په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٧\٢٠٢٥

شەڕی ئێستای ئیسڕائیل و ئێران دەسپێکی شەڕ نییە بەڵکو درێژەپێدانی شەڕە!
- چەند سەرنجێک و ڕاستکردنەوەی چەند شیکردنەوەیەکی باو بەڵام، بە بڕوای من، نادروست لەسەر ئەو شەڕە! -


شوان عەزیز       

 


یەکەم: تا ئێستاشی لە گەڵدا بێت، من پێم وایە، تەواوی ئەو شەڕانەی وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و باکووری ئەفریقاو ناوچەکە بە گشتی شەڕی پڕۆکسی و بە وەکالەت بووە. لەو نێوەدا تەنانەت زووربەی بزووتنەوەو پارتی سیاسیی و هێزی چەکداری ناوچەکەو سەر بە گەلانی دابەشکراوو ماف پێشێلکرایش بە دینی و نەتەوەییشەوە دەگرێتەوە. من پێم وایە، ڕوسیا شەڕ بۆخۆی دەکاو لە پێناو خۆیدا دەیکات لە گەڵ ئوکڕانیا. بەڵام ئۆکڕانیا بریتیە لە پێشەوەی بەرەی شەڕی ناتۆ لە گەڵ ڕووسیا. ئامانجە گەورەکە ڕوسیایە کە دیارە ئێستا چینیشی هاتۆتە پاڵ. دەوڵەت و سیستەمەکانی تر جا با خاوەنی کەمێک لە چەکی ئەتۆمیش بن، بۆ نموونە کۆریای باکوور، دەکەونە دەرەوەی مەبەستی ڕاستەوخۆوە.


دووەم: شەڕ ئەمڕۆ دەستی پێنەکردووە بەڵک و درێژەی پێدەدرێت و فراوانتر دەکرێت. ئەو شەڕەی ئێستای نێوان ئیسرایل و ئێران دەچێتە ناو چوارچێوەی شەڕی بە وەکالەت و پڕۆکسیەوە. شەڕەکە بەم شێوەیە دەستی پێکردووەو پلانی بۆ داڕێژراوە کە من پێم وایە مێژووی ناوچەکە لە شەڕو پێکداداندا پشتڕاستی ئەو شیکردنەوەیەی من دەکاتەوە کە بەم شێوەیە بە زینجیرەو یەک لە دوای یەک دەستی پێکردوەو پلانی بۆ داڕێژراوە:
١- بە بڕوای من، ئەو شەڕە سەرەتا لە پەیماننامەی١١ی ئازاری ١٩٧٥ ی نێوان شای ئێران و هەواری بۆمیدیانی جەزائیرو سەدام دەستی پێکردووە. پلانەکە نەمانی شۆڕشی ئەلیلولی بە دوا خۆیدا هێناو سەدامی بۆ هەمیشە خستە تەڵەوە. دیارە لە پشتی ئەو پەیماننامە هەمان ئەو سیستەمە هەبووە کە ئێستا سەرپەرشی جیبەجێکردنی تەواوی پلانەکە دەکات. جا جار هەیە بە ئاشکراو جاریش هەیە بە نهێنی و جارهەیە بۆ خۆی ڕاستەوخۆو جاریش هەیە لە ڕێگەی پڕۆکسی و وەکیلەکانیەوە بەشداری دەکا!
٢- شەڕ دەستی پیکردووەو بەردەوام بووە لە ڕێگەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و ئێڕاق و درێژەی هەبووە بە شەڕی کەنداوی یەکەم و شەڕی کەنداوی دووەم و تا گەییشتن بە لە ناوبردنی سیستەم و دەسەڵاتەکەی سەدام بە تەواوی.
٣-شەڕ درێژەی هەبووە تا گەییشت بە خوڵقاندنی ئەو تێکەو لێکەو بێسەرەو بەرەییەی کە ناویان لێنا بەهاری عەڕەبی. کە من پێم وایە، بەهاری عەڕەبی بەهار نەبوو بۆ خەڵکی عەڕەب بەڵکو لە زستانی هەرێ سەختیش بەستەڵەکاوی تر بوو! لە بەهاری عەڕەبیدا زووربەی پڕۆکسی و وەکیلە هەرێ سەرەکیەکان کە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە سەر بەرەی ڕووسیا دەبینران لە ناوبران و لە شوێنیان سیستەمێکی تێکەڵ لەئەم ولەئەو، لە ئاخوند و لە بەناو عیلمانی، دەسەڵاتێکی دابەشبوو، بێ ناوەندیی و بێهێزیان دامەزراند! لە هەندێک شوێنانیش دیکتاتۆریەتی داعشییان بەسەر خەڵکیدا بەزۆرە ملێ سەپاند. بۆ نموونە تاڵیبان لە ئەفغانستان و ئەحمەد شەرعیەکان لە سوریا، شوێنیش هەیە سیستەمی تێکەڵ لە ئاخوندیی و نەتەوەیی و ڕەگەزییان دامەزراند. بە گشتی تەواوی ئەو سیستەمانەی کە شوێنی دەوڵەت و سیستەمەکانی پێش بەهاری عەڕەبیان گرتەوە سیستەم و دەسەڵاتی بێهێزن، بێ ئیرادەن، درووستکراون و هێنرانە سەر کورسی.
٤- شەڕ بەردەوام بووەو پشووی نەداوە، دەسەڵاتە بنەماڵەییەکەی ئەسەد لە سوریا کە زستانی عەڕەبی ئەویشی گرتەوەو بەڵام توانی خۆی بگرێت تا وای لێهات لە سەر لێواری ڕوخان و مەرگ نزیکیان کردەوە، بەڵام چونکە تاقە سیستەم و دەسەڵات بوو کە مابوو لە ناوچەکەداو لە سەر بەرەی ڕوسیا خۆی حساب دەکردو لە سەر لێواری مەرگ و ڕوخانیش بوو، ڕوسیا فریای کەوتو لە ڕێگەی ئێرانەوەو لە دواییشدا ڕاستەوخۆ ڕوسیا بۆ خۆشی هاتە ناو مەیدانەکەوەو بەرەنگاریی لە دەسەڵاتەکەی ئەسەد کرد. بەڵام پلان داڕێژەرانی شەڕە گەورەکە زۆر لەوە بەهێزتر بوون کە ڕوسیا بتوانێت بۆ هەتا سەر پارێزگاری لە دەسەڵاتی ئەسەد بکات. بۆیە لە کۆتاییدا دەستبەرداری بوو ئینجا شەڕعیەکان هاتنە سەر دەسەڵات کە ئەمەی دواییان ویست و خواستی بەرنامە داڕێژەرانی شەڕەکەن و هەر ئەوانیش ‌هێنایانن. شەڕەکە درێژەی هەیەو درێژەشی پێدەدەن تا دەگەنە ئامانجی کۆتاییان!
٥- شەڕەکە درێژەی هەبووەو نەوەستاوە. ئێران وەک پڕۆکسییەکی بەرەی ڕوسیا دەستی بە جموجۆڵی ڕاستەوخۆ کردو هێڵ و ناوچەی هیلالی شیعە مەزەبی خۆی لەو ناوچەیەدا دامەزراندو تا ڕادەیەک خۆی لەو ناوچەیەدا کونفەیکون بوو.
٦- ئێران ڕاستەوخۆ هەر کە خومەینی هاتە سەر حوکم، دیارە بە هاوکاری ناتۆ، دەستی بە دامەزراندنی هیلالی شیعە کردو لوبنان یەکەم شوێن بوو کە بنکەی ئێرانی لە ژێر ناوی حیزب اللەی لبنانی تێدا دامەزراند. لە فەلەستین لە ڕێگەی حەماسەوە هاتە ناوەوەو لە یەمەنیش لە ڕێگەی حوسیەکانەوە خۆی قایم کردو لە ئێراقیش لە رێگەی شیعەکانەوەو تا ڕادەیەک بەشێک لە کوردەکانیش دەستی بە سەر تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتدا گرت. کەواتە ئێران خۆی کردە کوێخاو موختاری تەواوی ناوچەکە بۆ نمونە سوریا، ئێراق کوردوستان، یەمەن و فەلەستین و لوبنانیش. ئەم هەموو جم و جۆڵەی ئێران بە بڕوای من ناتۆ بە سەرپەرشتی ئەمریکا لێی بێئاگا نەبوەو تا ڕادەیەک هاوکارییشیان کردوە بۆ ئەوەی ناتۆ بتوانێت پلانە گەورەکە جێبەجێ بکات. بۆ نموونە وەک چۆن ئێران هاوکاری حەماسی کردووە لە فەلەستین ،(ئیسڕائیل)یش زیاتر هاوکاری کردوون لە دژی بەرەی فەتح. شەڕەکە بەردەوامەو درێژەی هەبووە.
٧- شەڕەکە درێژەی پێدراوە. بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە حەماس نەیدەتوانی ئەو هێرشەی حەوتی ئۆکتۆبەر لە دژی ئیسڕائیل ئەنجام بدات ئەگەر بهاتایە سوپای ئیسڕائیل و دەزگا ئیستیخباڕاتیی و ئەمنیەکانی ئیسڕائیل تا ڕادەیەک ئەو کارەی حەماسیان بە کەیفێ نەبایە. هێرشەکەی حەماس ڕێگای خۆش کرد بۆ درێژە پێدانی شەڕەکەو لەناوبردنی حوسی و حیزب و اللەی لوبنانی و حەماس. شەڕەکە بووە هۆی وێران کردنی تەواوی ژێرخان و سەرخانی کەرتی غەزەو یەمەن. شەڕەکە بووە هۆی لە ناوبردنی حوسیەکان بە تەواوی یان بێهێزکردنیان، لە ناوبردنی حەماس یان بە تەواوی بێهێزکردنیان و هەروەها لە لوبنانیش ئیتر حیزب اللە ناتوانێت ئەو حیزب اللەی جاران بێت و هەڕەشە بکات لە ئیسڕائیل.
شەڕەکە بەردەوام بووەو درێژەی هەبووە. بابەتی ئێران هاتە گۆڕێ و بە توندی قسەی لەسەر کرا. ناتۆ بە سەپەرشتی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک نایەوێت ئێران دەستی بگا بە چەکی ئەتۆمی. بە بڕوای من ئەمەیان تەنها بەهانەیەو زین و مەم دەکەنە بەهانە. شەڕەکە وەک بەرنامەی بۆ دانراوە دەبێ درێژەی هەبێ تا دەگاتە ئامانجی کۆتایی پلان دانەران.
٨- ئێستا شەڕەکە بەردەوامەو ئێرانی گرتەوە. من هەر لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی غەزەدا نوسینێکم بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیبووم کە ئەم شەڕە درێژەی دەبێ و ئامانج شتێکی گەورەترەو دەبێ بە تەواوی دەست و پێ و کلک و گوێی ئێران ببڕن و هیلالی شیعە نەهێڵن و ئێران بێ دەست و پا بکەن لە ناوچەکەداو گەلانی ناوچەکەش بە تەواوی برسی بکەن ئینجا هێرش بۆ سەر ئێران دەست پێدەکات. وا بۆچوونەکەم هاتۆتە دی و ئێستا شەڕ بەردەوامەو گەییشتۆتە ئێران و بەردەوامیش دەبێ و فراوانتریش دەبێ تا ئامانجی کۆتایی. ئەم شەڕە درێژەی دەبێ تاکو ئەو سیستەمەی کە لە پشتی دەستپێکردنی ئەو شەڕەوەیە، کە سیستەمی سەرمایەداری جیهانیە بە سەرپەرشتی ئەمریکا دەگا بە ئامانجی کۆتایی خۆی یاخود شەڕەکە سەری خاوەنەکەی دەخوات. جا من پێم وایە ئەو سیستەمە سەرمایەداریە جیهانیە هێندە دژە ئینسانیەو هێندە بێبەزەییە کە ئەگەر بزانێت خۆی تێدا دەچێت و دەرەقەتی نایەت و ڕیسەکەی لێدەبێتەوە بە خوری، ئەوە سێو دووی لێناکات کە دنیا دەکاتە خەرابەیەک و بایە قوش تێیدا دەخوێنێت. هیوادارم ئەمەی دواییان ڕوونەدات!


سێیەم: لەملاو لەولا دەبیسرێت کە ئەمریکا و ئیسڕائیل دەرەقەت نایەن و خەریکن لەناوبچن و لە ڕووی داراییەوە ئەو شەڕە هێناونیە سەرچۆک. من پێم وایە ئەم بۆچوون و تێڕوانینە هەڵەیەو باش نەخوێندنەوەی سیستەمی سەرمایەداریەو تێنەگەییشتن لە مێژووەکەیەتی. بە بڕوای من ئەو سیستەمە سەرمایەداریە جیهانیە بە سەرپەرشتی ئەمریکاو ناتۆ ئەو ڕۆژەی پلانی بۆ شەڕەکە داناوە هەر لە سەرەتاوە زانیویتی کە چەند تڕلیۆن دۆلار دەبێ سەرف بکات تا دەگاتە ئامانجی کۆتایی. بە بڕوای من سیستەمی سەرمایە هێندە گوێ ناداتە ئەوەی سەدان ملیار دۆلار سەرف بکات بۆ لە ناوبردنی کەیانێکی بچکۆلەی سیستەمێکی خەڵکیی و کۆمۆنیزمیی بەڵام گوێ دەداتە بوونی ئەو سیستەمە خەڵکیی و کۆمۆنیزمیە جا با زۆر بچکۆلەش بێت. ئەمریکا نایەوێت ئەم سیستەمە خەڵکییە لە سەر گۆی زەوی بوونی هەبێ. دەیەوێت داعشیەکان و شەڕعیەکان و بۆکۆ حەڕامیەکان و تاڵیبانەکان و چەندین گرووپی دژە ئینسانی تر هەبن بەڵام نایەوێت لە هیچ شوێنێک خەڵکیەکان و کۆمۆنیزمیەکان بوونیان هەبێ! شەڕ شەڕی سەرمایەیەو بەردەوام دەبێ تا ئەو کاتەی بە تەواوی سەرمایەو سیستەمەکەی تەواوی گۆی زەوی داگیر دەکا. نابێ لە سەر گۆی زەویەکەمان شوێنێک بمێنێت کە لە گەڵ سیستەمی سەرمایە هاوڕاو تەبا نەبێ!


چوارەم: هەڵەو کورت بینی و شیکردنەوەیەکی نادروستە تەنها بەرەی ناتۆ ببینرێت کە چەندە پوڵ و پارە بۆ شەڕ خەرج دەکات. بەڵام سیستەمی ئاخوندەکانی ئێران نەبینن کە چەند خەرج دەکەن بۆ تیرۆرو هیلالی شیعەو ناردنە دەرەوەی شۆڕش و سەرکوتی ناوخۆیی و قەتڵ و عامی ژنان و ئازادی خوازانی ئێران. بە بڕوای من، ئەوەی کە ئاخوندەکان نابینن ئەوەیە چونکە هەمووی لە سەر حیسابی خەڵکەو هیچ خۆشگوزەرانییەکیان بۆ خەڵکی ئێران نەهێشتۆتەوەو لە سەر حیسابی گۆشت و خوێن و ئێسقانی خەڵکی ئێرانە کە سیستەمی ئاخودنەکان درێژە بەشەرو مانەوەی خۆیان دەدەن.


پێنجەم: پێویستە هەمیشە ناوەڕۆک و مانای گۆرانیەکەی کاوێز ئاغامان لە یاد بێت کە لە سەر شەڕی بەردە قارەمان گوتوویەتی کە شەڕەکە لە نێوانی کوردەکان بە سەرکردایەتی شێخ مەحمودو ئینگلیزەکاندا بووە. کوردەکان تەنها ساچمەزەن و تاپڕو ماوزەڕو شادمان و قۆچەقانی و شتی لەو بابەتەیان هەبوەو شەڕیان پێکردووەو ئینگلیزەکانیش لە ئاسمانەوە بە چەکی پێشکەوتوو شەڕیان کردووەو لە ئەنجامدا جەنابی شێخیان بە زیندوویی پەلبەستوو کردوەو بەرەو هیندوستانیان بردووەو چەکدارەکانی تریش هەر یەکەی بۆ کونێک و شوێنێک تێی تەقاندووە. ئێستای ناتۆ بە سەرپەرشتی ئەمریکاو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی هەمان سەردەمی کاوێز ئاغاو شێخ مەحمودە. بە تفەنگی شادمانێ شەڕ ناکرێ لەگەڵ ئاسمانێ. شەڕی ئیسڕائیل لە گەڵ حەماس، لە گەڵ حیزب اللە ، لە گەڵ حوسیەکان ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێت و لە گەڵ ئێرانیش هەر لەم دواییانەدا سەلماندی ئێران دەستەوستانە لە بەرامبەر چەکی پێشکەوتووی ئیسڕائیلدا. ئیتر هەراو زەنای دەزگا ڕاگەیاندنەکانی جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی پوولێک ناکات.


شەشەم: دەبێ و پێویستە هەموومان ئەو ڕاستیە بزانین کە جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی بە گشتی و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە لایەن ناتۆوە بە سەرپەرشتی ئەمریکا لە ژێرچاودێریدایەو ناتۆ بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی نایانەوێت ئەو ناوچەیە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان و و سیستەمی سەرمایەی جیهانی دەرچێت. بۆ ئەو مەبەستە ناتۆ بە سەرپەرشتی ئەمریکا پەنا بۆ چەندشتێک دەبا لەوانە:
١-ڕێگە نەدان بە بوونی دەوڵەتی بەهێز لە ناوچەکەدا.
٢- درووست کردنی دەوڵۆتەکەی بچوک بچوک کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ناتۆ بە گشی و یان لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادا بێت بە تایبەتی.
٣- درووست کردنی کێشەی ڕەگەزیی، نەتەوەیی و خاک، دینی و مەزهەبی و شتی تر لە ناوچەکەو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی.
٤- هێشتنەوەی کێشەی فەلەستینیەکان و کوردەکان بەوشێوەیەی ئێستای. بۆی هەیە کەمێک شتیان بۆ بکەن بە نموونە دەوڵەتی بچووک بچوکی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان بەڵام هەرگیز کوردوستانی گەرەو دەوڵەتی فەلستینی نەتەوەیی یان دینی ریگا نادەن!
٥- ژیاندنەوەو گرنگی دان بە گرووپی دینی تیرۆریستی و ڕێگە گرتن لە بزووتنەوەو پارتی سیاسی خەڵکیی و کۆمۆنیستی و چەپ و لیبڕال کە خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک دابین بکەن.
٦-ڕێگە دان بە سیستەمی دیکتارۆیی لە وێنەی سەدام و ئەسەدو ڕیگەگرتن لە سیستەمی درووستکراو بە دەستی خەڵک.
٧- هەرگیز ڕێگە نادرێت دەوڵەتی سەبەخۆی فەلەستینی وەک کە فەلەستینیەکان داوای دەکەن و خوێنی بۆ دەڕێژن درووست ببێت لە تەنیشتی دەوڵەتێکی عیبڕی کە پێشەوەی بەرەی ناتۆ و ئەمریکایە لە ناوچەکەداو بەرامبەر جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی!

حەوتەم: شەڕ بەردەوامەو درێژەی هەیە.. ئیستا تەواوی ناوچەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلان و خەڵکی ناوچەکەو دنیای عەڕەبی و ئیسلامی شەڕ وێرانی کردوە، ماندووی کردووە، وای لێکردوە ئاوات بە دەسەڵاتی شەیتان دەخوازن . خەڵکی ناوچەکەو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی جێگێریی سیساسیی و ئیداریان دەوێت، بە دوای لوقمەیک نانەوەن کە هەبێ بیخۆن. سیستەمی سەرمایەش ئەمەی دەوێ و ئێستا بەو ئامانجەی گەییشتووە.. شەڕ بەردەوامەو کۆتایی نایەت تا سیستەمی سەرمایە دەگاتە ئامانجی کۆتایی خۆی. تەنها خەڵک و بەرەی چەپ و و سێکیولارو کۆمۆنیزم دەتوانێت کۆتای بەشەڕ بهێنێت بەڵام ڕێکخراوبوونی ئەو بەرەیە هێندە گرنگە وەک چۆن کە ئۆکسجین و هەناسەبۆ ژیان پێویستە. ئەم ڕێکخراوبوونە بە داخەوە لە ئیستادا نیەو هیچ چاوەڕوانیش ناکرێت وا بە زوویی پێک بێت!


هەشتەم: گلەییەک و ڕەخنەیەکی من لە بەرەی چەپ و کۆمۆنیست و تەواوی لێبڕالەکانی نێو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی بریتیە لە:


من وای دەبینم و پێم وایە لە تەواوی بە ناو شۆڕش و بزووتنەوە چەکداریی و ڕاپەڕین و ئیعتیڕازاتی جەماوەریشدا لە هەر وەڵاتێکی نێو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامییدا بەرەی چەپ و کۆمۆنیست و لیبڕاڵ و سێکیولار پشکی شێریان بەردەکەوێت. بە بڕوای من ئەوە ئەوانن کە خەڵک دەهێننە سەرجادەو ئەوە ئەوانن دەبنە سووتەمەنی و دەسەڵاتەکان دەڕوخێن بەڵام خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە ئەوان لە ڕێگەی خەڵکەوە سیستەمەکان دەڕوخێن و دەسەڵاتەکان لادەبەن بەڵام خۆیان نایەنە سەرکارو دەستبەتاڵ و مایەپووچ دەمێننەوەو لە کۆتاییدا هیچ بەدەست ناهێنن. چونکە لە پشتی ئەوانەوە هێزی ڕێکخراوو ئامادە باش بوونی هەیە. بە بڕوای من خاڵی لاوازی بەرەی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە جیهانی عەڕەبی و ئیسلامیدا ئەوەیە کە ڕێکخراونین بەڵام بە ژمارە زۆرایەتی پێک دەهێنن. زۆرایەتی پێی خۆشە وەک چەپ و کۆمۆنیستێک بڕوای هەبێ و خۆی نیشاندات بەڵام کە دێتە سەر ڕێکخراوبوون لەدەرەوەی بابەتەکەدا دەردەکەون. بۆ نموونە شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕاپەڕینەکانی ئێرا ق و کوردوستان و چەندین شوێن و کاتی تر. کە بەرەی چەپ و کۆمۆنیستەکان و لیبڕاڵەکان دەبنە داینەمۆی ڕاستەوخۆی ڕاپەڕینی خەڵک، بەڵام لە بەرهەمەکەی بەشدار نین و مایە پووچ دەمیننەوە. ئەمەش کەمایەسیەکی گەورەو دیارە لە نێو بەرەی چەپ و کۆمۆنیزمدا.. من هیوادارم خۆیان ڕێکخراو بکەن!

 

ماڵپه‌ڕی شوان عەزیز

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک