په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١٠\٢٠١٢

شەڕی سوریا بۆ؟

جەمال عەزیز       


ئەو شەڕە خوێناویەی ئەمڕۆ لەناو وڵاتی سوریا بەرپا بووە زۆر نزیکە کەئاگری ئەو شەڕە وڵاتانی دراوسێ وھەرێمەکەش بگرێتەوە، لەڕواڵەتدا شەڕی گۆڕینی ڕژێمی بەعسی سوریایە کە بەسەرکردایەتی بەشار ئەسەد بەڕێوە دەبرێ، بەڵام لەناوەڕۆکدا شەری ھەردوو جەمسەرەکەی ساڵانی پێشوە، شەڕی ساردی نێوان ھاوپەیمانی ناتۆ و بلۆکی ڕۆژھەڵاتە بەشێوەیەکی پەردەپۆشکراو. وڵاتی ڕووس وەک شیرێکی پیری پەککەوتە تەنھا نەڕەی ماوە، بەڵام جێگرەوەکەی کە وڵاتی زلھێزی(چین)ە دەیەوێت ڕۆڵی کوێخا ببینێ و بەشی چەوری لەناوچەکەدا دەست بکەوێت و ئەوەی کەلەدەستیدایە لەدەستی نەچێ.


ھەرکام لەوڵاتانی ئێران وتورکیا، ھەردووکیان دوو وڵاتی گەورەو خاوەن پێگەی تایبەتی خۆیانن، ھەرلایەک دەیەوێت ھەژموونی خۆی بسەپێنێ لەم جەنگەی لە ناو سوریا بەرپا بووە، ئەم دوو وڵاتەی باسمان کرد شەڕی کۆنەقینی سەردەمانێکە لەنێوانیاندا زیاتر لە٧٠ ساڵ بەردەوام بووە! ھەردوو وڵات شەڕ بەڕێوەدەبەن لەژێر پەردەی ئیسلام و ھەریەکەیان لەژێر پەردەی مەزھەبێک درێژە بەشەڕ دەدەن کەبۆخۆی مێژوویەکی ڕیشەیی دورو درێژی ھەیە لەکێشەو ململانێی نێوان مەزھەبی شیعە بەسەرکردایەتی سەفەویەکان لەئێران و مەزھەبی سوننە بەسەرکردایەتی عوسمانیەکان کەزیاتر لە٤٥٠ ساڵ خۆیان بەخەلیفەی پێنجەمی ئیسلام دەزانی لەجیھانی ئیسلامدا ،وڵاتی عێراقیش لەم نێوانەدا دابەش دەبێت بەسەر ھەردوو بەرەی شیعەو سوننە،بەڵام پێدەچێت عێراق زیاتر لایەنگری شیعەکان بن باڵادەستی خۆیان دەسەپێنن چونکە ئێستا لەعێراقدا شیعە باڵادەستن و وڵات لەدەست زۆرینەی شیعەدایە.


وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی دەیانەوێ بەشێوەیەک بگەڕێنەوە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وەک ساڵانی ڕابردوو نەبێت، نایانەوێ لەلایەن میللەتانی ناوچەکەوە وەک داگیرکار سەیریان بکرێت، ئەمڕۆ بەرگی دیموکراتی ومافی مرۆڤیان لەبەرکردوە، بەڵام ئەوسیاسەتەی ئەوان پەیڕەوی دەکەن سیاسەتی برسی کردنی خەڵکی ناوچەکەیە بۆئەوەی چاولەدەستی کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان بکەن و ھەروەھا دزینی ھەموو داھاتی ئەو وڵاتەیە لەڕێگەی کۆمپانیا گەورەکانیان کەلەدوای جەنگ دەچنە ئەو وڵاتە بەنیازی ئاوەدان کردنەوە، ئەمە لەکاتیکدایە ھێشتا شەڕ کۆتایی نەھاتوە وکاولکاری ھێشتا بەردەوامە بەڵام کۆمپانیاکان خەمڵاندویانە کەبۆ ئاوەدان کردنەوەی سوریا زیاتر لە ٨٠٠ ملیار دۆلار پێویستە، بەدڵنیاییەوە دەبێت ئەو باجەش خەڵکی سڤیلی وڵاتی سوریا بیدات.


کاربەدەستانی ئێران دەیانەوێ درێژە بەژیانی ڕژێمە پەککەوتوە دابڕاوەکەیان بدەن لەجیھان ،یارمەتی ھەموو گروپێکی چەکدار دەدەن گەر بۆ ساتێکیش خۆی بۆ ئەمەریکاو وڵاتانی ھاوپەیمانی ئەمەریکا بەدوژمن بزانێ، وڵاتی تورکیا وەک پاشماوە خۆر دەیەوێت بەشی ھەبێت لەوسفرە چەورەی لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست داخراوە، بەشداری نەکردنی وڵاتی تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا بۆ ڕوخاندنی وڵاتی عێراق وڕژێمی بەعسی عێراق لەساڵی ٢٠٠٣، ئەوکاتەی پەڕلەمانی تورکیا بڕیاریدا کەزەوی وئاسمانی تورکیا نابێت لەلایەن ئەمەریکاوە بەکاربھێنرێت دژی عێراق، ئەوکاتەبوو کەئەمەریکا دەردێکی دابەوڵاتی تورکیا لەڕووی سەربازی وسیاسی وئابوریەوە،تاسەرئێسقان دەردێکی کوشندەبوو، ئەوھەڵوێستەی تورکیا لەوکاتەدا وڵاتی تورکیایی بۆچەندین ساڵ بردە دواوە.

 

١- باش بەئاگایی ھێنایەوە کەخەونی بوون بەئەندام لەناو یەکێتی ئەوروپا خەونی بەتاڵە تەنھا وڵات داکۆکی لەتورکیا دەکرد بۆ ئەوەی ببێت بەئەندام ئەویشی لەدەست چوو.

٢- تەنھا وڵاتی دۆست و ھاوپەیمان لەجیھاندا ئەمەریکا بوو بەڵام ئەمەریکا پێیان ووتن چاو بەھاوپەیمانیەکەماندا دەخشێنینەوە.

٣-چەند جارێک چاوپێکەوتنی ئەمەریکایەکان لەگەڵ پ ک ک، ناردنی ھەندێک چەک بەشێوەیەکی نافەرمی زەنگێکی تر بوو بۆ تورکەکان ئاگاداریان کردن چەندێک بەھێز بن ناتوانن بەرگەی سیاسەتی ئێمە بگرن چونکە ئێمە بەخێوتان دەکەین دەشزانین چۆنتان برسی بکین.

٤-باسی جینۆسایدی ئەرمەنیەکان لەساڵانی ١٩١٥ زەنگێکی تربوو ئەمەریکا دای بەگوێی تورکەکاندا. تورکەکان بۆئەوەی ھەڵوێستی باشی خۆیان بۆ ئەمەریکاییەکان دەرببڕن خۆیان گەیاندە ئەمەریکاو ھەموو ئامادەییەکی تورکیایان بۆ ئەمەریکا دوپات کردەوە بەمەرجێ ئەمەریکا دڵی گەرد نەگرێ.

 

ئەوەتا ئێستا ئەو تورکیایەی کەدژایەتی ڕوخانی عێراقی دەکرد لەلایەن ئەمەریکاوە، بەڵام بۆ ھەمان ئەمەریکای ساڵی ٢٠٠٣ خاکی تورکیای کردوە بەگۆڕەپانی سەربازی وئاوارەی لەترسی مردن ھەڵھاتووی سوریا پڕچەک دەکات بەناوی ئۆپۆزسێۆنی سوریاوە ڕەوانەی ناو سوریایان دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ سەربازانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد باش یەکتری بکوژن و وڵات زیاتر کاول بکەن،بەناوی دیموکراتی ومافی مرۆڤ دوژمنایەتی وڵاتی ئێران دەکات لەبەرئەوەی ئێران مافی مرۆڤ پێشێل دەکات، ئەمە لەکاتێکدا زیاتر لە ٢٢ ملوێن مرۆڤی کوردلە تورکیا ھیچ مافێکیان نیە، ئەم پێشێل کردنەی وڵاتی تورکیا پەڵەیەکی ڕەشە بەناوچاوانی ئەو وڵاتە زلھێزانە بەدەم داوای مافی مرۆڤ دەکەن.


بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەبیسترێ و دەبینرێ ھیچ مانایەک نابەخشێ بەدەر لەبێڕەوشتی سەرمایەداری وھەموو رژێمە ئەلقە لەگوێکانی سەرمایەداری، ئەوکاتەی ژیانی مرۆڤ نرخی نامێنێ و خوێنی ھەژاران دەبێت بەکاڵایەکی زۆر ھەرزان و سەرمایەداران زۆر بەھەرزان لێان دەکڕن ھیچ نامێنێتەوەوە شایەنی وتن بێت تەنھا دەتوانین بڵێن شارستانیەتی سەرمایەداری ھیچ سودێکی بۆ مرۆڤایەتی پێنەبوو ،ئەوەی سەرمایەداران کردیان بەمنەت بەسەر مرۆڤایەتیەوە تەنھا بەڕۆبۆت کردنیان بوو.


ڕژێمی بەعسی سوری دژ بەخەڵکی وڵاتی سوریا ساڵەھای ساڵە لەکوشتن ولەناوبردن سڵی نەکردۆتەوە، ئەو پێشێلکاریانەی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دەیکات بەرامبەر بەمرۆڤ بەھەمان شێوەی سیاسەتی وڵاتانی ترە لەناوچەکە کەدەرھەق بە خەڵکی سڤیلی وڵاتەکەی خۆیان پەیڕەوی دەکەن، کامەیە مافی مرۆڤ بەتایبەتی چەوساندنەوەی ئافرەتان لەناو ھەرکام لەوڵاتانی عەرەبی خلیجی لەپێش ھەموویانەوە مەملەکەتی عەرەبی سعودییە، ئایە بۆچی ئەمەریکاو ھاوپەیمانەکانی لەئاست ئەو ھەموو بێ ڕێزیەی لەو وڵاتانە دەکرێت کوێرن و ھەم کەڕیشن؟


بازرگانانی جەنگ بەسەرکردایەتی ئەمەریکا زۆر باش ئەو ڕاستیە تاڵە دەزانن، ئەو وانەیەی لەئەفغانستان و عێراق وەریان گرت نایانەوێ بەھەمان شێوە بگەڕێنەوە بۆ ناو وڵاتێکی دیکە، خوێنی ڕژاوی ھەزاران سەربازی ئەمەریکاو ھەوپەیمانەکانی شاھێدی ئەو ڕاستیەن کە ئەمەریکاو ھاوپەیمانەکانی چەندە داگیرکارێکی دڕندەو چەندە میوانێکی نەخوازراون، بەڵێ ئەمڕۆ دەیانەوێ بازاڕی چەک فرۆشتنیان لەڕێگەی بەکرێ گیراوەکانیان گەرم بکەن کەبەرگی ئۆپۆزسێۆنیان لەبەردایە، ھەروەھا شەڕی دینەکان ومەزھەبەکان خوێناوی تر دەکەن بۆ ئەوەی لەسایەی خوینی ڕژاودا گیرفانیان پڕبێت.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌مال عه‌زیز

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک