٧\٧\٢٠١٨
''شەپۆل'' وەک
خۆی.
- چەند وێستگەیەکی ژیانی
مامۆستا محەممەدساڵح ئیبراھیمی -

هۆمەر
کلیلە وشە: شەپۆل، مەھاباد، تاران، گرشەی
کوردستان، ڕادیۆ کوردیی تاران.
کورت و پوخت:
یەکێک
لە ڕوخسار و سیما ھەرە دیارەکانی نێو ڕووبەری چاندیی لە ڕۆژھەڵاتی
کوردستاندا بێ سێ و دوو مامۆستا محەممەدساڵح ئیبراھیمی ناسراو بە "شەپۆل"ە
کە پتر لە ٦٠ ساڵی تەمەنی لە پێناو ڕاژە و خزمەتکردن بە زمان و چاندی
کوردی وەپشت سەر نا و بە درێژایی ئەم ھەموو ساڵەیش، گەلێک بەرھەمی
ڕەنگاڵەیی بە کتێبخانەی کوردی بەخشی. ئەم نووسینە دەیەوێت بە شێوازێکی
جیاواز،ئاوڕێک لە وێستگە ھەرە گرینگەکانی ژیانی شەپۆل بداتەوە و
ڕۆشنایی بخاتە بەردەم ئەو توێژەرانەی گەرەکیانە لە داھاتوودا بکەونە
لێکۆڵینەوە لەسەر بەرھەم و ھزر و ئەندێشەی ئەم مرۆ خاکەڕا و زانستوەرە
کوردە.
دەستپێک:
ھەر دوابەدوای ئۆغری یەکجارەکی و کۆچی دوایی مامۆستا محەممەدساڵح
ئیبراھیمی ناسراو بە "شەپۆل" لێرە و لەوێ دەیان بابەت و نووسین لەسەر
ئەم کەسایەتییە مەزنە چاپ و بڵاو بوونەوە. ھەژانێک ماڵپەڕ و تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکانی گرتەوە. کەچی مخابن ژماری نووسین و بابەتەکان ھەر
لەسەر ئەم سیما ناوئاشنایەی کورد پێش مەرگی، بە قامکەکانی دەست
دەژمێردرێن.
یەکێک لە نەریتە جوان و ھەرە باشەکانی نێو کۆمەڵگە پێشکەوتوو و
زیندووەکانی جیھان ئەوەیە کە مرۆی مەزن ھێشتا بۆ خۆی لە ژیاندایە و
ڕێزی لێ دەنرێت. بەختەوەرانە بۆ ساڵانێکیش دەچێت کە ئەم نەریتە شیاوە
لای ئێمەی کوردیش جێی خۆی کردۆتەوە و ژماری کۆڕەکانی ڕێزنان تا دێت
ڕووی لە فرەبوونە. ئەمە کەمترین و بچووکترین ئەرک و نیشانەی وەفا
بەرانبەر بەو کەسایەتییانەی دەبێت کە ڕۆژگاری تەمەنیان بە گەل و
نیشتمانەکەیان بەخشیوە.ئەم پێشەکی و چەند دێڕە، سەرەتایەک بوو بۆ
نووسینێک لەسەر ئەو مرۆ نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرەی کە پێویستە نەوەی
خوێندەوار و زانستگەیی ئێستامانئاوڕی ڕاستینەی لێ بداتەوە و ھەر یەکە و
لەسەر لایەنێکی ژیانی بکەوێتە توێژینەوە.
وێستگەکانی ژیان.
خوێنەری وشیار، لەسەر ژیاننامە و بەرھەمەکانی مامۆستا شەپۆل زۆر
نووسراوە، بۆیە لێرەدا من نامەوێت دیسانەوە بە ھەمان ئاراستەدا بچم و
پاتەیان بکەمەوە. ئەگەر بمانەوێت ئاوڕێکی کورت لە ڕابردووی ئەم
کەسایەتییە کوردە بدەینەوە،پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمانێکی زوو. ئەو
دەمەی لە حوجرە و خانەقاکانی مەھابادەوە لەسەر دەستی کەسایەتی ھەرە
ناسراوی کورد مەلا "حسێن مەجدی"ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت و بۆ
ساڵانێک ھەر لە خودی مەھابادداوانەکانی ئایین و زانست فێری فێرخوازی
کورد دەکات و ھەر لەوێوە سەرچاوەی ڕاژە و خزمەت بە زمان و کولتووری
کوردی دەبێت. دواتر بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندنەکەی،کوردستان بەجێ
دەھێڵێت و ڕوو لە تاران دەکات. مێژووی ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ چلەکانی
ھەتاویی(شەستەکان). بە واتایەکی ڕاستتر، دەکرێت قۆناخەکانی ژیانی لە
چەند وێستگەیەکدا تاوتوێ بکەین.
مامۆستا محەممەدساڵح ئیبراھیمی وەک لە سەرەتادا ئیشارەتی پێدرا، لە
تافی گەنجێتیدا لە مەھاباد و مزگەوت و خانەقا و حوجرەکانی کوردستاندا
خوێندنی دینیی دەست پێدەکات و دوای وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی، ڕوو لە
گەورە شاری تاران دەکات. لێرەوە قۆناخێکی دی ژیانی دەست پێ دەکات کە
ئەویش درێژەدان بە خوێندنەکەیەتی بەڵام ئەمجارەیان لە زانستگەی تاران
دا و لە بواری زانستە دینییەکاندا مکوڕ دەبێت لەسەر بەردەوامیی
خوێندنەکەی. پاش ئەم قۆناخە، ڕوو لە بواری وانەوتنەوە لە خوێندنگە و
زانستگەکانی تاران دەنێت و بۆ ساڵانێکی زۆر ،سەرچاوەی خزمەتی زانستی
دەبێت و ھەر بەم ساڵانەیش کۆمەڵە بەرھەمێکی ھەمەڕەنگ بە کتێبخانەی
کوردی دەبەخشێت.
لێرە بەدواوە مامۆستا شەپۆل ساڵانی غوربەت، وەک ھەلێک بۆ خۆی
دەقۆزێتەوە و ھەرگیز دەستەوئەژنۆ دانانیشێت و بە قووڵبوونەوەی زانستیی
و لێکۆڵینەوە، ژمارەیەک پەڕتووکی جێی سەرنج، بە سامانی چاندیی
میللەتەکەی دەبەخشێت و گشت ھەلێک بۆ ناساندنی زێتری سامانی چاندیی
نەتەوەکەی بە خەڵکانی تر دەقۆزێتەوە.
یەکێک لەو بوارانەی ئەم کەسایەتییە کوردە کاری تێدا دەکات، بواری دینە
کە لە ڕوانگەی ئایینەوە چاو لە زمان و چاندی نەتەوەکەی دەکات و لەسەر
بنەمای ئایین، خزمەت بە زمان و کولتووری کوردی دەکات و چەندین کتێبی
زەنگین دەخاتە نێوپەڕتووکخانەی کوردییەوە. ھەر لەم ڕوانگەیەوە مامۆستا
شەپۆل ھەموو زانستی ئایینیی خۆی دەخاتە خزمەت زمانەکەی و ئەوەندە زمان
و فەرھەنگی کوردی لا گرینگ دەبێت کە تەنانەت نوێژخوێندن و بانگدان بە
کوردی لا ڕەوا دەبێت. مامۆستا شەپۆلبۆ خۆی زۆر جار لێرە و لەوێ
ئیشارەتی بەم خاڵە داوە کە بۆیە دەستی بۆ وەرگێڕانی قورئان بۆ سەر
زمانی کوردی بردووە ھەتا لەو ڕێگەوە پێش بە سووتاندنی پەڕتووک و کتێب
بە زمانی کوردی بگیردرێت و قورئان ،ببێتە پاڵپشتێک بۆ ئەم زمانە و
زێتریش گەشە و پەرە بستێنێت.
گرینگیی بوونی تەبایی و یەکڕیزی لە نێو کورددا یەکێکی تر لەو پرسانەیە
کە لای مامۆستا شەپۆل بایەخی تایبەتی پێدراوە و ھەمیشە یەک لە پەرۆش و
خەمەکانی ئەم مرۆ گەلپەروەرە بووە. تاکی کوردی بە ھەر ھەموو ئایین و
ئایینزا و زار و بنزارێکەوە بە یەک دید سەیر دەکرد و ئەوەی لای ئەم
کەسایەتییە نازەنینە گەلپەروەرە گرینگ بوو، شوناس و ناسنامەی کوردی بوو
نەک ھیچی دیکە. ئەوانەی لە نزیکەوە ئاشنا بە شەپۆل بوونە، دەتوانن
شایەت بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە بن.
وێستگەیەکی دی ژیانی ئەم کەسایەتییە زانستییە ڕووی لە بواری
ڕۆژنامەگەریی و ڕاگەیاندنی کوردییە. مامۆستا شەپۆل ھەر دوا بەدوای
ئەوەی ڕوو لە تاران دەکات، لە دووی دروستکردنی پردێکی پێوەندی لە نێوان
چالاکانی بوارە فەرھەنگیی و ئەدەبییەکان دەبێت و زۆر زوو ئەم پردەیش چێ
دەبێت و لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆشنبیری ناسراوی کورد لە تاراندا بە کاری
فەرھەنگییەوە سەرقاڵ دەبێت و دواتریش لەگەڵ بەشی کوردیی
ڕادیۆدادەکەوێتە ھاوکاری و لە نزیکەوە سەری ڕادیۆ دەدات، جاروبار
بەرنامە دەنووسێت و بۆ خۆی پێشکەشی دەکات و ھەندێکجاریش وەک شارەزای
پرسە کوردییەکان خاسما پرسە دینییەکان لە بەرنامەکانی ڕادیۆ و تێ ڤیی
کوردییدا پشکدار دەبێت.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانیش ،مامۆستا شەپۆل یەکەم کەس دەبێت
کە دووی وەرگرتنی مۆڵەتی بڵاڤۆکێکی کوردی دەکەوێت و بە ھەوڵ و تەقەلای
شێلگیرانەی خۆی، ٩ ژمارە لە بڵاڤۆکی "گرشەی کوردستان" لە چاپ دەدات و
مێژوویەکی نوێ بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان
دەنووسێتەوە. شەپۆل،ھەر ھەموو کار و ئەرکەکانی ئەم بڵاڤۆکە کوردییە بە
ھەوڵی تاکەکەسیی خۆی ڕادەپەڕێنێت و تەنانەت بۆ پێشگرتن بە وەستانی
گرشەی کوردستان ،ئۆتۆمبیلەکەی دەفرۆشێت.
ئەوەی ڕاستیی بێت مامۆستا شەپۆل کەسایەتییەکی فرەڕەھەند دێتە ئەژمار کە
ھەر ئەم پرسە جاری وایە سەرقاڵیی زێتری بۆ دروست دەکات و ھەندێکجاریش
ناھێڵێت لەسەر بوارێکی تایبەت چڕ ببێتەوە. ئەم ڕەھەندە لە ژیانی
مامۆستا شەپۆل دەتوانین ھەم بە شێوەی ئەرێنیی و ھەمیش نەرێنیی تاوتوێ
بکەین. ئەرێنی لەبەر ئەوەی مامۆستا تەنێ خۆی بە تاقە لقێکەوە
نابەستێتەوە و لە کوێ بەرھەمێکی دەست بکەوێت و دەنگێکی کوردی بەرگوێ
بکەوێت، دەستی بۆ دەبات و ڕووی تێدەکات و ئەوەی لە ھەگبەیدایە، پێشکەشی
دەکات. نەرێنییش لەم سۆنگەوە کە ھەل و دەرفەتی قووڵبەوە لەسەر بوارێکی
تایبەت لە مامۆستا دەستێنێت و ناھێڵێت وردتر ڕوو لە بوارێک بکات و بە
شێوەی قووڵتر کاری لەسەر بکات.
لایەن و ڕەھەندێکی دیکەی ژیانی ئەم کەسایەتییە نەمرە، ڕووی لە گەورەیی
ڕۆحەکەیەتی کە لە باری دەروونییەوە خاوەنی دڵ و دەروونێکی پاکژ و گەورە
دەبێت. ماڵی ئەم کەسایەتییە کوردە بە درێژایی ژیان، مەکۆ و بنکە بۆ
ھەموو کوردێک دەبێت و ئەوەی کورد بێت و ڕوو لە تاران بنێت سەرەتا
سۆراخی ماڵەکەی شەپۆل دەگرێت؛ ھەر بۆیە ماڵەکەی لە ڕاستیدا دەوری بنکە
و ناوەندێکی کوردی دەبینێت کە ھەموو جۆرە توێژێکی کوردی ڕووی تێدەکات.
کەم کەسایەتی کوردت لە ھەر ھەموو کوردستاندا پێ شک دێت کە دوور و نزیک
ئاشنایەتی لەگەڵ شەپۆلدا نەبووبێت. ڕەنگە ئیشارەت پێدان و ڕیزکردنی ئەو
ناوانە بۆ خۆی پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی جوایەز بێت وفرەڕەھەندبوونی
ئەم کەسایەتییەیش ھەر لێرەوە سەرچاوەی گرتبێت.
گرینگیی پرسی زمان و پەروەردە، یەکێکی تر لەو خاڵە ھەرە
سەرنجڕاکێشانەیە کە پێویستە لە جێی خۆیدا ئاوڕی لێ بدرێتەوە و
ھەڵوەستەی لەسەر بکرێت. شەپۆل سەرەڕای ئەم گشت سەرقاڵییە، ھەرگیز لە
منداڵەکانی غافڵ نابێت و بەختەوەرانە ھەر کامە لە منداڵەکانی ئێستا لە
بوارێکی کوردییدا دەور دەبینن و لە بوارێکەوە سەرچاوەی خزمەت بە
میللەتەکەیانن. گرینگیی بارھێنانی منداڵ لەسەر بنەمای فەرھەنگی زەنگینی
کوردی،ھەمیشە پەرۆشێکی ئەم مرۆ ڕۆحپەپوولەیی بووە و بارھێنانی زارۆک
لەسەر پەروەدەی کوردی گەلێک لا گرینگ بووە و مێژوویش ئەو شایەتییە
دەدات کە ئەم ئەرکەی زۆر سەرکەوتووانە جێبەجێ کردووە و بەختەوەرانە
منداڵەکانی تا سەر ئێسقان خاوەنی پەروەردەیەکی کوردانەن.لە ڕۆژگارێکدا
کەم نەبوون ژماری ئەو کوردانەی ھەرکە لە کوردستان دادەبڕان، بە خۆ و
ماڵ و منداڵەوە پشتیان لە زمان و چاندی کوردی دەکرد و ئاخاوتن بە زمانی
کوردییان پێ شەرم بوو ،شەپۆل ڕاست بە پێچەوانەوە دەجووڵێتەوە و زمان
ئەوەندە لای خودان سەنگ دەبێت کە منداڵەکانیشی بە ھەمان ڕێچکەی باوکدا
دەچن و ھەرگیز مانەوە لە گەورە شارێکی وەک تاراندا نابێتە ھۆکار
بەرانبەر زمان و فەرھەنگی کوردی نامۆ بن.
بەشداریی و ئامادەبوون بۆ بەشی فرەی کۆڕ و جڤینە کوردییەکان،یەکێکی تر
لەو خاڵە ھەرە گرینگانەیە کە گەرەک ئیشارەتی پێ بدەین. مامۆستا شەپۆل
بە درێژایی ڕۆژگاری ژیانی، چ تۆفیری نەدەکردکۆڕ و کۆبوونە و جڤینە
کوردییەکان لە کوێ بایەن،تیایاندا بەشدار دەبوو.
ئەنجام:
مامۆستا محەممەدساڵح ئیبراھیمی ناودێر بە "شەپۆل"لە ماوەی چەند دەیەی
ڕابردوودا یەکێک لە سیما و ناوە ھەرە دیارەکانی پانتایی ڕۆشنبیریی کورد
لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بووە و لە ھەر کوێ باس لە سەر کورد و زمان و
فەرھەنگەکەی بووە، دەنگێکی بوێر بووە و لە ڕۆژگارێکدا زۆر کەسان لەبەر
کوردبوون، خۆیان لێرە و لەوێ دەشاردەوە و ھەرگیز باسی شوناس و ناسنامەی
کوردیی خۆیان نەدەکرد، ئەم مرۆ خاکەڕا و خەمخۆرە ھەمیشە بە شانازییەوە
پەیڤ و قسەی دڵی خۆی دەھێنایە سەر زمان و بەردەوامیش داکۆکیی لە مافە
ڕەواکانی نەتەوەکەی دەکرد و تا ئەو ساتەی ژیا، دەستبەرداری ئەم پرسە
نەبوو. ئەوەی بە پەیڤێک خزمەتی زمان و چاندی کوردی کردبایە لای ئەم مرۆ
نازەنینە خۆشەویست بوو و ڕێزی لێ دەنا و بەوپەڕیی سادەیی و
ڕۆحسووکییەوە ھەڵسوکەوتی لە تەکدا دەکرد.
مامۆستا شەپۆل بە درێژایی ساڵانی مانەوەی لە تاراندا بەردەوام بۆ بەرەو
پێشەوەبردنی زمان و تۆرەی کوردی ڕۆڵی پێشەنگی بینیوە و یەک لەو کەسە
ھەرە دیارانەی نێو ئەم مەیدانە دێتە ئەژمار. ھەر بۆیە ناوی شەپۆل لە
خەیاڵدانی مرۆی کورددا ناوێکی دیار و ھەرمان دەبێت.
شیاوی ئیشارەت پێدانە کە محەممەدساڵح ئیبراھیمی (شەپۆل) ڕۆژی ٤ی
جۆزەردانی ساڵی ١٣١٢ی ھەتاویی (١٩٣٣)لە باژاڕی مەھاباد لە دایک دەبێت و
ڕۆژی شەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧١٨(٢٦ی مانگی مای ٢٠١٨) لە نەخۆشخانەیەکی
تاران کۆچی دوایی دەکات و دواتر تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە کوردستان و
شار و زێدەکەی و لە بەشی شاعیران و نووسەرانی گۆڕستانی مەھاباددا بە
خاکی نیشتمانەکەی دەسپێردرێت.
ئەوەی خرایە بەر دیدەی تۆی خوێنەری کوردزمان، سووکە ئاوڕدانەوەیەک بوو
لە چەند وێستگەیەکی ژیانی ئەم کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە و ڕۆچوونی
زێتر بە ھەر کامە لەو بوارانەی شەپۆل کاری تێدا کردوون، پێویستی بە
لێکۆڵینەوەی چڕ و پڕتر ھەیە و نووسەر ھیواخوازە نەوەی چاوکراوەی نھا و
سبەی، ئاوڕی ھەرەقەتی تر و زانستیی تر لەم مرۆ فرە ڕەھەندە بداتەوە.
___________________________________________________
• ژێدەر و
سەرچاوەکانی ئەم بابەتە لای دوو حەوتەنامەی "لووتکە" پارێزراون.
h_noryawi@yahoo.com
|