١٣\١١\٢٠١٥
شەڕی راگەیاندن.

ستار محەمەد قادر
رەنگە ئێستا هەردوو هێزی سیاسی پێیان وابێت
ئەم شەڕە ئەهوەن ترە لەشەڕی کورد کووشتن، جا با بێین بزانین شەڕی
یەکتری ناشیرینکردن و بەشەیتانیکردنی یەکتری لەکوێی دونیای دیمۆکراتی و
ئاشتی پێکەوە ژیاندا شوێنیان ئەبێتەوە، راستە ئەم شەڕە بەقسە ئەکرێت،
کەرەستەکانی بریتین لەنووسین و شتی بیستراو بینراو، بەڵام لەشەڕ زیاتر
کاریگەری درووست دەکات لەسەر ناخ و دونیا بینی تاکەکان، ئەم شەڕە رەنگە
دوای ئاشت بوونەوەی ئەو دوو هێزە کپ ببێتەوە، بەڵام پاشەڕۆکانی لەزیهن
و زاکیرەی تاکەکاندا وەکو خۆیان دەمێننەوە، بۆیە بەدووری نەزانین ئەم
دیدو دونیا بینیە لەدوا جاردا ببێت بەنۆرم بەشێوەیەک دەق بگرێت،
بەردەوام خۆی ئابدەیت بکاتەوەو لەپڕێکدا سەرهەڵ بداتەوە.
کورد دەمێ ساڵە کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەم تەوژمەوە، لەساڵانی
شەستەکانەوە بەردەوام کار بۆ ئەوە ئەکرێت لەگێژاوی ئەم تەنگژە
دەروونیەدا قەتیس بخۆین و دەریچەیەک نەدۆزینەوە بۆ ئەوەی لێی دەربچین،
بۆیە وەکو دەبینین، بەپێش چاوی هەمووانەوە ئەوەمان پێهەزم کراو بەهیچ
شێوەیەک وەکو خەوشێکی سیاسی گەورە لێیمان نەڕوانی، کەهەرێمی کوردستان
بکرێت بەدوو ئیدارەو دوو حکومەتمان لەسێ شاردا هەبێت، کەئێستایشی
لەگەڵدا بێت، لەنێو حکومەتێکی هاوبەشیشدا مۆرکی دوو ئیدارەیی وەکو رۆژی
رووناک خۆی بەیان ئەکات.
باوای دابنێین ئاوا بوونی ئەو شەڕە بەدوو ئیدارەیی کۆتایی هات، ئەی ئەم
شەڕەی ئێستا دەبێت چی شین بکاو وەکو کورد چی لێ بدوورینەوەو کۆتاییەکیە
بەچی دێت؟
هەم پارتی دیمۆکراتی کوردستان و هەم بزووتنەوەی گۆڕان، غەدرێکی گەورە
ئەکەن، لەدەلاقەی راگەیاندنەکانەوە قسەو تۆمەت بەیەکتری ئەڵێن و ئەو
ماکینە ئیعلامیەیان خستۆتە کار بۆ ئەوەی ئاسوودەیی و ئارامی ببەخشن
بەهەوادارانیان، وەکو ئەوەی مانگێکی دیکە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێ و
لەسەر وەختی بانگەشەی هەڵبژاردندا ببن.
هەردوو لایان ئەو راستیە باش دەزانن، دەرەنجام دەبێت کێشەکان بەگفتوگۆ
چارەسەر بکرێن، ئەی خۆ بەتەمای ئەوە نین زەمینە سازیی بۆ ئەوە بکەن
جارێکی تر ئاگر لەماڵی کورد بەربدەن؟
وا درێژەی پێ ئەدەن و تا دێت دەهۆڵەکە باشترو گەرمتر ئەکووتن، با وای
دابنێین لایەکیان خۆی بەستەملێکراو دادەنێ و ئەو هێڕشکردنە وەکو
بەرگریەک بۆ خۆی دەبینێت، ئێ باشە با لایەکەی تر گەورەیی بنوێنێ و
دەسبەرداری ئەو شەڕە ببێت کە خەریکە دەبێت بەبەشێکی زۆر ناشیرین
لەکلتوورمان دەخزێتە نێو فەرهەنگ و زیهنی تاک بەتاکی کۆمەڵانی خەڵکیەوە!
چی ئەبێت لایەکیان دەسبەرداری ئەوە ببێت لەڕێی راگەیاندنەوە نەکەوێتە
پاکانە هێنانەوە بۆ هەڵوێستەکانیان و لەڕێی کەناڵی دیکەشەوە کار بۆ
هێور کردنەوەی بارو دۆخەکە بکەن و بیگەڕێننەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.
لۆژیک ئەوە قبووڵ ناکات ئەوان تەنها دەزگای راگەیاندن شک بەرن بۆ ئەوەی
پەیامیان بەیەکتری بگەیەنن، یان ئەمەی دەیبینین، بەشێکە لەکەڵچەری
ئەوان و بەم شێوەیەو بەم شەڕە راهاتوونەو لەدونیا بینی ئەواندا تەنها
ئەم شتانە شوێنی ئەبێتەوە!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|