په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٦\٢٠١٥

شه‌ڕه‌که‌ی خانباغی.


کەبیر شەمسەدینی   


منداڵەکانم ورد بوون. چوار پێنج ساڵ بوو به ژن درابووم. تازه هەڕەتی خوێنتاڵیم بوو؛ ئەخر هێوەرژنم دەگەڵ ده ماڵێ دابوون. ئەوان ژن بە ژنەیان پێنەکرابوو و هێوەری جحێڵ و بێژنیش دەبێ دەفکری دامەزراندنی دابن. ماڵه‌که‌شمان جێگەی بووکی قەدیمی که‌ ئه‌من بووم، نه‌ده‌بوو. ئەو بیرۆکه‌یه‌، جێلێژکەره‌. پیاوی لەبەر چاوان دەخا. بۆ خۆشتان دەزانن داب و نەریتی کۆنی کوردەواری "ژن به ژنه"، هەزار ئافه‌تی پێوە بوو. بووک تۆراباێه دەبوو باربەهاش بێته‌وه ماڵی باوان. یەکیان بەسەردان چووباوه، دەبوو بەرانبەرەکەشی هەروا بکا. یه‌کیان لێیدرابایه دەبوو ئەوی دیکه‌ش بکوترێ. جێگەی خۆش بوایه‌، ناخۆش بوایه‌، باربەهاکەش بەو چەشنه. هەتا دەگاته جیابوونەوەش، هەر چاولێکەری بوو. بۆ ژیانی پڕ له ناکۆکی و شەڕیش هەزار بیانوو وەگیر دەکەوت. ئەخه چوار دڵ چلۆن ڕێک دەکەون؟ چلۆن یەک دەگرن؟ هەر ماڵێک ئەو بەڵایه‌ی (ژن به ژنه) تووش بهاتایه‌، دایم و دەرهەم شەڕ و ئاژاوه و ناکۆکی تێدا دەبوو. بە هەڵکەوت له نێو چەند ژن به ‌ژنه‌دا، یەکیان بەبێ شەڕ و هه‌را دادەمەزران. ئەویش به تەواوی کۆک هەر نەده‌بوون.


ماڵمان لە پشت ئاشەکەی حاجی کەریم بوو . خەسوو و خەزوور و هێوەر و هێوەرژن، هەموو به یەکەوه دەخانوویدا بووین. دەستێک خانووبەرەی گەورەمان هەبوو. حەسارێکی به قەرا دەشتێکی زەلام و لەو بەری حەسارێ عەیب نەبێ تەویله و ئاخوڕێک و کادێنێکی دوور و درێژ پڕپڕ لەمانگاگەل ڕاکێشرابوو. بەنێو له شاری بووین؛ دەنا وێنجەجنین و ولاغ تاقەت کردن، کاری دێهاته نەوەک شار . بەڵام ئەوه کاری زۆربەی دەوروجیرانان بوو و ئێمەش وەک ئەوان. ئەو تەویله وڵاغەم به تەنیا بەخێو دەکرد. پیاو هەقی خوڵای بڵێ، زۆر جاران هێوەره بێ ژنەکەم، یا هێوەرژنەکانیش یاریدەیان دەدام. بەڵام ئەو ئەرکه به نێوی من دەرچووبوو.


دوای مردوان ڕ‌ەحمەت باشه. به‌ ڕه‌حمه‌ت بێ خەسوو و خەزوورم پرته و بۆڵەیان زۆربوو. هەمیشه له بیانوو دەگەڕان جەرگم بکۆلن . بەڵام چ دەکرا ژن و پیاو ئەگەر پیربوون، دەگەڕێنەوه سه‌ر چاخی منداڵی. گەورەش هيچی دەگەڵ ناگوترێ. بە ناچار هەر خۆم دەخواردەوه و ددانم به جەرگم دادەگرت. زۆرجاریش به‌بێ دەنگ دەگریام. هەرکات تووشی دمەقڕه دەهاتین، دەستم دەدا رادیۆ سێ مەوجه چکۆلەکەم و دەڕۆیشتم بۆ لای تەویلەی وڵاغان. به گوێگرتن له گۆرانی و بەرنامه کوردییەکان، خۆم ئاهۆن دەکردەوه.


ڕۆژێک وەک هەمیشه کراس و پاتۆڵم هەڵکێشا و چەکمه مل دریژەکانم دەپێکرد و رادیۆکەم دە ملی چەکمەکانم چەقاند. ساز دەبووم بچمه کادێنێ؛ چونکه وەختی ژەمی نیوەڕۆیه بوو دەبەر وڵاغان کەم. له وەتاغی بەر پلیکانەکان، مێردەکه‌م و خەسوو و خەزوورم لێیان بوو به محاکەمه و شەڕه قسه. باس باسی وەدەرنانی ئێمه بوو. ئەمنیش له بەر پلیکانانڕا هەر چاوم لێدەکردن. به‌ڵام خۆم تێ نەگەیاندن. شەڕەکه زوو خپ بوو . بەڵام گڕ و تینی هەر مابوو. مێرده‌کەم به چڕ و نێوچاوانێکی تاڵەوه هاته دەرێ، کەوشەکانی دەپێکرد، چووه بەر دەرگای حەسارێ و له دیوی دەرێ ڕاوەستا. خەسوو و خەزووریشم له وەتاغێ سەریان بەیەکەوه نا و دەستیان کرد به سرت و خورت. منیش زۆر به دڵگرانی ڕۆیشتم بۆ ته‌ویلە و دەبەر وڵاغه‌کانم کرد. گەڕامەوه بۆ لای شێره ئاوەکەی حەسارێ. ویستم دەستم بشۆرم و جلکەکانم بگۆڕم. دەگەڵ هەنگاونانم به‌ره‌و شیره‌ ئاوه‌که‌، رادیۆکەم هەڵکرد . سەرێکی ئێزگەی بەغدام دا گۆرانی تەواو ببوو و هەواڵی عه‌ڕەبی دەگوت. گۆڕیم و کردمه رادیۆ مەهاباد. قەزایەن بەرنامەیەکی پێکەنینی زۆر خۆشی له‌ خوا لێخۆشبوو، خانباغی هەبوو. دەگەڵ کابرایێکی لێیان ببووه شەڕ. زۆرم که‌یف پێی هات هه‌ر بۆیه‌، تەواو دەنگم کرد و ده چەکمەکەم چەقاندەوه. کابرا هەڕەشەی دەکرد و دەیکوت: "هەر دەیکووژم." خانباغی گۆچانی لێ سەراوبن کردبوو. دەیکوت: "پیاوی بۆم وەره پێشێ." ئەو شاڵاوی بۆ هێنا و ئەمیش گۆچانێکی له مووغەرەی پشتی دا. هاواری "ئەی بابه کوشتمی،حالەمینه بیگرن." له کابرای بڵیند بوو.


ئەمنیش خەریکی دەست شوتن بووم و نوقم لەو بەرنامه خۆشه. ئیتر ئاگام له دەوروبەرم بڕابوو. لەناکاو زرمە له دەرکەی حەسارێ هات. که‌ ئاوڕم داوه‌ دیتم مێردەکەم خۆی به دەرکەی دادا و هاتەوه دیوی حه‌سارێ. هەر لەو کاتەشدا خەسوو و خەزوورم له پڕتاو، بەجووت له دەرکەی وەتاغێ هاتنه دەرێ و هەردووکیان دە دەرکەی وه‌تاغێ گیران. بۆ چەند ساتێک هەرسێکیان حه‌په‌سان. بۆ چه‌ند چرکه‌یه‌ک بێدەنگ وێستان و سه‌یری یه‌کتریان کرد. کاتێک بۆیان دەرکەوت دەنگی رادیۆیه نەوەک درێژەی شەڕی ڕۆژانەی خۆیان، بۆ یەکەم جار ئاوری ناکۆکی ماڵمان به بزه‌یه‌کی تاڵ و کورت دامرکا و کووژایەوه.
 

 

uloush@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک