارەبا زۆرە تێبپەڕێت و شارەکەمان لێی بێبەش بێت.
شایانی باسە پێش دوو رۆژ قسەکەری فەرمی حکومەتی هەرێم وتی: بەغدا
ئابلۆقەی سووتەمەنی بەسەر هەرێم سەپاندووەو ئەم جارەیان کارەبامان
لێدەبڕن.
لەبەردەم قائیمقامییەتی شار:
کرێکارە شین لەبەرەکانی کەرتی کارەبا پێش هەموو کەسێک لەوێ ئامادەبوون
و پاشان خەڵک هات. قائیمقامی خانەقین دووپاتی هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشە
کردو ئامادەیی خۆی دەرخست بۆ هەر جۆرە پشتیوانییەک لە جەماوەری شارەکەو
مافە رەواکەیان بۆ دابینکردنی کارەبا.
لیژنەی سەرپەرشیاری خۆپیشاندان و نوێنەری
سەرۆککۆمار.
لەپێناو گەیاندنی داخوازی و توڕەیی شارەکە دژ بە بڕینی کارەبا، لیژنەی
سەرپرشتیاری خۆپیشاندانەکە بە باشی زانی سەردانی سەنگاوی(نوێنەری
تالەبانی) لە مەڵبەند بکەن. لەوێ کێشەکە خرایە روو و سەنگاوی و تی:
ئێمە هەوڵ دەدەین بەشێوەیەکی کاتی بۆ ماوەی رۆژانی جەژن، بڕە کارەبایەک
لە کەلارەوە بۆ خانەقین دابین بککەین. هەروا وێستگەی کارەبای خانەقین
نۆژەن بکەینەوە.
قسەکەرێکی خۆپیشاندانەکە وتی: ئەگەر لەماوەی یەک سەعات کێشەکەمان
چارەسەر نەکرێ، تاوەرێکی 400میگاواتە تێکدەدەین و بەمە کارەبای بەغداو
باقوبە پەکدەکەوێت.
سەنگاوی لە درێژەی قسەکانی، وتی ئێمە ناتوانین ناڕەزایەتی خەڵکەکە
کۆنتڕۆڵ بکەین و پشتیوانی لە هەوڵەکانیان دەکەین.
پەکخستنی هاتوچوو لەنێوان ئیراق و ئیران.
پاش بێ ئەنجامی هەموو پەیوەندیکردن و کۆبوونەو لێدوان بە زمانی گوڵ و
قسەکردن بە ئەقڵ و حیکمەت و روحی کراوەو دیالۆک، گەنجانی شارەکە سیمای
بەرگری و پێداگرت لەسەر مافەکەیان لە نێوچەوانیان روونتر بەدیارکەوت و
چیتر قبووڵی هیچ سەوداکارییەکەیان نەکرد و سەرسەقامەکەیان گرت و وتیان:
ناهێڵین تێبپەڕن!.
خۆپیشاندەران بەو گەرمییە و بە برسێتی و تینوێتی بەرەو شەقامی
نیونەتەوەیی رێگای دەروازەی مەنزەرییە بەڕێکەوتن و ئۆتۆمبیلەکانیان
لەناوڕاستی شەقامەکە راگرت، ئەوجا چەندین تایەریان سوتاند. بەم
شێوە20پاس کە هەر یەکێکیان40موسافری تێدا ببوو و کۆیان گەیشتە800کەس و
دەیان ترێلەی بارهەڵگر راگیران. ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێش بوو لەم
خۆپیشاندانە، بەشداربووان بە بێ هیچ ترسێک هەڕەشەو ئامادەییان بۆ
تێکدانی تاوەری کارەبای بەغدا و باقوبەیان دەردەبڕی.
لەم خۆپیشاندانە 4نوێنەر لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالەش بەشداریان کرد
کە پێکهاتبوون لە(نەسرین بەهجەت، جەلیل ئیبراهیم، زەینەب سۆفی، زیاد
ئەحمەد)و هەر چواریان لە هەوڵەکانیان لەگەل بەڕێوبەری کارەبای دیالەو
چەندین بەرسی پارێزگاکە جەختیان لەسەر پشتیوانیان لە داخوازی
جەماوەرەکەو ئامادەبوونیان لەبەشداریکردن لەهەر هەوڵ و هیمەتێک. بۆ
نموونە نەسرین خان وتی: ناڕۆین تا داخوازییەکەمان جێبەجێ دەبێ. شایانی
گوتنە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکە بریتی بوون لە(ستار محیدین، شەمس
ئەحمەد، محەمەد مدحەت، ئیسماعیل موستەفا، سەلام عەبدوڵڵا).
خۆپیشاندانەکە لە کاتژمێری11ی نیوەڕۆ تا5ونیوەی پاشنیوەڕۆ خایاندو
دیمەنی شەقامەکە جوانی بەرگری ئەڵوەنزادەکان لە مافە سەرەتاییەکانیان
لە دامێنی چیای کەڵات نیشاندا.
سەرکەوتنی خۆپیشانەکە.
کاتژمێر گەیشتە نزیکەی 8ی شەو و لەپڕ یەکێک لە سەرپەرشتیارانی
خۆپیاشندانەکە زەنگی دا و وتی: سەرکەوتین و لە ماوەی نیو سەعات
کارەباکەمان وەک جارانی لێدێت، پیرۆزە!
بەڵێ پیرۆزە و سبەی ئاهەنگی ئەم پیرۆزییە لەناو شار دەگێڕین!
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|