په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢۴\٨\٢٠١٠

     شەڵاڵ لە شەپۆلی رووبار و

   غافڵ لە تینویەتی عەشق.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

1

هەموو شەوێ من ئەمرم و
ورشەی گەڵا و گوڵی بەهار
دەبنە تارمایی، ئاوازێکی غەمگین
شەڵاڵ لە شەپۆلی رووبار و
غافڵ لە تینویەتی دڵم.


2
هەموو شەوێ
پەنجەرەی رۆحم دەمرێ و
فرمێسک ماڵئاوایی دەنووسێتەوە و
چرپەی چاوەڕوانی
باوەش بە پێدەشتی ژانەکانما دەکا و
نمە نمەش باران دەبارێ.


3
هەموو شەوێ من ئەمرم و
گۆمی مەنگی ژانەکانم
دەبنە نیگای چاوەکانم،،
گوڵدانێکی پڕ ئەسرین
دەبەخشنە مۆمی تەمەنم و
خەیاڵی خەمێکی قووڵ و
جوانیەکانی بیرناچنەوە.


4
کە شەو دادێ ،پێخەفی رۆحم
گوڵی ئەرخەوانی دەگرێ و
بە پەیژەی هەوری شعرێکدا هەڵدەگرێ
تاریکی لە سۆمای چاوما
دڵۆپ، دڵۆپ دەبێتە ئەندێشە و
حەرفی ووشەی شعرەکانم
پۆل ،پۆل ئاوپژێن دەکات.


5

کە شەو دەبێتە هاودەمم
ورشەی شیعر ئارام ،ئارام
هەناوی کەنارەکانی جێدێڵێ و
چۆلەکەی رۆح دەجریوێنێ،
وەک شەونمی بەرەبەیان
لەسەر چڵی درەختەکان
دەنیشنەوە،
ئەوکاتانە بیر لە وەرزی
رەنگینی باخچە دەکەمەوە
تاکو لقی درەختێ بێتە شمشاڵ.


6

کە شەو دادێ هەور دەگری و
خەزان ئاوازی خەم دەژەنێ
پەپوولەکان لە قژمەوە دەئاڵێن و
چاوم دەکەن بە ئەستێرە
سنگیشم دەکەن بە لانە
کە شەو داهات
لەگەڵ شعردا دەست لەملان و ئاوێزانم
تاکو باڵندەی رۆحم دەبێتەوە بەگوڵستان.


7

کە شەو داهات
خۆشەویستی سێبەرێکە و
ووشەکانی ئەبنە پۆلێ باڵندە و
بە چوار دەورما دەخولێنەوە
تاکو مەملەکەتی
عەشقی دڵم دەدۆزنەوە.


8

کە شەو دادێ
شعریش ئەبێتە تەزوویەک
بە لەنجە دێ
باران ئاسمانی ژوورەکەم تەڕدەکات
ووشەکانیش هێدی هێدی
بەسەر زامی جەستەما
ئەڕژێنە هەست و نەستمەوە.


9

کە شەو دادێ
شیعر وەک کیژۆڵەیەکی بەرخۆرەتاوی
هاوین سوور هەڵدەگەڕێ
بەدەم کزەی، باوە ئەشنێتەوە
زەردەخەنە و نمەی باران،
وەرزی وەرینی گوڵ و
پرووشەی بەفر کۆتایی دێ و
ناخمان پڕ دەبێ لە کڕێوە.


10

کە شەو دادێ، من ئەمرم و
زمانی شیعرم ئەتەزێ و لەگۆناکا
باڵای جوانیم لە درەختی قژت و
ئاوێنەیەکی رووتدا نابینم.

 
11
کە شەو دادێ
خۆشەویستیم ملوانکەیە و
چرکەی جێژاوانی
عاشقێکی سپی و
کوانووی سەفەرێکی ناوەخت و
گوڵاڵەیەکی پەمەیی.

 
12

کەشەو دادێ، من ئەمرم و
بە بەرگێکی ئاڵا و واڵاوە
لە بەردەمدا راوەستاوم
خۆشەویستی دەبێتە لوتکە و
بەفریش هێندەی چیا
گوڵەگەنم هێندەی داسی
دەستی جوتیارێک
کانیش هێندەی گەڵای زەردی
خەزانی خۆی،
خۆشی دەوێم.


13

کە شەو دادێ و، منیش دەمرم
ووشەکانم دەبنە گەواڵە هەورێکی شەقژن و
لەسەر باڵای درەختی
شاعیرێکی ژن دەنیشنەوە
بەدەنووک لە شووشەی شیعرە جوانەکان ئەدەن
ئەو کاتە تۆ دەبیتە پەڵە هەورێکی سپی و
منیش بە مۆم
تۆ ئەبیتەوە قەڵەم و
منیش کاغەزێکی سپی
بە هەردووکمان خۆشەویستی و، نمەی باران و
پرووشەی بەفر و، مەرگی گەڵا
بە دیاری دەنووسینەوە.

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر