په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٨\٢٠١١

شەمامە!


جەلال قادر     


شەمامەجوانترین دیاریم بوو لە کاتی مندالیم لە کیژۆلەیەکی کەڕولالی لادێییم وەرگرت . بەداخەوە شوێن و کاتی ڕووداوەکەم بە تەواوی نایەتەوە یاد . ئێستاش نازانم ئەو گوندە ناوی چیبوو ، چۆن بیدۆزمەوە ؟ ئەوەی دێتەوە یادم بە سواری پیکاب لە شارەوە بەرەو بناری خالخالان چووم.


ئەو سەردەمەی من باسی دەکەم کرێچیبووین لە خانووەیەکی خشت وقوڕدروستکراوی ناو شار. باوکم کرێکار بوو منیش زستانان پاقلەو نۆکم دەفرۆشت هاوینانش چلورەو ئاسکرێم.. لەبەر ئەوەی زۆربەی مندالان کرمێستیان دەفرۆشت ، من فرۆشم کەم بوو، نیوەی کرمستیەکانم دەگەڕاندەوە..ڕۆژێک کابرای دوکاندار پێیوتم :بۆ نایەی ترمزێک پر لە چلورەت دەدەمێ بیبە بۆ گوندەکان بیفرۆشە.


منیش رازیبووم ..ئێوارەیەک بە تەپە تورێکی پڕ لە چلورە و سەهۆل سواری پیکابێکی دیێەکان بووم..لە ڕیگای قیرتاوەکە پیکابەکە دەنگی تایەکەی دەهات . هەر کە گەیشتە سەر ڕێگای خۆل و چەگلەکان تۆز لە پشتی پیکابەکەوە بەرزدە بووەوە چاوی کوێر دەکردم.. لە پاش کاتژمێرێ لێخوڕیین بەسەر تەپۆلک و گرد و بەست و دەشتی ناوچەکە ، پیکابەکە ڕاوەستا.


شوفێرەکە پێیوتم : هەموو بەیانیەک بەم ڕێگایە دەگەرێمەوە بۆ شار، تۆش هەولدە بەیانی زوو لەم ڕێگایە ئامادەبیت تا بتگەڕێنمەوە.


چەند گوندێ گەڕام ، زۆربەی چلورەکانم فرۆشت..لەپڕێکا لەسەر بەرزایی گردێکدا گوندێکم بینی کەوتوبووە قەراخ چەم و دارستانێک.. ڕێچکە و بن دڕک و دالەکان بۆنی قشپل و ڕیخی مانگە و قەستە قولی لێوە دەهات . لە سەر تەپۆلکی گوندەکە بۆنی گەنم و جۆ و سوتانی قەرەخەرمان بوو. لە ناوەڕاستی گوندەکە خەرمانێک هە بوو بە دوو گویدرێژ جەنجەڕیان ڕادەکێشا وگێرەیان دەکرد .


یەکەمین شت کە سەرنجی ڕاکێشام لەو گوندە ، پێیانوتم : ئێمە لەم گوندە دراومان نییە ..شتەکانمان دەگٶڕینەوە، سەر بەسەر یان یەک بە دوو.


سەرم سووڕمابوو نەمدەزانی باسی چیدەکەن! وتم : ئێوە دەلێن چی؟


وتیان : لەجیاتی چلورەیەک چەند هێلکە‌یەک دەدەینێ یان دانەوێلەت دەدەینێ یاخوود حەز دەکەیت چنگێ مێووژ و گوێزت دەدەینێ.
وتم : ئێستا تێگەیشتم.


بۆ ئەوەی چلورەکانم نەتوێنەوە ناچار گۆڕیمەوە بە ‌هیلکە و دانەویلە و مێووژ.


پاشان لەگەل مندالەکان یاریم کردوو سواری جەنجەڕ بووین . کاکی سەپان زۆری پێخۆش بوو کە ئێمە بە دلێکی خۆشەوە بە نۆبە خۆمان هەلدەدایە سەر جەنجەڕەکە . جەنجەڕەکە قورستر دەبوو و پووشەکەی وورد و خاش دەکرد ..منیش ئاواتم دەخواست گوێدرێژەکان ماندوو نەبن و ئەم خۆشییەم لەدەستنەچێ.


ئەو شەوە لەوێ مامەوە ..سەرەتا کەمێ ترسام یەکەم جارمبوو لە مال دوورکەومەوە و لە شوێنیکتر بنووم..لەسەر سەکۆی مالی سەپانەکە نوستم ، گۆزەیەک ئاوی ساردیان لەدیار سەرم دانا، وتیان : ئەگەر شەو تینووت بوو دەتوانی لەم گۆزەیە ئاو بخۆیتەوە.


لەگەل تاریک و لێلی بەیان جریوەی چۆلەگە و خوێندنی کەلەشێر و گمەی کۆتر و زەڕینی کەرو حیلەی ئەسپ و باعەباعی مەڕوبزنەکان بێدار بوومەوە ، لەهەمانکات بۆنی تۆزوخۆلی خاک و گەلای درەختەکان سەرسامی کردم . تیشکی خۆرش بە ئەسپایی بەرز دەبوەوە وەک ئەوەی بە ئاوایی بلێت : هەستن لەخەو کاتی فەرمانە!


درەختەکانیش تا چەند ساتێک بەری تیشکی خۆریان گرت ، کاتێ خۆر بەرز بوەوە ڕووانیمە قەد پالی گردەکان شوان و گاوانەکانم بینی پوزەوانە لە پێ و کەلاقۆڕی لەسەر و هەگبە لەشان دوور لە ئاوایی بە قەراخ پەرێزەکانەوە وون دەبوون.


خواردنی بەیانی پێکهاتبوو لە کەرە و ژاژوو ، ماست و هێلکەی کولاو لەگەل نانی تیری گەرم ..لەپاش نان خواردن پێیان وتم : شەمام دەتباتە سەر ڕێگا گشتییەکە ، لەوێ دەتوانی چاوەڕوانی پیکابەکە بیت.


شەمام کچیێکی کەڕولال و روخسار سوتاوبوو . بە شەرمەوە سەیرێکی کردم ، منیش لەشەرما بێدەنگ بووم.


تەبە توورەکەمیان بەسەر پشتی گویدرێژک بەستیبوو ، باوکی شەمام وتی : تەبەتوورەکەت قورسە چەند دیاریەکمان بۆ داناویت ، ڕێگات دوورە گوێدریژەکە بەرن لەوسەرەوە شەمام پێیدەگەرێتەوە.


ئێستاش لەبیرم نییە چۆن چۆنی مالئاواییم لێکردن ، لەگەل شەمام بەڕێچکەی ناو گوندەکە شۆڕبووینەوە ناو چەمەکە . پێش ئەوەی چەمەکە ببڕین شەمام کە ڕەشمەی کەرەکەی بەدەستەوە بوو ئاماژەی بۆ کردم کە بە دوای کەوم . لە ناو چەمەکە گۆمی بچکۆلانەی تیابوو ماسیە ووردیلەکان بە سەما کردنەوە مەلەیان تیا دەکرد. تاوێک بەدیار گۆمەکە ڕاوەستاین ، شەمام بە لقە دارێک گەلا وهەلوەریوەکانی سەرئاوەکەی پاککردەوە ، ئینجا بە دلێکی پڕ لەخۆشی و پێکەنینەوە بە ڕێکەوتینەوە.


چەند گرد و تەپۆلکێمان بڕی لە دوورڕا ئاوڕم لە دارستانەکەدا کۆمەلێ ژنم بینی بۆ جل شۆرین شۆڕ دەبوونەوە ناو چەمەکە ، چەند مندالێکش بەرخەوان بوون خۆیان رووتدەکردەوە تا لە گۆمەکان مەلە بکەن.


پێش ئەوەی بگەینە سەر ڕێگا گشتییەکە شەمام بە ناو پەرێزو دەشتێکی پڕ دڕک ودال بردمی ، لە نزیک بێستانێک ڕاوەستاین بۆنی کالەگی دێمی بەرلووتم کەوت ، شەمام کالەگێکی شکاند و دایە بەر تیشکی خۆرەکە . کاتێ لە تە کالەگەکەم خوارد سارد بوو دەتوت تازە لە سەلاجە دەرهاتووە..لەهەمانکات شەمام لەبڕەکە دوو شەمامەی چنی دایە دەستم ، منیش بۆنیانمکرد و بە خەندەوە سوپاسیم کرد.


لەگەل شەمام بۆنی شەمامە بچوکەکەی دەستمان دەکرد و ڕێگامان دەبڕی تا گەیشتینە سەر ڕێگا گشتییەکە، لەسەر ڕێگاکە بارەکەمان لەسەرپشتی گوێدرێژەکە داگرت . شەمام لێمدوورکەوتەوە ، لە ڕێگا هەر ئاوڕی دەدایەوە ..تا لە پڕێکا دەنگی ئۆتۆمبیلەکە هات .. شەمام لەسەر گردەکە ڕەشمەی گوێدرێژەکەی بەدەستەوە بوو هەر سەیری دەکردم .. پیکابەکە وەستا شوفێرەکە یارمەتیدام تەپە توورەکەی خستە ناو پیکابەکە و منیش لە پشتەوە دانیشتم.


پیکابەکە کەوتە ڕێ ، من و شەمام لەیەکترمان دەڕوانی و بۆنی شەمامەکەی دەستمان دەکرد .. سەرنجڕاکێشترین دیمەنی ژیانم بوو .. بەداخەوە تەپ وتۆزی پیکابەکە دیمەنەکەی شێواند ، شەمام وەک سێبەری هەورێک بەخێرایی لەپێش چاوم ونبوو.
 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال قادر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک