په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠٢٠

شەڕی پارتییە کوردستانییەکان دڵی دوژمنان خۆشدەکا.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   

نا بۆ شەر، بەڵی بۆ دانوستان و لەیەکتێگەیشتن.


ئەگەر ھەلوێستەیەک بکەین و ئاورێک بۆ دوواوە بدەێنەوەو خواستی چەپەڵی دەوڵەتی تورک بخەینە سەرباس دەبێنین ماوەی چەندین ساڵە ئەم دەوڵەتە ھەوڵدەدات خاکی زیاتر لە باشووری کوردستان داگیر بکات بۆ ئەو مەبەستە ئوپراسیۆن لە دوای ئۆپراسیۆنی ئەنجامداوەو دەستیکردووە بە دروستکردنی بنکەی سەربازی وسیخوری لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان و رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی ئەو بنکانە لە ھەڵکشاندایەو ئەوەش جۆرێکی زەقە لە پێشێلکاری سەرەوەی عێراق و یاساورێسا نێودەوڵەتییەکان.


ئۆپراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک درێژەی ھەیەو لە مانگی حوزەیران و تەموز ـ جونی و جولی ـ ئەمسالدا ٢٠٢٠ دوو ئۆپراسیۆنی نوێ بەناوی ــ چنکی ھەڵۆو چنگی پڵنک ــ بۆ سەر ناوچەی ھەفتانین لە قەزای زاخو ئەنجامداو لە گەڵ گریلاکانی ھێزەکانی پاراستنی گەل { ھەپەگە} تووشی شەرێکی قورس بووەوەو، بە تۆپ وتانگ و فرۆکەی جەنگی و ھەلێکۆپترو ھەموو جۆرە چەکێک زەرەرو زیانێکی گەورەی پێگەیشت بەڵام توانی لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان پێشرەویی بکات و ژمارە بنکەکانی زیاد بکات و لەمرۆدا ئەوترێت ژمارەکە گەیشتووەتە ٣٣ بنکە بێ لە بنکە سیخورییەکان.


رۆژی ٤/١١/٢٠٢٠ مینێک بە کرمەڵێک لە پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ( پدک) تەقێیەوەو بووە ھۆێ شەھیدکردنی پێشمەرگەیەک و بریندارکردنی دوو پێشمەرگەی ترو، لەو رۆژەوە تا ئێستا میدیاو تەلەفزیۆن و سەتەلایت و راگەیاندنەکانی پدک باس لەوە دەکەن گوایە گریلاکانی PKK بۆسەیان داناوەو ھێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگەکانی پدک و ئەمەش دوورە لە راستی.


ماوەیەکە پدک بە دوای بیانوو دەگەرابۆ ئەوەی ھێرش بکاتە سەر گریلاکانی پککھو بۆ ئەو مەبەستە لە ھەندێ شوێن فەرمانی دەرکرد بە جوڵاندنی ھێزەکانی ٨٠ بۆ ناوچەکانی سەر سنورو ئەو کارەش بە فیتی تورکیاوە دەکرا‌و، پێشک ھەموو شەرو پێکدادانێک لە نێوان پدک و پککە یان ھەر لایەن و حیزبێکی تری کوردستان لە ‌ بەرژەوەندی دوژمنانی کوردو کوردستانە و، عێراق وەک حکومەتی ناوەند زۆر لاوازەو تووشی پشکپشکینە و گەندەڵی بووەو، بێتوانایەو ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و گەر توانای ھەبوایە بەلای کەمەوە ھێزەکانی تورکیای لە باشیک ( بەعشیقە) دەردەپەراند.‌


ئەزموونی شەری ناوخۆ کە ناونراوە ( برا کوژی) لە رابردوودا بووە ھۆکاری کوشتن و لە ناوبردنی سەدان و ھەزاران لاوی کورد لە پێشمەرگەی لایەنە شەرکەرەکان و، لە پێناو دروستبووتی مۆتەکە ودەسەڵاتی ئەو حیزبانەی درێژەیان بە شەرداو، نیاز وایە جارێکی تر نوێ ببێتەوە چونکە خوێنرشتن بەبێ گۆێدان بە کوشتنی ھاوڵاتیان و کوری خەڵک بووەتە پیشەو، بۆ مانەوەی حیزبەکانی دەسەڵات .


لە کوردستان بە درێژایی ساڵانی پێشوو ئێستاشی لە گەڵدا بێت سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت لە بەر لاوازی و گەندەڵی نەیانتوانیوە سەرکونەی کردەوە قیزەوەنەکانی تورکیا بکەن و چەندین جار داوایان لێکراوە داوا لە تورکیا بکەن ھێزەکانی لە خاکی کوردستان بباتە دەرەوە بەڵام بە پێچەوانەوە ریگایان بۆ تورکیا واڵا کرد وگڵۆبی سەوزیان بۆ داگیرساند خاکی زیاتر داگیر بکات.


ھەموو خەڵکی کوردستان لە کرێکارو جوتیارو نووسەرو رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان و جالاکەوانان و گشت ھاوڵاتیانی کوردو مرۆڤدۆستان داوا دەکەن و دەڵێن : نا بۆ شەر ، بەڵێ بۆ دانوستان و لەیەکتێگەیشتن و، نابێت دڵی دوژمنان خۆش بکەێن و، پێویستە حکومەتی کوردستان ھێز بداتە بەرخۆی و لە باتی شەر لە گەڵ ھێزە کوردستانییەکان و ھێزی پێشکەوتنخواز داوا بکات ھێزی بێگانە دژ بە کوردستان خاکی ھەرێم جێبھێڵن ، دەبا ھەموومان بە یەکدەنگ ئەو داوایە نوێ بکەێنەوە.


ھەر حیزبیک کارێک ئەنجامبدات خۆی بەرپرسیارەو، نابێت حکومەت جڵەو بۆ حیزبەکان شل بکات ئارەزوومەندانە کاری خراپە ئەنجام بدەن و ھێزبجوڵێنێت و شەر رابگەێنیت و سەروەری خۆی بپارێزێت تەنانەت کەر ئەو حیزبە پدکیش بێت چونکە پدک ھەرچەندە حیزبێکی قەوارە گەورەیە بەڵام پێویستە وەک حیزبەکانی تری کوردستان گۆێ راێەڵ بێت و مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت و، نابیت جێی حکومەت بگرێتەوە و، لێرەوەش داوا دەکەم دەسبەجی پدک دەست لە راگەیاندنی پروپوچ بھێنێت و بێژەری کەناڵەکانی بە تەوس و توانج ئامێز باسی حیزبەکانی کوردستان بە خراپە نەکەن و، پاساو بۆ ھێرشی دەوڵەتی تورکیای رەگزپەرست و داگیرکەری کوردستان نھھێننەوە.


پارتی و یەکێتی خاوەندارێتی ھێزی پێشمەرگە بەناو ٨٠ و ٧٠ دەکەن و، ئەم دوو ھێزە لەو دوو حیزبە فەرمان وەردەگرن و، حکومەت ھیچ دەسەڵتی نییەو، ھیوادارم ئەو دوو ھێزە یەکبگرنەوەو لە چنگی حیزب رزگاریان بێت و، حکومەت خاوەندارێتیان بکات و ححکومەت بیانجوڵێنێت ھەرچەندە ئەم کارە (یەکگرتنەوەی ٨٠ و ٧٠) ئاسان نییە بەڵام پێویستە کاری بێوچانی بۆ بکرێت.


داوا لە پککە دەکەم رێز لە حکومەتی ھەرێم ودامەزراوەکانی بگرێت وەک چون لە مێژەوە ئەو کارەیان بەرێزەوە کردووەو ‌ ھەوڵبدەن یارمەتی حکومەتی کوردستان بدەن بۆ رزگارکردنی خاکی کوردستان و دەرپەراندنی دوژمنان.


جارێکی تر نا بۆ شەر، بەڵی بۆ دانوستان و، ھێزی بێگانە بۆ دەرەوە.


٨\١١\٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک