٢\٧\٢٠١٠
گۆشهی '' رۆژهک نا رۆژهک
''. (٣)
شەقامى سیاسی
کوردى و بەچکە وشترەکەى والى..!!

شێرزاد عومەر مەحمود
دەگێڕنەوە
دەڵێن لە یەکێ لە شارەکانى کوردستان والى شار بەچکە وشتێرکى دەبێت و
والى زۆر زەوق و کەیفی بە بەچکە وشترەکەى دێت و تەواوى ئازادی پێ
بەخشیوە کە چی بکات و چی نەکات کەس نابێ بێتە سەر رێگایەوە، دەڵێن
بەچکە وشتر دەهاتە نێو بازاڕ هەموو شتى دەدا بەسەر یەک و کەس نەدەوێرا
فزەیەک بکات، رۆژێک کوڕە گەنجێکى خوێن گەرم و هۆشیار خەڵکەکە
کۆدەکاتەوە و هانیان دەدات کە ئیتر نابێ بێدەنگ ببن لە ئاست ئەو هەموو
پێشێلکاریانەى بەچکە وشترى والى شار، خەڵکەکەش حەماس دەیانگرێت و تەواو
گوێڕایەڵی کوڕە گەنجەکە دەبن، کوڕەکە دەڵێت: مادام هەمووتان هاوڕان
لەگەڵم بابچین بۆ بارەگاى والى و ناڕەزایی خۆمان بگەیەنینە والى و
سکاڵاى خۆمانى لێ بکەین کە ئیتر بەچکە وشتر نەیەتەوە ناو بازاڕ و حاڵ و
گوزەران و شت و مەکەکانمان لێ تێک نەداتەوە، بەکۆمەڵ روەو بارەگاى والى
بەڕێ دەکەون، کاتێ نزیک دەکەونەوە لە بارەگاى والى کوڕە گەنجەکە ئاوڕ
لە دواوە دەداتەوە دەبینێ کەس لە پشتى نەماوە و تەنها خۆی ماوە و هەموو
رایانکردووە و خۆیان لێی شاردۆتەوە، پاسەوانەکانى بەردەم بارەگاى والى
هاوارى لێ دەکەن کە چی دەوێت ئەویش دەڵێت: دەخوازم جەنابی والى ببینم،
کاتێ دەیبەنە لاى والى و والى لێی دەپرسێت: لە پەنجەرەکەمەوە لەدوورەوە
تۆم بینى زۆر بە پەلە و بە حەماسەوە رووەو بارەگاکەم دەهاتى فەرموو
کوڕم چیت دەوێت..؟ کوڕەکە دەڵێت: جەنابی والى هاتوومە پێت بڵێم کە
ئێمەى خەڵکى شار زۆر پەرۆشی ئەو بەچکە وشترە جوانەى جەنابتانین و زۆر
بەزەیمان پێی دێتەوە کە بەو جۆرە بە تەنیایە بۆیە بە نوێنەرایەتى خەڵکى
شار هاتوومەتە لات بۆ ئەوەى هاوڕێیەکى بۆ پەیدا بکەیت و وشترێکى تر یان
زیاترى بۆ بهێنى بۆ ئەوەى بەچکە وشترە جوانەکەت هەست بە تەنیایی و
غەریبی نەکات...!!!
ئەمڕۆى شەقامى کوردى کت و مت لەو بەسەر هاتە دەچێت، تورکیا گوندەکانمان
دەسووتێنێ و تۆپبارانمان دەکات لە سنورەکان و لە پایتەختیش پێشوازى لە
وەزیر و گزیری تورکان دەکرێت، ئێران ماوەى یەک مانگە گوندەکانى
کوردستان تۆپباران دەکات و میدیاى کوردیش رێکلام بۆ دواهەمین پێشانگاى
کاڵای ئێرانى دەکات و نوێنەرى بازرگانى هەرێم بۆ تاران دەچێت، بەغدا لە
برى بەدەنگەوە هاتنى بۆ تۆپبارانى سنورەکانمان کارەباى نشتیمانى بەسەر
هەرێم دەبڕێت و برا کوردەکانى باکور بە تیرۆریست ناو دەبات، لەهەموو
ئەو حاڵەتانەش شەقامى کوردى خەوتووە و ئەگەر بەئاگاش بێتەوە ئەوا
ناڕەزاییەکەى وەک(کوڕە گەنج)ەکەیە، ئەو رووداوانە لە هەر وڵاتێک بوایە
خەڵکى دەهاتنە سەر رێگاى فڕۆکەخانە و جەنابی وەزیر و گزیری تورکیایان
تەماتە و هێلکەباران دەکرد، لە هەر وڵاتێک بوایە خەڵکى لەبەردەم
کونسوڵخانەى ئێران مانیان دەگرت و داواى راوەستان و قەرەبوویان دەکرد و
بایکۆتى پێشەنگاى کاڵا و کڕینى شت و مەکى ئەو وڵاتانەیان دەکرد، ئەگەر
حکومەتەکەمان هەر هەڵەیەک بکات و کەم و کوڕیەکى هەبێت خەڵکى بەهیچ
شێوەیەک دەنگ هەڵنابڕێت.
ئێستا نازانین یان خەڵک بە تەواوى ئەم دەستدرێژی و کەموکوڕیانە رازییە
یانیش ترسێندراوە لەوەى دەنگ هەڵبڕێت و یانیش درک بەو رووداو و
کەموکوڕیانە ناکات و یاخود نایەوێ تەداخولى کاروبار و خسوسیاتى حکومەت
و وڵاتان بێت..؟!!
لە وڵاتى ئێمە 17 ساڵە کارەبامان لە شێوەى کارەباى ترافیکلایت بوو کەس
بەدەنگەوە نەهات، کەچی لە عێراقی عەرەبی وەزیر لەبەر ناڕەزایی
هاوڵاتیان دەست لەکار دەکێشێتەوە، لە وڵاتى ئێمە 17ساڵە دراوسێکانمان
تۆپبارانى گوند و شارۆچکەکانمان دەکەن و کشتوکاڵ و دێهاتەکانمان
دەسووتێنن و هاوڵاتى سڤیل شەهید و بریندار دەکەن کەس دەنگ هەڵنابڕێت،
کەچی ئێران هات ناوچەى(بوکە)ى نەوتاوى داگیرکرد کە 5کم چوارگۆشە بوو
هەموو جیهانى عەرەبی و شەقامى عێراقی لێی هاتنە دەنگ و بە زووترین کات
ئێرانیان وەدەرنا، لە وڵاتى ئێمەدا دوو سەرۆکمان هەیە و دووسەد
مەرجەعمان هەیە، دوو سەرۆکمان هەیە و هیچ هەڵوێستمان نییە، دوو
سەرۆکمان هەیە لە شێوەى(کوڕە گەنج)ە بە حەماسەکە، جەماوەرەکەشمان هەر
کەسە و بەلایەکدا خۆی دەشارێتەوە و دوورە پەرێز دەبێت، بۆیە داواکارین
لە بەغدا و ئیران و تورکیا با بەچکە وشترى زیاتر بۆ ئەو مەملەکەتە بێنن
بۆ ئەوەى ئەوان هەست بە تەنیایی نەکەن..!!
کەرکوک
s4632628@gmail.com
|