|
١٧\٣\٢٠٢٦
شەڕی ئێران،
فەلسەفە، سیاسەت و کوردستان!؟

برایم فەڕشی
باس لە شەڕی ئەمەریکا-ئیسرائیل و ئێران بۆتە هەواڵی سەرەکی مێدیا و
ناوەندەکانی سیاسی جیهان، چەند ڕۆژە ناوی کوردستان تێکەڵ شەڕەکە کراوە.
بۆچوونی سیاسی، حزب، دەوڵەت و پارلەمان لە ئورووپا یەکتر ناگرنەوە.
بەشێک گرێدراو لە تەک سیاسەتی ئامریکا و ئیسرائیل ئەم هێرشانە بە
بەرحەق دەزانن. چەپی ئورووپا، ئەم هێرشانە ئیدانە دەکەن و بە شەڕی
ئەمپڕیالیستی دەزانن و بۆ ئەوەش ئاماژە بە شیلی و وێتنام و کودتا دژی
موسەدیق، شەڕی عێراق، لیبی و ئەفغانستان دەکەن!
فەیلەسووفان بۆ ناقانوونی بوونی ئەم هێرشانە، پشت بە پەسەندکراوەکانی
ئوئێن و قانوونی بنەڕەتی وڵاتان و مافی خەڵکان و سەروەری سیاسی، ئەخلاق
و پڕێنسیپ دەبەستن و پێشێلکردنی هەر کام لەو لایەنانە نادروست دەبینن و
جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە هێرشی ئامریکا و ئیسرائیل بۆ ڕزگارکردنی
خەڵک نییە کە ٤٧ ساڵە لێی بێدەنگن. بە وتەی ئەوان دەوڵەتان مامەڵاتی
بازرگانی لە گەڵ ئێران بەلایەنەوە گرنگتر لە مافی مرۆڤ و ئازادییە و
ئەوان ئیشارە بەوە دەکەن کە لەو دوو ڕۆژەی دەیان هەزار کەس کوژران،
بۆچی هیچ کردەوەیەک بۆ پێشگیریی لەم کۆمەڵکوژییە لە لایەن ئامریکا و
ئیسرائیل و ئورووپا و ئوئێنەوە نەبیندرا؟
ڕیشارد داوید پرێشت دەبێژێ حکوومەتی ئامریکا دەوڵەتی موسەدقی ڕووخاند
و دوای ڕووخانی حکوومەتی شا بۆ ئەوەی لایەنگرانی موسەدق نەیەنە سەر کار
حکوومەتی ئیسلامیان بە سەر خەڵکدا داسەپاند و ئێستاش مەبەستی ئامریکا
ڕزگاریی خەڵکی ئێران نییە و مەبەستی ئابووریی، سیاسی، ژئۆپۆلیتیک و
کێبەرکێی ناوچەیی لە گەڵ هێزەکانی تر وەک چین بۆ ئەوان گرنگترە.
فەیلەسووف ریشارد داوید پڕێشت وڵامی بۆ ئەو پرسیارە نییە کە کۆتایی شەڕ
و ڕژیم چۆن دەبێ؟ ئەو دەبێژێ کە ئامریکا و ئورووپا و ئیسرائیل باس لە
کۆتایی ڕژیم دەکەن، بەڵام ئەوان هیچ پلان و بەرنامەیەکیان بۆ دوای ڕژیم
نییە، پڕێشت دەڵێ نازانم چی دەبێت و چی دێتە پێش.
سەرانی ئورووپا سیاسەتی ڕوون لە خۆیان نیشان نادەن. سپانیا پشت بە
پڕێنسیپەکانی ئوئێن دەبەستێ، سێ وڵاتی ئاڵمان و بریتانیا و فەڕانسە خۆ
لە پشت ئامریکا و ئیسرائیل دەبیننەوە و لە هەمانکات وەزیری دەرەوەی
ئاڵمان دەبێژێ ئێمە بە هیچ چەشنێک بەشداری شەڕ نابین، رەییسەکەی
سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان، لە دیدار لە گەڵ تڕامپ پشتیوانی لەو شەڕە دەکات
بۆ گەیشتن بە ئازادی خەڵکی ئێران، ئەوە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی ئاڵمان
بە درێژایی ٤٧ ساڵ پشتیوانی سیاسی ئابووریی سەنعەتی و نیزامی ئێران
بووە و بە هەموو چەشنێک نزیکترین شەریکی سیاسی و ئابووریی و سەنعەتی
ڕژمی مەلاکان بووە و لە ڕێگای بانکی ئورووپا-ئێران لە هامبورگ و سێسەد
شیرکەتی ئاڵمانی لە وڵاتانی خەلیج ئاسانکاریان بۆ بازدان بە سەر
گەمارۆکانی ئامریکا و ئورووپا کردووە و هاوکات وەزیری دەرەوەی ئاڵمان،
ئەمڕۆژانە لە ئیسرائیل بووە و پشتیوانی حکوومەتی ئاالمانی لە ئیسرائیل
ڕاگەیاند و مێرتس سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان دوێنێ دەبێژێ، پرسیاری بێ وڵام
لە سەر ئەو شەڕە زۆرە، ئەوەش لە کاتێکدا بە هۆی داخرانی ڕێگای هورموز
بۆ پاپۆڕەکان، نڕخی بێنزین و شتومەک ڕۆژانە لە ئورووپا هەڵدەکشێ. لە
لایەکیتر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە دەرکردنی بەیاننامە، هیچ
کاریگەرییەکی نەماوە.
ئەوانەی تا ئێستا وەدەنگ هاتوون و ژمارەیان لە چەند تاکە کەس تێناپەڕێ،
بۆچوونی کلاسێک لە چوارچێوەی تێگەیشتنی سەردەمی ڕۆشەنگەریی دەنوێنن کە
لە پەسەندکراوەکانی ئوئێن و قانوونی وڵاتاندا بە شێوەی گشتی هاتووە.
گۆڕانکارییەکانی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو پاش یازدەی سپتامبری ٢٠٠١ و
هێرش بۆ ئەفغانستان و عێراق و لیبی و شەڕی یۆگسلاوی و شەڕی ئۆکراین،
تێگەیشتنی کلاسێکی ژێرپێ خستووە و دامودەزگای جیهانی وەک ئوئێن و
ئەوانیتری تووشی قەیران و بێکەڵکی هاتوون و وڵاتان بە پێی مەیل و
بەرژەوەندی خۆیان دەجولێنەوە و جوڵاونەتەوە و پابەندی بە پرێنسیپب و
پەسەندکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیتر ،،مانای،، نەماوە.
سۆلوایگ ریشتر لێکۆڵەری بواری ئاشتی دەبێژێ : ''تێگەیشتن لە مافی خەڵک
تێکدراوە'' ئەم تێکدانە نەک لە بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو، بەڵکە لە
سەرەتای سەدەی بیستەوە لە بازنەی دەوڵەتان و سیاستپیشە و نیزامی و
ڕۆشەنبیران، لە ئارادا بووە بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و خەڵک و
نەتەوەکان بۆ وێنە مافی نەتەوەیی کورد وەک یەک نەتەوە لە لایەن
دەوڵەتانی ناوچە و زلهێزەکان بریتانیا، فەڕانسە، رووسیە، ئامریکا و
ئەوانیتر تا ئێستا پێشێل کراوە.
لە بازنەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ماف گرێدراوی بەرژەوەندیی
لایەنەکانی دەستڕۆیشتووە لە ناو ئەو ڕێکخراوەیە ماوەتەوە. هەر بۆیە
مافی نەتەوەی بێ دەوڵەتی کورد، کە ڕیفراندۆمی ٩٨٪ نەودوهەشت لە سەدی،
خەڵکی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە پشت بوو، هیچ بایخێکی پێنەدرا.
نوام چامسکی فەیلسووفی ئەمەریکایی بەردەوام سیاسەتی ئامریکای لە
بەرانبەر ئێران ڕەخنە گرتووە و تا ئەو شوێنە چوو کە بکەوێتە سەنگەری
ئێران و چاو لە هەموو جنایەتەکانی ئەو ڕژیمە ببستێ. ئەو لە هەمانکات
پشتیوانی لە باکووری کوردستان دەکرد و بەردەوام ڕەخنەی لە حکوومەتی
تورکیا دەگرت و بە شێوەی بەرچاو لایەنگریی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو
سیستەمە بوو، کە لەوێ دامەزراوە. ئەو لە هەمان کات دژی چالاکی نیزامی
پارتی کرێکاران بوو. ئەو باسی لە کوردی ڕۆژهەڵات کردووە کە بە تووندی
دەچەوسێندرێنەوە و جەختی لە سەر ئەوە کردۆتەوە کە کورد "دەبێ لە ناو
خۆیاندا یەکگرتوو بن،،. چامسکی لە پاڵ ئێرانی دژی ئەمپریالیست خۆی
دیتۆتەوە و باس لە ئاتۆنۆمی بۆ کورد دەکات و تێگەیشتنی ئەو چەپانە
دەنوێنێ کە خۆیان لایەنگری مافی کورد لە قەڵەم دەدا و شەڕی نیزامیان لە
گەڵ ڕژیم دەکرد و لە ورچەرخانێکی بەپەلەدا کەوتنەوە پشتگیریی لە
''ئێرانی دژی ئەمپرایالیست'' و لە درێژەدا سەریان بە دەستی هەمان ڕژیم
تێدا چوو! ئەمڕۆش چەپی ئێران لە گێژاوێکی سیاسییدا خۆیان دەبیننەوە و
بەشێکیان پێیانوایە ڕۆژیان لە تەک کوڕی ئەو کابرایە هەڵدێ، کە دەیان
ساڵ لە دژی وەستان و بەشداری ڕووخانی ڕژیمەکەی بوون. گویدۆ شتاینبێرگ
وەک زۆر سیاسی و فەیلەسووف دەبێژێ: ''باوەڕ ناکەم هێرشی هەوایی
دێموکراسی بۆ ئێران بهێنێ…''.
گرفتی ئەم خێڵە هەمە لایەنە کە خۆیان لە چەند مەتەرێزدا دەبیننەوە،
نەزانی نییە. ئەوان خاوەنی تئۆری و ئیدئۆلۆژی و زانین هەن، ئەوەی
نییانە پایبەندنەبوون بە بایخ و کەسایەتی سەربەخۆی خۆیان و خاوەنی
دۆپل مۆڕاڵ بوونە! ئەو تیپانە، سیاسی، زانستپیشە، فەیلەسووف و کەسانی
باڵای کۆموڵگا خۆ لە ڕاستییەکان دەدزنەوە و بە پێی بەرژەوەندیی و
پارێزگاریی لە پۆست و مەقامی خۆیان دەجولێنەوە. ئەو کەسانە بەردەوام
جێگەیان لە ناو مێدیادا دیارە و کەسایەتی ڕاستەقینەیان ناکەوێتە بەرچاو
و بە باشترین شێوە مێدیا بەکار دەهێنن.
سیاسی ناو دەوڵەتان و پارلەمان و دامودەزگا و ڕۆشەنبیران و نووسەر و
فەیلەسووفی لەو چەشنە جیهانی ئێمەیان پێکهێناوە و پۆزۆسئۆن و
بەرژەوەندی خۆیان و دەستە و گرووپیان بایخی زۆرترە، هەتا پایبەندی
بەو تئۆریانەی فێری بوون. بەشێک لەوان بە هەموو شێوەیەک بە باشی خۆیان
لە گەڵ ڕژیمەکانی دیکتاتۆر ڕێکدەخەن.
یورگن هامبەرماس باس لە دێموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات، تێگەیشتنی سەرەکی
ئەو خۆی لە ئینتگراسیۆنی خەڵکانی ئورووپا و ناسنامەی ئورووپی و
جیهانیدا دەبینێتەوە. ئەو لەمەڕ شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران ئیسرائیل
ئامریکا و شەڕی ئێستا هیچی نەگوتووە و لە مەڕ کارەساتەکەی ٧ی ئوکتۆبەری
ساڵی ٢٠٢٣ پشتگیریی لە ئیسرائیل بە دژی هێرشەکانی ئێران کرد و مافی
خۆپاراستنی ئیسرائیلی بە هەموو شێوەیەک لە حاند ئێران و حەماس هێنایە
زمان . هامبەرماس هەرچەند ئاشنا بە مەسەلەی کورد بووە و دۆستی کوردی لە
زانستگای هایدلبێرگ هەبووە، بە نووسین و بە گوتن باسی لە کوردی
نەکردووە.
ماتیاس کونتسل پۆلیتۆلۆگ و مێژوونووس کە پێشتر کتێبی لە سەر نازیسم و
جوو، نازیسم و ئیسلام، ئاڵمان و پێوەندی ئێران نووسیوە و بە لێکۆڵینەوە
لە سەر ئیدئۆلۆژی ڕژیمی ئێران، بەو ئاکامە گەیشتووە کە کاکڵی ئەو
ئیدئۆلۆژییە لە خۆیدا دژی یەهوود و ئیسرائیلە و وەک مەترسی بۆ
لەناوبردنی ئیسرائیل لێکیدەداتەوە. لەو گۆشە نیگایەوە بە تووندی ڕەخنە
لە حکوومەتی ئاڵمان دەگرێ کە سەرە ڕای ئەم ڕاستییە، شەریکی نزیکی
تیجاریی و ئابووریی ڕژیمی ئێران بووە و هەیە. پێشتر نووسەری ئەم دێڕانە
لە چەند بابەتدا بە بەرفراوانی باسی ئەم شەریکایەتییەی کردووە کە
مێژووی درێژتر لە ڕژیمی ئیسلامی هەیە و ئاڵمان زیاتر لە سەد و بیست
ساڵە ئیسلامی بۆ مەبەستی سیاسی خۆی بەکارهێناوە و لە سەردەمی هیتلێر
بەڵێن بە موفتی موسڵمانان درا ،کە جووی باڵکان سەرجەم قڕ بکەن.
شەڕەکە بەشێکی کەوتۆتە ناو ماڵی کوردی بێ وڵات، کە هیچ نوێنەرێکی لە
دامودەزگای ناونەتەوەیی نییە و لایەنی سەربەخۆی سیاسی، ئیجاریی
دەوڵەتان نییە و بە وتەی چامسکی " یەکگرتوو نییە،،. کورد لەم جیهانە
ئاڵۆزەدا کە تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێکی جیددی نەبووە، دەبێ چی بکا و
چۆن بە مافی خۆی بگات، بە تایبەت کاتێک ئاوڕ لە هاوپەیمانییەکانی خۆی
لە ناوچە و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەداتەوە؟
هەر بەشێکی کوردستان بە خەڵکەکەیەوە، کراوەتە بارمەتەی ناو دەستی
دەوڵەتانی تورک و فارس و عەڕەب کە دژی کورد هاودەست و هاوپەیمانن. کورد
جیا لە یەکگرتوو نەبوون، هێشتا خاوەنی ئەو بەرنامە و ستراتێژییە نییە
کە خۆی وەک یەک نەتەوە و یەک خاک و یەک جوغرافیا نیشان بدات.
دیاڵۆگی کورد لە ناوخۆی و دەرەوەی خۆی بەرتەسک ماوەتەوە. لە کاتی
کارەساتەکان هەر ناوچە لە لایەنی سیاسی و دیپلۆماسی بە تەنیا
دەمێنێتەوە. کورد لە جیهانی ناوخۆی و جیهانی دەرەوە، یەک نەتەوە
نانوێنێ و وەک چوارپارچەی ئاڵۆز دەکەوێتە بەرچاو و سیمای یەک نەتەوە لە
خۆی نیشان نادات و جیهانی ناو سیاسەت و دیپلۆماسی و تیجاڕەیی حیسابی بۆ
ناکات، مەگەر بۆ کاتە گونجاوەکان کە سوودی خۆیانی تێدا بێ.
ئاڵۆزییەکانی کورد لە خۆیەوە دەستپێدەکات، کاتێک خۆی وەک یەک نەتەوە،
یەک خاک، یەک سیما نانوێنێ! شەڕی ئێران و داهاتووی ئەو وڵاتە دەستکردە،
بۆ کورد وەک پرسیار دەمێنێتەوە و لەوە ناچێ خەونی دێموکراسییەکردنی
ئێرانی یەک پارچە بێتە دی. دواڕۆژی ئێران بە تایبەت ئێستا کە بێ پلانی
لە هەموو لایەنێکەوە زاڵە و ستراتێژی ڕوونی شەڕ لە گۆڕێدا نییە، ئەم
پرسیارە جیددیتر دەکاتەوە، کە کورد دەبێ چی بکات؟ ئایا بێدەنگی و
چاوەڕوانی و ناڕوونی بەرنامە و ستراتێژی، کورد بەرەو کوێ دەبات؟!
__________________________________________________
●
سەرچاوەی قسەی کەسانی ناو ئەم نووسراوەیە، مێدیای ئاڵمان، ئینترنێت،
یۆتووب، کتێب ئەو کەسانە.
١٣\٣\٢٠٢٤
ماڵپەڕی
برایم فەڕشی
|