| 
			٢٦\٦\٢٠١٢ 
			شه‌ڕ مه‌که‌ن و بێ داواش دامه‌نیشن. 
			
			 عهبدولواحیدی خه‌نده‌ڕه‌ش
 
			ناچێته مێشکی هیچ ئاوهزمهندێکهوه که نه‌ته‌وه‌یه‌کی چه‌ند هه‌زار 
			ساڵه خاوه‌نی سیپاره‌یه‌کی نووسراو له مێژووی خۆی به ده‌ستی خۆی نه‌بێت. 
			چه‌توونه هیچ مرۆڤێکی خاوه‌ن ویژدان و لێزان له بواری مێژوو بڕوا 
			بکات له ماوه‌ی هه‌زاران ساڵ دا ئه‌و هه‌موو خان و سه‌ردار و میر و 
			خونکاره له نه‌ته‌وه‌یه‌ک هه‌ڵکه‌وێت و هیچیان هۆشی نووسینه‌وه‌ی 
			لاپه‌ڕه‌یه‌ک له ژیان و به‌سه‌رهاتی خۆیان و ڕووداوه‌کانی ده‌وروبه‌ری 
			خۆیانیان نه‌بووبێت، له کاتێکدا که ده‌ر و دراوسێکانی خاوه‌نی زانکۆ 
			و ئه‌کادێمیا و په‌رتووکخانه و چی و چی بوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که به‌سه‌ر 
			کورددا سه‌پێنراوه و له هۆش و هزری ئاخنراوه وا ده‌ڵێت که کورد سه‌ره‌ڕای 
			مێژووی لانیکه‌م
			٢٠٠٠ ساڵه‌ی به‌ڵام خاوه‌نی تاقه یه‌ک ڕسته و وشه‌ی 
			نووسراوه‌یش نییه. هه‌رچی هه‌یه له وڵاته‌که‌یدا بێت یان له 
			وڵاتانی دراوسێی هه‌مووی هی بێگانه‌یه و هیچی مافی کوردی به‌سه‌ره‌وه 
			نییه! ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و نووسراوانه به زمانی کوردیش نووسرابن 
			هه‌ر کوردی نین و هی کورد نین... به‌ڵکوو ئه‌وه زمانێکی تره و ئێستا 
			نه‌ماوه و فه‌وتاوه!... ئه‌و ناهه‌قی و سته‌م و بێدادی و چه‌واشه‌کارییه 
			وای کردووه ئه‌مڕۆ تاکی کورد خۆیشی قه‌ناعه‌ت به‌وه بکات که فه‌رهه‌نگ 
			و وێژه‌ی نوسهواری نه‌بووه و نییه؛ و هه‌رچی هه‌یه هی نه‌ته‌وه‌ی 
			سه‌رده‌ست و زاڵم و سته‌مکاره. خوویه‌کی نادروست و نابه‌جێ له مێشکی 
			تاکی کورد دا جێگیر بووه که هه‌موو که‌س و نه‌ته‌وه‌یه‌ک له خۆی 
			باڵاتر و پیرۆزتر ده‌زانێت و خۆی له هه‌مووان که‌متر و سووکتر ده‌بینێت..
 
			
			به‌خته‌وه‌رانه، کورد به هه‌ر هۆیه‌که‌وه بێت، ئه‌گه‌ر مێژووی نووسهواریشی 
			نه‌بێت وه‌ک بێگانه‌کان ده‌ڵێن، به‌ڵام وێژه‌یه‌کی ڕه‌نگین و زه‌نگین و 
			له بن نه‌هاتووی زاره‌کیی هه‌یه که هه‌مووی پوخته و پاڵهفتهی پاک 
			و په‌تیی ئه‌و مێژووه نووسراوهیهیه که به‌ناهه‌ق لێی دزراوه و 
			شێوێنراوه و فه‌وتێنراوه. ئامۆژگاری و په‌ند و ڕێنوێنی و به‌یت و باو 
			و چیرۆک و سه‌ربرده و فه‌رمایشی پیر و حه‌کیمان و ده‌یان شتی 
			جۆراوجۆر و باییمهندی تر که هه‌ر کامه‌یان به‌شێک و جزمێک و فه‌سڵ و 
			بابێک له په‌رتووکی مێژووی هه‌زاران ساڵه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه خاراو و له‌کڵ 
			دهرهاتووهیه. هه‌رچه‌نده به‌شێک له‌م مێژووه زاره‌کییه به‌تایبه‌تی 
			له ناوچه‌ی سۆران له فه‌وتان ڕزگار بووه و چووه‌ته نێو توێی په‌رتووکانه‌وه؛ 
			به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنی فراوانی و مه‌زنیی زمانی کوردی و ئه‌و وێژه 
			زاره‌کییه ده‌وڵه‌مه‌نده، ده‌کرێ بڵێین ئه‌وه‌ی په‌رژاوینه‌ته سه‌ر 
			نووسینه‌وه‌ی و له فه‌وتان قوتاری بووه، تنۆکێکه له ده‌ریایه‌ک و 
			ده‌نکێکه له خه‌رمانێک. هه‌ربۆیه کاری زۆر و ئه‌رکی قورس هێشتا له‌به‌رده‌مدایه 
			و بیری ورد و مووقه‌ڵێشی گه‌ره‌که.
 
			وه‌ک دیاره زۆربه‌ی نه‌ته‌وه و نه‌ژاده‌کانی دنیا له ڕووی ئایین و 
			مهزهبهوه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر یه‌کده‌ستن و هه‌ر ئه‌و یه‌کده‌ستییه 
			ئایینییه‌ش یه‌کێتییی فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتی لێکه‌وتووه‌ته‌وه و یارمه‌تیده‌رێکی 
			باشیان بووه بۆ سه‌رکه‌وتن و کۆکردنه‌وه‌یان له ده‌وری هێما و سهمبولگهلێک 
			که دواتر ناوی نراوه پیرۆزی و سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی. کورد به هه‌ر 
			هۆیه‌که‌وه بێت له نیعمه‌تی هه‌بوونی یه‌ک ئایین و باوه‌ڕ بێبه‌ش 
			بووه و به زۆره‌ملی بێت یان به ویستی خۆی که دینی ئیسلامی هه‌ڵبژاردووه، 
			نزیکه‌ی نیوه‌ی بووه به سوننی و نیوه‌که‌ی تری شیعه، جگه له که‌مایه‌تییه 
			ئایینیه‌کانی تریش که هیچکامیان بێ ڕۆڵ و کاریگه‌ری نین. ئه‌م دابه‌شبوونه‌ی 
			کورد به‌سه‌ر شیعه و سووننی دا به‌ر له هه‌ر شت گه‌وره‌ترین زه‌بری 
			له خودی کورد و یه‌کێتیی نه‌ته‌وایه‌تیه‌که‌ی داوه و بووه‌ته خۆره 
			بۆ لاشه‌ی ناسیۆنالیزمی کورد. مه‌سه‌له ئه‌وه نییه که یه‌کیک له‌م 
			مه‌زهه‌بانه خراپه و دژی کورده و ئه‌وه‌که باش و ئهرێنیییه، مه‌سه‌له 
			ئه‌وه‌یه که ئه‌وه‌نده‌ی بڕوا ئایینیه‌که گرنگی و بایه‌خی پێدراوه، 
			مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی ئه‌وه‌نده به‌لاوه گرنگ نه‌بووه؛ و به‌رده‌وام 
			لایه‌نی نه‌ته‌وایه‌تی خراوه‌ته ژێر سێبه‌ری ئایینه‌وه. له‌م نێوه‌دا 
			دوژمنانیش ئه‌وه‌نده‌ی بۆیان لوواوه له پێناوی فراوانترکردنی که‌لێنی 
			نێوان ئه‌م دوو کورده‌دا فوویان به ژیله‌مۆکانی ژێر خۆڵه‌مێشی ئاییندا 
			کردووه و گهشاندوویانهتهوه... هه‌ر بۆیه‌وه ئێستا و له‌م سه‌رده‌مه‌دا 
			که شیعه و سوننی له ئاستی جیهانیدا تێغ له یه‌کتری ده‌سوون، هه‌وڵیش 
			نه‌دراوه که هێماگه‌لێکی کاریگه‌ر و شوێندانه‌ری هاوبه‌ش له نێوان 
			شیعه و سوننیی کورددا بدۆزرێته‌وه و بکرێت به بناغه و بنه‌مای کار 
			و تێکۆشان بۆ هه‌مووان؛ و سه‌ره‌نجام ناسیۆنالیزمی کوردی له‌سه‌ر بنیات 
			بنرێت؛ له بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌نگه له‌باره‌ی کات و سه‌رده‌میشه‌وه دره‌نگ 
			بێت بۆ وه‌ها کارێک. ئه‌وه که هه‌ندێک که‌س و لایه‌ن له سه‌ره‌تاکانی 
			سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه په‌نایان بۆ زیندووکردنه‌وه‌ی ئایینی زه‌رده‌شتی 
			ده‌برد و بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌کرد هه‌ر کاردانه‌وه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م 
			چارهڕهشییه بوو... به بڕوای نووسه‌ر ئه‌گه‌ر له ئایینیشدا جیاوازی 
			له‌نێوان ئه‌م دوو که‌رته به‌رچاوکه‌وتبێت، له فه‌رهه‌نگ و وێژه و 
			زمان دا هاوبه‌ش بوون و ئه‌وه‌نده له یه‌کتری دوور نه‌که‌وتوونه‌ته‌وه؛ 
			هه‌ر بۆیه ڕێی تێده‌چێت وێژه‌ی زاره‌کیی کوردی که که‌یله له گه‌وهه‌ری 
			شه‌وچرا، زیندوو بکرێته‌وه و له‌گه‌ڵ زاراوه و ده‌سته‌واژه و تێرمه 
			زانستی و ڕامیاری و کۆمه‌ڵناسییه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه هاوتا و هاوواتا 
			بکرێن. جۆرێک شکۆ و شانازی و پیرۆزی و مه‌زنییان پێببه‌خشرێت که تاکی 
			کورد به‌ڕێزه‌وه لێیان بڕوانێت و له ویژدانی ناخودئاگای خۆیدا 
			جێگایان بۆ ته‌رخان بکات.
 
			ئه‌م نووسراوه‌یه هه‌وڵی کۆکردنه‌وه و هاوێرکردن و پۆلبهندیکردنی 
			وێژه‌ی زاره‌کیی کورد نادات؛ به‌ڵکوو له درێژه‌ی خۆیدا تێده‌کۆشێت وته‌یه‌کی 
			کورت و پڕ واتا و حه‌کیمانه‌ی کوردی بداته به‌ر تیشکی لێکۆڵینه‌وه و 
			توێژینه‌وه و به وردی بچێته نێواخنییهوه و گرنگی و قورسایی ئه‌و 
			وته‌یه و ئاستی هۆشیاری و مرۆڤدۆستیی دانه‌ران و بڕوامه‌ندانی ئه‌م 
			وته‌یه بخاته به‌رچاوی خوێنه‌ر. هه‌روه‌ها ئه‌م نووسراوه‌یه هه‌وڵده‌دات 
			ئه‌و ڕاستییه ڕوون بکاته‌وه، ئه‌گه‌ر تاکی کورد له زمان و وێژه و 
			مێژووی ڕابردووی خۆی به چاوی بایه‌خه‌وه بنۆڕێت، هیچی که‌متر نه‌بووه 
			نه‌ک ته‌نیا له نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی تورک و فارس و عه‌ره‌ب، ته‌نانه‌ت 
			له نه‌ته‌وه پێشکه‌وتووه‌کانی جیهانیش. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ کورد به مه‌نتیقی 
			کوردی و به پێوه‌ر و پێودانگی کوردی بڕوانێته گه‌نجینه‌ی وێژه‌ی خۆی، 
			نایابترین و گرانبه‌هاترین گه‌وهه‌ر و مرواریی ئه‌وتۆی تێدا ده‌دۆزینه‌وه؛ 
			که ده‌کرێت ببنه ده‌سمایه و سه‌رمایه و پشتیوانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی؛ و 
			چه‌رخی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی ئه‌م کورده به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و 
			ڕزگاریی یه‌کجاری پاڵبده‌ن. وته‌ی "شه‌ڕ مه‌که‌ن و بێ داواش دامهنیش" 
			ئه‌و ده‌سته‌واژه هه‌ڵبژارده‌یه‌یه که له‌م باسه‌دا شیته‌ڵ و شیمانه 
			ده‌کرێت و شیله و خهستاوهکهی به پاک و پوختی پێشکه‌ش به خوێنه‌ری 
			زیت و ڕۆشنبین و ڕۆشنبیر ده‌کرێت.
 
			 ئای که وته‌یه‌کی پڕمانا و حه‌کیمانه‌ی که‌موێنه‌یه. له ڕیزی ئه‌و 
			وته پڕبایهخانهدایه که به ئاوی زێر ده‌نووسرێنه‌وه تا به‌رده‌وام 
			به ڕووی مرۆڤایه‌تیدا بترووسکێنهوه و ژه‌نگ به خۆیانه‌وه نه‌گرن. 
			هه‌روه‌ک له خوێندنه‌وه‌ی وته‌که‌وه ده‌رده‌که‌وێت، دوو به‌شی سه‌ره‌کی 
			که هه‌رکامه‌یان فه‌لسه‌فه‌یه‌کی له پشته‌وه‌یه پاڵیان داوه به 
			پاڵی یه‌کترییه‌وه و میوه‌یه‌کی خۆش چێژ و خۆشبهرامهیان به‌رهه‌م 
			هێناوه. له به‌شی یه‌که‌م دا پێشینان، مه‌زن و میر و و پیر و 
			پیاوچاکانی خاوه‌ن ئه‌زموون و دنیادیته ئامۆژگاریمان ده‌که‌ن نه‌جه‌نگین، 
			ئاژاوه و هه‌را و خوێنڕێژی و کوشتار و وێرانی نه‌که‌ینه ئامانج و 
			کاری بۆ نه‌که‌ین. خۆ بپارێزین و دوور بکه‌وینه‌وه له هه‌ر جووڵه و 
			بیرۆکه‌یه‌ک که ئاراسته‌که‌ی به‌لای جه‌نگ و مرۆڤکوشتن دا بێت. ئه‌وه 
			ئاکار و خوو و ڕه‌وشتی هه‌موو دایک و باوکێکی کورده بۆ ڕۆڵه‌که‌ی که 
			خۆی له خراپه و ئاژاوه دووربگرێت و نه‌بێته هۆی فیتنه و هه‌را؛ که 
			هه‌میشه ده‌ره‌نجامی دڵته‌زینی لێده‌که‌وێته‌وه. هه‌روه‌ک ڕوون و 
			ئاشکرایشه له‌وه‌ته‌ی کورد هه‌یه هه‌رگیز هه‌وڵی په‌لاماردانی هیچکه‌س 
			و لایه‌نێکی نه‌داوه. هه‌میشه نه‌ته‌وه و نه‌ژاده‌کانی تر هه‌وڵی 
			داگیرکرنی کوردستان و تێکدانی ره‌وشی ئارامی کوردستانیان داوه؛ و له 
			ڕێگای سه‌پاندنی باج و سه‌رانه و.. مه‌ردمی کوردستانیان خستووته ته‌نگانه‌وه 
			و ژیانیان لێیان تاڵ کردووه. سه‌ختترین و ساردترین زه‌ردوما و هه‌ڵه‌مووتی 
			هه‌ڵبژاردووه بۆ ژیان، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی پارێزراو بێت و دوور بکه‌وێته‌وه 
			له جه‌نگ و ئاشوب و توندوتیژی. به گه‌نم و دانه‌وێڵه و سپیایی و 
			میوه و وشکه‌بار و پێست و خوریی خۆی قه‌ناعه‌تی کردووه، شووره و په‌رژینی 
			پته‌وی له ده‌وری سامان و دارایی خۆی هه‌ڵچنیوه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگا له 
			ئاژاوه‌ی ئه‌م و ئه‌و بگرێت و بیانوویه‌ک بۆ فیتنهگێریی شه‌ڕخوازانی 
			ده‌وروبه‌ری نه‌هێڵێته‌وه. به‌رده‌وام له مافی خۆی خۆشبووه و 
			دایشکاندووه تا ڕێگه له توندوتیژی بگرێت.
 
			به‌شی دووه‌م له‌م وته به‌نرخه هه‌م فه‌رمانه و هه‌م هۆشیارکردنه‌وه‌یه 
			و هه‌م هاندانه بۆ تاکی کورد که له به‌رامبه‌ر زوڵم و ناهه‌قی و 
			ناعهداڵهتیدا بێده‌نگ نه‌بێت. فێری ده‌کات که سته‌م و بێدادی نهپهژرێنێت 
			و هه‌رده‌م له به‌رامبه‌ر که‌موکووڕی و ناته‌واوییه‌کاندا زمانی واز 
			و هاواری به‌رز و ده‌نگی دلێر بێت. ئه‌وه‌ی که زۆر جێگای سه‌رنج و 
			تێڕامانه ئه‌مه‌یه که ئه‌م وته جوان و شیرینه، ئه‌م ئامۆژگارییه 
			حه‌کیمانه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که داوای بێده‌نگنه‌بوون ده‌کات له 
			هه‌مان کاتیش‌دا ڕێنوێنی ئه‌نجامدانی کاری توندوتیژی ناکات و به‌وه‌نده 
			به‌سه‌نده ده‌کات که بڵێت نییه‌تی جه‌نگ و توندوتیژیتان نه‌بێت، به‌ڵام 
			له هه‌مبه‌ر سته‌میشدا خاوه‌ن قسه بن و بێده‌نگی هه‌ڵمه‌بژێرن. هه‌ر 
			کۆمه‌ڵگایه‌ک داواکاریی چاکسازی و ئاڵوگۆڕ و پێشکه‌وتنی له ژیاندانهبت 
			ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ناته‌ندروسته و شایانی ئه‌وه نییه پێیبگوترێت کۆمه‌ڵگای 
			مرۆڤایه‌تی. مرۆڤ له سروشتی خۆیدا ئاره‌زووی گۆڕان و جێگۆڕکێ و تێکه‌ڵاوی 
			و هاموشۆی هه‌یه. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی ته‌ماعکاره و ئه‌و تهماعهیش 
			هه‌ڵیده‌نێت و دنه‌ی ده‌دات بۆ گه‌ڕان به‌دوای باشتر و خۆشتر و زۆرتردا. 
			به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م وته پڕبایه‌خه‌دا به‌رچاو ده‌که‌وێت ئه‌مه‌یه که 
			نابێت بیر له توندوتیژی بکرێته‌وه؛ به‌ڵام چاوله‌ده‌ستی و بێده‌نگی و 
			پشتبه‌ستن به قهزاوقهدهریش ناپه‌سه‌نده و ناکرێت هه‌ر بیریشی 
			لێبکرێته‌وه.
 
			به ئاوڕ دانه‌وه له ڕابردووی دوور و درێژی پڕ فیداکاری و سه‌ربزێویی 
			کورد بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که ڕۆڵه‌کانی کورد له هه‌ر گۆشه و 
			قوژبنێکی ئه‌م نیشتمانه ده‌رفه‌تیان بۆ لووابێت، به دڕێژایی مێژوو هه‌وڵی 
			به‌جێهینانی ئه‌م فه‌رمایشه پیرۆزه‌ی باپیرانیان داوه، لێ مخابن نه 
			به وردی چوونه‌ته نێو قوڵایی بیرۆکه‌که‌وه و نه به‌رامبه‌ره‌کانیشیان 
			ئه‌وه‌نده خاوه‌ن فه‌رهه‌نگ و شارستانیه‌ت و ڕۆشنبیری بوون تا ڕێز بۆ 
			ویست و داخوازییه‌کانیان دابنێن؛ و ته‌نانه‌ت هه‌وڵیان نه‌داوه بۆ 
			ساتێکیش گوێیان لێ‌بگرن و خواسته‌کانیان بژنه‌فن. هه‌ر بۆیه تا هه‌نووکه‌ش 
			کورد ده‌ره‌تانی پیاده‌کردنی ئه‌م ئامۆژگارییه‌ی بۆ نه‌ڕه‌خساوه و هه‌لێکی 
			گونجاوی ئه‌وتۆی ده‌ست نه‌که‌وتووه به وردی و قووڵی ئه‌م یه‌که بئهزموێت.
 
			شه‌ڕ مه‌که‌ن و
			بێ داواش دامه‌نیشن له ئه‌مڕۆ له بواری ڕامیاریدا ده‌کرێ 
			چالاکانه به‌کاربهێنرێت و له‌باتی زۆر وشه و ده‌سته‌واژه‌ی باوی ئه‌م 
			سه‌ردمه سوودی لێوه‌ربگیرێت. (Civil disobedience) نافه‌رمانیی مه‌ده‌نی، 
			(Nonviolence activity) چالاکیی ناتوندوتیژی و زۆر ده‌سته‌واژه‌ی تر هه‌یه 
			که ڕه‌نگه له نێوهۆرکدا به‌قه‌د وته کوردییه‌که‌یش واتادار نه‌بن.
 
			ئه‌م وته‌یه تاکه وته‌ی پێشینانمان نییه که ئاوا جوان و ڕه‌وان و 
			پڕ حیکمه‌ت بێت و له خزمه‌تی ئاشتی و مرۆڤایه‌تی و دادپه‌روه‌ریدا بێت. 
			ماریفه‌تی پیره‌کانی هه‌ورامان، ئامۆژگارییه‌کانی خدری زینده، په‌نده‌کانی 
			ئێڵبه‌گی جاف و هتد... هه‌موو شایانی لێوردبوونه‌وه و توێژینه‌وه‌ن و 
			پێویسته هه‌وڵی نووسینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی وردیان بۆ بدرێت.
 
			  
			
			عهبدولواحیدی خه‌نده‌ڕه‌ش 
			  
			  
			  
			  |