په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٨

شەکاوە بێ ئاڵای سەرکەوتن بە سەر نازیزم و فاشیزمدا.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


ھەموو ساڵێک لە ٩ ی ئایار/ مایۆ روسیاو ھێزە پێشکەوتنخوازو دیموکراتەکانی دونیا ئاھەنگ ئەگێرن بە بۆنەی سەرکەوتن بە سەر نازییەتی ئەڵمانیاو فاشیزمدا، بەڵی لە ساڵی ١٩٤٥ سوپای سوورو گەلانی یەکێتی شۆرەوی جاران لە ژێر رێنمایی حزبی شیوعی و ھەزاران تێکۆشەری ئەوروپایی توانیان شکست بە نازییەت بێنن لە پێناو ئازادکردنی گەلانیان و گەلانی دونیا لە ژێر چنگی نازیزمە ئەڵمانییەکان و، ھۆکارەکان و ئامانجی ئەڵمانیاو وڵاتانی ھاوپەیمانی روون ئاشکرا بوون، دەست بە سەراگرتنی جومگەکانی ژیان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی سەرمایەداریەتی ئەڵمانیا و، جێی ئاماژەیە بە ھۆی ئەو شەرە نەگریسەوە زیاتر لە ٥٠ ملیۆن کەس لەناو چوون.


وەک زانراوە لە نێوان جەنگی جیھانی یەکەم و جەنگی جیھانی دووەم ھەر وەک نازیزم فاشیزم لە سەر بنەمای پەرستنی سەرۆک (سەردار) سەریھەڵداو، بەو پییە ئایدیۆلۆژیای فاشیزم بریتیە لە گشتگەرایی واتە سەرۆک یان پارتێکی سیاسی ھەموو مافێکی ھەبێ و دەست بگرێت بە سەر ھەموو جومگەکانی وڵات، بەسەر خەڵک و ھەموو دامودەزگاکان و میدیاکان و. خەڵک بە کوێلە بزانێت و، بۆ خزمەتی بەرژەوەندی خودی خۆی بەکاریان بێنێت و، ماف و ئازادیان لێ زەوت بکات و، نابی کەس ئازادو خاوەن مولک بێت و، نازییەتیش بانگی توندوتیژی دژ بە باوونەریتەکانی ئەڵمانیا بەرز کردووە و، ھەردوولا (فاشیزم و نازیزم) سەرۆکیان بە "" پەرستگار"" ناسیوە بە شێوەیەک دەسەڵاتی بە سەر ھەموو لایەکدا ھەبێت.


پارتی کرێکارانی نەتەوەیی سۆشیالیست ’’ پارتی نازی’’ بزوتنەوەیەکی توندرەوی سەرلێشێواوی سەرکێش دژ بە دیموکراتییەت و شیوعییەت بوو، لە ئەڵمانیا لە پاش جەنگی جیھانی یەکەم دروست بوو، ئەم پارتە بە سەرۆکایەتی ئەدۆلەف ھیتلەر لە ساڵی ١٩٣٣ دەستی بە سەر دەسەڵاتی وڵاتی ئەڵمانیا گرت وەک رژێمێکی دیکتاتۆری سەرکوتکەر رەفتاری کردو، ھێتلەرو یاوەرەکانی پرۆسەی چەپەڵی (ھۆلۆکۆست) جینوسایدی دەرحەق زیاتر لە ٥ ھەزار جولەکەی ئەنجامداو بە سوتاندنیان بە ئاگرو، بەوەش نەوەستان زیاتر لە ٦ ملیۆن غەجەر (کاولی) و کورتە باڵاو کەمئەندامان و نەخۆش وکەسانی سادەیان لەناوبردو، تا ئەمرۆش ئەو بیروباوەرەقیزوەنە لەلای حزبە نەتەوەپەرستە راسترەوەکان و گروپەکانی دژ بە شیوعییەت و چەپگەرا ماوە لە ژێر ناوی نازییەتی نوێ.


نازییەکان و حزبەکەیان، حزبی کرێکارانی نەتەوەیی سۆشیالیستی ئەڵمانی لە پێش ھەموو کاریکیان سەندیکای کرێکارانیان لە ناوبردو لەکاریانخست و مانگرتنیان قەدەغە کردو، لە پاش ٢٠ ی یۆلیۆ (تەموز) ١٩٤٤ گرتن و کوشتن پەرەی سەندو، پۆلیسی ئەڵمانیا (گوستاڤۆ) بە فەرماندەیی(ھێنریچ ھیملێر) پیاوە درندەکەی ھیتلەر گورزی کوشندەی لە حزبە لیبراڵەکان و سۆسیالستەکان و شیوعییەکان وەشاند‌و، حزبی نازی بە تەواوەتی دەستی واڵا بوو بە سەر ’’ دادگاو شارەوانییەکان و گشت رێکخراوە مەدەنییەکان’’ و, ھەرچی جومگەکانی حوکم ھەیە لە لایەن دەسەڵاتەوە قۆرغ کران و، لە لایەن وەزیری راگەیاندنی سیاسی ھێتلەرەوە (پاوڵ یۆسێڤ گۆێبێلز) دەربرینی راووپۆچوون و رەخنە قەدەغە کراو بە بڤە ناو ئەبراو، ھەرکەسێک بە پێچەوانەی خواستی ھیتلەرو نازییەکان بێت وەک چۆن لای خۆمان لە ئەمرۆدا لە ھەندێ ناوچە باوە خاوەن بیرو بۆچوونەکان لەناو ئەبرێن و، ھەموو پرۆپاگەندەکان بە پێی ئاخافتنی ’’ وەزیر’’ ئەبێ لە خزمەتی ئەدۆلەف ھێتلەر بێت و، لە ھێتلەرەوە وەزیر فێری وتار خویندن وشێوازی بڵاوکردنەوەی درۆودەلەسە بوو بوو بۆ داپڵۆسین و کپکردنی جۆش و خرۆش وحماسەتی جەماوەری راپەریو دژ بە خواستەکانی ھیتلەرییەت..


سستی و لاوازی و بێتوانی پاراستنی دەست بەسەراگرتنی (چینایەتی) لە رێی کەناڵەکانی دیموکراتییەتی بێ بنەماو پەرلەمانە بۆرژواکەی لە بەرامبەر بزوتنەوەیەکی کرێکاری بەھێزو ھەرەشەی کارەساتێکی ئابووری دژ بە بەرژەوەندی و دەسەڵاتەکەی، بۆرژوازییەتی ئەڵمانیا روویکردە بەکار ھێنانی ھێزو ئامادەکردنی دەزگا داپلۆسێنەرەکانی و، بەبێ سڵکردنەوە تاوانی کۆکوژییان ئەنجامدا لە دژی خەڵک بەگشتی و،بزوتنەوەی کرێکاری و حزبەکەی و رێکخراوەکانی سەندیکا بە تایبەتی کە ھێزی سەرەکی کرێکاران و گەلانە دژ بە نەخشە گڵاوەکانیان.


ئەمرۆ لە دووای نەمانی یەکێتی شۆرەوی {سۆڤێت} ئەمریکاو وڵاتە ئەوروپیەکانی یاوەری بە نیازن سەر لە نۆی مێژووی سەرھەڵدانی نازییەت و فاشییەت بنووسنەوە بۆ ئەوەی راستییەکان بشێوێنن و رۆڵی یەکێتی سۆڤێت لە سەرکەوتن بە سەر ھیتلەرو نازیزم و فاشیزمداو، ھەروا پشت گوێخستنی مێژووی درەوشاوەو شۆرشگیری شیوعییەکان و چەپەکان و بزوتنەوەکانی کرێکاران و سیاسییەکان لە جیھانداو، رۆڵی شیوعییەکانی فەرەنساو ئیتالیاو یۆنان لە بەرگریکردندا وەک نموونە باسیان لێوە نەکرێت.


لەم رۆژانەدا رێکخراوو وبزوتنەوەی نوێ بەناو نازییەتی نوێیەوە سەرھەڵئەدات و، نازییەتی ئەڵمانیا بەوەدائەنێت کە ئازادبوونە لە شیوعییەت و، بەربەرەکانی نازییەت و فاشییەت لەو کاتەدا بە ھەڵەیەکی مێژووی گەورە ناو ئەبات و، سەبارەت بەوەی راستییە مێژوویەکان لە لایەن ئەمریکاو ھەندێ وڵاتاتی ئەوروپی و کەمکردنەوەی رۆڵی یەکێتی سۆڤێتی جاران لە سەرکەوتن بە سەر فاشییەت و نازییەتی ئەڵمانیا سێرگی ئیڤانۆڤ بەرێوەبەری دیوانی سەرۆکایەتی روسیا ئەڵێت : ھەموو دێکۆمێنتە مێژووییەکان چەخت لەوە ئەکەنەوەو ئەیسەلمێنن کە یەکێتی سۆڤێت رۆڵێکی کارامەو دیاری ھەبووە لە ناوبردنی ئەو جەنگە درندانە چەپەلە کە بە گەورەترین جەنگی مێژووییە لە خوێنرشتن وکاولکردن لە جیھاندا بەدیکراوە و، لە ھەندێ وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا مێژوو بە شێوەیەکی ئەنقەست ئەنووسنەوەو، ھەوڵئەدەن راستییەکان وەلا بخەن و، شیوعییەت و فاشییەت لە یەک پلە دائەنێن و، ئەوەش درۆیەکی شاخدارەو رێبازیکی پر لە درۆو دەلەسەیە و ئەخلاق و موراڵی دوژمنکارانەیە لە پێناو ئەوەی روسیا گۆشەگیر بکرێت.


جەنگی دووەمی جیھانی لە ١ ی ئەیلولی {سیبتەمبەر} ساڵی ١٩٣٩ دەستیپێکرد کاتێک ئەڵمانیای نازی ھێرشی کردە سەر پۆڵەنداو، ھاوکات بریتانیا جەنگی دژ بە ئەڵمانیا راگەیاندو، ھەروا وڵاتانی ھاوپەیمان فەرەنسا، پۆڵەندا، بریتانیای مەزن و، وڵاتانی کۆمۆنلسی بریتانی {ئۆسترالیا، کەنەدا، ھیندستان، نیوزلەنداو باشوری ئەفریکیا} و، لە ساڵی ١٩٤٠ یۆنان و، لە ساڵی ١٩٤١ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندیان بە وڵاتانی ھاوپەیمان کردو، لەو کاتەدا ھیتلەر وتی: ھەموو کاروکردەومان ئاراستەی روسەکانەو، ئەگەر وڵاتانی رۆژئاوا گێل و دەبەنگ بن و، ھەست بە کارو پلانی ئێمە نەکەن، ئەوا لە گەڵ روسدا نەرم و نیان ئەنوێنم رۆژئاوا لە ناو ئەبەم و تەختی ئەکەم و، پاشان ھەرچی ھێزو توانا ھەیە لە دژی یەکێتی شۆرەوی بەکار ئەھێنم و، ئەبێ خاکی نوێ لە رۆژھەڵاتی ئەورۆپاو روسیا بدۆزینەوەو، ئەوە پێویستییەکی گرنگە بۆ ئەڵمانیاو, ئەبێ رەگەزی ئەڵمانی زاڵ بێت بە سەر رەگەزەکانی ترو، ئەبێ دانیشتوانی روسیا بەرەو ناوچەکانی سیبیریا برۆن و، ئەوانەیان باشن بمێننەوەو، و بە توبزی کاریان پێ بکەن و، خودی ھیتلەر وەسفی جەنگی نیوان ئەڵمانیا و شۆرەوی کردو وتی: جەنگی لەناوبردنە لە رووی نەژادی و ئایدلۆجیاوەو، ئەبێ ئەڵمانیا خاوەن بریار بێت و، کاتێ ئەڵمانیا سەرکەوتنی بەدیھێناو توانی کیێڤ پایتەختی ئۆکراینا بگرێت و، ھیتلەر لەو باوەرە بوو یەکێتی شۆرەوی لە رووی سەربازییەوە ھیچ نییەو بێ بایەخەو، ناتوانێت بەرامبەر بە سوپای ئەڵمانیا بجەنگێت و، وتی ئەتوانین لە پاش زەنجیرەیەک پرۆسەی سەربازی بە ئاسانی خاکی شۆرەوی بە تایبەت خاکی روسیا داگیر بکەێن و، ھەر ئەو بیرۆکەیە بوو پاڵی بە ھیتلەری نازییەوەنا لە رۆژی ٣ ی تشرینی یەکەم {ئەکتۆبەر} ساڵی ١٩٤١ فەرمانی ھەڵگیرسانی جەنگی لە دژی شۆرەوی داو، ئەوە بوو روسیا چووە ناو وڵاتانی ھاوپەیمان.

لە ٩ ی ئایار داساڵی ١٩٤٥ ھێزی سوپای سووری یەکێتی سۆڤێت لە ژێر رێنمایەکانی حزبی شیوعی ھێزەکانی ئەڵمانیای راماڵی و راوی نا تا گەیشتنە ناو پەرلەمانی ئەڵمانیا (رایچستاگ) لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاو، ئەو رۆژە بە رۆژی سەرکەوتن بە سەر نازییەتی ھیتلەرو وفاشییەتی مۆسۆلینی دا ئەنرێت و ھەموو سالێک لە روسیا بە گشتی و، لە گۆرەپانی سوور لە مۆسکۆی پایتەخت بە تایبەتی و، وڵاتانی سۆڤێتی جاران ئاھەنگی شایستە بەو بۆنە پیرۆزەوە بەرێوە ئەچێت.


سەرشۆری و مردن بۆ نازییەت و فاشییەت و راسیزم. مردن بۆ دوژمنانی شیوعییەت و پەیرەوانی چەپگەرا. سەرکەوتن بۆ ئازادی و دیموکراتی و پارێزەرانی مافی مرۆڤ و گەلانی چەوساوە. شەکاوە بێت ئاڵای بەرزی ٩ ی ئایار، رۆژی سەرکەوتن.


٨\٥\٢٠١٨

ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک