په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٩\٢٠٢٣

شێرکۆ بێکەس (١٩٤٠ - ٢٠١٣)
ئەو ئایکۆنە شیعرییەی کە دووبارە نابێتەوە!

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

وێنەیەکی گشتی شێرکۆ بێکەس.


ڕەنگە لە مێژووی ئەدەبی نوێی کوردیدا هیچ کەس هێندەی شێرکۆ بێکەس (بەختیار عەلی لێدەربچێت) ئاوڕی لێنەدراوەتەوە. ئاوڕدانەوە لە شێرکۆ؛ ئاوڕدانەوە بووە لە بەرهەم و داهێنانەکانی. شێرکۆ نەفەسێکی درێژی شیعریی هەبوو، کە تا ئێستا لە هیچ کەسێکی تردا ئەو نەفەسە بوونی نییە. شێرکۆ گەلێ شێوازی شیعریی تاقیکردەوە، هەر لە شێوازی کۆن و چوارین و پۆستەرەشیعر و ڕۆمانەشیعرەوە بگرە تا دەگاتە شانۆنامەی شیعریی و لە هەمووشیاندا دەستڕەنگینی خۆی نیشان داوین. شێرکۆ بێکەس بە گۆشت و خوێن و وشە و داهێنانەکانییەوە ڕۆڵەی بە ئەمەکی ئەو بزووتنەوەیە بوو کە بە ناسیونالیزمی کوردیی (کوردایەتی) دەناسرێت. ئەو هەموو شیعر و نووسینەکانی خستە خزمەت بیڕوباوەڕی کوردایەتی. شێرکۆی بێئۆقرە بەردەوام بەدوای شتی تازە و نەوتراودا دەگەڕا. گەریدەیەک بوو لە بڕگەیەکی زەمەنی (ناوەڕاستی شەستەکان تا ئەوکاتەی ژیانئاوایی کرد) توانی زۆرترین بەرهەم و دەق بنووسێت و بڵاوبکاتەوە. هەمیشەش ڕۆڵی سەرەکی و دەستپێشکەری بینیوە. شێرکۆ لە بزووتنەوە چەکدارییەکانی ناسیونالیزم بە کۆن و نوێوەی(مەلاییزم و جەلالیزم)؛ وەک جەستە و وشە ئامادەیی هەبووە و شیعری لەناو سەنگەرەوە گەیاندۆتە نێو دڵی خوێنەری خۆی. ئەوەی ئەو شانسەی بەشێرکۆ دا لەمێژووی ئەدەبی کوردی وەک ناسراوترین شاعیر دەربکەوێت، جگە لە توانا شیعرییەکانی، ئاوێتەکردنی شیعر و سیاسەت یان شیعر و کوردایەتی بوو. کە بەیانی ڕوانگە(٢٥-٤-١٩٧٠) کە شێرکۆ خۆی یەکێک بوو لە داڕێژەران و ئیمزاکەرانی، بناغەی ئەو ئاوێتەبوونەی پتەو و قایم کرد. شێرکۆ هەر لە جوغزی کوردایەتیش نەمایەوە، بەڵکو بەپێی گۆران و گەشەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەمیش نوێتر و هەندێکجار ڕادیکاڵتر دەردەکەوت. ئەو شیعر و فرمێسک و شیوەن و پرسەی لەگەڵ بزووتنەوەکەی بوو. هەڵوێستە ڕادیکاڵەکانیشی لە ئەنجامی ڕادیکاڵبوونی بیروباوەرییەوە نەبووە ، بەڵکو لەئەنجامی ساتوسەودای سیاسییانەوە بووە. چونکە شێرکۆ تا ئەوڕۆژەی ژیانئاوایی کرد، وەک باوەڕ؛ ناسیونالێستێکی بێ غەل و غەش بوو. پرۆسەی نووسینی شیعر لای شێرکۆ بە گەلێ هەوراز و نشیودا تێپەڕیوە ، کە هەر خوێنەرێک دەتوانێت لە خیلالی شیعرەکانییەوە وێنایەکی ڕوونی شێرکۆ بێکەس و جیهانبینییەکەی بکات. من شێرکۆ بێکەس بەمجۆرە دەبینم:


یەک: بیری سیاسی و ئایدۆلۆژی ناسیونالیستی شێرکۆ هەر لە چوارچێوەی کوردستانی عێراقدا قەتیس نەماەوە ، بەڵکو بیری کوردایەتی سەرتاسەری لەهەر چوار بەشەکە بەسەر کردۆتەوە. لەکوێ مەترسی بینیبێت بۆ سەر ئایندەی ناسیونالیزمی کورد ئەم دژی وەستاوەتەوە. واتە ئەم ئەگەرچی وەک ئەندامبوون ئەندامی لایەنێکی سیاسی( یەکێتیی نیشتمانی کوردستان یان ی ن ک) بوو ، بەڵام بەمانای وشەکە شاعیرێکی حیزبیی بوو. واتە شاعیری بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردی بوو.
دوو: لەگەڵ کۆست و ڕووداوە تراژیدییەکانی کوردستان ژیاوە و شیعری بۆیان هۆنیونەتەوە.
سێ: لەبەرامبەر گەشە و مەترسییەکانی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان هاواری لێهەستاوە و دژایەتی کردوون و بۆ ئەمەش ڕووبەڕووی هەڕەشە بۆتەوە.
چوار: وەکچۆن شیعری کردبووە بانگ بۆ ئازادی( بەتایبەتی ڤێرژنە کۆنەخوازەکەی کوردایەتی بۆ ئازادی)، ئاواش شیعری کردۆتە مەتارێزی ئازادی و بەرگریکردن لە ژنان، بەڵام لە چوارچێوەی ئەو جیهانبینییە کوردایەتییەی کە بڕوای پێ هەبوو.
پێنج: سوودی لە کەلەپوور و داستانە کوردییەکان وەرگرتوە و لەشیعردا تەوزیفی کردوون.
شەش: جگە لە دنیا بەرفراوانی شیعر، شێرکۆ ڕەخنەگر و وەرگێڕێکی باشیش بوو.
حەوت: پشتیوانێکی مەعنەوی جیددی بوو لە پڕۆژەی ڕەهەندییەکان و بەتەواوی توانایەوە لەپشت ئەو پڕۆژەیە و ئەدەبی لیبڕاڵی کورد وەستا و تا دوا هەناسە بەرگری لێکردن.
هەشت : لەهەموو ئەم دۆخ و هەلومەرجە سیاسییە قەیراناوییەی کوردستان هەمیشە داگیرکار ( حکومەتی بەعس ) خەتابار کردووە و هەرگیز پەنجەی تاوانباری بۆ حیزبە سیاسییەکەی و بزووتنەوە کۆنەخوازەکەی (ناسیونالیزمی کوردی) ڕانەکێشاوە.
نۆ: خەباتی چینایەتی و شۆڕشی کرێکاریی و سۆشیالیزم وەکچۆن لە سیستەمی بیرکردنەوەی شێرکۆ بوونیان نەبووە، ئاواش شێرکۆ هەرگیز شوناسی خۆی و دەقەکانی لەو خەباتەوە دیاری نەکردووە. بەمجۆرە ئەو هەڵوێستە پۆزەتیڤانەی شێرکۆش ناتوانن بچووکترین خەسڵەتی شۆڕشگێڕیی بە شێرکۆ ببەخشن. داهێنانەکانیشی دەچنە خانەی داهێنانی شاعیرێکی بۆرژوا ناسیونالیست، نەک شاعیرێکی شۆڕشگێر.
دە: لەدوای هەڵچوونە جەماوەرییەکەی ئازاری ساڵی ١٩٩١ و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی کوردستانی عێراق لەلایەن بەرەی کوردستانی و دواتریش یەکێتیی و پارتییەوە، شێرکۆ بەهرەمەند بوو لە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی و بوو بە وزیری ڕۆشنبیری و دواتریش بەرێوەبەری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و بووە خاوەنی گیرفانێکی موحتەرەم و ئەو ئازادییەی لە کە شیعرەکانیدا بانگەوازی بۆی دەکرد.

هەڵسەنگاندنێکی گشتی.


خوێندنەوەی دەق و نووسینی هەر ئەدیب و نووسەرێک لە ڕوانگەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییەوە،ئەگەر تەنها لە چوارچێوەی خوێندنەوەیەکی سادە قەتیس بمێبێت و ڕۆنەچێتە نێو لێکدانەوە و رەخنەی چینایەتی، ئەوا ناتوانێت ئەنجامێکی قەناعەتپێکەر و بەسوود بدات بەدەستەوە. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی هەر بە تەنها نایەت ژێر ددانی نووسەر و ئەدیب بپشکنێت و بیخاتە ژێر مایکرۆسکۆپی ئایدیۆلۆژییەوە، بەڵکوو دێت لە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ئەدەب دەکۆڵێتەوە و لێرەشەوە هەڵوەستە لەسەر هەڵوێستە چینایەتییەکانی نووسەر دەکات و قسەی خۆی دەکات. ئەگەر بە تەرازووی سەنگەری چینایەتی ئەدەب لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری شێرکۆ بخوێنینەوە، ئەوا جگە لە شاعیرێکی بۆرژوازی و کۆنەپەرست هیچی تر نابینین. بەڵام کاتێک لەسەر قۆناغ و برگە مێژووییەکانی دەقەکانی ئەو شاعیرە دەوەستین و ورد دەبینەوە دەبینین پانتاییەکی تر هەیە کە دەبێت ببینرێت. ئەویش پانتایی بەشداری ئەو شاعیرەیە لە بەرگریکردن لە هەندێک لە هێما جوانەکانی کۆمەڵگە. بەرگیری کردن لە ئازادی ( بە ڤێرژنی ناسیونالیزم)، بەرگریکردن لە ژنان ( نەک یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو)، وەستانەوە دژ بە کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی، هەڵوێست نواندن لە هەندێ مەسائیلی سیاسی ڕۆژانەی کۆمەڵگە و نەخشاندنی کارەساتە تراژیدییەکانی سەر ئەم میللەتە ستەمدیدەیە و تاد. لێرەوە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی نەک هێڵێکی ڕاست و چەپ بەسەر ئەو شاعیرەدا ناهێنێت، بەڵکوو تێدەکۆشێت بەرگری لەو کرێدتانەش بکات کەلەئەنجامی هەڵویستی ئەو شاعیرەوە بەدەست هاتوون. ئەوە ڕاستە شێرکۆ بێکەس هەمیشە شاعیرێکی دیماگۆجی بووە و تەنانەت تا گەیشتنی بە ئەوروپا و نیشتەجێبوونی لەوێ درێغی نەکرد لەو دیماگۆجییەتە( من کاتی خۆی قسەی خۆمم لەوبارەوە کردووە.١)، بەڵام دوای هەڵچوونە جەماوەرییەکەی ئازاری ١٩٩١ و گەڕانەوەی شێرکۆ بۆ کوردستان و بینینی واقیعییەتی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردی، هێدی هێدی ئەو دیماگۆجییەتە لە شیعری شێرکۆ چووەتە دۆخێکی ترەوە و فۆرمێکی تری وەرگرت، ئەویش فۆرمی فریودانی خەڵک و خوێنەر لەژێر سایەی ڕەخنە لە دەسەڵات. دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردیش پشتیوانی جیددی شیرکۆ بوو، بەڵام دیارە قەبارەی ئەو پشتیوانییە بەدڵی شێرکۆ نەبووە. بۆیە زویر دەبێت و بۆیە هەر لە پەنجەرەی کوردایەتییەوە تانە لەو دەسەڵاتە ناسیونالیستە کۆنەخوازە دەگرێت.٢

چی وا دەکات شێرکۆ بەردەوام لە ناومان بێت؟


ئامادەیی شێرکۆ، ئامادەییەکە لە دەقەکانییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئامادەییەکە لە هەڵوێست و وەستانەوە بە ڕووی هەندێک ناشیرینییەکانی کۆمەڵگەی کوردی خۆ دەنوێنێت،٣ ئامادەییە لەو هاڕمۆنییەی کەلەدەقەکانەوە وەک تاڤگە دەڕژێنە نێو دڵی خوێنەر. نەفەسی شیعریی و ئیشکردن لەسەر وشە بەجوانترین شێوە و لە باڵاترین ئاست و خوڵقاندنی جوانییەک کە توانای هەیە لە یادەوەری خوێنەردا بمێنێتەوە. هەڵبژاردنی وشەی گونجاو بۆ شوێنی گونجاو، ئاوڕدانەوە لەو کێشانەی کە دەبێت ئاوڕیان لێ بدرێتەوە، وێنەی قەشەنگ و مۆسیقای ڕەوان، ئەمانە بنەچەی هونەری شیعرییەت و ئیستاتیکای شێرکۆن. غەدرێکی گەورە لە هونەری شیعریی شێرکۆ بێکەس دەکەین ئەگەر لە لێکدانەوەکانماندا ئەو لایەنەی هونەری شیعریی شێرکۆ فەرامۆش بکەین. بەڵام هەموو ئەم دەستڕەنگینی داهێنانە جوانانە ناتوانن فریای شێرکۆ بکەون کە لەڕووی سیاسییەوە کەوتۆتە چ گۆمێکی لێخن کە تا مرد نەیتوانی خۆی قورتار بکات. ئەویش گۆمی پشتیوانی لە ستەمی دەسەڵاتدارێتی ناسیونالیزمی کورد و بۆژوازی کوردستان بوو دەرهەق بە خەڵکی هەژار و قوربانیدەر و ستەمدیدەی کوردستان.


دواجار.


شێرکۆ بێکەس لە هەناوی بزووتنەوەی ناسونالیزمی کوردییەوە هاتە دەرێ و بە لێهاتوویی خۆی توانی ڕۆڵێکی گەورە لە بزووتنەوەی شیعری کوردی بگێڕێت. شێرکۆ ڕاستگۆ بوو لەگەڵ خۆی و باوەڕەکەی(کوردایەتی) و تا دوا هەناسەش وەفادار مایەوە. ئەو توانی بەهۆی دەقەکانییەوە بچێتە نێو دڵی هەزاران خوێنەر. توانی بەهێزی شیعر و دەقەکان و داهێنانیی؛ قەیرانی خۆجووینەوەی نووسین و دەق لە بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی باو تێپەڕێنێت. ئەو ئایکۆنێک بوو لە هیچ نەدەچوو لە خۆی نەبێت. دواجار؛ شێرکۆ بێکەس لەڕووی شیعرییەت و دنیای قەسیدەی کوردیدا، ئەو ئایکۆنەیە کە هەرگیز دووبارە نابێتەوە!
___________________________________________________
پەراوێزەکان:
١- لە ساتی ژیانئاوایی شێرکۆ بێکەس (١٠ ساڵ لەمەوبەر) ئەم وشانەم نووسی (من لەژیانمدا نە شێرکۆ بێکەسم بینیوە و نەوێنەشم لەگەڵ گرتووە. بەڵام خوێنەرێکی ڕژدی شیعرەکانی بوومە. شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس تەرجەمەی گەلێ زمانی جیاجیا کراون و گەلێ وتاریش لەدەرەوە و ناوەوەی کوردستانیش لەسەری نووسراوە. نووسین هەبووە ستایش بووە و هەشبووە ویستوویەتی سوود لەناوی کاک شێرکۆ وەربگرێت و لەڕێگەی ئۆتۆریتەی شێرکۆوە بازاڕێک بۆ خۆی گەرم بکات. دیارە لەگەڵ ئەمانەشدا نووسینی جوان و خوێندنەوەی بەپێزیش کراوە. من دەمەوێ باسی شتێک بکەم. باسی نووسینێکی ڕەخنەیی خۆم بکەم.ساڵی ١٩٨٩ ئەو کات ئەندامێکی چالاکی (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) بووم و لەگەڵ هاوڕێیانم (جەماڵ کۆشش و نەوزاد ئەسوەد) گۆڤاری (ڕابەر)مان دەردەکرد، نووسینێکی درێژم لەسەر جیهانبینی شیعریی شێرکۆ بێکەس نووسی بەناوی(دیماگۆجی شێرکۆ بێکەس لەئاست تیشکی چەند سەرنجێکی تەحلیلیدا) کەلە دوو ژمارەی گۆڤاری (ڕابەر) ئۆرگانی (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) دابڵاوم کردەوە. ئەو نووسینە نە ستایش بوو نەخۆ هەڵواسین بوو بەکاک شێرکۆوە، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ نیشاندانی ڕووی ئەو ئایدیۆلۆجییەی کەکاک شێرکۆ ئیشی لەسەر دەکرد. ڕەخنەیەکی مارکسیستی جیددی بوو لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس. لەو نووسینەمدا زۆر بە ڕوونی ئەو دیماگۆجییەتەی کە ئەو ستراکتۆری شیعرەکانی لەسەر بنیاد دەنا، نیشان دابوو. نووسینە گەرچی لەکاتی خۆیدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو بەڵام مەخابن نە ئەو نووسینە و نە ژمارەکانی ئەو گۆڤارەم دەست ناکەونەوە ئەگینا جارێکی تر بڵاوم دەکردەوە. ئێستا لەکاتێکدا کەچارەکە سەدەیەک تێدەپەڕێت بەسەر ئەو نووسینەم و کاک شێرکۆش کۆچی ئەبەدی خۆی کرد،من جگە لەسڵاوێک بۆ کاک شێرکۆ و ئەو نەفەسە شیعرییەی کەوێنەی نییە لەکورددا و ئەو ڕەخنە مارکسیستە جیدییەی ئەوسام،هیچیترم نییە بینێرم.).
٢- ئێستا کچێک نیشتمانە سکاڵانامەیەکی شاعیرە لە بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردی. دڵشکانی شاعیرە لەو مێژووەی کە بەناوی کوردایەتییەوە ژیانی هەزاران لاویان کردە قوربانی ئەو بزووتنەوە سیاسییە دواکەوتووە.
٣- هەڵوێستەکانی شێرکۆ بێکەس هەڵوێستگەلی باش و خراپن. لێرەدا مەبەستمان لە هەڵوێستە پۆزەتیڤەکانی شێرکۆیە نەک هەڵوێستە نێگەتیڤەکانی.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک